په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٥\٢٠٢٢

دەوڵەت چەمک و تیۆر.


سمکۆ محەمەد       


دەوڵەت ھەم قەوارەی جوگرافیا و ھەم شوناس و ھەم سەربەخۆیی ئابوری و ھەم مانایەکە بۆ بوون، بۆیە مەسەلەی دەوڵەت بەدرێژایی مێژوو ھەم لەرووی مەعریفیەوە بۆتە جێگەی بایەخی میتۆدی کۆمەڵناسی سیاسی و لەزانکۆکانی جیھاندا دەخوێنرێ، ھەم لەرووی تیۆری سیاسیەوە بایەخی پێدەدرێت کە ھەریەک لە تۆماس ھۆبز و ژان ژاک رۆسۆ و ھیگڵ و مارکس و ھتد، بەزانستیانە شیکاریان بۆ کردووە و رەخنەشیان لێگرتووە، ھەم لەڕووی جوگرافی و نەتەوەیی و قەوارەییەوە بۆ کۆمەڵگەیەک، یان ئاینەکان یان نەریتە جیاوازەکان کە لەرووی مێژووییەوە لەرێگەی ھێزو سوپاوە وەدەستھاتووە، موناقەشەی ئەوەش کراوە کە مافی ھەر نەتەوەیەک، یان کۆمەڵگەیەکە ئەگەر داوا بکات خاوەن قەوارەیەکی سیاسی و جوگرافی لەو شێوەیە بێت، ئەمەش بۆ کردنەوەی ئەو گرێ سایکۆلۆژیە سیاسییە بێت کە بۆماوەی پشتاوپشتە، چونکە ھەر ئەم لایەنەیە کە تائێستاش ھەمان کەشوھەوای سیاسی پێوەدیارە کە بەئاسانی بۆ نەتەوەکان بەدەست نایات، بەتایبەتی ئەو نەتەوانەی کە تائێستا فرەستیان بۆ نەڕەخساوە ببن بەدەوڵەت و نوێنەریان ھەبێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ھێزە گەورە و خاوەن دەسەڵاتەکانیش ئاسان نییە دەستبەرداری ئەو ھەژموونە جوگرافیە بن کە چێژی لێدەبینن.


ئەم کتێبە لەمانای تێرمەکەوە بگرە تادەگاتە ھەموو ستایلەکانی دەوڵەتی موناقەشە کردووە، بەڵام فۆکس خراوەتە سەر دەوڵەتی نەتەوەیی کە پێشتر داواکارییەکی گشتی بوو، لەڕووی نێودەوڵەتیشەوە رەوایەتی سیاسی وەرگرتبوو، بەڵام ئەم ستایلە زیاتر لەدوای شکستی سۆڤیەت و نەمانی دوو جەمسەری و نەمانی چەمکی ناسیونالیزم بوو بۆ بەدەستھێنانی دەوڵەت لەلایەن نەتەوەوە، باشترین سەلمێنەریش ئەوەیە کە ویستەکە بۆتە مەسەلەیەکی لاوەکی و چۆتە دەرەوەی ئامانجی نەتەوەکانی رۆژئاوا، تەنھا بۆ ئەو نەتەوانە بایەخی ماوە کە گرێی سایکۆلۆژیان ھەیە و نەبوونی ئەو قەوارە جوگرافییە بەکەموکورتی سیاسی دەزانن، چونکە نەمانی مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی، جگە لەوەی ھیچ بەھایەکی نەماوە دوای ئەوەی رۆژئاوا گەیشتە قۆناغی دەوڵەتی فرەیی لە مەزھەب و ئاین و نەتەوە و کولتوور، لێرەوە ئەم قەوارەیە بەخاتری ئەوانی دیکە کە لەپەنای نەتەوە بێ دەوڵەتەکانن تاکو نەبنە پەراوێز و جارێکی تر نەتەوەی سەردەست و ژێردەست درووست نەبێت، ناو و شوناسی دەوڵەتی نەتەوەیی گۆڕا، نموونەش ئەوەیە کە داواکاری دەوڵەتی کوردی گۆڕا بۆ دەوڵەتی کوردستان، چونکە لەپەنا کورد سریانی و کلدانی و تورکمان و پاشماوەکانی عەرەب، کولتووری غەیرە کوردی لە کوردستان ھەن، بۆیە ئەو پێشنیارە قەبوڵ کرا کە دەوڵەت بەناونیشانێکی دیاریکراوی نەتەوەییەوە نەمێنێت، بەڵام شوناسی نەتەوە لەدەست نەدات.


بەھەرحاڵ ئێمە لەم توێژینەوەیەدا موناقەشەی ھەموو لایەنە میتۆدی و سیاسی و مێژووییەکانی ئەم چەمکەمان کردووە بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، بەڵام ئامانجەکە خودی ئەو مانا نوێیەیە کە لەدوای ھاتنی چەمکی جیھانگەرایی ھاتە ئاراوە، بۆیە مانایەکی دیکەی موناقەشەی نوێ بۆ دەوڵەت، لەفەزای ئابوری کراوەدا خۆی مانیفێست کردۆتەوە، ئەویش لەجیاتی ئەوەی وەکو جاران دەوڵەتی گەورە کۆمپانیا بەڕێوەببات، ئێستا بەپێچەوانەوە بۆ رزگاربوونی دەوڵەت لە ئەرکە قورسەکانی، ھەروەھا بۆ گۆڕینی گرێبەستی نێوان ھاوڵاتی و دەوڵەت کە دیاریکردنی ئەرک و ماف بوو لەنێو دەستووردا، پێچەوانە بۆتەوە بۆ گرێبەستی نێوان ھاوڵاتی و کۆمپانیاکان، لەباشترین حاڵەتیشدا ھەندێکجار دەوڵەت بۆ نەتەوە ژێر دەستەکان درووست دەکرێت، تاکو لەرێگەی ئەو سامانەی کە ھەیەتی وەکو کۆنیالیالێکی ناڕاستەوخۆ بمێنێتەوە بۆ زلھێزەکان، نمونەش ھاتنە پێشەوەی بەدەوڵەتبوونی ئەمازیغی و سکۆتلەند و کوردستان و کەتەلۆنیا و قرمی ئۆکراینا و ھتد. ھەروەھا ئەو دەوڵەتۆچکانەی کە لەنەخشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ناویان ھاتووە کە لەرووی جوگرافیاوە، سەر بەدەوڵەتی گەورەی وەکو ئێران و تورکیا و سعودیە و لیبیا و جەزائیر و تەواوی وڵاتانی عەرەبیین و کەیسەکانیان بۆ کاتی نادیار داخراون.


ئامانج لەم کتێبە لەسەرەتاوە ئەوەبوو کە کورد بەگشتی ئەم چەمکەی وەکو ویستی سیاسی و وەکو ویستی نەتەوەیی لەسەر زار بوو، بەڵام کە سەرینەگرت بەھەر ھۆیەکەوە بووبێت لەکاتی خۆیدا، لەوێوە سەرچاوەی گرتبوو ئەو نەتەوانەی وەکو کوردن و ھەمیشە ستراتیژی سیاسیان بەئاڕاستەی دەوڵەتە، بەڵام ئیرادەی سیاسی سەربەخۆیان نیە، چونکە درەنگ فریای ئەوە کەوتن بچنە نێو ھاوکێشەی سیاسی و ببن بە لۆگۆیەک و لەرێگەی ئەو لۆگۆ سیاسیەوە بناسرێن، ئەم بۆچوونەش ئەگەر نیگەتیڤ نەکەوێتەوە، ئەوەیە کە دەوڵەت لەم سەردەمەدا دەسەڵاتە سیاسی و ئابوریەکەی ھێندە سنووردار کراوە، تائەو جێگەیەی کە دەوڵەتی نەتەوەیی بەھای جارانی نەمێنێ، چ لەناو مەحفەلی نێودەوڵەتی و چ لەئاستی نێوخۆ، چونکە بەگشتی ئەو ویستە گشتیەی جاران ھەبوو بۆ درووستکردنی دەوڵەت لەرێگەی ئامانجێکی سیاسی و سەرکردەکانیەوە، ئێستا ئەو دەنگە بەشێوەیەک لەشێوەکان کزبووە، چونکە سیاسەت بەھۆی میدیا و سۆسیال میدیاوە، تارادەیەک شەفاف بووە و بووەتە کردەیەکی ناشیرین و شوناسە جوگرافیاکەشی بەھۆی دەسەڵاتە سیاسیەکەوە ناشیرین بووە، چونکە ویستی خەڵک بەگشتی بۆ خۆشگوزەرانی و پێکەوەژیانی نەتەوە و ئاینەکان زیاترە، ئەمە کاریگەری لەسەر بوونی فکری ناسیونالیزمیش کردووە بەرامبەر بەئەوانی تر، بەوپێیەی کە زۆربەی نەتەوەکان دوای ئەوەی شاھیدی ئەوەبوون سیاسەت رادەستی بازاڕ و ئابوری کرا، ئیدی نەتەوەخوازی بووە ئامانجی لاوەکی بۆ دەوڵەت.


ئێمە لێرەدا تائەو جێگەیەی فریای چەمکە سیاسیەکانی پەیوەست بە تێرمی دەوڵەت کەوتووین، ھەروەھا دەستکاری ھەندێک کۆنتێکست و وشە و بابەتی زمانەوانی بووینە کە لەچاپی پێشووی ھەڵەو کەموکورتی تێدابوو، فریای ئەوەش کەوتووین ھەموو لایەنەکان موناقەشە بکەین، چ بەپێی لایەنە فەلسەفیەکە بێت چ لایەنە مێژووییەکە بێت، چ ئەو ستایلە نوێیەی کە پێناسەیەکی نوێی بەچەمکی دەوڵەت بەخشیوە، بەھیوای ئەوەی ئەم کتێبە بتوانێ موناقەشەیەکی فکری بەرھەمبھێنێ و وەکو لێکۆڵینەوەیەکی جددی تەماشای بکرێت و کتێبخانەی کوردیش دەوڵەمەند بکات.


ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک