په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٦\٢٠١٩

دەوڵەت.*

 

   جۆزیف پرۆدۆن

وەرگێڕانی: زاھیر باھیر

- بەشی هەشتەم -

بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:

Jean Jacques ئایدیایەکی خەمخۆرانەی ھەبوە سەبارەت بەجنسی مرۆڤ دەربارەی جەوھەر و بوونی، پێگە و کامڵێتی، ئاراستە و داھاتویان. ئەو ئاوای دەبینێت کە کیتلەیەکی گەورە لەو تاکانەی کە بە زەروورە بەھۆکاری نایەکسانی ھێزی جەسەدی و ڕۆشنبیرییەوە ڕووبەڕووی مەترسییەکی بەردەوام لە ڕێگای ڕوتکردنەوە لە لایەن کاری ئاڵووێڵکرنەوە، یاخود زۆرداری و زاڵمی کەمایەتییەکەوە،بوون. ئەم بیرۆکەیە کە ئەو دەیگێڕێتەوە بەڵگەی فەلسەفەیەکی کۆنەپەرستانەیە ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی بەربەریزم، کاتێک کە توخمە ڕاستینەکانی ڕژێمی کۆمەڵایەتی ونبوون و بەجێھێڵراون بۆ بلیمەتەکانی یاسادانەر ئیتر ئەو کاتە ھیچ مێتودێکی کارکردن، یاخود چالاکیکردنێک ئەوە لە ھێز ناپارێزێت کاتێک کە دەسەڵاتێکی باڵادەستی ھەڕەشەکەر و تۆڵەسەنەرەوە دەردەکەوێتەوە کە لای ھەمووان ئاشکرایە کە ئەو دەرکەوتنە سەرەنجامی تێکچونی ڕابوردووە، پەڵە یا لەکەیەکی بنەچەیییە[ئەسڵی]. بە گوێرەی تەواوی بیرکردنەوەمان وای دەبینین دەزگە سیاسییەکان و دادوەرییەکان وەکو دەستەواژەیەکی ڕوون ھەروەھا فۆرمیلەیەکی کۆنکرێتی لە ئەفسانەی شکستیی و تێشکانن، سڕی قوربانیدان و قودسییەتی گەڕانەوە و تۆبەکردنن. زۆر جێگای سەرسوڕمانە کە دەبینرێت خۆ بەسۆشیالیستزانەکان دووژمن یاخود مونافسەکانی کڵێسە و دەوڵەتن، کۆپی ئەوانە دەکەنەوە کە قسە بە دین دەڵێن یا کوفر دەکەن کە سیستەمی نوێنەرایەتییە لە سیاسەتا و عەقیدە شکستخواردووەکەی دینە.

لەو کاتەوەی ئەمانە لەسەر مەزھەب[دۆکتەرین] زۆر قسە دەکەن، ئێمە بە ئاشکرا بانگەشەی ئەوە دەکەین، ئەو قسانە ھی ئێمە نین. لە ڕوانگەی ئێمەوە ھەلومەرجە مۆراڵییەکەی کۆمەڵ بەگوێرەی ھەلومەرجە ئابورییەکە بە ھەمان پێوانە گۆڕانی تیادا دەکرێت [ مۆدیفای دەکرێت] و باشدەکرێت. مۆراڵی کێویانە، بێدەربەستیی و خەڵکانی ناچالاک ھەردووکیان یەکشتن، خەڵکانی کارگەر و ھونەرمەندان شتێکی دیکەن. سەرەنجامیش زەمانەتە [ گرەنتیی] کۆمەڵایەتییەکان کە یارمەتی سەرکەوتنی لایەنی یەکەم دەدەن زۆر جیاوازترن لەوانەی کە لە لایەنی دووھەمدا سەرکەوتن دروستدەکەن. لە کۆمەڵێکدا بەھۆی گەشەسەندنی ئابورییەکەیەوە کە تا ڕادەیەک خۆڕسکانە دەگوێزرێتەوە، لەوێدا چیتر لاواز و بەھیز نییە، ئەوەی ھەیە تەنھا کرێکارانن کە توانا و ھێزیان، ئامرازی مەیلی بەردەوامبوونیانە لە ڕێگای ھاریکاری پیشەسازییان و زامنێتی ئاڵوگۆڕ [ تەبادول] بۆ ھاوتابوونیان. دڵنیاییکردنەوەی ماف و فرمانی ھەر یەکێک بەنابەدڵیی، خەیاڵێکە دەتباتەوە بۆ ئایدیای حکومەت و دەسەڵات کە بێ ھیواییەکی قوڵ لە ڕۆحەکاندا دەداتە دەست، ئەوەی کە دەمێکە بە پۆلیس و قەشایەتی و پایەکانی ترسێنراوە: سادەترین پشکنینێک لە خەسڵەتەکانی دەولەت کافییە بۆ نیشاندانی نایەکسانیی لە سامانا، ھەبوونی داپڵۆسین و چەوساندنەوە، جەردەیی، ھەژاریی و نەبوونی کە میراتی ئەبەدیمان نیین. بۆ ئەوەی ئەمە تێپەڕینین یەکەم دەبێت ئەم جۆری نەخۆشی پێستە [leprosy] لە ڕیشە دەربھێنرێت، دوای چەوساندنەوەی سەرمایەداریی، یەکەم تاعونیش کە دەبێت پاکتاو بکرێت، دەوڵەتە.


لە ڕاستیدا بودجە لە نێو دەستێکدایە،کە ئەویش دەوڵەتە.

دەوڵەت بریتییە لە سوپا ڕیفۆرمخواز ئایا دەتانەوێت کە سوپا داکۆکی لە ئێوە بکات؟ ئەگەر ئاوایە، ئایدیاکەت سەبارەت بە ئاسایشی گشتی، ئایدیای قەیسەرەکان و ناپلیۆنییەکانن. ئێوە کۆماریی نین، بەڵکو ئێوە زاڵم و زۆردارن .
.
دەوڵەت پۆلیسە، پۆلیسی شار، پۆلیسی دەرەوەی شار، پۆلیسی سەر دەریاکان و ناو جەنگەڵەکان. ڕیفۆرمخواز، ئایا پۆلیس-ت پێویستە؟ کەواتە ئایدیاکەت بۆ فرمانداریی و ڕژێمە، سەرچاوەکەی Fouché’s, Gisquet’s, Carussidière’s ھەروەھا M. Carlier’s. یە،ئیدی ئێوە دیمۆکراتی نین. ئێوە سیخوڕن.


دەوڵەت سیستەمێکی تەواوی قەزاییە، دادوەریی لە ئاسایش –دا ، دادگاکانی نێوانی خاوەنکار و کرێکاران بۆ ناکۆکییەکانیان، لە نموونە و ھەنگاوی یەکەمدا، دادگاکانی ئیستیئناف، دادگا لە بواری ھەناردەکردن و بوارە بازرگانییەکان، دادگای ھەڵوەشانەوە " نەقز" [ نەقز: کە جۆرێک لە دادگاکانی چەرخی ھەژدەبووە- وەرگێڕ] ، دادگای باڵا، ئەنجوومەنی شارەوانی، ئەنجومەنی دەوڵەت، ئەنجوومەنەکانی جەنگ. ڕیفۆرمخواز، ئەم ھەموو دەزگە و سیستەمی قەزاییەتان پێویستە؟ گەر وایە ئایدیاکەتان سەبارەت بە داد و دادوەریی لە M. Baroche’s, M. Dupin’s, ھەروەھا Perrin Dandin’s وەرگرتووە. ئیوە سۆشیالیست نین، بەڵکو ئێوە ئەوانەن کە زۆر بە باشی لایەنگریی ڕووکەشییە فەرمییەکانن.

دەوڵەت خەزێنەیە، بودجەیە. ڕیفۆرمخواز، ئێوە ئارەزوی ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی باج نین؟ کەواتە ئایدیاکەتان سەبارەت بە سامانی گشتی ھی M. Thiers’s کە بە بیرکردنەوەی ئەو بودجە ھەرە گەورەکان، باشترینیانن. ئێوە ڕێکخەری کار نین، بەڵکو ئێوە پیاوانی فەرمی کۆکەرەوەی باجن و پارێزەری یاسان. دەوڵەت، ئۆفیسی یاخود خاڵی گومرگە. ڕیفۆرخواز، ئایا ئێوە بۆ پاراستنی 'کار' ی نیشتمانی / نەتەوەیی ، پێویسستان بە فرمانی جیاواز و toll-houses ھەیە؟[ toll-houses ھێمایە بۆ قەداسەتە ئەرسەدۆکسەکانی کۆن سەبارەت بە حاڵەتی ڕۆح یەکسەر لە دوای مردن- وەرگێڕ] . کەواتە ئایدیاکەتان سەبارەت بە مامەڵە و بازرگانیی و سوڕەکانی، ھی M. Fould’s و M. Rothschild’s. ھەر ئاوا ئێوە نێردراوێکی/ پەیامھێنەرێکی برایانە، نین ، بەڵکو ئێوە جولەکەن.[ لە مێژوودا جولەکە بە زەنگین و ساماندار ناسراون خەڵکێکی زۆر لەژێر زەبروزەنگی دانەوەی سوو بە جولەکەکان دەیانناڵاند. ڕەنگە زۆربەمان چیرۆکی شایلۆکی شکسپیرمان بیستبێت کە نمونەیەکە لە دەیەھا نموونە لە جولەکە سووخۆرەکان- وەرگێڕ].

دەوڵەت کۆی قەرزی گشتیە، قەرزی خەڵکە، سکەی پارەیە، ێندوقی پڕیی پارەیە، خەزانەی پاشەکەوتکردنی دراوە ...تد. ڕیفۆرمخواز ئایا ئەمانە بناخەی زانستەکەتانە؟ کەواتە ئایدیاکەی ئێوە سەبارەت بە ئابووریی کۆمەڵایەتیی ھی MM. Humann, Lacave-Laplagne, Garnier-Pagès, Passy, Duclerc, و پیاوی چل تاجاننMan with Forty Crowns ، ئێوە Turcaretن [Turcaret: کۆمیدیایەک بوو بۆ یەکەم جار لە لایەن Alain-René Lesage لە پاریس لە ساڵی ١٧٠٩ دا پێشکەش کرا -وەرگێڕ].

دەوڵەت بریتییە لە ھەموو ئەمانە، بەڵام دەبێت بیوەستێنین. بە ڕەھایی شتێک نییە، شتێک نییە لە دەوڵەتا کە باش بێت، لەو دامەزراوە ھەرەمییەوە ھەر لە تەپڵی سەرییەوە ھەتا بەری پێی بیگریت، شتێکی نییە کە خراپ نەبێت، خراپ بەکار نەھێرابێت، کە ڕیفۆرم ناکرێن، بەڵکو مشەخۆرێکە دەبێت لە ڕەگ و ڕیشەوە ھەڵکەنرێت، ئامرازێکی زوڵم و زۆردارییە کە دەبێت تێکبشکێنرێت. کەچی ئێوە بە ئێمە دەڵێن دەبێت پارێزگاری لێبکەین بۆ فراوانکردنی وەزیفەکانی، یاخود زیادکردنی دەسەڵاتی. ئێوە بڕۆن ئەوە بکەن، ئێوە شۆڕشگێڕ نین، ئەوەی ئێوە بۆ شۆڕشگێڕانی ڕاستینە لە جەوھەردا سادە و ساکار و لیبراڵییەتە. ئێوە سەرسوڕھێنەرن ،حیلەباز و فاڵچین، ئێوە فزولین.

