٥\١٠\٢٠١٠
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز:
ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە لە {کوردستان}دا، هێشتا بە تەواویی
کامڵ نەبووە و پێ نەگەیشتووە!
دیمانە: باوکی تاڤێن
- بەشى دووەم و کۆتایی -
باوکی تاڤێن:
دەستووری هەرێمی {کوردستان}، ساڵی پار، هەرایەکی زۆری نایەوە و ئێستەش،
لێرە و لە ئەوێ، هەر باسدەکرێ. ڕەنگە بە ئەم نزیکانە، ڕاپرسیی لە سەر
بکرێ. ئێوە وەک چاودێرێکی سیاسیی، چۆن لە ئەو دەستوورە دەڕوانن؟ بە
دیتنی ئێوە، کەموکووڕییە بنەڕەتییەکانی دەستووری هەرێم، لە چیدا خۆیان
دەبیننەوە؟
دوکتۆر
حوسێن: هەموو هەرێم و دەوڵەتێکی فیدراڵ دەبێ، دەستوورێکی
تایبەتیی دیارییکراوی نووسراوی هەبێ. سەرەتا کۆمەڵێ پسپۆڕ کۆدەبنەوە،
خاڵە سەرەکیییەکانی دادەڕێژن، پاشان لە نێو ڕیزەکانی گەلدا
بڵاویدەکەنەوە، لە ڕێی هۆکانی ڕاگەیاندنەوە، دەمەتەقێیەکی زۆری لە سەر
دەکرێ، تا پڕۆژەی دەستوورەکە دەوڵەمەندترکرێ و کەموکووڕیییەکانی
پڕکرێنەوە. پاشان لە گشتپرسێکی ئازاددا، ڕۆڵەکانی گەل، دەنگی لە سەر
دەدەن و بە زۆربەی دەنگ پەسەنددەکرێ.
دەستوور بە بەرزترین یاسای دەوڵەت دادەنرێ، بۆیە بە هیچ شێوەیە نابێ،
لێی لادرێ، بە ویست و ئارەزووی تایبەتیی چەن کەسانێ، یا چەن گرووپ و
پارتێ بنووسرێتەوە، یا پەرلەمان بە سەر گەلیدا بسەپێنێ. هیچ کەس و
لایەنێکیش بۆی نییە، کەم و زیادی کا، بەڵکوو دەبێ، تەنیا بەپێی بڕیار و
خاڵەکانی نێو دەستوورەکە و پەرلەمان گۆڕانکاریی تێدا بکرێ. بۆ نموونە:
دەستووری {ئەمێریکا}، بە هیچ شێوەیە ناگۆڕرێ، زیاد و کەم ناکرێ، گەر
دوو لە سەر سێی ئەندامانی کۆنگرێس، دەنگی لە سەر نەدەن و قایل نەبن!
هەڵبەتە ئەو مشتومڕەی، لە سەر دەستووری هەرێم درووستبوو، پێوەندیی بە
دید و بۆچوونی هێزە ڕامیاریییەکانی کوردەوە هەیە. دیارە پێشەکی، {پارتیی}
و {یەکێتیی}، لە سەر زۆربەی خاڵەکانی نێو دەستوورەکە ڕێککەوتوون و
پەرلەمانیش پەسەندیکردووە، ئینجا پرسە گورگانەیەکیشیان بە گەل کردووە!
ئەوانەی ڕەخەشیان لە خاڵەکانی دەستوور گرتووە و ڕەتیدەکەنەوە، هێزە
بەرهەڵسکارەکانی دیکەی وەک {گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامیی و یەکگرتووی
ئیسلامیی} بوون.
ئەز پێم وایە، نەک هەر دەستووری هەرێم، بەڵکوو هەموو دەستوورێ،
کەموکووڕیی هەر تێدا دەبێ، بەڵام پێش ئەوەی دەنگی لە سەر بدرێ، پێویستە
چارەسەرکرێ. چونکە گەر دەنگی تەواوی نەهێنا و دەرنەچوو، ئەوا گرفتێکی
دیکە دەئافرێنێ. جگە لە ئەوەی، گەر دەستوورێ زۆر ڕێکوپێک نەبوو،
ئاژاوەی لە دوا بوو، ئەوا گەلێ باشترە، هەر نەبێ! ئەوەتە دەوڵەتێکی
گەورەی بەهێزی دێمۆکراسیی وەک {بریتانیا}، بە سەدان ساڵە دەوڵەتە،
کەچیی تا ئێستە دەستووری نییە، هەموو کارەکانیش بە باشترین شێوە، بەپێی
یاسا ڕێکدەخرێ و بەڕێوەدەچێ، هیچ جۆرە گرفتێکیشیان نییە!
