١٩\٨\٢٠١٦
دەوڵەتی کوردی
لەدایک دەبێ یان لەبار دەبردرێ؟

مەهدی خالید خەمبار
- بەشی یەکەم -
هەموو بێدەنگبوونێکی هەر مرۆڤێک لە بەرامبەر ئەوەی لە کۆمەڵگاکەیدا
دەگوزەرێت نیشانەی قایلبون و دەست بەکڵاو خۆوە گرتن نیە بەڵکۆ فاکتەری
جەوهەریتری هەیە. من خۆم وەک نمونەیەک دەهێنمەوە کە ماوەیەکە هەم لە
فەیسبوک و ماڵپەڕ و سایتەکان وهەمیش لە نوسین دورکەوتومەتەوە ئەمەش بە
پلەی یەکەم پەیوەستە بە خەراپی باری تەندروستیمەوە ، ئەگینا زۆربەی ئەو
قەیران و کێشانەی ڕۆژانە بەرۆکی هاوڵاتیان دەگرنئەوەندە دەهێنن هیچ
نەبێت بەدێرێکیشبێت دەنگی ناڕەزایی و توڕەییم بخەمە پاڵ قەڵەمی
توڕەکان.
من ئەم ناسەقامگیریە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و سەربازی و فەرهەنگی
وئەم قەیرانە کەڵەکوبوانەی وەک دۆزەخێک بۆخەڵکانی بەشمردەی هەرێمیان
جۆشداوە ، من دەیگەڕێنمەوە بۆ نەبونی سەرکردەی عەقڵ وعەقڵی سەرکردە تا
بتوانێت وەک هەمو ئەو سەرکردە جیهانیانەی بۆ گەلەکانیان ژیان و لە
پێناو گەلەکانیشیاندا تێکۆشان و مردن ئاوا بتوانن بەو نەفەسەوە وەک
غاندی و ماندێلا خزمەتی نەتەوە و نیشتیمان بکەن.
لە وڵاتی ئێمەدا پەکمان لە سەر هەبونی سەرکردەی حیزب و خێڵ و سەرلەشکر
نەکەوتوە، هەر بۆیە ئەوەندەی کاربۆ سەرخستنی بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵە
و کاڵکردنەوەی بیری نەتەوایەتی دەکرێت، ئەوەندەی کار لە پێناو
گەشەکردنی عەقڵیەتی قبوڵ نەکردنی یەکتر دەکرێت، چارەکی ئەوە کار ڕوە و
ئاراستە پێچەوانەکانیان ناکرێ .
جێگای داخە لەم کاتە هەستیاروچارەنوسسازەدا کە سەدەیەک بە سەر
پەیماننامەی سایکسبیکۆدا تێدەپەڕێت و هەرێمەکە بە گشتی چاوەڕوانی
داڕشتنەوەیەکی تازەیی ڕیشەیی دەکات ، کەچی ئێمە خەریکە جارێکیتر
خەونێکی مێژینەی نەتەوایەتیمان لەم سەدەیەشدا بە دەست و ویستی خۆمان
بەدەردی لۆزان ببەینەوە. لە ئێستادا جیا لەم پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد
و نەبونی یەکدەنگی کە لە پای کەلەڕەقی و بەرژەوەندپارێزی حیزبی
وعەقلیەتی خۆسەپاندنە بترازێ، جیا لەم فاکتەرە ناوخۆییەییەکان نەبێت کە
پەیوەندیان خودی کورد خۆیەوە هەیە ، ئەگینا هەمو دەروازە و دەرفەت و
ئەگەرە ئەرێنیە دەرەکیەکان ڕوەو ئایندەیەکی گەش لە بەرژەوەندی گەلی
کوردستان و نیشتیمانەکەمان ئاواڵایە .
کاتێ باس لە کارێزمایی مام جەلال دەکرێ، من پێم وانیە بێ حیکمەت بوبێت.
ئەوەندەی لە نێو ناوەندە سیاسی و دیبلۆماسیە جیهانیەکان حیسابیان بۆ
ئەم واقیعە کردوە لە نێوخودی خۆمان پەیمان پێینەبردوە، دوای
نەخۆشکەوتنی و دیارنەمانی لە نێو هاوکێشە سیاسیە ناوخۆیی و ئیقلیمی و
جیهانیەکان، ئیتر هەقە هەمومان بەویژدانەوە باس لەم ڕاستیە بکەین و باس
لەو کۆڵەکە بەهێزە بکەین کە توانیبوی سەقامگیری سیاسی و دیبلۆماسی و
ئابوری و کۆمەڵایەتی و سەربازی لە کوردستان و عێراقدا ڕابگرێت و
باڵانسی هێزی نێوان بەغدا و هەولێریشی بە باشی ڕاگرتبو، بۆ مافەکانی
ژنان و ئافرەتانیش سەنگەرێکی تۆکمە و قایم بو .
بۆ ئەوەی شیکاریەکی ورد و تەندروست بۆ کاریگەریەکانی دوای ونبونی عەقڵی
ئەم سەرکردە کاریزمایە بکەین پێویستە لە خودی حیزبەکەی خۆیەوە
دەستپێبکەین و به هەرێم وعێراق و ئیقلیمدا گوزەر بکەین تا بە دونیای
دەرەوە دەگەین.
لە نێو یەکێتیدا نەمانی بڕیاردەری
یەکلاکەرەوە و قوڵبونەوەی باڵباڵێنە ، لە کوردستان پەرتەوازەیی و
پەکخستنی پەڕلەمان و ناردنەماڵەوەی سەرۆکی پەڕلەمان و وەزیر و دونیایەک
قەیرانو ململانێ و برسیکردنی هاونیشتیمانیان، لە عێراقیشدا بڕینی پشکی
هەرێم لە بوجەی عێراق و دابەشبونی عێراق و کوردستان بە سەر دوو بەرەی
سونی، شیعی,کە تورکیا و ئێران سەرپەرشتیان دەکەن، هەڵتۆقینی ڕێکخراوی
تیرۆریستی داعش و ڕادەستکردنی شارەکانی موسڵ و تکریت و ئەنبارو شەنگال
و بەشێکیش لە شارەکانی کەرکوک وخانەقین و هەولێر و جارێکیترئەنفالکردنی
ژن و مناڵ و گەنج و پیرانی هاوخوێنە یەزیدەیەکانمان، پەلکێشکردنی کورد
بۆ نێو شەڕێکی خوێناوی و لە سەر ئاستی هەرێمیش بەزاندنی قودسیەتی خاکی
هەرێمی کوردستان و شەهیدکردنی هاووڵاتیان لە لایەن ئۆردوی تورکیا و
ئێرانەوە بە بەردەوامی و نەبونی دەنگی شەرمەزارکردنی هەردو وڵات بە
شێوەیەکی ڕەسمی بە گشتی و بەزاندنە بەردەوامەکانی سنوری خاکی کوردستان
لە لایەن سوپای تورکیاوە بە تایبەتی.
m.zerdeshti@gmail.com
|