 


- بەشی نۆیەم -


بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:


١١١- سەبارەت بە چارەنوسی نادیاری یاخود شاراوەیی دەوڵەت.


دوا فەرەزییەی ئارەزوومەندانی دەوڵەت لە ھەڵکشانایە، یەکێک لە دیمۆکراتە ساختەچییەکان [موزەیەفەکان] دەڵێت ئەو بیانوەی کە پاساوی پێدەدرێت کە دەوڵەت ھەتا ئێستا ھەر تەنھا ڕۆڵی مشەخۆریی بینیوە لە تەک زۆرداری و زوڵمدا، ڕاست نییە و ناکرێت ئەوە بە تەنھا ھۆکارێک بێت لە نکوڵیکردنی و ڕەتکردنەوەی ڕۆڵیدا، چونکە ڕێڕەوی دەوڵەت وەکو ئۆرگانێکی بنەڕەتییە لەبەرھەمھێنان و بەکارھێنان، لە ئاڵووێڵکردنا[ تەداول]، دەستپێشخەری [موبادەرەکردن ] ئازادیی و یەکسانییە.

لای ئەوان [ لای Louis Blanc و Pierre Leroux– وەرگێڕ] دەوڵەت ھەر بۆ ئازادیی و یەکسانییە . دەوڵەت متمانە و پشتیوانە [ ڕەسیدە].

بەڵام لە ڕاستیدا بازرگانیی ، کشتوکاڵ / کشتیاریی و ھەروەھا پیشەسازیی و پیشەسازییکردن دەوڵەتە.


کەناڵەکان، ھێڵی ئاسنینی شەمەنەفەرەکان، کانەکان [ مەناجم] ، کۆمپانیاکانی بیمە [تەئمین]، ھەروەھا فرۆشیارەکانی تووتن و پۆست ئۆفیسەکان، ھەموویان دەوڵەتن .


پەروەردە و پێگەیاندنی گشتی دەوڵەتە.


دەوڵەت لە دۆخی باشییدا ھەموو خەسەڵەتە نەرێینەکانی دەشارێتەوە و خۆی بە خەسڵەتی ئەرێیانە دەپۆشێت و دەپێچێتەوە، خۆی لە سەرکوتکەرەوە، لە مشەخۆرەوە ھەروەھا لە کۆنەپارێزییەوە [موحافیزکارەوە] کە ھەمیشە وابووە دەگۆڕێت بۆ ڕێکەخەرێک، بۆ بەرھەمھێن و خزمەتکار کەواتە ئەوە فیوداڵیزمە و خۆی نوێکردۆتەوە، دەزگەی ھەڕەمیی جەمعییەکانی پیشەسازییە و خۆی ڕێکخستووە و پۆلینەی خۆی بەگوێرەی فۆرمیلەیەکی بەھێز کردووە کە نھێنی ئەوە Pierre Lerouxھێشتا لەبەرچاومانی شاردۆتەوە.

بەم شێوەیە ڕێکخەرانی یاخوازیارانی دەوڵەت سەبارەت بە دەوڵەت ھیچ شتێکیان لا نییە، تەنھا لە گریمانێکەوە دەڕۆن بۆ گریمانێکی دیکە گوایە دەوڵەت دەتوانێت سروشتی خۆی بگۆڕێ و وەرچەرخاندن لە خۆیدا بکات. ئەمەش وەکو ئەوەیە کە قسە لەسەر گۆڕانی شەیتان بە سەرۆکی مەلائیکەکان، بێت، بە تێپەڕینی چەند چەرخێکی ژیانی، دەوڵەت لە ڕێگای خوێن و سەربڕینەوە وەکو دڕندەیەکی کێوی، ئیتر دەتوانێت خۆراکی ئینجانە و ڕوەکەکان و ئاسکەکان بدا، بەرخەکان ئاوس بکات. ئەمە وانەی Louis Blanc و Pierre Leroux سەبارەت بە دەوڵەت، وەکو زۆر دەمێک لەمەوبەر وتومانە ھەموو ئەمانە نھێنی سۆشیالیزمن.

