په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٦\٢٠١٤

دێوەزمەی کەلتووری ژنکوشتن بەرۆکمان بەرنادا!


لاوژە ماهیە       

 

دنیا هەموو تەمەنی تەنها ١٥ ساڵ بوو، لەم تەمەنە کورتەیدا ٢ جار بە شودر، جاری یەکەم بە ژن بەژن و جاری دووەم فرۆشرا بە پیاوێک کە سێ تەمەنی خۆی و باوکی شەش منداڵ بووە. دووای ژیانێکی پڕ لە ئێش و ئازار بە دڵڕەقانەترین سیناریۆ کۆتایی بە ژیانی هات.


٢٣ ساڵە بە دڕندانەترین شێوە ژنان لە خوێن دەگەوزێنێت، لە تەوالت و حمام و ژێرخان بە چەندساڵ دەستبەسەر دەکرێن، لەسەرجادە و شوێنە گشتیەگان سوکایەتی و تەحەڕوشیان پێدەکرێت، لە شوێنی کار ئێهانە و دەستدرێژی هەراسانی کردون، بە چەقۆی ناموس لوت و گوێچکەیان دەبڕن و چاویان هەڵدەکۆڵن، لە دیوەخانی ئاغا لەبری دەستدرێژی و شەرانیبونی باوک و براکانیان دەفرۆشرێن، لە حوجرەی مەلا بە گەورە بە بچوک و ژنبەژن سێ و چواریان لە پیاوێک حەڵاڵ دەکرێت، لە کومپانیاکانی سێکس کالایەک زیاتر نین و کاتێکیش توڕەیی پیاو بەرزکەنەوە بە شێوازێک لاشەی بێگیانیان لە گۆشەی شارەکان فڕێدەدرێن کە ڕوی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنەکانیان نیە و... هتد.


تاوانبار کێیە؟ کێ بەرپرسە؟


هەمو جارێک تاوانەکە دەخەنە ئەستۆی دابو نەریت و کەلتور و بەئاسانی کۆتایی دێت و لەبیر دەچێتەوە، بە بێ هیچ تێڕامان و هەژاندنێک، بەبێ ئەوەی بزانین ئەم مۆتکەی فەرهەنگ و کەلتورە یانێ چی؟ بۆچی بوەتە دێوزمەی ڕەش لەسەر ژیانی ژنان و منداڵان. داستانی کوشتنی ژنان هێندەی زەنجێرە ئەفلامی کۆری نابێتە بابەت.


ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایەوە کە دەڵێت: “دۆخی ژنان و هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵان سەنگی مەحەکی پێوانەی ئاستی شارستانیەت و تێگەیشتنی کۆمەڵگایە” دە بێت تابلۆی کۆمەڵگای کوردی چە ڕەنگێک بێت؟


ئەم پرسیارەی کە ئایا کەلتور چییە، چۆن بەرهەم هاتووە وبەردەوام بەرهەم دێتەوە؟ بۆچی بەشێک لەم دابو نەریتە بۆتە ڕێژەی نەگۆڕ؟


کەلتوری زاڵ لە هەر کۆمەڵگایەکدا کەلتوری دەسەڵاتی حاکمە، واتا ئەو قەسابخانە کەلتوریەی کوردستان کە ژیانی ژنان و منداڵانی کردوەتە جەهەندەم کەلتوری خوازراوی دەسەڵاتدارانی هەرێمەکەیە. حیزبە ناسیۆنالیستە کوردیەکان هەر لەسەرتای دەسەڵاتیانەوە بە پلان و بەرنامەی داڕێژراوو بە فەرهەنگی شاخیانەوە کاریان لەسەر سەپاندنی کەلتوری خێڵەکی و دواکەوتوانە کرد بەدیاری کراوی دەتوانین ئاماژە بە چەند دیاردەی دزێو و ناحەز بدەین کە ڕاستەوخۆ مڵک و ماڵی دەورەی دەسەڵاتداریەتی ناسیۆنالیمە و لاک و مۆری ئەوانی پێوەیە، لەوانە فەرهەنگی ژن کوشتن، گۆڕینی زمانی دیالۆگ بۆ لولەی چەک، دامەزراندن مەکتەبە کۆمەڵایەتیە کان شانبەشانی یاسا رەسمیەکان، داگیرکردنی کورسی مەلەکی، کوشتن و تۆڵەکردنەوە لەسەر بێبایەخترین شت، تاڵانکردنی سەروەت وسامانی کۆمەڵگا بە گەندەڵی، وێرانکردنی خزمەتگوزاری، ناچارکردن منداڵان بە کاری تاقەت پڕوکێن و قوڵکردنەوەی کەلێنی چینایەتی. ئەمانە هەمووی ئەو دیاردانەن کە دەسەڵاتی کوردی ویستویەتی بیکات بە داب و نەریتی کۆمەڵگا.


فەرهەنگو کەلتور شتێکە کە دەسەڵاتداران بەپێی بەرژەوندی لەگەڵ نیازەکانی خۆیان جوتی دەکەن و دەیکەنە پردیی پەڕینەوە بۆ سەقامگیرکردن کۆڵەکەکانی دەسەڵاتەکەیان.


دەسەڵات لە کوردستان بنچینەکەی لەسەر تاکەڕەوی دامەزراوە، بە میتۆدی دەمارگیری ئایدئۆلۆژیگەری مەزهەبی و دیاری کردنی هێڵی چەپ و ڕاست و داسەپاندنی کەشو هەوای کپ و تەمای توانیویانە درێژە بە دەسەڵات بدەن. بە پشتبەستن بە نەریتی خێڵەکی و مەزهەبی دیکتاتۆریەتی خۆی سەپاندووە، بۆ بردنە پێشەوەی سەرکوتو ئیستبدادی خۆی هەمیشە پەرەی بەدین داوە ئاینەکانی کردۆتە بەشێک لە ژیانی خەڵک و جیاوازی خستتە نێوان مرۆڤەکان بە جیاکردنەوەیان بەپێی دین تائیفە مەزهەب خێل…… خۆیان هاتون مەکتەبی کۆمەڵایەتیان بۆ سولحی عەشائیری کردتەوە، بۆ ئەوەی کە شتێک بەناوی یاسا بوونی نەبێت و تەنانەت ئەم یاسا گاڵتەجاڕانەی کە هەشیانە نەچێتە پێشەوە. مەلاو ئاینەکانیان هەموو وەکو کارمەندی دەوڵەتی داناوەو معاشیان پێدەدەن، بۆ ئەوەی سیاسەتی کۆنەپەرستانەو پیاوسالارانە لە کۆمەڵگادا پەرە پێبدەن. بەم شێوەیە دەستدرێژیکردنە سەر خەڵکی بێدین و دینەکانی تر، زۆر بە ئاسانی شەرعیەت وەردەگرێت. ئەوەتا دەبینین بەپێی یاسا هاوسەرگیەی کچانی ژێر تەمەنی یاسایی قەدەغەیە، بەڵام لەڕێگای مەلاوە بەڕێوەدەچێت کەسیش نەیبیستوە مەلایەک سزادرابێت.


من هەمیشە وتومەو دەیڵێمەوە بنەبڕکردن یان کەمکردنەوەی توندو تیژی بەرامبەر بە ژنان پێویستی بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی هەیە. ئەم شۆڕشە دەبێت لە گۆڕینی یاسای بنەڕەتی، گۆڕینی سیستەمی خوێندن و پەروەردەو هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتی دەستپێبکات. دین لە دەوڵەت جیابکرێتەوەو یاساکان بەپێی عەقڵی ئەمڕۆ لە قازانجی تەنها مرۆڤایەتی داڕێژرێن نەک نەتەوەو مەزهەب و داب و نەریت، بە بێ هەڵاواردن و پلەبەندی کۆمەڵایەتی، مەزهەبی، ڕەگەزی، جنسی و گەورەسالاری وە هەروەها بەرزنرخاندنی زۆرینە. سیستەمی پەروەردەو خوێندن سیستەمێک بێت بۆ گەشەکردنی مێشکی تاکەکان، منداڵ فێربکرێن کە لە کۆمەڵگادا جێگاو ڕێگایان چییە چۆن هەڵسوکەوت بکەن و دەخالەتیان هەبێت، منداڵان گوێیان لێبگیرێت پەرە بە کەسایەتیان بدرێت و کەسایەتیان گەشە بکات، وە لەکاتی پێشێلکاریدا بتوانن پارێزگاری لە خۆیان بکەن و مەڵبەندێک هەبێت کە گوێیان لێبگرێت و گرنگی بە بۆچونیان بدات، نەوەک تەنها مافی باوک بێت کە تەسەروفیان پێوەبکات. هەر لە منداڵیەوە ئەوەیان فێربکرێت کە ژنان و پیاوان یەکسانن و کەس فەزلی بەسەر کەسەوە نییە بە هیچ بیانوێک.


بەردەوام کۆمەڵگا ئابدەیت بکرێت و لەجیاتی خورافات هۆشیاری کۆمەڵایەتی بکرێتە خۆراک مێشکی مرۆڤەکان، لە ڕێگای سازدان و ڕێکخستنی گروپی گەڕۆکەوە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە ڕوانەی دێهات و شارو گەڕەکەکان بکرێت، بە شێوەیەکی بنەڕەتی تاکەکان بە مافو خواستی خۆیان ئاشنا بکرێن. یاساو ڕێساکانیان پێبناسرێندرێت، وە فێربکرێن بۆ نمونە کاریگەری بەشودانی کچۆلەیەکی تەمەن 13 بۆ 14 ساڵ چییە و بۆچی نابێت بکرێت؟ و مەترسیەکانی چین، فێربکرێن ژنان و کچان کاڵا نین تا لە بازاڕدا بەرامبەر پارە بفرۆشرێن. ئەوان مرۆڤن و خاوەن هەستی خۆیانن، کچان و کوڕان لە تەمەنی هەرزەکاری و لەکاتی ئاڵوگۆڕی هۆڕمۆناتدا چیان بەسەردێت؟ بۆچی ترسناکە کە هاوسەرگیری بکەن؟ وە تاکەکان بکاتە پاسەوان بۆ سەر بەڕێوەچونی ئەم یاساو ڕێسایانە لەکاتی پێشێلکاریدا دایک باوک خوشک برا و دراوسێ ڕێگا بەخۆیان بدەن کە پەیوەندی بە لایەنی بەرپرسیدار بکەن و ئاگاداریان بکەنەوە کە کەسێک خەریکی پێشێلکاریە. هەموو تاوانبارێک بەپێی تاوانەکەی سزای یاسایی بدرێت نەوەک لە دیوەخانی ئاغاو سەرۆک عەشیرەتەکان کە بوجەی تایبەتیان هەیە لەلایەن دەسەڵاتەوە حەشار بدرێن.


من پێموایە ئەمانە ڕێگایەکن بۆ پاڵنانی کۆمەمەڵگا بەرەو ئاراستەیەکی سالم و تەندروست. بەڵام دەسەڵاتی کوردی لە کوردستان بەپێچەوانەوە لەجیاتی دین لە دەوڵەت جیابکاتەوە لە ڕەشنوسی دەستوردا دینی کردۆتە بنەمای هەموو یاساکان. سیستەمی پەروەردەو فێرکردنی کردۆتە سیستەمێک بۆ گەوجکردن و بردنە دواوەی فەرهەنگی کۆمەڵگا. وە لەجیاتی ئەوەی هەڵمەتی هۆشیاری کۆمەڵایەتی دەستپێبکات دەستیکردووە بە کردنەوەی مەکتەبی کۆمەڵایەتی بۆ پەرەدان بە فەرهەنگی دواکەوتوانەی خێڵەکی.


ئەوان بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی سەرکوتو ئیستبدادی خۆیان پێویستیان بە دین هەیە پێویستیان بە داتاشینی هێڵی سور هەیە، ئەوان لە بەرژەوەندیان نییە فەرهەنگی کۆمەڵگا بگۆڕن، هۆشیاربونەوەی کۆمەڵگا پەیامی مەرگی ئەوانە. ئەوان خەڵک بە دین و خوڕافات سەرگەرمدەکەن بۆ ئەوەی خەڵک بیر لە باشبوونی ژیانی نەکاتەوە، ئەوان جیاوازی دەخەنە نێوانیان بۆ ئەوەی یەکگرتوانە نەیەنە مەیدان بۆ وەرگرتنی هەقی خۆیان بۆ ژیانێکی شیاو و مرۆیی.


نهێنی سەرکەوتنی کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان لەوە دایە کە لە سەر بەرگی کتێبی بنەما دەستوریە کانیان نوسراوە یەکێک لە باشترینین و دەبێت هەوڵبدەین باشترین بین، هۆشیاری و پڕ زانستکردنی مێشکی تاک و کۆی دانیشتووان بە مەرجی سەرەکی پێش خستنی کۆمەڵگا دەزانن.


من ناتوانم هیچ پاساوێک قبوڵ بکەم لەسەر ئەو پلە وپایە و دۆخە خراپەی کە ژنان هەیانە لە کۆمەڵگای کوردستان، ئەو شاڵاوی تیرۆر و ڕەشەکوژیەی کە دژی ژنان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەدەستێنێت، ئەگەر خوازراوی دەسەڵات نەبێت، بە دڵنیاییەوە هەڵوێستێکی کاریگەرمان دەبینی، ئەوان دەزانن چەند دۆلکە نەوت لە قوڵایی عەرز و بن شاخەکاندایە بەڵام ئەو هەموو یاسا لار و لوێرەی دووتۆی دەستورەکەی سەر کۆشی خۆیان نابینن، ژمارەی ژنکوژەکان بەقەد ژمارەی بەعسیەکانی دەورانی سەدام دەبن و وەک قاتڵەکان ١٧ی شوبات لە سایەی دەسەڵاتەکەی ئەوان خۆیان حەشارداوە. دەسەڵاتی کوردی قەتڵی ناموسی بە تاوان نازانێت.
 

ماڵپەڕی لاوژە ماهیە
 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''دنیا'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosiyeydunya.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک