په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٤\٢٠٢٠

دەوڵەتی بەریتانی و دەسکەوتەکانی بە ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.


زاھیر باھیر      


بە دڵنیاییەوە قۆناخی کۆرۆنا تێدەپەڕێت و ژیانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان دەڕوات. دوای کۆرۆنا ئابووریی بۆ ماوەیەک دەبوژێتەوە. خەڵکی لە خواردنەوە و کڕینی پۆشاک و گەشت و چونەدەرەوەی شەوانی ھەینی و شەمە و ڕۆژانی یەکشەمە،ھەروەھا ڕۆژەکانی دیکەی پشوودا، ھەقی ئەم ماوەیەش کە لە ماڵەوە دەسبەسەرکراوە، دەکاتەوە. ھەموو شوێنێک جمەی دێت زۆر قەرەباڵختر دەبێت لە پێش سەردەمی کۆرۆنا.


شۆپەکان و بازاڕ و باڕ و چێشتخانە و کۆفی و چاییخانە و دەلاکخانە و جوانکاریخانە و قومارخانەکان،پارکەکان و سینەما و شانۆکان،ھیچیان بەرناکەون لەو لاشەوە نرخی بیتاقەی سەفەر و گەشتکردن و شوێنە گەشتیارەکان لە بەرزبوونەوەدا دەبێت . ھەلێکی چاکیش دەداتە دەست خاوەنی ئەو شوێنانەی سەرەوە کە نرخی کەرەسە و پیداویستییەکان، سەربخەن کە ھاتنەخوارەیان مەحاڵ دەبێت.


ژیان ئاوا بۆ ماوەی شەش مانگ ، ساڵێک، زیاتر کەمتر بەڕێدەچێت و خەڵکیش کورد وتەنیوەکو ئەوە وا دەبێت نەبای دیتبێت و نە باران. دوای ئەوە جارێکی دیکە وردە وردە بازاڕ و بازاڕیکردن و کاروباری بینا و ڕێگاو بان و ئەوانی دیکە ھێواش دەبێتەوە و بڕی بەتاڵەش بەرزدەبێتەوە و باخەڵی کڕیاریش دادەتەکێتەوە. ئەو کاتەش ڕەنگە سەرمایەداریی بەدووی شتێکی دیکەدا بگەڕێت تاکو جارێکی تر خەڵکی بخاتەوە قاوغەکەی خۆی و ئەوەی بیەوێت بەسەریاندا بیسەپێنێت. ئەمەی کە دەیڵێم ھەر گریمان و بۆچوونە کە پێشبینیکردنی ڕوداوەکانی داھاتوو تا ڕادەیەک ئاسان نییە.


بەڵام ئەوەی کە لەئێستادا ئاشکرایە ئەوەیە کە دەوڵەت و سەرمایەداران و کۆمپانیا گەورەکان لەم بارودۆخە،سوودمەند و براوە دەبن. من لێرەدا ئاوا ھەستدەکەم کە دەوڵەتی بەریتانی لەم کارەساتەی کە بەسەرمان ھاتووە ئەم دەسکەوتانەی بەدەستھێناوە یا دواتر بە ەستیدەھێنێت:


• ماشێنی پاگەندەی دەوڵەت لە ھەموو کاتێک بەھێزترە و لە ھێڕشدایە بۆسەرمان تا ڕادەیەکی زۆر توانیوێتی کۆنترۆڵی ھەموو کەس بکات.بەردەوام دەسەڵاتداران و سیاسییەکان لە میدیادا پەیتا پەیتا ئەوە دەدەن بە گوێمانا کە ھەر ھەموومان لە بەرانبەر کۆرۆنادا " وەکو یەکین و لە یەک کەشتیداین و کۆرۆنا یەکسانیانە کاریی خۆی دەکات". دوای ئەوەش لەبەر ئەوەی کە لە ئێستادا تەواوی ھەموو جۆرە کۆبونەوەکان لەسەر ئۆن لاین دەکرێت ، زۆرر بە ئاسانی لە لایەن و پۆلیس و دەزگە سیخوڕییەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن و ھەرکات بیانەوێت ورد و درشتی کۆبونەوەکان دەزانن.

• سیاسەتی دەستبەسەرکردنی خەڵکی لە ماڵەکانیانا و وەستانی جمووجوڵی خەڵکی بەداخستنی بازاڕو قەدەخەکردنی خەڵکی لەچوونە دەرەوەیان و چوونە سەر کاریان ، بزنسە بچوکەکان و ئەوانەی کە کار بۆ خۆیان دەکەن تێدەشکێنێت. بەمەش دەرفەتێکی باشتر بۆ کۆمپانیا گەورەکان دەڕەخسێنێت. زۆرێک لەمانە مایەپوچی تەواو دەبن ئەوەندە ھەژار دەکەون کە ئەگەر پێشتر ژیانێکی مامناوەندیانەیان ھەبووبێت ، بەڵام لەمەولا ئەوانیش دێنە ڕیزەوە .

• دەوڵەت لەم کاتەدا ھەندێک بڕیاری گرنگی دا کە یەکێکیان دانی لە سەدا ٨٠ ی موچەی کرێکاران و کارمەندانە. بە واتایەکی دیکە لە سەدا ٢٠ ی کرێ و موچەیان بۆ ماوەی ٣ مانگ بە فەرمی کەمکراوەتەوە، وەکو ئەوەی کە ئەم کارەساتە ئەوان خولقاندبێتان، ھاوکاتیش بۆ ئەوانەی کە کار بۆ خۆیان دەکەن بڕیارێکی دەرکردەوە گەر چی گەلێک ئاڵۆزە، ئەوانیش شتێک پارەیان پێدەدرێت. بەم شێوەیە دەوڵەت ھەموو کەسێکی کردە پاشکۆی خۆی و موچەخۆری خۆی.

• ماوەیەکی زۆرە کە دەوڵەت لە ھەوڵی ئەوەدایە کە سیستەمی پارەی کاش، واتە کڕین و ڕەدەڵ و بەدەڵکردنی شت بە پارەی نەختینە،لانی کەم کەمبکاتەوە. ئەم کارەش بە حسابی دەوڵەت بۆ لێدان بوو لە ئەوانەی کە بە ڕەش کاردەکەن و مافیا و قاچاخچین و زۆرر شتی تر ، کە دەبێت ھەموو شتێک لە ڕێگای حسابی بانقییەوە یاخود بە کارتی بانق مامەڵەی پیوە بکرێت . ئەمەش کارئاسایی بۆ دەوڵەت دەکات گەر بیەوێت یاخود دەزگە سیخوڕییەکانی و پۆلیس بخوازن دەتوانن سەرچاوەی پارەکە و ئەو کەسانەشی کە ڕەدەڵ و بەدەڵیان بە پارەکەوە کردووە بدۆزنەوە. لەو بارەدا دەتوانن تەنانەت بزانن کە تۆ چ ڕۆژنامەیەک و چ کتێبێک دەکڕیت و دەیخوێنیتەوە ئابوونە یاخود کۆمەک بەکێ دەکەیت و بە چەندیش کردوتە. لێرەشدا ئەوانەی کە لەسەر شەقامەکان سواڵدەکەن، یاخود ئەوانەی کە کونی تونێلبانەکان و لۆچی دووکانەکان جێگایانە چونکە بێ خانوو بەرەن ، زەرەرمەندی یەکەم دەبن.

ئەم سیستەمە ڕەنگە لەدوای قۆناخی کۆرۆنا بە ئاسانی و بە رەوتینی جێ بەجێ بکرێت بێ ئەوەی حکومەت ھەوڵی بۆ بدات. لە ئێستادا ئەوەی کارتی بانقی ھەبێت لەترسی لێوەتوشبوونی کۆرۆنا، پارەی کاش بەکارناھێنێت و کارتەکانی، بەکاردەھێنێت.

• تەقدیری ھەرزانبەھای دروستکرد بە چەپڵەلێدانی خەڵکی وەکو پرسێکی ھاوپشتی بۆ کارمەندانی بەشی تەندروستی، کە نە پێنسێک لەسەر چەپڵەلێدەر دەکەوێت و نە پێنسێکیش دەچێتە گیرفانی دکتۆر و نێرس و کارمەندانی بەشی تەندروستییەوە. ئەمە لە کاتێکدا کارمەندان پێویستیان نەک ھەر بەھاوکاریی دارایی زیاتر ھەیە و دەبێت موچەکانیان بەرزبکرێنەوە کە لە ماوەی ١٠ ساڵدا بەڕێژەی لە سەدا ١ سەرکەوتووە، بەڵکو پێداویستی خۆپاراستنیشیان لە نەخۆشی کۆرۆنا پێنادەن.


لە ڕۆژی ٥شەمەشەوە ، ٠٩/٠٤ ، لە لایەن ھەندێک خەڵکەوە داوایەک بڵاوکراوەتەوە کە جۆرێکە لە باجدانە لەسەر خەڵکی. داوا لە خەڵکی دەکرێت کە خۆ بەخشانە یەکی ٥ پاوەند ببەخشن تاکو یارمەتی دەزگەی بەشی تەندروستیمانی پێبدەن، وەکو ئەوەی کە ئێمە لە وڵاتێکی زۆر ھەژاردا بژین . کۆکردنەوەی ئەم پارەیەش لە ڕێگای دەزگەیەکی خێرخوازیەوە یاخود چەند دەزگەیەکی خێرخوازییەوە،گوایە دەگەیەنرێتە بەشی تەندروستمیان .

• دوای شکستھێنانی سیاسەتی ئابووریی لیبراڵ و نیو-لیبراڵ و بازاڕی ئازاد ، لە ئێستادا دەوڵەت ھەوڵدەدات کە دەستتێوەردان بکات، بە مانایایەکی دیکە کۆنترۆڵ یاخود ڕەشمەی ئابووریی بگرێتەوە.


ماوەیەکی زۆرە ھەندێک لە سیاسییەکان و ئابووریناسەکان باس لە تئیورەکەی ئابوورییناسی ناوداری بەریتانی، جۆن کینز، دەکەن و بە باشی دەزانن کە لە بواری ئابووریدا دەوڵەت جێ بەجێی بکات. جەوھەری تئیورەکەی ئەم ئابوورییناسەش، ئەمەیە : دەبێت دەوڵەت مەەسروفاتەکانی زیاتر بکات. چۆن ؟ بە زیادکردنی توانای کڕینی کرێکاران بۆ زیاتر کڕینی کاڵاکان. باشە ئەم یارییە گڵاوە چۆن کاری خۆی دەکات؟


گومان لەوەدا نییە کە بە چەند ھۆکارێک ئەم یارییەش شکستدەھێنێت . من تەنھا یەک ھۆکاری ئەساسیی دەڵێم کە ئەویش وەکو زۆر شتی تر کە ئابوورییناسانی لیبراڵ دەیکەن ئەمەش یارییەکی سیاسیانەیە نە چارەسەریی گرفتە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵ . بۆچی؟ جونکە بە دەستێک باخەڵی کرێکاران بەتاڵ دەکات و بە دەستەکەی دیکە پری دەکات.

• لە کاتێکدا بەشێکی زۆری کرێکاران و کارمەندان بەھۆی ئەم بارودۆخەوە لە ماڵەوە کارەکانیان ئەنجامدەدەن، دوای کۆرۆناش زۆربەیان لەگەڵ ئەم تەرزەی ژیانیانا و لە ڕوی پارەی ھاتووچۆو سەلامەتی ڕێگا و وەخت گەڕانەوە و کەمکردنەوەی مەسرەف لە خۆڕێکخستن و نوێکردنەوەی پۆشاک و ئاگابوون لە منداڵان، گەر ھەیان بێت ، ڕادێن . دواتر ئەوە دەبینن ئەمە باشترە بۆیان، لەبەر ئەمەش ڕەنگە ئەمە ببێتە شێوازێکی باویی کارکردن و زۆر لەو کرێکارانە نەگەڕێنەوە بۆ کارکردن لە ئۆفیسەکانیانا، ھاوکاتیش ئەمەش خاوەنکار سوودی لیدەبینێت کە چۆڵکردنی ھەندێک لە ئۆفیسەکانی دەبێت کە لێرەشدا پارەی کرێ و ئاو و کارەبا و غازی بۆ دەگەڕێتەوە. لەمەش گرنگتر بۆ خاوەنکار، دەتوانێت دەستبەرداری ھەندێک لە تەکنیکشن و پاسەوانی بیناکە و سکوێرێتی و کرێکارانی ێیانە و ..تد ببێت.


خاڵیکی دیکەش ئەوەیە کە لەم ھەل و مەرجەدا کرێکاران پەیوەندییان لەگەڵ ھاوکاران و خەڵکانی دیکە و تێکەڵاوبوونیان بە خواردنەوەی بیرەی دوای سەر کار و ئاھەنگی ڕۆژی لە دایکبوون و....زۆری تر لە ئەمانە لە دەستدەدەن . لەمەش خراپتر کە لە دەستی دەدەن چالاکی و گەرموگوڕی پەیوەندی نقبیانەیانە. لە م بارەشدا کارکردن لە ماڵەوە تا ڕادەیەک خۆی و نقابەکەی زەرەرمەند دەبن ، نقابە و ڕۆڵەکەی لاواز و لاوازتر دەبێت، بە مانایەکی دیکە خاوەنکار سوودمەند دەبێت.


کاری خراپتری وەکو ئەمە ڕەنگە لە بوارەکانی دیکەدا ڕووبدات . بۆ نموونە لە پێش ئێستادا ھەندێک جار کە گرفتی تەندروستیت ھەبوو لەبری ئەوەی دکتۆر بیبینیتایە بە تەلەفون قسەی لەگەڵتا دەکرد، گەر زۆر پێویست بوایە ئەوە کاتت بۆ دادەنرا کە بچویتایە بتبینیایە. لە دوای قۆناخی کۆرۆنا لەوە دەکات کە ئەمە ببێتە سیاسەتی بەشی تەندروستیی و ببێتە کارێکی رەوتین ئیتر دکتۆر تۆ نابینێت گەر زۆر زۆر پیویستی کرد ئەو کاتە کاتت بۆ دەکات تاکو بیبینیت . بی گومان ئەمەش بە قازانج بۆ دەوڵەت یاخود بۆ بەشی بەڕێوەبەرانی تەندروستی دەگەڕێتەوە چ لە بچوککردنەوەی ئۆفیسەکانا و چ لە کەمکردنەوەی دکتۆر و کارمەندانی تەندروستیدا.