ئەز لەگەڵ ئەوەدا نیم، تەنیا هەر بۆ ئەوەی بڵێن: هەرێمی {کوردستان}
دەستووری هەیە، دەستوورێکی پڕ لە کەموکووڕیی هەبێ! گرفتی سەرەکیی لە
دەستووری هەرێمدا، خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و دەسەڵاتەکانیدا
دەنوێنێ، ئەویش گەر گەل دەنگی لە سەر بدا، لە ئاییندەدا دەتوانرێ، لە
پەرلەمانی {کوردستان} چارەسەرکرێ.
باوکی تاڤێن:
ئۆپۆزیسیۆن لە ئەزموونی حوکمڕانیی باشووری {کوردستان}دا، دیاردەیەکی
تازەیە. ئێوە چۆن تەماشای هێزی ئۆپۆزیسیۆن دەکەن؟ چ سەرنجێکتان، لە سەر
کارکردنی بزووتنەوەی {گۆڕان} هەیە، وەک هێزێکی سەرەکیی و ڕاستەقینەی
ئۆپۆزیسیۆن لە {کوردستان}دا؟
دوکتۆر حوسێن: پڕۆسەی دێمۆکراسیی، لە هەر
شوێنێکی ئەم جیهانەدا بێ، بێ هێزە بەرهەڵسکارەکان نابێ و ناکرێ. جا گەر
ئەو هێزانە نەبێ، کەواتە هیچ کەس و لایەنێ، ورتەی لە دەم دەرنایە و
پارتە دەسەڵاتدارەکانیش، سواری سەری گەل دەبن و ئەوەی دەیانەوێ، بە
ئارەزووی دڵی خۆیان دەیکەن، بێ ئەوەی لە چاوسوورکردنەوە و لێپرسینەوەی
جەماوەری گەل بترسن!
هێزە بەرهەڵسکارەکان دوو جۆرن: ئەرێنی و نەرێنی. ئەرێنی ئەوەیە، بە یەک
چاو تەماشای هەموو دیاردە و ڕووداوەکان بکا، لێیان بکۆڵێتەوە، لە
یەکدییان جیاکاتەوە، ڕەخنەیان لێ بگرێ، لایەنە چاک و خراپەکانیان
دەسنیشانکا، نەک تەنیا هەر وێنە خراپەکان بگرێ و زەقیانکاتەوە، وێنە
باشەکانیش بشارێتەوە!
ئۆپۆزیسیۆنی نەرێنیش، بە تەواویی پێچەوانەی
جۆری یەکەمە، تەنیا لایەنە خراپەکانی دەسەڵات و کۆمەڵ دەبینێ، گەورەیان
دەکا و ڕەخنەیان لێ دەگرێ، لایەنە باشەکانیش فەرامۆشدەکا. ئەو جۆرە
ئۆپۆزیسیۆنەش دەیەوێ، زۆرترین خەڵک بوروژێنێ و باری سەرنجیشیان، بە لای
خۆیدا ڕاکێشێ. واتە: کار لە سەر بێزاریی و شەپۆلی تووڕەیی جەماوەی گەل
دەکا. لەبەرئەوە هێندێ جار، ڕۆڵێکی خراپ دەبینێ، چونکە کارێکی خراپ، لە
دید و ورەی ڕۆڵەکانی گەل دەکا، دەیانڕوخێنێ و بێ هیوایان دەکا.
بەڵام گەر چاک و خراپیان لە یەکدی جیاکردەوە، دژی خاڵە خراپەکان بوون و
پشتگیریی خاڵە باشەکانیان کرد، ڕێی ڕاستیان پیشانی جەماوەری گەل دا،
ئەوا لە کۆڵ پەتای دەسەڵات دەبنەوە، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و
بەویژدانانەش، ڕەوشە نەتەوەیی، ڕامیاریی، ئابووریی، کۆمەڵایەتییەکە
هەڵدەسەنگێنن، پتر بەرچاوی ڕۆڵەکانی گەل ڕووناکدەکەنەوە، هانیاندەدەن،
وێنە دزێوەکان بسڕنەوە و لایەنە جوانەکانی دەسەڵاتیش گەشترکەنەوە و
پێشتریخەن.
ئەوەشمان بیر نەچێ، هێزە بەرهەڵسکارەکان، تەنیا لە سەر ئاستی ڕێکخراو و
پارتی ڕامیاریی درووست نابن، بەڵکوو تاکی کارامە و بە تواناش دەتوانێ،
ئۆپۆزیسیۆنێکی ئەرێنی یا نەرێنی بێ. بەڵام هێندە هەیە، وەک هێزێکی
بەرهەڵسکاری ڕێکخراو، ئەو تین و تاوەی لە سەر گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵ
نابێ و کار لە دەسەڵات ناکا، تەنیا لە مەودایەکی دووردا دەتوانێ،
کۆمەڵانی خەڵک، لە دەوری بەرنامەکانی خۆی کۆکاتەوە. چونکە توانای
جووڵەی نییە، تەنیا هەر ئەوەیە، دید و بۆچوونەکانی خۆی، بە نووسین و
کۆڕگرتن دەردەبڕێ، هەڵوێستیش بەرانبەر ڕووداو و کارە خراپەکانی دەسەڵات
وەردەگرێ.
ئۆپۆزیسیۆن دەکرێ، نهێنیی یا ئاشکرا بێ. ئەمەش بەپێی بارودۆخەکە دەگۆڕێ.
گەر لە ووڵاتێکدا، ئازادیی و دێمۆکراسیی هەبوو، ئەوا هێزە
بەرهەڵسکارەکان بە ئاشکرا کاردەکەن. بە پێچەوانەشەوە، گەر ڕژێمێکی
دیکتاتۆریی فەرمانڕەواییکرد، هێزی لە کۆمەڵانی خەڵک بڕی، ئەوا بە
نهێنیی دەجوڵێن.
ئۆپۆزیسیۆن لە مێژووی بزووتنەوەی ڕامیاریی کورددا، هەمیشە دوو جۆر بووە:
دژی دەسەڵاتی کورد و دەسەڵاتی دەوڵەتە داگیرکەرەکان. جۆری یەکەمیان،
هێندە نوێ نییە، وەک هێندێ کەس و لایەن تێیگەیشتوون. بۆ نموونە: {کاژیک}
وەک پارتێکی نەتەوەیی، ڕۆژی {14. 04. 1959} دامەزراوە. ئۆپۆزیسیۆنێکی
نهێنیی ئەرێنی بووە. هەمیشە ڕەخنەی لە کەموکووڕیی و هەڵەکانی {پارتیی}
و سەرکردایەتی شۆرش گرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، چەندین پێشنیازی گرنگ و
بەکەڵکیشی، پێشکەش بە سەرکردایەتی شۆڕش کردووە و کادێرەکانیشی بە
کردەوە، بەشداریییان لە شۆڕشەکەشدا کردووە. هەروەها، لە شۆڕشی
نوێشماندا، لە سەرەتای هەشتاکانەوە، {ئاڵای شۆڕش} وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی
ئاشکرای نەرێنی، دژی دەسەڵاتی سەرکردایەتی {یەکێتیی} و ڕێبازەکەی
کاریکردووە.
بەڵام جۆری دووەمیان ئەوەیە، هەمیشە هێزە خەباتگێڕەکانی کورد، لە ئەو
دەوڵەتە داگیرکەرانەی کوردی تێدا دەژی، دژی دەسەڵات، ڕۆڵی
ئۆپۆزیسیۆنێکی نهێنیی یا ئاشکرای ئەرێنی بینیوە. جا یا بە تەنیا بووە و
کۆشاوە، یا هێندێ جار، لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی گەلی سەردەسدا، دژی
ڕژێم یەکیانگرتووە و کاریانکردووە. بۆ نموونە: ساڵی {1956}، چەن
لایەنێکی {عێراقیی} و {پارتی دێمۆکراتی کوردستان}، لە {بەرەی
نیشتمانیی}دا کۆبووبوونەوە و دژی ڕژێمی پاشایەتی پێکەوە خەباتیانکردووە.
ئەوڕۆ {بزووتنەوەی گۆڕان} بە تایبەتیی، هەر دوو هێزی ئیسلامیی {کۆمەڵ و
یەکگرتوو} بە گشتیی، خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانن و بە ئاشکرا کاردەکەن.
لە هەڵبژاردنەکاندا بە جیا بەشدارییانکردووە، بەڵام لە کابینەی شەشەمی
هەرێمدا، دوورەپەرێز وەستاون، وەک چاودێر و هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئەرێنی،
ڕەخنە لە دەسەڵاتی کوردیی دەگرن.
ئەز لە ئەو باوەڕەدام، هێشتا چەمکی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە لە {کوردستان}دا،
بە تەواویی کامڵ نەبووە و پێ نەگەیشتووە. لەبەرئەوە ناتوانم، بڵێم:
ئۆپۆزیسیۆنێکی ئەرێنی و کارمەمان هەیە. دەکرێ، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن
پێشکەون و لە نێو جەماوەردا ڕەگ داکوتن، گەر بە خۆیاندا بچنەوە و
هەڵەکانیان بژارکەن.
دەربارەی ڕۆڵ و کارەکانی {بزووتنەوەی گۆڕان}یش، زۆر بە درێژیی، لە
پەرتووکی {بزووتنەوەی گۆڕان بەرەو کوێ؟} لێی دواوم و ئێستە لە
بازاڕەکانی هەرێمدا هەیە، لەبەرئەوە بە پێویستی نازانم، لێرەدا لێی
بدوێم و کاتی پێ بکوژم.
باوکی تاڤێن:
وەک دەزانین، کابینەی شەشەمی حوکوومەتی هەرێم، ڕەخنەی زۆری لێ دەگیرێ و
ئۆپۆزیسیۆن بەوە تۆمەتباریدەکا، کەموکووڕیی زۆری هەیە. ئێوە چۆن لە
کابینەکەی د. {بەرهەم} دەڕوانن؟ پێتان وایە، بە ئەم شێوە کارکردن و
مامەڵەیەی ئێستەیەوە دەتوانێ، سەرکەوتووبێ، یا بە پێچەوانەوە، گەر لە
سەر ئەم ڕیتمە بڕوا، شکست ناهێنێ؟
دوکتۆر حوسێن: ئەم پرسیارە، پێوەندیی بە
کارکردنی کابینەی شەشەم و هێزە بەرهەڵسکارەکانەوە هەیە. ئەم کابینەیە،
نزیکەی نۆ مانگە پێکهاتووە. وا بزانم، ئەم ماوەیە هێندە زۆر نییە، تا
ڕەخنەی ڕوخێنەری لێ بگیرێ و گورزی گورچکبڕی ئاراستەکرێ! جگە لە ئەوەی
باوەڕناکەم، هەموو لایەنەکان وەک یەک و بە تەواویی، هاوکاریی دوکتۆر {بەرهەم}
بکەن، تا لە کارەکانیدا سەرکەوتووبێ.
وەک پیشتریش باسمکرد، ئۆپۆزیسیۆن لە یەک لایەنەوە، شتەکان دەبینێ،
ئەویش ئەوەیە، خۆیان لە دەرەوەی دەسەڵات وەستاون، لایەنە کز و سیسەکان
زەقدەکەنەوە، بەڵام لایەنە بەهێز و گەشەکانیش نابینن، یا نایانەوێ،
بیبینن!
ئەز لە مێژە گوتوومە: ڕەنگە دوکتۆر {بەرهەم}، بۆ شالیاری دەرەوەی
دەوڵەتێ زۆر شیاوبێ، چونکە دیپلۆماتێکی باشە و زمانێکی نەرمی هەیە.
بەڵام ئەو زمانە، زمانی کارکردن نییە، هەر بە گوتار خوێندنەوە و
بەڵێندان نابێ، کۆمەڵانی خەڵک، پتر لە ئەوەی گوێ لە قسە بگرن، کاریان
دەوێ و تەماشای ئەنجام دەکەن! لەبەرئەوە، گەر تا سەر و بە ئەم شێوەیەی
ئەوڕۆ هەڵسوکەوتبکا، بەرەو پێشەوە هەنگاو نەنێ، باوەڕناکەم،
سەرکەوتنێکی باش بەدەسبێنێ، بە تایبەتیی تا ئێستە لە {کوردستان}،
دەسەڵات ڕەنگ و ڕوویەکی دوو کارگێڕیی، بە ئاشکرا پێوە دیارە. ئەو
کابینەیەی پێکیشهاتووە، گەر هەموو کاربەدەسەکانی نەبێ، ئەوا زۆربەی
هەرە زۆری، لە ئەندامانی هەر دوو پارتی دەسەڵاتدار پێکهاتووە، کەسانی
تەکنۆکراتی شارەزا و لێهاتووی بێلایەنی تێدا نییە، خاوەنی هەڵوێستی
ڕاستەقینەی خۆیان بن، هەموو کەموکووڕیی و هەڵەکان دەسنیشانکەن. لەگەڵ
ئەوەشدا، با زۆر پەلە نەکەین، هیچ نەبێ، {1 – 2} ساڵ، بە سەر
دامەزراندنیدا تێپەڕبێ، ئەو کاتە هەموو شت بە تەواویی ڕووندەبێتەوە.
چونکە گەلێ بڕیاری باشیان داوە، با لە ئەو ماوەیەدا، فریای جێبەجێکردنی
بکەون!
لە کۆتاییشدا، زۆر بە ڕاشکاویی دەڵێم: ئەو پشتگیریی و دەسەڵاتەی {نێچیرەڤان
بارزانیی} و کابینەی پێنجەم هەیبوو، گەر دوکتۆر {بەرهەم} و کابینەکەی
هەیبێ، ئەوا سەرکەوتنێکی گەورە بەدەسدێنێ! زۆر سوپاس بۆ ئەو چاوپێکەوتن
و بەسەرکردنەوەیە، هیوادارم، کەڵکی هەبێ و ئێوەش لە کارەکانتاندا
سەرکەوتووبن.
_____________________
*
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز.
ساڵی {1950} لە شارۆچکەی {پیًنجوێن} لەدایکبووە. ساڵی {1976}، کۆلێژی
کشتوکاڵی زانکۆی {سولەیمانیی} تەواوکردووە. ساڵی {1977-1981} لە زانکۆ
مامۆستا بووە. لەبەر چەن هۆیەکی ڕامیاریی و تایبەتی، ساڵی {1981}
ووڵاتی بەجێهێشتووە. بە هۆی شۆڕشی کوردەوە، کورسییەکی خوێندنی لە {یەکێتى
سۆڤێت} وەرگرتووە و ساڵی {1986}، دوکتۆرای لە زانستی کشتوکاڵدا
وەرگرتووە. ساڵی {1988} لە {سوید}، وەک پەنابەرى ڕامیاریی وەرگیراوە،
تا ساڵی {2005} بە یەکجاریی گەڕاوەتەوە و ئێستەش لە زانکۆی {سولەیمانیی}
مامۆستایە.
هەر لە سەرەتای تەمەنی لاوێتییەوە، لە ڕیزەکانى {یەکێتى قوتابیانى
کوردستان} و {پارتی دیموکراتی کوردستان}دا کاریکردووە. ساڵی {1974}، لە
هێزى {خەبات} پێشمەرگەبووە. ساڵی {1975}، یەکآ لە ئەو گەنجانە بووە،
بەشداریی لە دامەزراندنى {پاسۆک}دا کردووە، وەک کوردێکى نەتەوەیی
نیشتمانپەروەر، دژى داگیرکەرى دەوڵەتى {بەعس} خەباتیکردووە. ساڵی
{1981} وازی لە کاری پارتایەتی هێناوە و ووڵاتی بەجێهێشتوە. ئەندامی
هیچ پارتێکی ڕامیاریى {کوردستانیی} نییە. تا ئێستە، {33} پەرتووکی چاپ
و بڵاوکردووەتەوە. بە سەدان گوتاری نووسیوە و بە دەیان کۆڕی جیاوازیشی
لە نێوەوە و دەرەوەی ووڵات گرتووە. سەرنووسەری گۆڤاری {چەرمۆ}یە، کە
گۆڤارێکی ئەکادێمیی، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییە، کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی
سولەیمانیی دەریدەکا.
ماڵپهڕی دوکتۆر حوسێن محهممهد عهزیز
|