ده‌زگیرانه قوڕینکه‌م یان ژووری ژماره508
هه‌موو کێشه‌کان له‌و ساته‌وه ده‌ستی پێ‌کرد که بڕیارم دا به قاچی خۆم بڕۆم و چی دی کراسه‌که‌ی دایکم له به‌ر نه‌که‌م ،گله‌ییم لێ مه‌که ، ئه‌زانم زۆر گرانه به یه‌ک قاچه‌وه و له ده‌ڤه‌رێکدا به قاچی خۆت بڕۆیت له بوونیه‌وه دایکان کراسه‌کانیان به نیواشتی ده‌هێڵنه‌وه و ته‌واو نایدڕن بۆ ئه‌وه‌ی به‌شی لاوێتی کچه‌کانیان بکات ، به‌ڵام ئه‌و کراسه‌ی دایکم بۆ من گه‌وره بوو ، ئێجگار گه‌وره بوو ،فه‌قیانه درێژه‌کانی وه‌کو مناڵی ده‌ستی ده‌سرازه ده‌کردم ، چه‌مکه درێژه‌کانی خواره‌وه‌ی هه‌نگاوێکی ده‌کردم به سه‌د . من چیدی قاچه بچووکه‌کانی مناڵیم نه‌بوو ، ئه‌و قاچانه‌ی له بچووکیدا نیوه ڕۆژێکی ده‌ویست تا بگه‌م به‌و سه‌ری کۆڵانه دریژه‌که و خۆڵه‌په‌تانێ له گه‌ڵ سروه بکه‌م،چاوه‌کانی مناڵ‌یش کوورت بین بوون ئه‌و کۆڵانه‌م هێنده لا درێژ بوو ،وامده‌زنی درێژترین رێگه‌ی دنیایه .ئێستا کۆلانه‌که‌ی مناڵیمان یه‌ک چرکه‌ی له من ده‌وێت بۆ ته‌ی کردن و هه‌موو ساته‌کانی دیم ده‌داته‌وه ده‌ست بۆ بینینی کۆڵانه نادیار‌و نه‌بینراوه‌کان، ئه‌و کۆلانانه‌ی سه‌رێکی له منه‌وه دیاره و سه‌ره‌که‌ی دی له‌وانه‌یه هێشتا خواوه‌ندیش نه‌یدۆزیبێته‌وه . باوکم ئه‌و سا چه‌ند سه‌غڵه‌ت ده‌بوو به‌و هه‌نگاوه بچووک و سستانه‌م و به دوای خۆیدا په‌لکێشی ده‌کردم ،ئێستا ده هێنده سه‌رسامی ئه‌و هه‌نگاوه خاوانه‌یه ، هه‌میشه به بیرم ده‌هێنه‌ته‌وه چه‌ند ژیکه‌لانه‌یه کچی بابه‌ی خۆی به گه‌وره‌ی له گه‌ڵ هه‌نگاوه بچووک و سسته‌کانی مناڵی بژی . به‌ڵام من چیدی حه‌زم له‌و جۆره ژیکه‌له‌یه و کچی بابه‌ی خۆم نه‌بوو،ئه‌و ژیکه‌له‌یه‌م وه‌کو ژیکه‌له‌یی سه‌بری دراوسێمان ده‌هاته پێش چاو ،ئه‌ویش هێشتا هه‌ر خۆڵه‌په‌تانێی ده‌کرد له کۆڵان به‌ڵام له گه‌ڵ هاوته‌مه‌نه‌کانی خۆی ، من حه‌وت ساڵ بووم ،ئه‌ویش یازده ، له‌وه‌ته‌ی دایک و بابی به کاره‌ساتی ئۆتۆمبیل مردبوون لای داپیره‌ی ده‌ژیا ، به‌لام وه‌کو دایکم بۆ باوکمی ده‌گێرایه‌وه، خاڵی سه‌بری ڕۆژانه داپیره‌ی سه‌غڵه‌ت کردوه، که "کچه خه‌ریکه گه‌وره ده‌بێت و جوانیشه با سه‌ری بکه‌ن به په‌ته‌وه ،تۆ پیریت گه‌وره‌تربێت ئه‌م کچه‌ت بۆ نابه‌سترێته‌وه و حه‌یامان ده‌بات. - دایکه حه‌یا چییه؟
-
حه‌یا
ئه‌وه‌یه تۆ له قسه‌ی دایکی خۆت ده‌رنه‌چیت وچیم گووت به قسه‌م
بکه‌یت. - هه‌ی هه‌ی ئێستا ئه‌مه حاڵته که گه‌وره بوویت چی ده‌رئه‌چێت.
دایکیشم سه‌یره خۆ خانوه‌کانمان ئه‌وه‌نده له یه‌که‌وه نزیک نه‌بوون له سه‌ر بانه‌وه شیعره‌کانی بگه‌یه‌نێته ده‌ستم ،به‌ڵام له ڕێگه‌ی قوتابخانه ده‌یدایه ده‌ستم ، ئه‌وان له‌و سه‌ری کۆڵان و ئێمه له‌م سه‌ری کۆڵان، خودایه چه‌ندمان حه‌ز ده‌کرد زوو گه‌وره ببین و ئاماده‌یی ته‌واو بکه‌ین و به یه‌که‌وه بچینه یه‌ک زانکۆ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به کامی دڵ به یه‌که‌وه قسه بکه‌ین ،به بێ هه‌ڕه‌شه‌ی پۆلیسه‌کانی ده‌ورووبه‌ر، خۆ ئه‌و چه‌ند ساڵێک له منیش گه‌وره‌تر بوو ،به‌ڵام خۆی ده‌هێشته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به یه‌که‌وه بچینه زانکۆ ، ئه‌و حه‌زی له دانیشتنی شه‌و بوو ،به دیار شیعر‌و فڵچه‌وه ،منیش به دیار ئه‌ستێره‌وه ، ئه‌و پێی ده‌گووتم " هه‌رگیز سڵ له جریوه‌ی ئه‌ستێره‌و شه‌ونوخونی به دیاریانه‌وه مه‌که‌ره‌وه ، ته‌نها شه‌و و ئه‌ستێره و شیعر و ڕه‌نگ به خۆمانمان ده‌ناسێنێت" من زۆر جار له قسه‌کانی نه‌ده‌گه‌یشتم ،به‌ڵام پێشم خۆش بوو، زیاتر عاشقی شه‌و و ئه‌ستێره‌ی ده‌کردم و له هه‌ڕه‌شه‌کانی دایکیشم نه‌ئه‌ترسام ، چونکه من وه‌کو سه‌بری نه‌بووم.
من حه‌زم له ئه‌ستێره بوو ، سه‌بری حه‌زی له کراسی سوور و گواره و ملوانکه بوو ، بیرم ماوه ،که جیبه شڕ و شکاوه‌که له به‌رده‌می ماڵی داپیره‌یدا وه‌ستا ،پیاویكی به ساڵاچووی ،به‌رگ قاوه‌یی تۆخ به مێزه‌ریه‌کی چڵکنه‌وه دابه‌زی وچه‌ند زه‌رفه میوه‌یه‌کی له گه‌ڵ خۆی داگرت و له گه‌ڵ ژنێکی چارشێوه ره‌ش خۆیان کرد به ماڵیاندا ، سه‌بری هێشتا له ده‌ره‌وه‌ی یاری ئه‌کرد ،که زه‌رفه‌کانی بینی به‌ره‌وه ماڵ بووه‌وه بۆ پشکنینیان،حه‌ز به زانینی نهێنی نێو زه‌رفه‌کان ئێمه‌ش ئه‌گه‌یه‌نێته ئه‌وێ ،خاڵی سه‌بری به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی فێڵبازانه‌ی دوور له تێگه‌شتنی سه‌بری پێی ئه‌ڵێ 'ئه‌وه ئیتر له ئه‌مڕۆوه تۆ ئه‌بیت به هی ئه‌م پیاوه‌و یه‌ک دنیا شتی جوانیشت بۆ ده‌کڕێت " به ده‌م قسه‌کردنیشه‌وه زه‌رفێکی بچووک به ده‌ستی کابرا پیره‌که‌وه بوو ،له ده‌ستی وه‌رده‌گریت و جووتێ گواره‌و ملوانکه‌یه‌کی ئاڵتوونی تێدا ده‌رده‌هێنێت و پیشانی سه‌بری ئه‌دات " ئه‌ها ئه‌مانه‌ی بۆ تۆ هێناوه ، بۆیه ئه‌بێت شووی پێ بکه‌یت " ئه‌ویش له خۆشی شته‌کان ئاگای له ووشه‌ی شووکردنه‌که نه‌مابوو ، به‌ڵام بۆ کچێکی هه‌تیو و نه‌بوو ،هه‌رگیز شتی جوانی به خۆیه‌وه نه‌بینیبوو ،قسه‌ی خۆشیش له گه‌ڵیدا ته‌نها پلاری مناڵانی کۆڵان بوو، ته‌نها بیری مناڵانه‌ی لای پڕ کردنه‌وه‌ی ئه‌و پلارانه بوو ، له خۆشی‌دا هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی بوو که له ناکاودا گووتی " تو خوا مامه کراسی سووریشم بۆ ده‌که‌یت؟ " پیاوه مل باریکه‌که هه‌تا ئه‌و کاته هیچی نه‌گوتبوو به پێکه‌نینه‌وه " ئا ،ئا ئه‌ی چۆن ،کراسی زه‌ردیشت بۆ ده‌که‌م " ،هه‌موو گه‌ڕه‌ک شوو کردنی ئه‌و مناڵه‌ی پێ ناخۆش بوو ، دایکم ئه‌و کاته دایکی شه‌هید و چاو به گریه نه‌بوو ، ژنی مه‌جلیس و سوحبه‌ت بوو ، به کابرای پیری گووت " برا تۆ گه‌ر ژنێکی هاوته‌مه‌نی خۆت ناهێنێت ،مناڵێکی هاوته‌مه‌نی نه‌وه‌زاده‌کانت مه‌هێنه " خاڵی هه‌ڵیدایه " خۆمان ئه‌زانین چی ئه‌که‌ین " .ئه‌و قسه‌یه دایکمی سه‌غڵه‌ت کرد ، به ته‌وسه‌وه " ئه‌گه‌ر ،هه‌ر ئه‌یده‌یت به شوو بیده به که‌سێکی گه‌نج ،نه‌ک به‌م پیره ملی ئه‌ڵێی بامێ ی حله‌یه " ئه‌ی خودایه ئه‌ی بامێی حله یانی چی ؟ جا چۆن ده‌وێرام له‌و کاته‌دا له‌و دایکه تووڕه بپرسم ، به‌ڵام ئه‌زانم له‌و ڕۆژه‌وه هه‌رگیز بامێم نه‌خوارد ،ئه‌و ڕۆژه‌ش که زه‌ماوه‌نده‌که‌یان کرد ، ئه‌وه‌نده سه‌رم سوڕما بوو به دیار ژنانی بامێ لێنه‌ره‌وه، گه‌ر ئه‌و په‌ته نه‌بوایه به ده‌ووری ئاته‌شگه‌که‌یاندا کێشابوویان وه‌کو سنووردانانێک بۆ مناڵان له‌وه زیاتر لێیان نزیک نه‌بنه‌وه ده‌که‌وتمه مه‌نجه‌ڵێک بامێ وه.
په‌ت؟! گووتم ڕقم له په‌ته ،هه‌ر له مناڵیه‌وه من وپه‌ت وێک
ناگه‌ینه‌وه " نا سه‌روه‌ر گیان به په‌ت خۆمان ناکوژین" ،سه‌روه‌ر
هێشتا خه‌وتبوو ، په‌نجه‌کانی منیش هێشتا له قژیدا مه‌له‌ی ده‌کرد ،
ئه‌و پێی خۆش بوو به‌ر له نووستن به ده‌نگی من گوێی له‌و شیعرانه
بێت که بۆ منی نووسیبوون و منیش جارێکی دی بۆ ئه‌وم ده‌گووته‌وه
وهه‌ندێ جاریش ده‌بوون به گۆرانێکی هێمنی غه‌مبار ده‌ڕژایه سه‌ر
تاڵه قژه ڕه‌شه‌کانی ، هه‌ست ئه‌که‌م کردنه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌که به
خوناوی به‌یان قژی شێ‌دار کردوه . نامه‌وێت ده‌ستبه‌رداری تاڵه‌کانی
پرچی بم و بچم په‌نجه‌ره‌که داخه‌م ، کێ ده‌ڵێ مه‌ودای نێوان په‌نجه‌ی
من و قژی ئه‌و نابێت به مه‌ودای نێوان ده‌ریا و ئاسمان ،له ڕه‌نگ و
وێنه‌ی یه‌کدا بژین و هه‌رگیز به یه‌ک نه‌گه‌ین ، ده‌ریاوانه بێ
ڕه‌حمه‌کان هه‌رچی ماسی روانین و په‌نجه‌م هه‌یه ڕاو ناکه‌ن
.یاریکردنی کردنی نه‌سیمی به‌یان له گه‌ڵ په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌که
،ڕوانینم ده‌دزێته ده‌ره‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌که ،بۆ سه‌ر ڕووخساری
ڕووباری خومار و مه‌ست ،خۆشم نازانم بۆ ئه‌وه‌نده ده‌ریام خۆش ئه‌وێت
، تێشناگه‌م بۆ هه‌ندێ جار لێی ئه‌ترسم ، ترس و خۆشه‌ویستی بۆ ده‌بێ
هه‌میشه پێکه‌وه بژین ، گه‌ر له ترسی ڕاوچیه‌کان بوێرم ، کاریان
ڕاوه مرۆڤه ،پێم خۆشه به‌یانیان به پیاسه‌ی که‌نار ڕووباره‌که
به‌رمه سه‌ر و به‌ردێکی ته‌ڕی که‌نار بکه‌م به کورسی و قاچه‌کانم
شۆڕکه‌مه‌وه نێو ڕووبار، سه‌روه‌ر ئه‌ڵێ که قاچت ده‌خه‌یته
ده‌ریاوه ڕه‌نگی چاوه قاوه‌یه‌کانت ده‌گۆڕێت بۆ شینیه‌کی ده‌ریایی ،
ئه‌و هه‌میشه له سه‌ر ڕووبار حه‌ز ده‌کات بۆ چاوم بنواڕێت ، منیش
زیاتر شه‌یدای ڕووبار و ده‌ریا و ته‌نانه‌ت کانیله ئاوه‌کانیش ده‌بم
که زیاتر ئاللوده‌ی منی ده‌کات ،هه‌ر خۆی وای لێ کردم ،من و ده‌ریاو
ئه‌ستێره ببین به سیانه‌ی یه‌ک دایک ، له خۆشه‌ویستی من بۆ
ئه‌ستێره هه‌رچی ئه‌ستێره هه‌بوو دابووی له سنگی تابلۆ و شیعره‌کانی
، ،یه‌که‌م شیعر چوارده ساڵ به‌ر ئێستا بۆی ناردم ناو ده‌ریا بوو ،
ئه‌و کات کچێکی دوازده ساڵ زۆر که‌م له واتا ده‌گه‌شتم به‌ڵام
ده‌مزانی بۆچی پێم ده‌ڵێت بوکی ده‌ریا و ده‌ریا چیه و ڕۆژ به ڕۆژ
شه‌یدای ده‌بووم. - هونه‌ر ..هونه‌ر ،چ شتێکی تۆ هونه‌ر نیه سه‌ره گیان ، له ڕۆحته‌وه هه‌تا قیبله‌نووماکانی بوونت و لاواندنه‌وه‌ی ژیان و ته‌نانه‌ت جه‌سته‌ی منیشت وا کرد به تابلۆیه‌کی هونه‌ری . - به‌یان گیان ،خۆشه‌ویستی هونه‌ره ،پاراستنیشی نه‌مری ، هه‌موو که‌س ناتوانێت هونه‌رمه‌ند بێت ، که‌م هوونه‌رمه‌ندیش ده‌توانێت خاوه‌نی هونه‌ری نه‌مر بێت. ئه‌و خه‌ڵکه به بێ هونه‌ر خۆشه‌ویستی ده‌که‌ن ،بۆیه فڕینیان بیر چووه‌ته‌وه.
ئێمه
ده‌یان شوێنمان گۆڕیبوو بۆ خۆ حه‌شاردان له‌و مرۆڤه زیندوه مردوانه‌ی
دوای سێبه‌ری ئێمه که‌وتبوون و هه‌نگاوه‌کانیان هه‌ڵده‌گرتین,ده‌بوو
ئێمه‌ش یان مردوویه‌کی زیندوو بین، یان له حه‌شارداندا زیندوه‌یه‌تی
به ژیانمان ببه‌خشین ، به‌ڵام کێشه‌ی خۆ حه‌شاردان ،کیشه‌ی چۆنیه‌تی
گوزه‌رانیشی بۆ دروست کردبووین ، مرۆڤ خۆ حه‌شارده‌ر ناتوانێت خاوه‌نی
شوناس بێت ، بێ شوناسیش بێ کاری و بێ جێگه‌یی به دوای خۆیدا ده‌هێنێت،
ئێمه‌ش که‌سمان نه‌مانده‌ته‌وانی له به‌ر دیده‌ی مرۆڤه
حه‌شه‌ریه‌کاندا بچینه ده‌ره‌وه وتێکه‌ڵاوی خه‌ڵک بین وکار
بکه‌ین،ئه‌وه‌ش ته‌نها کیشه‌ی دوا بڕیارمانی بۆ دروست نه‌کردبووین
،کێشه‌ی بێ پاره‌ی له شوینی دابڕیبووین ، ئێمه بووین و ئێمه‌ش
نه‌بووین ژیانمان ده‌ویست، ئێمه بووین وئێمه‌ش نه‌بویین مه‌رگمان
هه‌ڵده‌بژارد ، ئه‌وه‌نده خۆمان وون کرد له خه‌ڵک خه‌ریک بوو له
خۆشمان وون ده‌بووین ،تا ئه‌و پیاوه‌ی له ناو یه‌کێک له
چێشتخانه‌کاندا ناسیمان، ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی دی سه‌بووری به ژیانمان
به‌خشی ،ئێمه بارودۆخی خۆمان تێگه‌یاند ،به‌ڵام نه‌مانگووت له تاوانی
خۆشه‌ویستی ڕامانکردوه و له به‌ر ئه‌وه‌ی که‌س به یه‌که‌وه بوونی
ئێمه په‌سه‌ند ناکات پێکه‌وه هه‌ڵهاتووین ، گووتمان له شاره‌که‌ی
خۆماندا کێشه‌ی دوژمنایه‌تی عه‌شیره‌تگه‌ریمان هه‌یه به هۆی
دووژمنایه‌تی ماڵه خاڵه‌وه‌و بۆ ئه‌وه‌ی به هێمنی بژین له‌وێ
هه‌ڵهاتووین بۆ به‌غدا و ده‌مانه‌وێت هاوکاریمان بکات به ده‌رچوون
به‌ره‌و سووریا یان ئه‌رده‌ن . سه‌روه‌ره په‌یمانی پێدا له‌و
کارگانه‌ی باسی کرد له‌وێ هه‌یه‌تی شه‌ش مانگ به خۆڕایی کاری بۆ بکات
گه‌ر ده‌ربازمان بکات ، ئه‌ویش پێی گووتین که دوو ڕۆژی دی له ئوتێل
زمرد بیبینین ،به‌ڵام که له کاتی دیاری کراودا ڕۆشتین و پرسیاری
ناویمان کرد ، لێیان پرسین :
په‌نجا دینار له زه‌رفه‌که‌دا بوو ،کلیله‌که‌ش ،کلیلی ژووری ژماره 508 هه‌بوو ، له سه‌ر پارچه کاغه‌زێک بووی نووسیبووین ، ده‌بوو بگه‌ڕێته‌وه ، ئه‌و ژووره‌شی بۆ مانگێک گرتبوو ، پازده ڕۆژ به‌ر له وادی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئێمه ده‌توانین پازده ڕۆژه‌که‌ی دی تێدا بژین ،ئێمه ده‌مانزانی ئه‌و خۆی ژووره‌که‌ی بۆ گرتووین وئه‌وی دی چیرۆکێکه بۆ دڵنه‌وایی شه‌رم وبه خۆداچوونه‌وه‌ی ئێمه ، هه‌رچه‌ند سه‌ره‌تا به‌زه‌یی به خۆدا هاتنه‌وه هه‌ندێک بێ ده‌نگ و په‌ستی کردین ، به‌ڵام دوایش هه‌بوونی ته‌نها یه‌ک مرۆڤ که هێشتا فڕینی بیر نه‌چووه‌ته‌وه به‌خته‌وه‌ری کردین ، ڕاستت ده‌وێت سه‌روه‌ر زیاتر به په‌نجا دیناره‌که به‌خته‌وه‌ر بوو ، له به‌ر خاتری خۆی نا ، ئه‌و خۆشیه‌ی بۆ من بوو . منی برده ژووره‌که‌و تکای لێ کردم نه بۆ که‌س ده‌رگا بکه‌مه‌وه‌و نه وه‌ڵامی ته‌له‌فۆنیش بده‌مه‌وه ، په‌یمانی دا یه‌ک کاتژمێر زیاتری پێنه‌چێت وده‌گه‌ڕیته‌وه ، هه‌ر واش بوو ، به‌ر له واده گه‌ڕایه‌وه ، به‌ڵام بیست دیناری له پاره‌که دابوو به قوڕی کارکردن بۆ ئه‌وه‌ی منی پێ بکات به په‌یکه‌ر.
ئه‌و کۆمه‌ڵێ حیکمه‌تی له‌و له قووڕگرتنه‌ی دۆزیبووه ، به‌ڵام ده‌مزانی له هه‌مووی زیتر ده‌یویست به حه‌شاردان بمپارێزێت و ئه‌و کریستاڵ و وورده شووشانه‌ی له چاووم باری بوون له تابلۆیه‌کی هوونه‌ریدا به زیندووی بهێڵێته‌وه . به‌ڵێ وورده شووشه ، نا کریستاڵ ، ئه‌وه‌یان به‌ڵایه‌کی تر بوو ، جاران ته‌نها که‌س و کاری خۆمان به دووماندا وێڵ بوو ،بماندۆزنه‌وه و تۆڵه‌ی له قسه‌ده‌رچوونی خۆیمان لێ بکه‌نه‌وه ،ئێستا ئه‌و خه‌ڵکه حکایه‌تی کریستاڵه‌کانی بیستووه ،ته‌نانه‌ت مه‌لای مزگه‌وته‌کان و ڕۆژنامه‌کانیش به دووی ئێمه‌وه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ن به ڕاستی ئه‌و نهێنیه .له ڕاستیدا ناشزانم چی‌یان پێ بڵێم ، کام نهێنی؟؟ شتیه‌کی وام له هه‌گبه‌دا گه‌ڵنه‌گرتووه ،له‌وه زیاتر شه‌وێک له خه‌ونمدا دۆزراینه‌وه و له بارچاومدا سه‌روه‌ریان کوشت ، له گه‌ڵ یه‌که‌م زریکه‌مدا له بری فرمێسک وورده شووشه ده‌باری یان ڕاستر فرمیسه‌کانم پاش هاتنه خواره‌وه ده‌بوون به وورده کریستاڵ ،من پاش خه‌به‌ر بوونه‌وه‌ش نه‌متوانی هێور ببمه‌وه‌وهه‌تا به‌یانی کریستاڵ سه‌رتاپای ئه‌و باڵه‌می ڕووشاندبوو که خستبوومه ژێر سه‌رم ،ورده کریستاڵی که‌ڵه‌ک بووی به‌رده‌م چۆرپاکه‌مان به شێوه‌یه‌ک سه‌روه‌ری تووشی حه‌په‌سان کردبوو وامده‌زانی هه‌موو سه‌رسوووڕمان و ترسی دنیا مۆڵه‌تی خواستووه له چاوی ئه‌ودا مارش ده‌که‌ن ،گه‌رچی خۆی واپیشانده‌دا که ئاساییه و من به په‌رچوه‌وه جوانترم، به‌ڵام کێشه‌ی منیش ته‌نها له گۆڕینی فرمیسه‌کانمدا نه‌بوون ،له بیستنی ده‌نگی ناوه‌وه‌ی سه‌روه‌ریشدا بوو ، نه‌ک هه‌موو هه‌ستی، هه‌موو ووشه‌یه‌کی به‌ر له درکاندنیش ، دڵنیابووم ئه‌ویش ئاگای له‌هه‌موو هه‌ست و ختووره وخه‌یاڵیه‌کی من بوو، ته‌نانه‌ت هه‌رچیه‌ک به خه‌یاڵمدا ده‌هات به بێ ئه‌وه‌ی بیدرکێنم ئه‌و ده‌ستی ده‌کرد به جێبه‌جێ کردنی ،دڵی من بوو دیگووت " بریا ئه‌و فرمێسکه شووشانه‌م وه‌کو ژیانم له بار نه‌ئه‌چوون ، ده‌بوون به چیرۆکی ده‌می ڕاستبێژان و وه‌کو به‌ڵگه‌ی خۆشه‌ویستیم بۆ مێژوو ده‌گووترانه‌وه ".
ڕاده‌په‌ڕیت ده‌چێته به‌رده‌می په‌نه‌جه‌ره‌که‌و نیگای ده‌که‌وێته قۆستنه‌وه‌ی هه‌موو غه‌مکانی ڕووباره‌که ، ده‌ستی ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و چه‌پکه گووڵه سیس بووه‌ی سه‌ر ته‌له‌فزیونه‌که ، بنه ووشک بێ ئاوه‌که‌ی، په‌ڕ و ڕه‌نگی هه‌ڵوه‌ریوی ده‌بن به غه‌مێکی تری و ئاوڕیه‌ک له من ده‌داته‌وه وه‌کو ئه‌وه‌ی بڵێ ئێمه تاوانبارین به‌رانبه‌ر ئه‌م گوڵانه ، ئه‌وه‌نده ته‌سلیمی غه‌می خۆمان بووین ، بایه‌خدان به گووڵێکمان بیر چووه‌وه. پاشان گووڵه‌کان ده‌خاته ناو زبڵدانه‌که‌وه و گووڵدانه‌که ده‌هێنێت کریستاڵه وه‌ریوه‌کانی چاوی منی تێ ده‌کات به‌ره‌و گه‌رماوه‌که ده‌بێته‌وه له‌وێ ده‌ست ده‌کات به گرتنه‌وه‌ی قووڕکه‌ی که کڕیبووی و پاشان وورده کر یستاله‌کانیشی تێده‌کات و جارێکی دی ده‌ست ده‌کاته‌وه به شێلانی . له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یه‌که‌مجار بوو په‌یکه‌ر دروست بکات ، ئه‌و وێنه‌ی ده‌کێشا په‌یکه‌ر تاش نه‌بوو ، من یه‌که‌م په‌یکه‌ری دروست کراوی ده‌ستی سه‌روه‌رم ،په‌یکه‌ریه‌کی به یه‌ک شه‌و یه‌ک ڕۆژ دروستکراو .که‌س نازانێت بوون به په‌یکه‌ر خۆشی وناخۆشیه‌کانی چی بوون ،خۆشترینیان بانگکردنم بوو به ده‌زگیرانه قوڕینه‌که‌م ،پێم وابێت که‌س ئه‌و نازناوه خۆشه‌ی منی نه‌بوو،گه‌رچی زیاتر ناره‌حه‌تیه‌کانیم بیر ماوه، چۆنم بیر ده‌چێت ،که‌م نه‌بوو دنیا به جێ بهێڵیت بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌ڵ که‌سێک بیت و دوایش بچیته ناوقاڵبیه‌کی قوڕیندا بیت ، چی بکه‌م قه‌ده‌ری من وایه ،ده‌بێت هه‌میشه له شه‌ڕدا بم له گه‌ڵ زه‌مه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌روه‌رم نه‌کات ، پێشم خۆش نه‌بوو پشکۆی ئه‌و ئومێده له چاویدا خامۆش بکه‌م و بڵێم ئه‌و جه‌سته پڕ ئازاره‌ی من به غه‌می حه‌شاردان به‌رگه‌ی ئه‌و قوڕه ناگرێت ، ڕۆحی بێژنگ ئاسایی من به تانه و ته‌شه‌ر به‌رگه‌ی دووری تۆ ناگرێت ، ته‌نانه‌ت بڵێم ،من واهه‌ست ده‌که‌م گه‌شتووم به کۆتایی و په‌نجه هونه‌ریه‌کانت چیدی به هه‌وڵدان بۆ مانه‌وه‌ی من ماندوو مه‌که ، ئه‌و په‌یکه‌ره ڕه‌نگینه‌ت با به زیندووی بمێنێته‌وه به منه‌وه نه‌فه‌وتێت ، بلێم سه‌روه‌ر گیان ببوره ،من تاوانبارم ،تۆ کانیاوێکی هه‌میشه هونه‌رت لێ هه‌ڵده‌قوڵێت ،ده‌بوو ته‌نها هونه‌ریشت لێ ماره ببڕێت ، من تۆم له هونه‌ر کرد ، تۆم له شیعر کرد ،کام هونه‌رمه‌ند ده‌توانێت له ماوه‌ی شه‌و ڕۆژێکدا په‌یکه‌ریه‌کی نایابی وه‌کو ئه‌وه‌ی تۆ دروست بکات؟. گه‌ر ده‌مزانی خۆشه‌ویستیم بۆت ئه‌و زیانانه‌ت پێ ده‌گه‌یه‌نێت،ته‌نها خۆمم ده‌کرد به قوربانی و هه‌رگیز دانم به خۆشه‌ویستیمدا نه ئه‌نا لای تۆ ،ئه‌مه‌م له لاوازی نیه ،ته‌نها و ته‌نها بۆ تۆ و خۆشه‌ویستی تۆیه ، هه‌رگیز نه‌مئه‌زانی بوونی من له گه‌ڵتا ده‌تخاته ئه‌م مه‌ترسیه‌وه ، گه‌ر ده‌مزانی ژیانی من ژیانی تۆ ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه ،زوو مۆمی ئه‌و ژیانه‌مم ده‌کوژانده‌وه ، گه‌رچی تا ئێستاش ناوێرم بیر له‌و مه‌رجه بکه‌مه‌وه ،له مردن ترسان نیه ، ناتوانم بمرم تۆ نه‌بینم ، خودایه چ قه‌ده‌رێکه ژیان و مردنت له یه‌کاتدا و بۆ یه‌ک که‌س بوێت ، به‌ڵام ژیانی پاش مه‌رگ زۆر جوانتره ، ژیانی من دوو جار پاش مه‌رگ که‌وتووه ،جارێک که له هه‌ڵهاتنمدا نه‌دۆزرامه‌وه وجارێک ئه‌و ڕۆژه‌ی موخابه‌رات هاته سه‌رمان،گه‌رچی من له هه‌ندێ ڕووه‌وه پێم خۆش بوو ، ته‌نها ناخۆشی ئه‌وه بوو که به‌رهه‌می ڕه‌نج و ماندووبوونی سه‌روه‌ریان به خه‌ساردا ،که گه‌یاندینیان به‌وێ په‌یکه‌ره‌که‌یان وورد و خاش کرد، جگه له هه‌ڵبزڕکاندنی خه‌ونی مانه‌وه ، که ده‌مزانی ئه‌و خه‌ونه‌ی له خه‌ونی مرۆڤێک ی مه‌له نه‌زان ده‌چێت ده‌که‌وێته ده‌ریاوه و ده‌ست بۆ ته‌ڵه پووشێک ده‌بات بۆ ڕزگار بوون ، دڵ شکاندنی له سه‌روو ئه‌و ڕزگار بوونه بوو بۆ من ،هه‌ر ئه‌وانیش وا بێ ئومێدیان کرد ،که دوابڕیار بده‌ین به تایبه‌ت ئه‌و کاته‌ی یه‌کێکیان لووله‌ی تفه‌نگه‌که‌ی تێوه‌ژه‌ند پێی گووت:
- تۆ به ته‌مای ئاسایشی
نیونه‌ته‌وه‌یی تێک بده‌یت و کووده‌تا دروست بکه‌یت؟
- به‌ڕێز ته‌قه‌مه‌نی چی ، ده‌یبینیت ئافره‌تێکی تیدایه ، ئه‌وه خۆشه‌ویسته‌که‌مه ، مه‌به‌ستم هاوسه‌ره‌که‌مه ، ئێمه به بێ ڕه‌زامه‌ندی خێزانه‌کانمان هاوسه‌گیریمان کردوه‌و و به دوامانه‌وه‌ن بۆ کوشتنمان ، له قووڕم گرتووه‌و کردوومه به په‌یکه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ر دۆزراینه‌وه به ئه‌و نه‌زانن و ژیانی بپارێزم ، ئێستاش وا ئێوه به‌م چیرۆکه‌تان زانی و ده‌توانن بمانپارێزن و چی دی به ناڕه‌واو ،وه‌کو ئه‌وه‌ی له ووڵاتی بێ یاسادا بین نه‌کوژرێین.
- ئه‌ها ،واته هه‌ڵه‌ی
کۆمه‌ڵایه‌تیشتان کردوه ، هه‌ر تاوانه سیاسیه‌کان نیه ؟.
- ئه‌ی تاوانبار ،ئه‌زانی ئه‌و کریستاڵانه سامانێکی نه‌ته‌وه‌یی و لایه‌نیه‌کی ئابووری گه‌وره‌یه تۆ قۆرغت کردوه بۆ خۆت ، ئێستا زانیم کچه په‌رجووه‌که‌ت دزیوه‌و له‌و په‌یکه‌ره‌دا حه‌شارت داوه،بۆ ئه‌وه‌ی ئابووری ووڵات بێ به‌ش بکه‌یت له‌و سامانه و ته‌نها خۆت لووشی بده‌یت.
ئێمه له موخابه‌رات و به‌رده‌م جه‌ندرمه‌کانی ئه‌وێش چه‌ندییان تاوانبار کردین بێ سوود بوو ، شتێکمان نه‌بوو له گه‌ڵ قسه‌ی پڕ و پووچی ئه‌واندا تێکه‌ڵی بکه‌ین و وه‌ڵام بده‌ینه‌وه ، پێشمان خۆش بوو به یه‌که‌وه زیندانمان بکه‌ن و بۆ یه‌کجاری له چاوی مرۆڤه حه‌شه‌ریه‌کان بمان شارنه‌وه ،هه‌تا زیاتریش ئه‌یانگووت تۆ به چوار تاوان تاوانباریت ، تاوانی سیاسی ، ئابووری ،کۆمه‌ڵایه‌تی ودزینی کچێکیش ، ئێمه زیاتر گویه‌کانمان ده‌ئاخنی به ڕوانین بۆ یه‌ک و گوێ گرتن له ده‌نگی دڵی یه‌ک ، هه‌رگیز رێگه‌مان نه‌دا ئه‌و لووره لووره ئاوازی دڵمان بشوێنێت .هیچی له ئێمه نه‌گۆڕی تووڕه بوون و سوکایه‌تی و سزادانه‌کانیان ، ته‌نانه‌ت کاتێک منیشیان له سه‌روه‌ر جیا کردوه‌و و بردمیانه ژووریه‌کی سێ گۆشه‌ی شیداره‌وه‌و پێیان گووتم لێره‌دا هه‌تا مردن ده‌بێت بگریت و ده‌بێت بتگریه‌نین و زۆرترین کریستاڵی چاوت به‌رهه‌م بهێنین ، چه‌ند پێکه‌نین هێنه‌ر بوو که ئازاریان ده‌دام بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه بگریم ، به‌ڵام یه‌ک فرمێسکیشم بۆ ئه‌وان نه‌بوو به کریستاڵ وگه‌ڕانه‌وه سه‌ر دۆخی سرووشتیان ،چیدی فرمێسک نه‌بوو به کریستاڵ ، ناچار بانگی سه‌روه‌ریان کرد و گووتیان به‌ره‌ڵاتان ده‌که‌ین بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئوتێله‌که‌تان ،له‌وانه‌یه ته‌نها له‌وێ چاوی کریستاڵ ببارێنێت به‌ڵام له ژێر چاودێریدا ده‌بن ،یه‌ک فرمێسکی ببێت به کریستاڵ و هه‌واڵمان نه‌ده‌نێ سزای تووند ده‌درێن ،پێکه‌نین هێنه‌ره هه‌موو هه‌ر سزای تووندی پێیه بۆمان ،ئێمه چیدی له سزاکان ناترسین ، سزا بۆ ئه‌وانه‌یه ،سزا ده‌توانێت چوارچیوه بۆ بوونیان بکێشێت ، به‌ڵام ئێمه هێشتا دوو مرۆڤی ڕووتین ، ڕووت ڕووت ،سزا نه‌یتوانیوه دامانپۆشێت ،خه‌زوورم که ته‌نها به خه‌و بینیوومه پێی گووتم " کچم ئێوه هه‌ر به بێ عاری له دایک بوون ، نه‌که‌ن به بێ عاریش بمرن ،ده‌ستم دامێنتان " ئێمه له هه‌موو گووناهه شه‌رعیه‌ت پێدراوه‌کانی دنیا ڕووت بووبینه‌وه ،چیدی دامێنمان نه‌مابوو که‌س ده‌ستی پێوه بگرێت .
تیشکی سووری ئاسمان مژده‌ی سپێده‌ی ده‌دات، ته‌نها ئه‌و تیشکه په‌یوه‌ندی به کاته‌وه هێشتووین ، نازانم کاتژمێر چه‌ندگه‌ڕاینه‌وه و کاتژمێر چه‌ند سه‌روه‌ر دواوه‌سێتی نووسی ، و ئێستاش کاتژمێر چه‌نده ، دوێنی کاتژمێره‌کانمان به‌خشی به ڕووبار، هه‌ردووکمان پاش ئه‌وه‌ی کاتژمێره‌کانمان له ده‌ست کرده‌وه فڕێمان دایه ڕووباره‌که‌وه ،وه‌کو په‌یمانی خۆشه‌ویستنی هه‌تا هه‌تایی ، ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی کات له ئاستیدا بێ کاته و سنوور و کات و شوێن نازانێت ،به‌ڵام که گه‌ڕاینه‌وه زانیمان سبه‌ینێ دواڕۆژی ئوتێله‌که‌مانه و نه شوێنمان هه‌یه لێێ بین و نه پاره‌مان پێی و نه ده‌سه‌ڵاتی موخابه‌رات و مرۆڤه حه‌شه‌ریانه‌ی به دووماندا ده‌گه‌ڕان ، به‌ڵام توانای نه‌مری هه‌میشه‌مان هه‌بوو ، توانای بڕیاری خۆکۆژی ،توانای هه‌ستی زیندوو ، ئێمه دوێنی شه‌و بڕیارماندا که ڕۆژ بووه‌وه هه‌ردووکمان به یه‌که‌وه ببین به ڕۆڵه‌ی ده‌ریا ،بۆ ئه‌وه‌ی له ژێر چه‌تری سۆزیدا بۆ هه‌تا هه‌تایه به یه‌که‌وه‌بین ، له گه‌ڵ هه‌ڵهاتنی هه‌تاودا که هاورێی هه‌میشه‌مانه خۆمان هه‌ڵدینه ڕووباره‌که‌وه له کووچه‌یدا بۆ هه‌میشه ئارام بگرین.
ئه‌و شنه بای له په‌نجه‌ره‌که‌وه ڕامانده‌وه‌شێنێت ، ئه‌ڵێ زوو بن به‌یانه و ئاماده بن بۆ بڕیاره‌که‌تان لاپه‌ڕه‌یه‌ک له وه‌سیتنامه‌که‌مان له سه‌ر مێزه‌که ده‌خاته خواره‌وه‌و و له ڕووی منه‌وه ده‌هێنێته به‌رده‌می چرپاکه"*1 ئێمه ( به‌یان و سه‌روه‌ر) ((بڕیارمان دا تا هه‌تایه یه‌کترمان خۆش بوێ، ته‌نانه‌ت له مردنیشدا پێکه‌وه بین. له‌مه‌رگه‌سات. ئه‌وکاته‌ی که ئیتر له‌وه ده‌رباز ده‌بین دوو ڕپحی قه‌تیس ما‌و بین له دوو جه‌سته‌دا، ئیتر بۆ دووباره ده‌بینه‌وه به‌یه‌ک ڕۆح، وه‌ک جاران پێش له‌دایک بونمان، که ئێمه‌ی له‌یه‌کتری ترازاند.. ئیتر جاریکی تر پێوستمان به 25 ساڵ بوو، پڕ له سۆراغ و گریان و چاوه‌ڕێ کردن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌وه به‌یه‌ک ئه‌وکاته هه‌ردووکمان گریاین ،چونکه هه‌ر یه‌ک له ئێمه ئه‌وی تری ده‌ویست، به‌ڵام ئه‌وان له‌ئێمه‌و له‌م به‌یه‌ک گه‌یشتنه نه‌گه‌یشتن* "
په‌نجه‌کانم هێشتا ته‌زبیحات به تاڵه قژه‌کانی ده‌که‌ن ، نه ئاره‌زوومه ده‌ست به‌رداری قژی بم و نه ده‌ستبه‌رداری وه‌سیتنامه‌که‌شمان ،نامه‌وێت بجوڵێم وبێداری بکه‌مه‌وه ،ده‌مه‌وێت زوورترین حه‌وانه‌وه بکات به توویشووی ئه‌و سه‌فه‌ره قورس و ئێجگاریه‌مان ،شنه باکه ده‌بێت به ڕه‌شه‌با ،ناچارم هه‌ستم لاپه‌ڕه‌کان کۆبکه‌مه‌وه‌و بیکه‌م به ژێر ئه‌و کتێبه‌ی له سه‌ر مێزه‌که دانراوه ،ناونیشانی کتێبه‌که " دووکه‌ڵی ژووره‌که " چاوم پێ ده‌گێڕێنێت به ژووره‌که‌دا ، وا هه‌ست ده‌که‌م دووکه‌ڵێکی چڵکن خه‌ریکه چرپاکه‌م لێ وون ده‌کات ، سه‌روه‌ر هه‌ڵده‌ستێت و به چاوی ماڵئاوایی لێم ده‌نواڕێت و هه‌تاویش سه‌ره‌تاتکێ له گه‌ڵ په‌نجه‌ره‌که‌مان ده‌کات.
__________________________ که‌نه‌دا July12,2007
|