٢٣\١٢\٢٠١٧
دەوڵەت و کۆمەڵگە
شکستخواردوەکان، عێراق و کوردستان بە نموونە.

هەورامان عەلی
دەتوانین دەولەتەکانی ئەمڕۆیی جیهان بکەین
بە سێ بەشی سەرەکیەوە : بەهێزەکان ، فشۆلەکان و شکستخواردوەکان.
- بەهێزەکان بەو دەوڵەتانە دەوترێت کە دەسەڵاتێکی ڕەهای بەسەر سنوری
جوگرافی وڵاتەکەیدا هەیە و دەتوانێت هەلومەرجێکی شیاو بۆ هاوڵاتیەکانی
دەستەبەر بکات . ئاسایشی ئابوری و کۆمەڵایەتیان بپارێزێت و مافە
سەرەتایەکانیان دەستەبەر بکات. ئەم جۆرە دەوڵەتە دەتوانێت ژیانی
هاوڵاتیەکانی لە ستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەپارێزێت ، یاسا لە وڵاتدا
بەرقەرار دەکات و ئازادیەکان بۆ تاکەکانی دەستەبەر دەکات . فرسەتی
یەکسان بۆ کار و بەشداری سیاسی و فەرهەنگی تاکەکانی فەراهەم دەکات .
دامودەزگا دادوەریەکان سەربەخۆن و هیچکەس و لایەنێك لە سەروی یاساوە
نیە. خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان فەراهەمکراون و ژێرخانی ئابوری
گەشەکردووە و مرۆڤ لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا بەهرەمەندە لە خوێندن ،
چاودێری پزیشکی ، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەیاسا مافەکانی مسۆگەرکراوە.
بەکورتی دەولەت و کۆمەڵگە بەهێزە ئەوانەن کە مرۆڤ تێیدا بە ئاشتی و
ئارامی و لە چوارچێوەی یاسادا مافەکانی دەستەبەردەکرێت.
- دەولەتە فشۆڵەکان بەو دەوڵەت وکۆمەڵگایانە دەوترێت کە نیشانەکانی
ڕۆچون بۆ دەولەتی شکستخواردوی تێدا دەردەکەوێت. ئەم جۆرە دەوڵەت و
کۆمەڵگایانە لە دوڕیانێکدا ، کە هەم دەتوانن بە چەند هەنگاوی سیاسی ،
ئابوری ، دادوەری و....هتد پەیوەستبن بە کۆمەڵگە ئارام و بەهێزەکانەوە
، یان ڕووەو کۆمەڵگەیەکی داڕوخاو هەڵوەشاوە مل دەنێن.
- دەوڵەت و کۆمەڵگە شکستخواردووەکان
یەکێك لە دیاردە و کێشە سەرەکیەکانی جیهانی ئەمڕۆ، دەوڵەت و کۆمەڵگە
شکستخواردوەکانە ، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەیان لە فراوان بوندایە.
دەوڵەتە شکستخواردوەکان بەو دەولەتانە دەوترێت کە دەسەڵاتێکی
ناوەندگەرای لاواز ، لە زۆر شوێنی دنیاشدا ئەو دەوڵەتانە قەڵەمڕەوی
دەسەڵاتیان بە سەر تەواوی وڵات یان بەشێکیدا ناشکێت . شەڕی ناوخۆ ،
ناکۆکی قوڵی پێکهاتە نەتەوەیی ، مەزهەبی و چینایەتی و ئەتنیکیەکان
تایبەتمەندیەکی ئەو دەوڵەتانەیە.
لە دنیایی ئەمڕۆدا ، ڕۆژانە گوێمان لە زاراوەی دەوڵەت و کۆمەڵگە
شکستخواردوەکانە کە لەلایەن ئاژانسەکانی هەوڵ و ڕۆژنامەنوس شرۆڤەکارە
سیاسیەکان بەکاردەهێنرێت. " سندوقی یارمەتی ئاشتی جیهانی " بۆ پێناسەی
دەولەتە شکستخواردوەکان چەند پێوەرێکی دیاری کردووە:
- ئەو دەوڵەتانە کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان بەسەر هەموو وڵات یان بەشێکی
وڵاتدا ، لەدەستت دەدەن.
- لاوازی دەسەڵاتی یاسادانان
- لەدەستدانی توانایی خزمەتگوزاریە سەرەکیەکان
- ناکامی لە دروستکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی ،
نەتوانینی پابەندبوون بە ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەکان.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ناوبراو ، نزیکەی شەست دەوڵەت و زیاتر لە
ملیارێك مرۆڤ لەو جۆرە کۆمەڵگە و دەوڵەتە شکستخواردوانەدا دەژین ،
زۆربەی ئەو دەوڵەت و کۆمەڵگایانە یان بە تەواوەتی شکستیان هێناوە یان
زۆرێك لە تایبەتمەندیەکان بەسەریاندا دەچەسپێت و لە لێواری داروخانی
گەورەی کۆمەڵایەتی ، ئابوری ، سیاسی و حوکم ڕانیدان. کە مەترسیەکی
گەورە لەسەر ئایندەی ئاسایش و ئارامی نێودەوڵەتی ، دادەنێن.
لە ڕاستیدا گەلێك دیاردە هەن کە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو کۆمەڵگە و
دەوڵەتە لە خانەی دەوڵەتە شکستخواردوەکاندا بژمێردرێت لەوانە:
- نەمانی کۆدەنگی سیاسی لەسەر پرسە بنەرەتی و نیشتمانیەکانی کۆمەڵگە ،
بەجۆرێك نوخبەی سیاسی دابەش دەبن بەسەر هێزە هەرێمایەتی و جیهانیەکاندا
، کە ئەمەش زەمینە بۆ دەست تێوەردانی ناوچەیی و جیهانی خۆش دەکات.
- هێزەکانی دەولەت چ پۆلیس و چ سوپایی نیشتمانی ڕووبەڕووی ڕاپەڕین و
یاخیبونی چەکداری بەردەوام ببنەوە بەجۆرێك هاوسەنگیەك پێكبێت کە هیچ
لایەك نەتوانی بە قازانجی خۆیی لە ڕوی سەربازی و سیاسیەوە کێشەکان
یەکلایی بکاتەوە. لەدرێژەی ئەو کەش و هەوا خوێناوی وتوندوتیژیەدا ،
ڕێگە بۆ جۆرەها دەستەو تاقمی چەکداری توندڕوی ئاینی و فاشستی خۆش دەبێت
کە تاوانی ڕێکخراو دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجام بدەن.
- جەنگی ناوخۆیی: لە سەر جیاوازی نەتەوەیی ، ئاینی و مەزهەبی ،
چینایەتی و کۆمەڵایەتی. بەبێ جیاوازی هەموو دەوڵەتە وکۆمەڵگە
شکستخواردوەکان هۆکاری سەرەکی کارەساتەکانیان ، نەبونی پەیمانێکی
کۆمەڵایەتی نێوان پێكهاتە جۆراوجۆرەکانیەتی لەسەر ئەرك و مافەکانیان ،
دابەش نەکردنی سامانی گشتی وڵات بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر دانیشتوانی
ئەو جوگرافیا سیاسیەی سنوری وڵاتەکەیان پێك دەهێنێت.
- دژایەتی کوێرانەی دەوڵەت لە دژی هەرێمێکی وڵاتەکەی: زۆربەی دەوڵەتە
شکستخواردوەکان بەهۆکاری جیاوازی نەتەوەیی ، ئەتنیکی، ئاینی و مەزهەبی
بەشێوەیەکی سیستەماتیك سیاسەتی سەرکوتگەرانە و داپلۆسێنەرانە لە دژی
ناوچە و هەرێمێکی دیاریکراو دەگرنەبەر ، زۆرجار ئەم سیاسەتە تا ئاستی
جینۆسایدی جەستەیی و کولتوری و تاوانی جەنگ ، پەرەدەستێنێت.
- گەشەکردنی توندوتیژی : کە کۆمەڵگە و دەولەتێك ڕووەو شکست ملدەنێت،
یەکەمین ئاماژەکانی زیاتبونی توندوتیژی سوپا و پۆلیس بەرامبەر
هاوڵاتیانی و لە بەرامبەریشدا توندوتیژی هاوڵاتیان بەرامبەر دەزگا
ئەمنیەکان ، بە جۆرێك دەولەت کۆنترۆڵی کۆمەڵگە لەدەست دەدات.
- شکستهێنانی دەوڵەت لە دابینکردنی پێداویستیە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگەدا:
کاتێك دەوڵەت نەیتوانی ئاسایشی سەرو ماڵی هاوڵاتیان بپارێزێت ، ئەوکات
زۆر ئاسیە کە نەتوانیت خزمەتگوزاریە گشتیەکان لەوانە کارەبا ، ئاو ،
تەندروستی ، خوێندن و پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان دابین
بکات.
- شکست و لاوازبونی دامەزراوەکانی دەوڵەت: هەڵوەشانەوە یان یاخیبونی
بەشێکی سوپا ، لاوازبون و بێ کارابونی پۆلیس و دەزگای ئاسایش ، لاوازی
و بە سیاسی بونی دامەزراوە دادوەریەکان ، هەڵوەشانەوە یان ئیفلیچ بوونی
دامەزراوە یاسایەکان لەوانە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا و
شارەوانیەکان.
- وێرابونی ژێرخانی ئابوری: لە کۆمەڵگە و دەوڵەتە شکستخواردوکاندا
دەولەت ڕێگەوبان ، تۆڕەکانی گەیاندن و پۆست، ئاو ئاوەڕۆ ، کارەبا دابین
ناکات . دامەزراوەکانی خوێندن وپەروەردە، دامەزراوەکانی تەندروستی
ڕادەستی کەرتی تایبەت دەکرێت دور لە چاودێری و لێپرسینەوە کە زەمینە بۆ
گەندەڵی و بێسەرەوبەریی و دابەزینی مەترسیداری ئاستی خزمەتگوزاریەکان ،
خۆش دەبێت.
- گەندەڵی : لە هەموو کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆدا گەندەڵی ئابوری و بەڕیوە
بردن بە ڕادەی جۆراوجۆرهەیە ، بەڵام لە دەوڵەتە شکستخواردوەکاندا ،
گەندەڵی سەراپایی دامەزراوەکانی بەرێوەبردنی کۆمەڵگە دەتەنێ ، بە جۆرێك
خودی گەندەڵی دەبێتە دەسەڵات و چارەنوسی کۆمەڵگە دیاری دەکات و دەوڵەت
بۆ بەڕێکردنی کاروباری ڕۆژانەی کۆمەڵگە پشت بە گەندەڵی دەبەستێت.
- بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بە شێوەیەکی گشتی شکست دێنێت ، بەجۆرێك
هاوڵاتیان بۆ بەڕێکردنی ژیانی ڕۆژانەیان پشت بە کاڵا هاوردوەکان
دەبەستن. هەڵاوسانی ئابوری و داڕوخانی نرخی دراو ، دروستبونی قڵشتی
گەورەی چینایەتی و بڵاوبونەوەی هەژاری و بێکاری کە سەر دەکێشێتە تاوانی
کۆمەڵایەتی گەورە.
ئێستە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دیاردە و نیشانانەی لەسەرەوە ئاماژمان
پێکردن، بەهەموو پێوەرەکان عێراق و کوردستان دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی
شکستخواردوون . بۆیە هەر بزوتنەوە و جوڵانەوەیەکی سیاسی بیەوێت
ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی لەو وڵاتەدا ئەنجام بدات ، لەپێشدا دەبێت دان بەم
واقعیەتەدابنێت و دواتر پڕۆژە و نەخشە ڕێگای خۆیی بۆ ڕزگاری لەو
داڕوخانە گشتیە بخاتە روو.
ماڵپهڕی ههورامان عهلی
|