٩\٨\٢٠١١
دیدارێک لهگهڵ
(تهلار فایهق) بهڕێوهبهری گشتیی فڕۆکهخانهی ههولێر.
تەلار فایەق:
*کەس
بە منی نەوتووە ئیلا دەبێ ئەندامی پارتی بیت، ئەوکاتە دەتوانی
لە فڕۆکەخانە کار بکەی.
*رهنگه
له داهاتوودا له ئیسرائیلهوه گهشت بۆ کوردستان بکرێ.
*فەرمانمان
بۆ هاتووە کە پەنابەرانی دیپۆرتکراو وەرنەگرینەوە.
*وا
بڕوات لەکۆتایی ساڵی (٢٠١١) زیاد لە (٦٠٠)
تا (٧٠٠) هەزار گەشتیارمان دەبێ.
سازدانی: شوان سدیق
بڕیار
وا بوو پێشتر دیمانەکە سازبکەین، بە
تایبەتی
ئەو کاتەی وەک بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو لە خولێکدا پلەی یەکەمی
بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆکاری جیا جیا ئەنجامدانی گفتوگۆکەمان لەگەڵ (تەلار
فایەق) ماوەیەکی زۆری خایاند، کە ماوەی ساڵێکە وەک بەڕێوەبەری گشتی
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەست بەکاربووە، ئەوەی کە ڕوو لەو
فڕۆکەخانەیە دەکات، هەست دەکات لە رووی چاودێری و رێکخستنەوە
فرۆکەخانەیەکی کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵام ئەو بەڕێوەبەرە لە
بەرانبەر پرسیارەکاندا وەڵامی ڕاشکاوانە دەداتەوە.
شوان سدیق: دەکرێت بزانین، لەرووی
بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی فڕۆکەخانە و خزمەتگوزاری فڕۆکەوانی و چۆنێتی
گەشتکردن، جیاوازی فڕۆکەخانەی هەولێر بەراورد بەفڕۆکەخانەکانی تری
ناوچەکە چییە؟
تەلار فایەق: بێگومان هەموو فڕۆکەخانەکان
لەدونیادا لەسەر یەک سیستم ئیش دەکەن، چونکە رێنمایی تایبەت بەخۆیان
هەیە، واتە دەگەڕێتەوە بۆ یاسای ئای کا یۆ کە زیاتر رێگایەکی
نێودەوڵەتیە، بەڵام فڕۆکەخانەیەک لەوڵاتێکەوە تا وڵاتێکی تر جیاوازی
هەیە، لەبارەی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی و ئابوری و کەشوهەواوە. بێگومان
جیاوازی فڕۆکەخانەکەی ئێمەش بەراورد بەفڕۆکەخانەکانی دەرەوە، رەنگە
ئێمە لەوبارەوە هێشتا لەسەرەتادابین. هەروەها جیاوازی تریش وەک هەرێم
ئێمە خۆمان ئیدارەی فڕۆکەخانەکانی خۆمان دەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا
دەسەڵاتی هێڵی ئاسمانیمان نییە، چونکە ئەوەی هەیە لەرێگای بەغداوەیە،
واتە هەموو فڕۆکەخانەکان لەژێر رۆشنایی دەسەڵاتی ناوەندان. بەڵام
لەکاتێکدا ئێمە خۆمان فڕۆکەخانەکان بەڕێوە دەبەین لەوانەیە تۆزێک
زەحمەتیمان هەبێ لەو رووەوە، وەک وتم شارەزاییمان لەبواری فڕۆکەوانیدا
تازەیە. بەڵام بەراورد بە هەندێ وڵات کە چەندین ساڵە فڕۆکەخانەیان هەیە
و گەشتی تێدا دەکرێت، ڕێژەی پێشکەوتنەکانمان زۆر بەڕوونی دیارە، چونکە
لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرزترین پلەی پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە.
شوان سدیق:
پێشتر راتگەیاندبوو کە
فڕۆکەخانەی هەولێر لەساڵێکدا توانای هەیە سێ ملیۆن کەس گەشتی تێدا بکەن،
ئایا پێشکەوتنی فڕۆکەخانە لەوەدایە کە لەساڵێکدا زۆرترین گەشتی تێدا
بکرێت؟ تەلار فایەق: خۆی سەرکەوتنی فڕۆکەخانە
بگاتە ئەو ئاستەی کە پێشبڕکێی شوێنێکی تر بکات، بێگومان رێژەی
گەشتیارانە، چونکە ئەگەر گەشتیارت نەبێ بێگومان فڕۆکەخانەشت نابێ،
لەهەمانکاتدا ئەگەر خزمەتگوزارییەکی باشت نەبێ گەشتیاریشت زۆر نابێت،
بۆنموونە ئەگەر فڕۆکەخانە لەکەرکوک هەبێ ئەوانەی کە لەموسڵ یان
شارەکانی تر بیانەوێ گەشت بکەن، بێگومان بەدوای خزمەتگوزاری باش و
ئاسانکاری باشتردا دەگەڕێن، بۆیە ئەو دوو کارە بە یەکەوە گرێدراون،
لەبەر ئەوە ئێمە سەرەتا تەرکیزمان لەسەر سەلامەتی گەشتیارانە، دواتر
پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشە.
شوان سدیق:
ئەی سەبارەت بە رێژەی
گەشتکردن لەفڕۆکەخانە؟
تەلار فایەق: ئێمە پێشبینیمان وابوو
ئەوەی کە ماستەرپلانی فڕۆکەخانەکەی بۆ داناوین، بەپێی پێشبینیەکانی
ئەوانیش رێژەیەکیان دانابوو کە لەساڵێکدا چەند گەشت لەفڕۆکەخانەکەدا
بکرێت، بەڵام ئەوەی دەرکەوت لەمانگی (9)ی پار ساڵ تاکو ئەمڕۆ (%17) تا
(%18) پێش پێشبینیەکانی ئەوان بوو، ئەوەش دیارە زۆر بەرەو پێشەوەچووین.
چونکە لەساڵی (2010) ئێمە توانیمان نزیکەی نیو ملیۆن گەشتیار بەڕێ
بکەین، هەروەها بەپێی ئامارەکانی ئێستاش لەمانگی (1) تاکو ئێستا هەموو
مانگێگ رێژەکان بەرزتر دەبن بەراورد بە ساڵی پار، واتە بەو پێیە بڕوات
لەکۆتایی ساڵی (2011)دا زیاد لە (600) تا (700) هەزار گەشتیارمان دەبێت.
شوان سدیق: هەر کۆمپانیایەک بەنیازبێت
لەکوردستان کار بکات، رەزامەندی بەغدای دەوێت، رەنگە زۆرجار بەغداش
مەرجی تایبەت بەخۆی هەبێت، بەڵام لەم نێوەندەدا ئێوە وەک فڕۆکەخانەی
هەولێر چی دەکەن؟
تەلار فایەق: بێگومان ئێمە دەسەڵاتێکی
وامان نییە بەسەر هێڵی ئاسمانی عێراقیدا، رەزامەندی بەغداش بۆ ئەوەیە
کە ئێمە خاوەنی هێڵی ئاسمانی نین، بۆیە هەر کەسێک بیەوێت ئاسمانی عێراق
بەکار بێنێت، پێویستە مۆڵەتی رەسمی لەبەغداوە وەربگرێت، بۆیە تا ئێستاش
هێڵی ئاسمانی عێراق بەدەستی ئەمریکا و بەغدایە.
شوان سدیق: لەفڕۆکەخانەی هەولێر تا
ئێستاکە گەشت بۆ زۆر وڵاتی جیهان کراوە، هەروەها بەپێچەوانەشەوە، بەڵام
تا ئێستاکە گەشت بۆ ئیسرائیل کراوە؟
تەلار فایەق: نەخێر.
شوان سدیق:
بۆچی. تەلار فایەق: تا ئێستاکە هیچ کەسێک پەیوەندی پێوەنەکردووین، لەنێوان
ئیسرائیل و کوردستاندا.
شوان سدیق: زیاتر هۆکارەکەی بۆچی
دەگەڕێتەوە؟
تەلار فایەق:
دەگەڕێتەوە بۆ خۆیان
بێگومان ئەوان رێوشوێنەکان دیاری دەکەن، لەوانەیە لەداهاتوودا
لەئیسرائیلەوە گەشت بکرێت بۆ کوردستان، چونکە هەتا پاریش چەندین وڵات
بەڕاستەوخۆ نەدەهاتنە ئێرە و بڕیار بدەن بێنە کوردستان یان عێراق،
بەڵام ئێستا چەندین وڵات هاتوونەتە کوردستان دڵخۆشکەرییەکەی لەوەدایە
کە (ناتق وەتەنین). بەڵام ئەوەی بێتە کوردستان وەک پێشتر ئاماژەم پێدا
دەبێ موافەقەی بەغدا وەربگرێت.
