١٢\٤\٢٠٢٠
دەزگای خێرخوازییە
یان ئۆرگانی حیزبایەتییە؟

ئهحمهد رهجهب
ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەموو جیھانی گرتووەتەوەو رۆژانە ژمارەیەکی گەورە مرۆڤ
لەناو ئەبات وزیاتر لە نیوەی دانیشتوانی سەر زەوی ناچارکردووە لە ماڵ
بمێننەوە وەک رێگەگرتن لە زیاتر تەشەنەکردنی و بڵاوبوونەوەو ئەو
بارودۆخە بووەتە مایەی بەدبەختی بۆ ھەمووان بە تایبەت بۆ ھەژاران و لە
پاڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ھەژاری و برسێتی بڵاو بووەتەوە.
بە ھۆی کۆرۆناوە باسی دەزگاکانی خێرخوازی گەرمەو، حیزبەکان کەوتوونەتە
کێبرکێ و پارە کۆکردنەوەو ھەرچەندە ئامانجی ئەو دەزگانە خزمەتکردنی
بەرژەوەندی گشتییە وەک بایەخدان بە پەروەردەو فێرکردن وپێشخستنی
کۆمەڵگاو یارمەتێدانی خەڵکی لێقەوماوو، کارکردن بەبێ جیاوازی ئاین و
رەگ و تایفە و پێست بەڵام بەداخەوە زۆرجار لە بەر زاڵبوونی بیری
حیزبایەتی ئاراستەکەی ئەگۆردرێت.
دەزگاکانی خێرخوازی قازانج نەویستەو بۆ جێبەجێ کردنی ئامانجی بەرزو
گەورەی وڵات بەبێ جیاوازی و دوور لە حیزبایەتی ھەوڵ ئەدەن و، کار بۆ
نەھێشتنی ھەژاری و بارگرانی خەڵک ئەکەن و ھەروا بۆ بتەکردنی مافە
بنەرەتییەکانی مرۆڤ و ژینگەو کۆمەڵگا لە رێی راھێنان بۆ کەسانی بێکار
بۆ ئەوەی ببنە کەسانی خاوەن بەرھەم و، لە ھەندێ وڵات دەزگاکان یارمەتی
لاوان ئەدەن و ئەبنە زامنکردنی پێداویستییەکانی ھاوسەرگیری و، کار بۆ
جەنگاوەرە دێرینەکان و کەسانی نەخوێندەوارو بێ ئەزمون ئەدۆزنەوە.
لە زوربەی وڵاتان دەزگاکانی خێرخوازی بە شێوەی ھەرەمەکی دانەمەزراون
بەڵکو ئەبێت ھەموو ئامانجەکانی بە پێی بەرپرسیارەتی یاسایی بێنتەدی و
بار قورسی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە رێی گەشەدان بە
پەیوەندییە کۆمەلایتییەکان سوک بکات و لە ھەمان کاتدا بایەخبدات بە
مافەکانی مرۆڤ و ھەوڵبدات ھەژاری نەمێنێت و سواڵکردن بنبر بکات.
دەزگاکانی خێرخوازی بۆ کارو چالاکییەکانی پشت بە یارمەتی و کۆکردنەوەی
پیتاک و ھاوکاری دارایی ئەبەستێت و سەرچاوەی سەرەکی خەڵک و رێکخراوەو
دامودەزگاکانی ناو کۆمەڵگایەو نابێت بە ھیچ شێوەیەک بۆ سوودی تاک وحیزب
و بەرپرس و کەسانی خاوەن دەسەڵات بەکاربھێنرێت و، ئەبێت بۆ خۆشی ئەو
کەسانە بێت کە لە ژیانیاندا تووشی ناخۆشی و شەرو کارەسات بوونەتەوەو بۆ
خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و، بێ لە ھاوکاری دارایی پیتاک وەک جلوبەرگ،
پێڵاوو خواردن رۆڵیان ھەیە و، ئەم دەزگانە دابەش ئەبن بە سەر: پاراستنی
ژینکە، پاراستن و یارمەتیدانی ئاژەڵ، وەدەستھێنانی دەرمان و عیلاجی
نەخۆشەکانی شیرپەنجە و... ھتد.
زۆر کەرەت پارەو پیتاکی کۆکراوە بەشی کاروباری دەزگاکان ناکات بۆیە روو
لە سەرچاوی دارایی تر ئەکەن وەک ئاھەنگگێران وچالاکی جۆراوجۆرو
ھەمەچەشنە یان فرۆشتنی شتومەک و بەرھەمی سەر بە دەزگاکان و، بەو
شێوەیەش باری ئابووری ئەبوژێتەوەو یارمەتی بۆ ھەژاران و ھەتیوان زیاتر
ئەبێت و، یارمەتییەکان ئەدرێن بە خەڵکانی نەخۆش و پیرو پەککەوتەو خاوەن
پێداویستییەکان و ئامادەکردنی داودەرمان و جاروبار نەشتەرگەری کردن بۆ
لێقاوماوان و، لە رێی بیرلێدان یارمەتیدانی دەوڵەت ئەدەن بۆ ئەو
شوێنانە ئاوی پاکی خواردنەوەیان نییە.
دەزگاکانی خێرخوازی لە زۆر رووەوە یارمەتی پێشکەش ئەکەن وەک کردنەوەی
خولی فێرکردن وپەرەدان بە بوارەکانی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ،
بایەخدان بە کێشەکانی ژنان و بەرگری لە مافەکانی و چالاککردنی رۆڵیان
لە ناوکۆمەڵگاداو، ھەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی گیروگرفتی چەوساوەکان و،
بەشداریکردن بۆ لابردنی بارسەنگی لە سەر ئەو خێزانانەی تووشی
زەرەروزیان بوونەتەوەو، بایەخدان بە لاوان وبەرزکردنەوەی باری
رۆشنبیرییان سەبارەت بە دیموکراسی، ئازادی، مافەکانی مرۆڤ، سەروەری
یاسا و دژایەتیکردنی گەندەڵی.
تا ئێستا ژمارەیەک چاوچنوک و چاوبرسی ھەن بوونی ئەم جۆرە دەزگانە لە
پێناو کاری نەشیاوو ناشەرعی ئەقۆزنەوە یان لە پارەی ئەم دەزگانە ئەدەن
بە ھونەرمەندان بە نیازی ئەوەی ھونەرمەندان دەزگای نوێ دابمزرێنن و
ئەگەر سەرکەوتوو بن پارەی زۆرتر کۆ ئەکەنەوەو، ئەو کات دەستبەسەر
پارەکە ئەگرن و بۆ خۆیان خەرجی ئەکەن.
لای خۆمان بەرپرسان حیزبایەتی بە دەزگاکانی خێرخوازی ئەکەن و نموونەش
زۆرەو لەوانە لە کاتی بوومەلەرزەکەی شاری دەربەندیخان لە شەوی
١٢/١١/٢٠١٧ زیانێکی زۆر بەر شارو خەڵکەکە کەوت و، زیانەکانیش بە (١٩)
ملیار دینار خەمڵێندرا بێ ئەوەی ٤ ھاوڵاتی گیانیان لەدەستداو ژمارەیەکی
زۆریش بریندار بوون و جێی ئاماژەیە سەرۆکی حکومەت نێچیرڤان بارزانی
بەڵێندا کە حکومەت قەرەبووی زیانەکان ئەکات بەڵام لەمرۆدا زیان
لێکەوتوانی بوومەلەرزەکە نێگەرانن وحکومەت ھیچی نەکرد بەڵام
رێکخراوەکان سەر بە پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی تر ھەندێ خێوەت ،
بەتانی، سوپاو ئازووقەیان دابەش کردو جێی دەستخۆشییە و، ئەوەی جێی
رەخنەو گازندەیە ھەر یەک لەو حیزبانە دووچاوگی و جیاوازییان کردو،
یەکەم بۆ ئەندامەکانی خۆیان و دووەم بۆ لایەنگیرانیان و ئەوەش مایەوە
بۆ لێکەوتوان و لێقەوماوان و، باشتر وابوو ھەرچی ھەبوو بدرایە بە دەست
بەرپرسانی حکومەت لە شارەکە و لە رێی ئەوان دابەش بکرایە.
کێبرکی لە نێوان حیزبەکان ھەیەو ئەگەر پارتی دەزگای خێرخوازی بارزانی
ھەیە، ئەوا یەکێتی دەزگای مرۆیی مامی ھەیە کە ناسنامەکەی ئەڵێت
رێکخراوێکی قازانج نەویستە و، کێبرکی بەناوی خێرخوازی لە نێوان
کورەکانی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ھەیە و، کەس نازانێت پارە
و سامانی ئەو رێکخراوەانە چەندە؟ و ، لە کوێوە ھاتوون؟ و، چۆنچۆنی خەرج
ئەکرێن؟ و، جارێکیان یەکێک لەو کورانە گۆرانیبێژێکی ئەمرێکی بانگھێشت
کردو بوو بووە مایەی زەرەرو خەڵکێکی کەم چوون بۆ ئاھەنگەکەو کابرای
ئەمریکی چەند دەفتەر دۆلاری وەرگرت و خێۆخوازییەکە شکستھێنا.
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|