په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

دەیانکوژن و پرسەشیان بۆ دەگێڕن...!


بەشدار عه‌لی 


وەکو هەڵوێستێک بەرامبەر ئەو شەپۆڵە توندوتیژییە نەبڕاوەیەى کەلە دژى ژنان و ئافرەتانى دونیا ئەنجام دەدرێت،هەموو ساڵێک لە رێکەوتى (19/11) شەپۆڵێک لە کار و چالاکى بەرێوە دەچێت بۆ بەرگرتن و کەمبونەوەى توندوتیژی دژى مێینەکانى کۆمەڵگا ،ئەمساڵیش بەرێوبەرایەتى نەهێشتنى توندوتیژى دژى ئافرەتان لەم بەروارەدا(19 تاکو25/11) هەفتەیەکى بۆ بەرەنگاربونەوەى توندوتیژى راگەیاند.


هەڵوێست وە‌رگرت دژى ئە‌و شە‌پۆڵە‌ توندوتیژییە‌ى کە‌ بە‌رامبە‌ر ئافرە‌تانى دونیا‌ ئەنجام دەدرێت، پەیامێکە بۆ زیاتر شە‌رمە‌زارى و رێسوایى عە‌قلیە‌تى دۆگمایى ژن کوژان و هۆکارە‌کانى و پشتە‌وە‌ى زیاتر تە‌شە‌نە‌کردنى ئە‌م دیاردە‌یە‌.


ئە‌وە‌ى پێویست لێرە‌دا هەڵوێستەى لەسەر بکەین،ژن کوشتن و کۆتایهێنان بە‌ ژیانى کە‌سە‌ نزیکە‌کانى ئینسان ،لە‌ ئە‌نجامى پرۆسە‌یە‌کى درێژخایەنەوە هاتووە‌ کە‌ مرۆڤە‌کان ناچار دە‌کات دە‌ستیان بچێتە‌ گیانى نزیکترین و خۆشە‌ویسترین کە‌سیان کە‌ خوشک و هاوسە‌ر و دایکیتیان،بە‌ مانایە‌کى تر ئە‌و قە‌تڵگایە‌ى ژنان کە‌ ئە‌مرۆ بە‌رێخراوە‌ لە‌ ئە‌نجامى زاڵکردنى فە‌رهە‌نگێکى بۆگەنەوە‌ لە‌ نێو هزر و بیرکردنە‌وە‌ى تاکە‌کانى کۆمەڵگاوە لەلایەن دەسەڵاتى سیاسیەوە سەرچاوەى گرتوە کەوا مرۆڤەکانى راهێناوە ساکارترین و سەرەتاترین و تایبەتیترین پەیوەندییەکانى مێینەى کۆمەڵگا لاى گومان و گوناحە،لە ئەنجامى زاڵکردنى کەلتور و داب و نەریتێکى سەرچاوە گرتوو لە دین و خورافیاتەکاندا کە ژن وەکو کۆیلە و خزمەتکار و عەبد سەیر دەکا و دەرچون لە بڕیارەکانى نێرینە سزاکەى کوشتن و زیندانى تاهەتاییە،لە‌ئە‌نجامى کارپێکردنى یاساو دە‌ستورێکى دواکە‌ووتوە‌ کە‌ دە‌ستى بکوژان ئاوە‌ڵا دە‌کات،بە‌هۆى بوونى ئە‌و وە‌زعیە‌تە‌وە کوردستان و عێراق بۆتە ژینگەیەکى لەبار بۆ دورستکردنى(بکوژ) و نزیکە‌ى یە‌ک سە‌دە‌یە‌ ئە‌و گۆرە‌پانە‌ قە‌سابخانە‌یە‌ک بووە‌ بۆ ژنان و ئافرە‌تان و زیندە‌بە‌چاڵکردنى خە‌ون و خولیا هیواکانیان.


رژێمى گۆر بە‌گۆرى بە‌عس سە‌رە‌کیترین پایە‌کانى حوکمڕانى لە‌سە‌ر کوشتن و ئازاردان و زیندانى کردن و یە‌خسیرکردنى تاکە‌کان راگیر کردبوو،لە‌م نێوە‌ندە‌شدا ژنان و ئافرە‌تان بە‌شى شێریان بە‌رکە‌وت و لە‌ژێر ناوى جۆراو جۆردا زۆرترین ژمارە‌یان بێ گیان کران،بە‌کۆمەڵ سە‌ریان لە‌لە‌شیان جیا دە‌کرایە‌وە‌ لە‌ژێر بە‌هانە‌ى لە‌شفرۆشیدا، کە‌چى هە‌ر خۆشیان بەهە‌زار و یە‌ک شێوە‌ لە‌هەڵدابوون بۆ ناچارکردنى ئافرە‌تان تا دە‌ست بۆ لە‌شفرۆشى بە‌رن،دارزیوترین دە‌ستور و یاسایان بە‌سە‌ردا فە‌رز کردن و وە‌کو مرۆڤە‌ پلە‌ دوو و پلە‌ سێ لە‌ کۆمەڵگا چاویان لێکراوە‌،سە‌رە‌تاترین ئازادییە‌ تاکە‌ کە‌سیە‌کانیان لە‌ژێر پرسیاردا بووە‌،بە‌هۆى ملهوڕى و شە‌رانگێزى و بە‌رژە‌وە‌ندى عە‌قلیە‌تى حیزبى و بە‌عس و شە‌ڕە‌ یە‌ک لە‌دوایى یە‌کە‌کانیەوە بە‌ هە‌زارە‌ها ئافرە‌ت،پیاوە‌کانیان بە‌زۆر ناردنە‌ بە‌رە‌کانى جە‌نگ و ئیتر نە‌گە‌رانە‌وە‌ و ئافرە‌تە‌کانیان ماڵوێرانوسە‌رگە‌ردانکران.


دوایى ئە‌وە‌ى کە‌ ئە‌و رژێمە‌ دژە‌ ئینسانیە‌ لە‌ کوردستاندا گۆرى گوم کرد،نە‌ک ئە‌و دیاردانە‌ بە‌رۆکى ژنان و ئافرە‌تانى بە‌رنە‌دا ،بەڵکو بە‌پێچە‌وانە‌وە‌ بوو بو تە‌وقێک و هە‌زارە‌هاى تر بوونە‌ قوربانى.


هە‌مان عە‌قڵیە‌ت کۆمەڵگاى بە‌رێوە‌برد و بە‌ هە‌زارە‌ها کچ و کوڕ تە‌نها لە‌سە‌ر دوو ووشە‌ و نامە‌ گۆرینە‌وە‌یە‌ک و نێگایە‌کى پر گلە‌یى و تە‌لە‌فۆنێک،دە‌رفە‌تیان نە‌دان چیتر هە‌ناسە‌ بدە‌ن،بەهەمان ریتم و ئاوازەوە کوتایان و لەشەڕ و جەنگەکانیان سەدان گەنج و لاویان لە خێزانەکانیان جیاکردەوە ،هە‌مان یاساکانى سە‌ردە‌مى رژێمى بە‌عس بوو بە‌ نسیبى خەڵک و کوشتنى ژنان (بە‌خە‌باتێک) بۆ سە‌ندنە‌وە‌ى شە‌رە‌ف حیساب کراوە‌ و لایە‌ن و دە‌زگایە‌ک نە‌بووە‌ پێشیان بڵێ لە‌ پشت چاوتان جوتێک برۆى رەش هە‌یە‌!


ئیتر ئە‌و پرۆسە‌ دژە‌ ژنە‌ بە‌ردە‌وام بوو تاکو ئێستاى هێنا کە‌ ژنکوشتن ببێتە‌ دیاردە‌ و رۆژنامە‌ و گۆڤار و بڵاوکراوە‌کان نە‌توانن فریاى بڵاوکردنە‌وە‌ى هە‌واڵە‌کە‌ى بکە‌ون، چونکە‌ رۆژێک نیە‌ دە‌یان رووداوى کوشتن و ئازاردان و زیندانى و لێدان لە‌ شار و شارۆچکە‌کانى کوردستان روو نە‌دات،دەسەڵاتى سیاسى زۆر بەئاسانى دەتوانێ بەر بەم دیاردە بگرێت هەروەکو چۆن هەر باج و رسوماتێک بیەوێت لە خەڵکى وەردەگرێت و دەیکات بەیاسا و کەس زاتى نیە لێى لابدات،بۆیە راگەیاندنى ئەم کەیسە وەکو پرسەیەکى لێدێت بۆ کوشتنى پۆلێک مرۆڤ،کى لە توانادایە بەر لە روودانى کارەساتەکە بەرى پێبگیرێت ،لەگەڵ ئەوەش ئەم راگەیاندنە،پە‌یامێکى ئینسانى و ئومێکى گە‌ورە‌یە‌ کە‌ رۆژێک دادێت لە‌م کۆمەڵگایە‌ش بێ مافى و نایە‌کسانى و توند وتیژى باسێکى نابێت،ئە‌م هە‌فتە‌یە‌ زە‌نگێکى دیکە‌یە‌ بۆ دە‌سە‌ڵاتداران کە‌ پیوێستە‌ بە‌ خۆیاندا بچنە‌وە‌ کە‌ ئە‌و وە‌زعیە‌تە‌ جێگاى قبوڵ نیە‌ و پێویستە‌ رێو شوێنى توند بگرنە‌ بە‌ر بۆ هە‌رچى زووتر کە‌مکردنە‌وە‌ى ئە‌و دیاردە‌ قیزە‌وە‌نە‌ لە‌رێگاى گۆڕینى سە‌راپاى ئە‌و یاسا دژە‌ ئینسانیانە‌ى کە‌ ئێستا لە‌ کوردستاندا کارى پێدە‌کرێت بە‌ یاسا و دە‌ستورێکى مە‌دە‌نى و پێشکە‌وتوو کە رێگا بەکەس نەدات گیان لە بەرامبەرەکەى یان کەسێکى تر بسەنێتەوە لەژێر هەر بەهانەیەک بێت،نەک تەنها ئەمەش بەڵکو بەدواداچون و لێپرسینەوەشى گەرەکە،چونکە سەدەیەکە دەسەڵات و یاسا و دەستور و فەرهەنگ و کەلتور و داب و نەریتەکان لە پشتەوەى بکوژان بوە.