شوان سدیق: وەک خۆت باست کرد، کە
فڕۆکەخانەی هەولێر فڕۆکەخانەیەکی پێشکەوتووە و کارەکانیشی بەپێی
ستانداردی جیهانین، بەڵام دەگوترێ هەرکەسێک ئەندامی پارتی نەبێت،
ناتوانێت لێرە کار بکات، راستە؟
تەلار فایەق: من زۆر دڵنیانیم لەو قسەیە،
چونکە کەس بەمنی نەوتووە ئیلا دەبێ ئەندامی پارتی بیت ئەوکاتە دەتوانی
لەفڕۆکەخانە کار بکەیت، بەڵام ئەوەی من دەیزانم کە ئێمە سەر بەوەزارەتی
گواستنەوەین، هەموو کارەکانی فرۆکەخانەش هاوشێوەی دامودەزگاکانی تر سەر
بە حکومەتە، واتە ئەگەر فرۆکەخانە پێویستی بە میلاکات بوو نوسراو
دەکەین بۆ وەزارەتی گواستنەوە، ئەوانیش دەیکەن بۆ ئەنجومەنی وەزیران
هەر لەوێشەوە بڕیاری دامەزراندن دەردەچێت. هەر سەبارەت بەو کەسانەی کە
دادەمەزرێن، ئەوە پێویستیان بە رەزامەندی ئاسایش هەیە، بەڵام
نەمبیستووە ئەوکەسانەی کە دادەمەزرێن پێویستە ئیلا دەبێ پارتی بن.
ئەگەر باسی خۆم بکەم من لەسەر ئەساسی شارەزایی و لێهاتوویی دانراوم،
نەک وەک ئەوەی کەس باسی حزبایەتی لەگەڵم کردبێت.
شوان سدیق: دەگوترێ ئەو کەسانەی کە
تێوەگلاون بە "گەندەڵی" ناوەکانیان دراون بە ئێوە بۆ ئەوەی سەفەری
چوونە دەرەوەیان لێ قەدەغە بکرێت؟ ئایا تا ئێستاکە ناوی هیچ بەرپرسێک
دراوە بە ئێوە؟
تەلار فایەق: نەخێر، ئێمە عادەتەن ئەگەر
بڕیارێکی وا هەبێت خەڵک دەستگیربکرێت، نوسراومان لەلایەن دادگاوە بۆ
ڕەوانە دەکرێت، کەسی تر هەبووە داواکراون ئەوانەی کە قەرزی خەڵکیان
لابووە یان تۆمەتی تر، بەڵام سەبارەت بە بەرپرسەکان تائێستاکە هیچ
زانیارییەکمان نییە و ئاگاداریش نەکراوینەتەوە.
شوان سدیق: ئەی سەبارەت بەو جاش و کۆنە
مستەشارانەی کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانەوە داوا کراون؟
تەلار فایەق: نەخێر، تا ئێستاکە لەبارەی
ئەوانیشەوە هیچ شتێکمان بۆ نەهاتووە.
شوان سدیق: زۆر قسە لەسەر ئەوەش دەکرێت،
کە جیاوازی لە هاتنە ژوورەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسان بۆ ناو فڕۆکەخانە
دەکرێت، هەستان بەوەکردووە؟
تەلار فایەق: وەک حاڵەتێکی دیاریکراو
ئاگاداری ئەوەنیم کە جیاوازی لەنێوان بەرپرسانی حزبی کرابێت، بەڵام
عادەتەن رێنمایی خۆی هەیە، هەرچەندە وردەکاری ئەو بابەتە پەیوەندی بە
ئاسایشەوە هەیە. بێگومان ئەوەی کە ناڕەزای دەربڕیبێت، یان پێی خۆشبێت
کە جیاوازی نەکرێت لەهاتنە ژورەوەی سەیارەی بەرپرسەکان، بێگومان وایە،
چونکە زۆر جار سەیارەم بینیوە بەڕێگە پێدان هاتۆتە بەردەم دەرگای
تێرمیناڵ، بەردەوامیش وتوومە نابێت جیاوازی بکرێت، چونکە ئەوەی کە
رەسمیە لەوکاتەی بڕیارە کە رێگەی پێ بدرێت، عادەتەن دەچنە (دیوان) یان
(پی ئای پی) بۆ ئەوانە ئاساییە، بەڵام بۆ خەڵکی تر دەبێ لەسەر ئەو
ئەساسەبێت، کە نابێ برادەر لەبەر خاتری برادەرێکی تر رێگەی پێ بدرێت.
شوان سدیق:
بەڵام رەخنەی ئەوە دەگیرێت
لەفەرمانبەر و ئاسایشی فڕۆکەخانە ئیجرائاتیان زۆرە لەبەرانبەر
گەشتیارەکان، ئایا ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
تەلار فایەق: من خۆیشم دەزانم بۆ خەڵکەکە
ئاسان نییە، ئێمە وەکو هاوڵاتی ئەم وڵاتە هەتا لەدەرەوەش مەعامەلاتی
زۆر بکرێت، زۆرجار دەشیبینیی کە ئیجرائاتی کوردستان لەگەڵ بەغدا یان
ئوردن جیاوازی هەبێت، پێموایە هەموو شوێنێک بەپێی واقیعی ناوچەکەی خۆی
مامەڵە دەکات، من وەک وتم سەرەتا تەرکیزی ئێمە لەسەر سەلامەتی گەشتیارە.
زۆرجار بارودۆخ دەگۆڕێت، هەندێ جار پێداچوونەوە بە چۆنێتی ئیشوکارەکان
دەکەین، بۆنموونە مانگی پێشوو دوو سێ شوێنی پشکنینی جانتا لابراون، ئەو
ئیجرائاتانەمان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی وەک ئەوروپا لێگەڕێین خەڵک
هەروەها بێتە ژوورەوە، حەتمەن بۆخۆمان باش نییە.
شوان سدیق: ئەی سەبارت بەپاسپۆرتی تەزویر
چ رێوشوێنێکتان گرتۆتەبەر؟
تەلار فایەق: لەوەیاندا زۆر باشین.
هەرچەندە ئامارەکەم بەردەست نییە، بەڵام دەتوانم پێت بڵێم لە
(1/5/2011) تاکو ئێستا نزیکەی (50) پاسپۆرتی تەزویر دەستی بەسەردا
گیراوە.
شوان سدیق: لەبارەی دیپۆرتکردنەوەی
پەنابەران، رەخنەی ئەوە لەفڕۆکەخانەی هەولێر دەگیرێت، کە پەنابەران
وەردەگرێـتەوە، ئایا ئێستاش پەنابەر وەردەگرنەوە؟
تەلار فایەق: لەساڵانی (2006) و (2007)
بە فڕۆکەی سەربازی پەنابەرانیان دیپۆرت دەکردەوە، بەڵام ئەوەی من
ئاگادارم کاتێک لەنوێنەرایەتی بووم لەبەریتانیا وەفدی حکومەتی هەرێم
لەگەڵ بەریتانیا قسەی کردووە، کە ئێمە پەنابەران وەرناگرینەوە، بەڵێ
ئێمە ئێستا لەفڕۆکەخانە فەرمانمان بۆ هاتووە کە پەنابەران وەرنەگرینەوە.
شوان سدیق: ئەگەر پارەی زۆر هەناردەی
دەرەوە بکرێت، دەسەڵاتی ئەوەتان هەیە دەستی بەسەردا بگرن؟
تەلار فایەق: بەڵێ بەدڵنیاییەوە، ئێمە
رێنمایی خۆمانمان هەیە، بەشی گومرگمان بەو کارە هەڵدەستێت، واتە
هەرکەسێک لە (10) هەزار دۆلار زیاتری پێبێت، دەبێ نوسراوی تایبەتی
پێبێت، وەک بەڵگەیەکی متمانەپێکراو.
شوان سدیق: ماوەیەکە باس لەکردنەوەی
فڕۆکەخانە لە ناوچەی گەرمیان دەکرێت، رەنگە لەداهاتوودا دهۆک و هەڵەبجە
و شوێنەکانی تریش داوا بکەن، بەبۆچوونی ئێوە تاچەند ئاساییە فڕۆکەخانە
لەهەموو شوێنێکی کوردستان هەبێت؟
تەلار فایەق: ئەگەر کارەکە بەبەرنامە و
پلان و ستراتیژیەتێک بکرێت، دەردی کورد دەڵێت ماڵی زیادە سەرناشکێنێت،
بەڵام ئەگەر لەو ڕوەوە سەیر بکرێ بگوترێت بۆ فڕۆکەخانە لەهەولێر هەبێ و
لەشوێنێکی تر نەبێت؟ ئەوە شتێکی باش نییە.
ماڵپهڕی شوان سدیق
|