٢٢\١٢\٢٠٢٣
دیدارێکی کورت
لەگەڵ
''جەلال قادر''
نووسەری ئەدەبی گێڕانەوە.

سازدانی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
جەلال
قادر ساڵانێکە خەریکی نووسینە و تا ئێستا ژمارەیەک
ڕۆمان و چیڕۆک و تەنزی نووسیوە و بڵاوکردۆتەوە.
بەرهەمەکانی کاک جەلال قادر نەک هەر نامۆ نین بە
واقیعی کۆمەڵگەی کوردی، بەڵکو لە هەناوی ئەو واقیعەوە
لەدایکبوونە و ئینتمایان بۆ ئەو واقیعە هەیە.
عەبدوڵا
سڵێمان(مەشخەڵ): کاک جەلال گیان سەرەتا زۆر سوپاست ئەکەم بۆ
قبووڵکردنی ئەم دیدارە. دەمەوێت بپرسم تۆ ڕۆمان و کورتە چیڕۆک و تەنز
دەنووسیت. خۆت لە کامیان زیاتر دەبینیتەوە و بۆچی؟
جەلال قادر: پتر خۆم لە ژانری (کورتە
چیڕۆک) دەبینمەوە. ئەگەرچی سەرەتا بە نووسینی ڕۆمانی (فەرهود) هاتمە
ناو دونیای ئەدەبیات، بەم دواییەش ڕووم لە تەنز نووسین کرد. بۆ ئەم
تێکەڵ بوونە ڕوونکردنەوەیەک دەدەم، ئەویش ئەوەیە : کە چ رۆمان ، چ
چیڕۆکنووسین بەشێکن لە تەنز. بۆ نموونە : ڕۆژێکیان لەگەڵ منداڵەکانم لە
گەشتێکدا ڕێمان ونکرد. نزیک بە چەمێک ئۆتۆمبیڵەکەم ڕاگرت، کیسەلێکی
بچکۆلانەم بینی بەناو قوڕوگیا بە وردی ڕێ دەکات ڕوو لە ڕووبارەکە. منیش
بەناخێری گیانم کیسەلەکەم هەڵگرت و پیشانی منداڵەکانمدا و پێمگوتن: ئەم
کیسەڵە دەیەوێت بگەتە ناو ئاوی ڕووبارەکە. بە شادییەوە ڕێگەکەم بۆ
کورتکردەوە و لە قەراخ ڕووبارەکە دامنا، پاش دوو سێ هەنگاو کیسەڵەکە
خۆی نووقمی ئاوەکە کرد. کەچی تا ئێستا لە یادەوەریم ماوە وپەشیمانم،
دەبوایە لێگەڕامایە کیسەڵەکە بە وردە هەنگاوەکانی بە ئەنجامەکانی بگات.
مەبەستم ئەوەیە ڕۆمان نووسین سەبری کیسەڵەکە، واتە تەنزنووس، شاعریش
نایانەوێت لەو قاوغەی خۆیان بمێننەوە، بەڵآم لەو ژانرەش جوانتر بە
بڕوای من کورتەچیڕۆک نووسینە، هەروەک کرمێکی ئاوریشم چرکەچرکە دەژمێرێت
بە ماوەیەکی کورت دەبێتە جوانترین پەپووڵە
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): ڕۆمان ژانری
سەردەم و ژانری بەرەوپێشچوونی گەشەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە، ئایا ڕۆمانی
کوردی توانیویەتی گوزارشت بێت لە واقیعییەتی کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان؟
جەلال قادر: لە سەرەتای ساڵانی چڵ و
پەنجاکان ژانری چیڕۆکنووسین لە کورستان هاتە ئاراوەو لە ڕۆژنامەکان
دەخوێندرانەوە، ڕەنگبێت هۆکاری سەرەکی ئەم دەستپێکە نەخوێندەواری
کۆمەڵگە بێت. تا ساڵانی هەفتاکان کە بەسەردەمی نوێگەری ناودەنێم (ڕووانگە)
ئەویش بەڕێگەی یاخیبوونی شاعیرە ناودارەکان بووە، شیعرنووسین
ئاراستەیەکی نوێ و پێشکەوتنێکی بەخۆوە بینی، ئەمیش بۆیە هۆکارێک کە
نووسەران ڕوو لە ڕۆماننووسین بکەن بە شێوازێکی جیاواز لە پێشوو. ئەم
پێشەکی و وتەیەم بەشێکە لەوەڵامدانەوەی پرسیارەکەت، دەتوانم بڵێم بە
خوێندنەوەی من ڕۆمان و ئەدەبیاتی نووسەرانی عێراق بەڵێ گووزارشت لە
گۆمەڵگەی عێڕاق دەکات، کوردستانی باشوور ڕۆمانی جوانمان هەیە لەپاش
ساڵی دووهەزار بەڵام بەگشتی نەکەوتوونەتە بەر دیدی ڕەخنەگرانەوە.
هەروەها لەم باروودۆخە ئێستادا کومەڵگەی عێراق، نووسەر و شاعیر و
خوێنەرەکانی پەرتەوازە بوونە، واقیعەتێکی شێواوی هەیە.
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): هونەری تەنز،
ناڕێکی و نابەرابەری لە مەیدانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ژیان بە
شێوەی گاڵتە نمایش دەکات. تۆ دەتەوێت لەڕێگەی هونەری تەنزەوە دەتەوێت
چی بە خەڵکی هەژار بڵێیت؟
جەلال قادر: خەڵکی هەژار، واتە خەڵکی
داماو بەدەستی زەحمەتی ژیان، نان پەیدا کردن،لەم نایەکسانی ژیانە من
دەتوانم چ بنووسم جگە لە بەرچاو ڕووکردنەوەیەک کە ڕێگەیەک پیشاندەم بۆ
هەڵهاتن لەو نەهامەتییەی تێیداکەوتوون. سەفەریش بەم ڕێگەیە پێویستی بە
متمانە هەیە، چونکە سیاسییەکان ڕێگەکانیان بە تەڵە چنییوە و لەم
ڕۆژگارە مرۆڤیان بێئومێد کردووە، هونەری تەنز لەوانەیە پەنجەرەیەک بێت
بۆ خەڵکی هەژار تا دیاڵۆگ دەستپێبکەن . هەرچەندە خۆم لەم بوارە تەمەڵم.
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): ئێمە لە سێ
دەیەی ڕابردوودا شاهێدی گەشەی ژانری ڕۆمانین لە ئەدەبی کوردی کوردیدا،
بەڵام کورتەچیڕۆک پاشەکشەی کردووە یان بڵێێن کەمتر دەستی بۆ دەبردرێت.
تۆ هۆی ئەمە بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟
جەلال قادر: هونەری کورتەچیڕۆک پاشەکشەی
نەکردووە، بەڵکوو کەمتر دەخوێندرێتەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە لە عەقڵییەتی
هەندێک لە خوێنەرو نووسەر وایە ئەگەر رۆمانێک بە چاپ بگەێنیت و بڵاوی
بکەیتەوە خێراتر ناودار دەبیت، لەوانەیە وابێت، بەڵام لەناوەڕۆکدا
نووسەرەکان چاک دەزانن کە ژانری کورتەچیڕۆک گرنگەو بەشێکی نەبڕاوەیە لە
ڕۆمان. ڕۆمان دەکرێت فێری زمانمان بکات، بەشێکی فراوانی گۆڕەپانەکانی
جەنگمان بۆ بگڕێتەوە، بەڵام کورتەچیڕۆک پێماندەڵێت بۆردوومان بەردەوامە
یان ڕاوەستاوە، ڕێگەی قاچاخت بۆ دەدۆزێتەوە بۆئەوەی هەڵبێت و یاخی بیت.
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): ناوەڕۆکی
کۆمەڵایەتی ئەدەب بریتییە لە پەیامی چینایەتی نووسەر. پەیامی تۆ وەک
نووسەرێک لەم کۆمەڵگە شێواوە و ناڕێک و پڕ لە ستەمە بۆ خوێنەران و
خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان چییە؟
جەلال قادر: پەیامم، خوێندنەوەیە، نەوەی
ساڵانی حەفتا و هەشتاکان بە خوێندنەوە شێوازی شۆڕش و بزووتنەوەی
کوردایەتییان گۆڕی. ئێستا سەردەمی بازرگانە سەرمایەدارەکانە بۆ دەرباز
لەم قەیرانە وشیاری کۆمەڵگەیە، ڕزگاربوونە لەدەستی خێڵ و هۆز و داب و
نەریتی کۆن، بە بیروباوەڕە ئایینیەکانەوە وەک دەبینین ئێستا لە باشوور
لە ئەنجامی بێکاری گوێ لە مەڵا دەگرن نەک لە خوا.
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): تۆ سەرباری
نووسینی ئەدەبی گێڕانەوە، جارجارەش شیعر دەنووسیت، چ وات لێدەکات دەست
بۆ شیعر بەریت؟
جەلال قادر: من شیعر دەنووسم؟ سوپاس، قەد
هەستم نەکردووە شاعیرم. بمبوورە، ئەگەر جارجار شیعر دەنووسم، ڕاستی بۆ
خۆمی دەنووسم، بۆئەوەی هەست بە بوونم بکەم. ئەوەی پێشی خۆشبوو بۆ ئەوی
دەنووسم، دڵنیاشم ئەویش پێی خۆشە بۆیە بۆی دەنووسم. دەی دواجار کەمردم
کەسێک هەیە یادم بکات و بە نەمری لە دڵی بمێنمەوە.
ماوەتەوە بڵێم جەلال قادر لە ساڵی١٩٦٤ لە شاری
کەرکووک لەدایک بووە. لە سەرەتای نەوەتەكانەوە دەستی بە نووسین کردووە
و یەكەم ڕۆمانی بەناوی (فەرهوود) لەسەر ئەركی یەکێتیی نووسەرانی
كەركووك چاپكراوە. هەروەها نۆڤلێتی (سەردەمی گەمژەكان) و کۆمەڵە چیڕۆکی
(جوانترین چیڕۆک) و کۆمەڵە چیڕۆکی (پشیلەكەی بریژێت) و دوو کتێبی تەنز
( بەسەرهاتەکانی شوفێری تەکسی) و ( تەنزی گەزۆی سڵێمانی) نۆڤلێتێکیشی
بەناوی (کەژاڵ). بیرەوەری کچێک لە هەندەران، بڵاوکردۆتەوە.
ماڵپهڕی عهبدوڵا
سڵێمان(مهشخهڵ)
|