" وشەکانی سەرپەرشتیکەر [وەلی ئەمر]، بە دەستودڵیی، حکومەتی خۆتەرخانکەر، ئەمانە لای ئێمە وەکو دروشمێکە، ئەو وشە قوڵمانایانە قسەی نێو ' ئینجیلە- بایبڵ' ن. باشە کێ لە ئێوە دەبێتە پێشڕەو و کێ دەبێتە خزمەتکاری ھەموان . ھەرچی ئێمەشین ڕقمانە لە بێبەشبوون [مەحرومبوون]، گەندەڵیی، حکومەتی داپلۆسەر کە خەڵکی وەکو نێچیرێک ناچار بە ڕاوکردن لەلایەن خۆیەوە دەکات. ئێمە سەرسامی ئەوانەین کە بەدەستودڵن بەشێکی زیندوون لە مرۆڤایەتی، ئێمە خۆشحاڵ نین بەوانەی کە وەکو بەشێک لە مردوانن. ئێمە یاخیدەبین و دەچینەوە بە گژ بێ ڕێزیی و سوکایەتی و جەردەیی کە لە ئایدیاکانی دەوڵەتی سەروەرن، ئێمە چەپڵە لێدەدەین بۆ ئەوانەی کە بەر دەگرن، بەرھەمدەھێنن و بەڕێزن کە لە ئایدیاکانی دەوڵەتی خزمەتکارن. لەوەش باشتر باوەڕێکە و ھەزار جاریش خۆشەوەیستترە لە ژیان – باوەڕەکەمان لە بەرەوڕووبونەوە و دواقۆناخی گواستنەوەی دەسەڵاتدایە ، ئەوەش ڕێڕەوی سەرکەوتنە لە دونیای کۆنەوە بۆ دونیای نوێ. ھەموو حکومەتەکانی ئەوروپا ئەمڕۆ لەسەر ئایدیای دەوڵەتی سەروەر ڕاوەستاون ، بەڵام بێ ئومێدانە سەما دەکەن ، سەمای مردن"
Nouveau Monde,” November ١٦, ١٨٤٩.


Pierre Lerouxباوەڕدارێکی پەیگیرە بەم ئایدیانە، ئەوەی کە خوازیارێتی، ئەوەی کە ئەو وانەی لەسەر دەڵێتەوە، ئەوەی کە بانگەشەی بۆ دەکات ئەوە نۆژەنکردنەوەی دەوڵەتە، بەڵام ئەو پێی نەوتوین ئەم نۆژەنکردنەوە لە کوێ و لەلایەن کێوە بکرێت و چۆن کارا بێت، ھەر وەکو چۆن خۆازیار و بانگەشەی نۆژەنکردنەوەی کریستانەتی دەکات بێ ئەوەی ھێشتا باوەڕەکەی پێناساندبێتین و بانگەوازی دەلیلی مەزھەبەکەشی کردبێت.


ئێمە پێچەوانەی Pierre Leroux و Louis Blanc ، باوەڕمان وایە کە تیئوری وەلی ئەمریێتی، بە دەستودڵیی، خۆتەرخان کردن، بەرھەمھێنان، دەستپێشخەریی، ڕێکخراوییبوون، ئایدیای لیبراڵ و دەوڵەتی گەشەکردوو، ھەموویان خەیاڵیە [ یوتۆپیا] وەھمێکی تەواوی پوختی [ نقیی] ڕوانگە و بینینی فکر و ڕۆشنبیریی ھەردوکیانە. ئێمە وای دەبینین Pierre Leroux و Louis Blanc ھەر یەکەیان وەکو پیاوێکن کە لە سەر ئاوێنەیەک ڕاوەستابێت و پێچەوانە ڕواڵەتی خۆی ببینێت و وانیشانی دەدات کە ئەم ڕواڵەتە ڕۆژێک دێت دەبێتە ڕاستینە و جێگای ( لە دەربڕینەکەمان بمانبەخشن) وێنە سروشتییەکەی دەگرێتەوە.

ئەمە ئەوانەیە کە ئێمە لەم دوو پیاوە جیادەکاتەوە، کە بەھرە و خزمەتەکانیان، لە وتنی ھەرچییەکدا ھەیە، ئێمە ھەرگیز خەومان بە نکوڵی لێکردنیانەوە نەبینیوە، بەڵام ئیمە بە سووربوونیان یا پێداگرتنەکەیان [عینادی] کە لەسەر وڕێنەکانیان دەیکەن، دڵگرانین. ئێمە بڕوامان بە دەوڵەتی خزمەتکار نییە ئەم چەمکە بۆ ئێمە چەمکێکی ناکۆکییانەی ئاشکرایە.


خزمەتکار و سەروەر لە دەوڵەتدا، یاخود دەوڵەتی سەروەر و دەوڵەتی خزمەتکار چەمکێکی ھاومانان، ھاوشێوەن و تەواوکەری یەکدین ھەر وەکو چۆن ئەم چەمکە زۆر یاخود کەم بۆ یەکسانییش بەکاردەھێنرێت. خاوەنموڵک، دارا، لە ڕێگەی سوودی سەرمایەوە خوازیاری زۆرتر و نایەکسانییە؛ کۆمونیزم، بەگوێرەی بنەمای " ھەر کەس بە گوێرەی پێویستییەکانی"، بە کەمتر لە یەکسانی بوار دەدات: نایەکسانیی ھەمیشەیی؛ لەبەرئەوەیە کە ئێمە نە کۆمونیستین و نە دارا.


بە ھەمان شێوەش ھەرکەس دەڵێت دەوڵەتی سەروەر ئەوە باس لە زەوتکردنی دەسەڵاتی گشت/ خەڵک دەکات، ھەرکەسیش باس لە دەوڵەتی خزمەتکار دەکات، ئەوە باس لە نوێنەرەکانی دەسەڵاتی خەڵک دەکات، کە خەڵک ھەمیشە نەیارن بەم دەسەڵاتە، چونکە دەسەڵات ھەر دەسەڵاتە و ھەمیشەش دەسەڵاتێکی دەرەکییە، دەسەڵاتێکی زاڵمە کە پێویستیش بکات ناتوانرێت بگۆڕرێت، دەسەڵاتێکە ناگوێززرێتەوە بۆ ھاووڵاتیان ، ھەمیشەش زۆر یا کەم ئازادیی تیادا نییە . ئەمە ئەو ھۆکارەیە کە ئێمە دژی دەوڵەتین.

___________________________________________
* لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەھمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی - خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەھمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو ھەموو وەھمەکانی دیکە ھەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەھمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی ١٨٤٨ دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R.Tucker لە ساڵی ١٩٦٠ دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.
خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگەداری ئەوە بێت کە ھەندێک بڕگەو ڕستە و وشە کە ھاتون، ھی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری ھێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا ھەمان تێگەیشتن و چەمک لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارھێنراون. لە وەھا حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەک لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، ھاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری ھەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاک، تۆسقاڵێک لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. - وەرگێڕ -.

___________________________________________

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/dewlet7.htm

بەشی پێنجەم و شەشەم: www.emrro.com/dewlet5u6.htm

بەشی سێیەم و چوارەم: www.emrro.com/dewlet3u4.htm  

بەشی دووەم: www.emrro.com/dewlet2.htm 

بەشی یەکەم: www.emrro.com/dewlet1.htm

 

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک