په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٤\٢٠١٩

دەوڵەت.*

 

   جۆزیف پرۆدۆن

وەرگێڕانی: زاھیر باھیر

- بەشی یەکەم -

 بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:

شۆڕشەکەی مانگی شوبات[ پرۆدۆن مەبەستی شۆڕشی شوباتی ١٨٤٨ - وەرگێڕ] دوو پرسیی سەرەکیی ورووژان: یەکەم ئابووریی: پرسی کار و موڵکییەت، ئەوی تریان سیاسییە: پرسی حکومەت یاخود دەوڵەت-ە

لە پرسیی یەکەمدا، پرسە ئابوورییەکە، سۆشیالیستە دیمۆکراتەکان لە جەوھەردا تا ڕادەیەکی زۆر ھاوڕان و لە تەک یەکدیدا دێنەوە، ئەوان دان بەوەدا دەنێن پرسەکە داگیرکردن و بەشکردنی موڵکییەت نییە، بگرە کڕینەوەیشیان نییە . تەنانەت پرسیاریی دانانی باجی بێ ئابڕوانەی زیادەش لەسەر چینە ساماندار و خاوەنموڵکەکانیش نییە کە لە کاتێکدا تەجاوازی بنەماکانی ناسینی خاوەندارێتییان، کە لە دەستوورا ناسراوە ، کردووە، کە ئەمەش تەنھا خزمەتی ئاوەژووکردنەوەی ئابووریی گشتی دەکات کە بارودۆخی پڕۆلیتاریا خراپ دەکات. ڕیفۆرمە ئابوورییەکە لە لایەکەوە پێکھاتووە لە مونافەسەکاریی و سەرەنجامیش زیانگەیاندن بە سەرمایە [کاپیتاڵ] بە لەدەستدانی داھاتەکەی، بە واتایەکی دیکە بەم ڕیفۆرمە چونیەککردنی توانای ھەموو کەسەکان بۆ ھەمان ئاستی کار و توانای کرێکار لە ڕوی داھاتیانەوە، لە لایەکی دیکەشەوە، ھەڵوەشاندنەوەی سەراپای سیستەمی ھەبوونی باجەکانە ، کە تەنھا لەسەری کرێکاران و پیاوانی ھەژارادا دەشکێنەوە ئەمەش بە شوێنگرتنەوەیان بە تاکە باجێک لەسەر سەرمایە کە لە قیستی بیمەی تەئمین، دەچێت.

لای Louis Blanc و Pierre Leroux بە کردنی ئەم دوو چاکسازییە گەورەیە، ئابووریی کۆمەڵایەتی لە سەرەوە بۆ خوارەوە ڕێکدەخرێتەوە، پەیوەندی نێوان بازرگانی و پیشەسازیی پێچەوانە دەبێتەوە، قازانجەکانیش کە ئێستا بۆ سەرمایەدارە بۆ کرێکاران دەگەڕیتەوە. مونافەسەش کە لە ئێستادا بێ سەروبەر و تێکدەرانەیە، دەبێتە ئامرازێکی بنیاتنەر و بەردار، چی تر بازاڕ پێویست نییە ، کەسانی کارگەر و خاوەنکار بەیەکەوە بە خۆشییەوە پەیوەستدەبنەوە، ئیدی لەمەولا ترسێک لە داکشان [رکود] و ھەڵپەساردن نابێت و نامێنێت. ڕژێمێکی نوێ بنیاتدەنرێت، دامەزراوە کۆنەکان یا ھەڵدەوەشێنرێنەوە یاخود دروستدەکرێنەوە.

بەم شێوەیە ڕەوتی شۆڕشگێڕانە دیاریکرا و مانا و ئامانجی بزوتنەوەکەش زانرا. ھەرچییەکیش کە ڕەنگە لە ھەنگاوە کردەییەکانا [عەمەلی] دەرکەوێت، چاکسازییەکە چارەسەریدەکات. بە گوێرەی ئەم پرنسپانە و لەسەر ئەم بنەمایانە ئیدی شۆڕشەکە ھیچ پرسێکی دیکەی نابێت و دواتر کێشەی ئابووریی ڕەنگە ئاوا حسابی بۆ بکرێت کە لابەلاکراوەتەوە.

ھەرچی سەبارەت بە کێشە سیاسییەکەشە، لەتەک کێشەکەی پێشترا، 'ئابوورییەکە '، دوورە لەوەی وەکو یەک بن، کە ڕزگاربوونە لە حکومەت و دەوڵەت لە ئایندەدا .ئا لەم خالەدا تەنانەت باسی حکومەت و دەوڵەت، لای ئەوان نەکراوە، ئەم گرفتە لە لایەن ویژدانی گشتییەوە و زیرەکی و ھۆشیاریی جەماوەرەوە لەبیرکراوە، یاخودھەر تێبینی نەکراوە. بەو شێوەیەی وەکو بینیمان شۆڕشی ئابووریی تەواوکرا، بەڵام ئایا حکومەت، دەوڵەت دەتوانێت لە بوونیا بەردەوامبێت؟ پێویست بە بەردەوامبوونی دەکات؟. لێرەدا ھیچ کەسێک نە لە دیمۆکرات و نە لە دەرەوەی ئەوان زاتی [ جورئەت] ئەوە ناکات پرسیاریی بکات، کەواتە ئەوە ھێشتا کێشەیە، گرفتە ، ئەگەر ئێمە توانیمان لە کارەساتە نوێیەکان قورتاربین، دەبێت ئەوەی ئایندەش لابەلابکرێتەوە.

ئێمە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەین، ھەر تەنھا ئێمەشین کە دڵنیایی دەکەینەوە کە لە شۆڕشی ئابوورییدا، ئەوە لەلای ئێمە بڕاوەتەوە، کە دەوڵەت بەتەواوی دەبێت وجودی نەمێنێت، ئەم لەبەینچونەی دەوڵەتیش بەرەنجامی زەروورەتێکە لە ڕێکخستنی سیستەمی پشتیوانە " ڕەسید" (credit ) و چاکسازی سیستەمی باجگەریی کە کارایی لەسەر ئەم جووتە نۆژەنکردنەوەی [ ئابووریی و سیاسیی ] حکومەت دادەنێت،[ سیستەمی باجگەریی و پشتیوانە "کرێدت" لەو سەردەمەی فەرەنسەدا قورساییەکی یەکجار زۆری لەسەر خەڵکی دانابوو و سزادانی جێبەجێنکەکردنەکەی زۆر سەخت بووە، ھەبوونی ڕەسید گرنگ بووە کە بوونی دارایی بووە لە شێوەی جیادا، بێ بوونی ئەم ڕەسیدە نە مافی دەنگدان و نە مافی تر ھیچیان نەبووە - وەگێڕ] ئیدی یەکەم، حکومەت دەبێتە ناپێویستیی [ بێ کەڵک] دواتریش بوونی مەحاڵ دەبێت، ھەر ئاواش ھەمان شت بۆ توێژاڵە خاوەندارە فیوداڵەکان، سووخۆرەکان، دەستوری پاشایەتی ڕەھا، دەزگە قەزاییەکان،...تد پێشبینی دەکرێت، ئەمانە ھەمووی لەژێر ناوی ئازادیی لە پەروەردە و ڕۆشنبیرییدا ناونووسکراون، بەڵام کاتێک کە خودی 'ئازادیی' دەگات، ھەموو ئەوانە بە تەواوی دەکەون و لەبەرچاو وندەبن.


بە پێچەوانەی ئەوانی دیکە، کە لە ڕیزی پێشەوەیان ئێمە جیایان دەکەینەوە،Louis Blancو Pierre Leroux ن، کە لە دوای شۆڕشە ئابوورییەکەوە، مانەوە و بەردەوامبوونی دەوڵەت بە زەرووری دەزانن، بەڵام لە فۆرمێکی ڕێکخراودا، بینای بکەنەوە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا لە لایەن ئەمانەوە نە پرنسپڵێک ھەیە و نە پلانێکیش بۆ ڕێکخستنەوەی دەوڵەتەکە. پرسی سیاسیانە لای Louis Blancو Pierre Leroux لەبری لەناوبردنی دەوڵەت لە ڕیشەوە و دیارکردنی و بەستنەوەی بە پرسی ئابورییەوە کە پرسێکە و تا ئەمڕۆش ھەر پرسە، ئەوان داکۆکی لە فراوانکردنی بەرتەلەکانی دەوڵەت، دەسەڵات، دەسەڵاتدارێتی، حکومەت، دەکەن. ئەوان تەنھا ناوەکان دەگۆڕن، بۆ نموونە لەبری دەوڵەتی سەروەر[master-State ] دەڵێن دەوڵەتی خزمەتکار [servant-State ] وەکو بڵێی گۆڕینی وشەکان کافییە بۆ گۆڕینی شتەکان! سەرەڕای ئەمەش، دەربارەی ئەم سیستەمەی حکومەت ھیچ شتێک نازانرێت وەک سیستەمێکی دینی لە بۆشایی ئاسمانا خۆی ڕادەگرێت و ھیچ دەربارەی نازانرێت، تقوسە دینییەکەی و ڕواڵەتی لەسەر زەوی و لە بەھەشتا، نەزانراوە.

لەئێستادا پرسیارێک ھەیە کە لە ھەنووکەدا سۆشیالیست دیمۆکراتەکانی لەم مەسەلەیە و لە کێشەکانی دیکەدا دابەشکردووە وەکو ئایا دوای حەلبوونی بەکردەوەی پرسی کار و سەرمایە، دەوڵەت ھەر دەبێت بمێنێتەوە و بەردەوامبێت ؟ بە مانایەکی دیکە ئایا دەبێت ھەر دەوڵەتمان وەکو ئەوەی کە ئێستا ھەمانە ببێت،ئایە دەستورێکی سیاسی بەجیا لە دەستورە کۆمەڵایەتییەکە دەبێت؟

وەڵامی ئێمە پێچەوانەیە، ئێمە پێداگریی لە سەر ئەوە دەکەین ھەر کە کار و سەرمایە دیاریکرا و کێشەکە لابەلاکرایەوە، کۆمەڵ لەسەر پێی خۆی ڕادەوستێ، ئیدی چی تر پێویستی بە حکومەت نابێت. ئێمە لەبەر ئەوە زیاتر لە جارێک بانگەشەی ئەنارشیبوونی خۆمانمان کردووە. ئەنارشیەت ھەلومەرجی بوونی کۆمەڵێکی پێگەییوە [ ڕوشدە]، ھەر وەک چۆن قوچکەیی/ ھەرەمیی ھەلومەرجی کۆمەڵی سەرەتایی بووە[ پرۆدۆن لێرەدا مەبەستی سەرھەڵدانی قوچکەییە پێش بەرەوچوونی کۆمەڵی سەرەتایی بۆ کۆمەڵی چینایەتیی- وەرگێڕ]، بەردەوام پێشەوەچونێک، بەردەوام وەرچەرخانێک لە کۆمەڵی مرۆڤایەتییدا لە قوچکەییەوە بۆ کۆمەڵی ئەنارشیی ھەیە.
___________________________________________
* لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەھمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەھمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو ھەموو وەھمەکانی دیکە ھەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەھمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی ١٨٤٨ دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R.Tucker لە ساڵی ١٩٦٠ دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.
خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگەداری ئەوە بێت کە ھەندێک بڕگەو ڕستە و وشە کە ھاتون، ھی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری ھێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا ھەمان تێگەیشتن و چەمک لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارھێنراون. لە وەھا حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەک لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، ھاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری ھەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاک، تۆسقاڵێک لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. - وەرگێڕ -.

 

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک