٢٧\٣\٢٠١١
(دکتۆر) فاروق
ڕەفیق چى دەبێژێ؟
هیوا رەش
لە بەرنامەیەکى کەناڵى کەى ئێن ئێن کە فاروق ڕەفیق قسەى تێدا خەرج
دەکرد ، کۆمەڵێک سەرنجم لا گەڵاڵە بوو کە سەرلێشێواوییەکى ئەوتۆى پڕ لە
غرورى تێدا بەرجەستە دەبوو نەدەکرا بێدەنگیى لێ بکرێت :
1 - ئەو زاتە پڕ لە هزرى نامۆ و سەرلێدەرنەکردووە ، نمونەى ئەمریکییەکى
هێنایەوە کە گوایە 65 ملیۆن دۆلارى تەرخان کردووە بۆ شاڵاوى ڕاگەیاندنى
هەڵبژاردن و گەییشتن بە پۆستێک تا ناوى بچێتە مێژووەوە ، ئەمە قسەى
نەخوێندەوارێکى کوێرە گوندێکى سنوریى دوور لە ئاوەدانى و شارستانیەتى
سەرکوتى ژێر چەپۆکى سیستمى ئاغایەتى نیە ، بەڵکو ئەمە ( داهێنان ) ى
دکتۆرێکى خاوەن ڕەگەزنامەى کەنەدییە ، بێئەوەى بۆمان ڕوون بکاتەوە کە
ئەو ئەمریکییە جێگە سەرنجەى ( دکتۆر ) ەکەمان ئەو گوژمە - 65 ملیۆن
دۆلارە - ى چۆن و لە کوێ و بە چ شێوەیەک بە دەست هێناوە و بۆچى بەو
شێوەیە بە فیڕۆى دەدات و 65 هەزار خێزانى برسیى لە مردن پێ ڕزگار ناکات
تا ڕەونەقدارتر ناوى بچێتە مێژووەوە ، یان دەبوایە ( دکتۆر ) ە گەروو
نووساوەکەى بەردەرکى سەرا ، لەگەڵ ئەوەدا ستەمى سستمى دنیاى
سەرمایەدارى و دڕندایەتییەکانیشى بخستایەتە ڕوو کە چۆن لە پێناوى
ناودەرکردنێکدا ملیۆنەها دۆلار تەخشان و پەخشان دەکرێت و لە هەمان
کاتدا ملیۆنان ئینسانیش لە برسا دەمرن .
2 - ئەو زاتە پڕ لە هزرى نامۆ و سەرلێدەرنەکردووە ، ستالین لەولاوە
بووەستێ ، بەڵکو دەمى لەوەش وەردا کە لینین لەگەڵ فاشیەتدا ناو بهێنێ ،
ئەگەر تۆزێک بە ویژدانەوە خوێندەوارى هەبوایە ، دەبوایە بۆ
دیموکراسییەتى سەردەمى شۆڕشى ئوکتۆبەر ، لینینى بە نمونە بهێنایەتەوە و
شتێکى لێوە فێر بوایە نەک بەو شێوەیە بەربێتە وێزەى مێژوو ، یان خۆ
نمونەى باشتر و بەرجەستەترى لە تەوروەشاندن و چەقۆ کێشان و نارنجۆک
تەقاندنەوەى لەبەردەستدا بوو ، مەگەر خۆى بزانێت بۆچى بەسەریاندا بازى
دا و لمۆزى لە گیانى لینین گیر کرد .
3 - ئەو زاتە پڕ لە هزرى نامۆ و سەرلێدەرنەکردووە ، هێشتا گیرفانى
هاوار دەکات کەچى پێى نەنگ نەبوو خۆى بەسەر قەنەفەیەکى سەرکردە ئاسادا
ببینێتەوە و ڕەعیەتە بەسزمانەکەشى بەسەر کورسییەکى ئاساییەوە پرسیارى
ئاراستە بکەن و ئەویش وەڵامى یەکلاکەرەوەیان بداتەوە .
4 -ئەو زاتە پڕ لە هزرى نامۆ و سەرلێدەرنەکردووە ، شەرم نایگرێت ببێت
بە بەتەڵى شاشەى شەوانە و ڕۆژى سەرا و شاشەى تى ڤى ، و بیست و چوار
سەعاتە دەرمانى نەخۆشییەکان بە پێى ڕەچەتەى هەست بە کەمیى خود بۆ ئەم و
ئەو بنووسێتەوە ؟
5 - ئەو زاتە پڕ لە هزرى نامۆ و سەرلێدەرنەکردووە ، گۆرانییەکى کۆنى
کوردى ( کچێ خەجێ ) ى بیر هێنامەوە کە دەڵێت : بەهارێ نەمرم شایى و
سەیرانە ، هاوینێ نەمرم خەلە و خەرمانە ، پاییزێ نەمرم گەڵا ڕێزانە و
زستانى نەمرم بەفر و بارانە ، ئەدى جەنابى وەرزەکان و کەسەکانى بە دڵ
نەبێت ، ئەبێت بە تەما چى بێت ؟ تۆ بڵێى ئەویش وەکو ئەمریکییەکە لە
هەوڵى کۆکردنەوەى ملیۆنان دۆلاردا نەبێت لەسەر شانى خەڵکى زەحمەتکێش و
لەو ڕێگەیەشەوە نەیەوێت ناوى خۆى بخاتە ناو مێژوویەک کە تەنها و تەنها
جێگەى شانازى خۆى و خۆى بێت ؟ ! بەڵام ئەو مێژووە ناڵێم کە لینین وەکو
سیمبولێک بۆ نەهێشتنى ستەم تێیدا درەوشاوەیە ، بەڵکو ئەو مێژووەى کە (
دکتۆر ) لە نامەى دکتۆراکەیەوە لێى وەژوور کەوتووە .
لە دواییدا بە هیوام ئەو لاوانەى ئێستاش وەکو سەردەمانى لاوێتى ئێمە کە
لە لایەن سەرکردەکانەوە بازرگانى بە ژیان و ئاییندەمانەوە کرا ، لاوانى
ئێستاش چەشنى ئێمە نەبنە گەمەى دەستى فاروقەکان و بە وریاییەوە قسە
بێسەر و بەرەکان لێک بدەنەوە و بە هەمان شێوەى ئێمە نەبنە بەردەبازى
گەندەڵباز و چەنەبازەکان.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|