• سەراپای ئەو ناڕەزایی و خۆپیشاندان و بزوتنەوانەی کە ھەبوون کۆرۆنا لەناوی بردن. لە بەریتانیا لائیحەیەکیان بە ناوی کۆرۆناوە کردە بریار کە دەسەڵاتێکی یەکجار زۆریان دا بە پۆلیسو ھەندێک لە ئازادیی خەڵکیان کەمکردەوە. ئەم بریارەش بۆ دوو ساڵە گەرچی ھەموو ٦ مانگ جارێک پیایدا دەچنەوە.

لەگەڵ ھەموو ئەوانەی سەرەوەشدا ھاوکاتیش ئاسۆیەکی ڕونیش ھەیە:


کۆرۆنا و دەستبەسەرکردنی خەڵکی لە ماڵیاندا لایەنی ئەرێینیشی ھەیە کە ئەویش ھەستانەوەی ھەست و خۆشەویستی و بەرپرسیاریبوونە بەرانبەر بە یەکدی ، پشتبەستن و ھاوکاری یەکدی ، لێپرسینەوە و دروستکردنەوەی پەیوەندی مرۆیانەی بێ بەرانبەریی لەتەک یەکدی ، کە زۆر دەمێکە سیستەم و میدیاکەی ئەوانەی سەرەوەی لە خەڵک کردۆتە نەک ھەر دیاردەیەکی نەیار و نەخوازراو، بەڵکو گومانداریشی کردون.


دەوڵەت نایەوێت ئەو ھەست و ھاوکارییە لە نێوانی تاکەکانی کۆمەڵدا ھەبێت. تەفروتونابوونی تاک ھەر کەس بۆخۆی، لە قازانجی ئەوە، دوورکەوتنەوەو بڕواکردنە سەر دەوڵەت و بەرپرسان و سەراپای دەزگەکانی لە سوودی ئەوە. کەمکردنەوەی متمانەی تاک، خەڵکی بە خۆی، یانی متمانە بوون و گەورەبوون و بەھێزبوونی ڕۆڵی دەوڵەت، بۆیە دەوڵەت ھەمیشە لە ھەڵپەی ئەوەدایە.


میدیای فەرمی کە زمانحاڵی سیستەم و دەوڵەتە لە ھەوڵ و کۆششی ئەوەدا بووە : کە تۆ بۆ خۆت بژیت ، ھەقی کەسی دیکەت نەبێت ، خۆت یەکەمیت و خەڵکانی دیکە دووەم و سێیەم، دەوڵەت بەرپرسە لێت و بیمەی بۆ بڕیویتەوە، سەدەھا دەزگەی خێرخوازی ھەیە و دەرفەتی یارمەتیدانیان بۆ ڕەخساندویت، گەر پێویستت پێیان ھەبوو.....


ئەوەی کە لەم بارودۆخە نالەبارەدا بەڕێ دەچیت خۆشبەختانە دروستبوونی ھەزاران گروپن کە بێ بەرانبەر لە ھاوکاری و کۆمەککردنی یەکدی و خەڵکیدان. ئەو گرووپانە کارو پیداویستی گەورە نیشاندەدەن و پێی ھەڵدەستن ھەر لە تەلەفونکردن و قسەکردن لەتەک ئەو سەدەھا پیر و پەککەوتە و خەڵکانی خاوەنپێداویستی تایبەتی تاکو ئارامیی و متمانە و پەیوندی نێوانی مرۆڤەکان بگێرنەوە ، ئەمە جگە لە ھاوکاری دەرمان وخۆاردەمەنی و شۆپینکردن بۆیان ، تا دەگاتە شیوەیەک لە خۆڕێکخستن و یەکدی ناسین و کردنی قسە و باس و گرفتەکان لەگەڵ یەکتر.


ئەمە ئاسۆیەکە کە گزنەیەک لە ھەتاو لێوەی سەردەھێنێ و ڕەنگە ببێتە ھیوایەک بۆ شتی گەورەتر، بە دووکەوتنی خەڵکی بۆ گۆڕانکاری و گلان لە بزوتنەوەیەکەوە کە ھەر ھیچ نەبێت ھەنگاوێکی گەورە بێت لە کورتکردنەوەی دەستی دەوڵەت و دەسەڵاتداران.


١٢\٤\٢٠٢٠

ماڵپەڕی زاهیر باهیر


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک