٢٥\١٢\٢٠١٣
دیدارێک لەگەڵ
یوسف عیزەدین.
ئا: ئیدریس عەلى
ئیدریس عەلى: با لە وتەیەکى "پیتەر
سڵۆتەر دایک"ەوە دەست پێبکەین کە دەڵێت: "من لەژێر ئاسمانێکى تردا
دەنووسم"، ئەمە لاى ئێوە چى دەگەیەنێت؟!
یوسف
عیزەدین: ئەم گوتەیە پێچەوانەى یەکێک لەتەسەوورە کۆنەکانى مرۆڤە
کە لەسەردەمانێکدا ڕەنگە پێى وابووبێت، ئاسمان گومەزێکە بەسەر ئەو
پانتاییە جوگرافییەوە کەتێیدا دەگوزەرێت. ڕاشکاوانە ئەم تەسەوورە
کاریگەرى بەسەر کایە فیکرى و مەعریفییەکاندا هەبووە، هەروەک چۆن شوێن
پەنجەى خۆشى لەبیناسازییدا جێهێشتووە، هەر بۆ نموونە دەکرێت گومەزى
قەیسەرییە دێرینەکان، وەک دەرئەنجامێکى ئەم تەرزە تێڕوانینە ببینینەوە.
کاتێک پێت وابێت کەلەژێر گومەزێکدایت، ئاستەمە دووچارى نابزۆزى و سستى
و دۆگما نەبیت... یەقینى بوونى ئەو گومەزە هەموو جۆرە خستنەڕووى
پرسیارگەلێکى نوێ دەکوژێت. ئیدى هەموو دنیات
لێدەبێتە قەیسەرییەکى سەرگومەزگیراوو بەناچاریش دەبیتە ڕێبوارێکى نێو
گوزەرەکانى ئەو شوێنجێگەیەى کەبەچەشنێک لەچەشنەکان، تۆ وەک خۆت پێى
نەیاریت.
جا بۆیە "پیتەر سلۆتەر دایک" لەژێر ئاسمانێکى تردا دەنووسێت و بەزمان و
فیلۆلۆژیایەکى جوداو جیاواز گوزارشت لەوە دەکات کەدەبێت بگووترێت و
باسى لێوەبکرێت.
ئەمە جگە لەوەى "پیتەر سلۆتەر دایک" مەبەستیەتى بڵێت" من بەشێوەیەکى
تەقلیدى نانووسم"، بەتایبەت ئەگەر سەرنجى بابەتە نووسراوەکانى بدەین،
دەبینین کەسانێک کەبەدنیاى فەلسەفەش ئاشنانین، دەتوانن بابەتە
فەلسەفییەکانى بخوێننەوە، گەرچى لاى ئەو هەموو شتێک جوداوجیاوازە لەوەى
کەپێشتر خوێندوومانەتەوە.. هەر لەخودى زمان و شێوازى نووسینییەوە
تادەگاتە چەشن و چۆنیەتى خستنەڕووى تێزەکانى. ئەو مەبەستییەتى هەموو
سنوورەکان ببەزێنێت.. لەکاتێکدا دەبێت ئەوەمان لەیاد نەچێت کەهەموو
سنوورەکان لەهەناوى خۆماندایە.. وەک "ڕۆشێللا ڕانتەر" ئاماژەى پێدەدات،
ئیدى ئەم گوتەیەى "دایک" زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت کەبتوانین لەم
دەرفەتە دیاریکراوەدا وەڵامى بدەینەوە.
ئیدریس عەلی: ئەگەر خودى ئەو گوتەیەى "پیتەر
سلۆتەر دایک" بگوێزینەوە بۆ نێو دنیاى گێڕانەوە حیکایەتئامێزەکان و
لەوێدا مامەڵەى لەگەڵدا بکەین، پێت وایە نووسەرانى پێش ئێوە، ئەوانەى
لە دنیاى ڕۆمان و چیرۆکدا نووسیوویانە،
توانیبێتیان لەژێر ئاسمانێکى تردا بنووسن؟
یوسف عیزەدین: دیارە قسەکردن لەسەر
کایەیەکى فەلسەفى جیاوازە لەدنیاى گێڕانەوەکان.. گەرچى تێکچڕژانێکى
مەعریفى لەنێو کایە جیاوازەکاندا دەبینرێتەوە. دەکرێت پاش خوێندنەوەى
تێکستێک، تەسەوورێکى فیکرى یان دەرئەنجامێکى فەلسەفیمان لا دروست بێت...
بەڵام کەباس دێتە سەر خودى گوتەکەى "پیتەر سلۆتەر دایک" ، ئەوە
ڕاڤەکردنێکى زۆرى دەوێت، بەتایبەت ئەگەر مەبەست گوێزانەوەى بێت بۆ نێو
کایەو بوارێکى تر.. ئەو هەر وەک بۆخۆى دەڵێت:
"من پێشبینى ڕابردوویەکى تر بۆ فەلسەفە دەکەم"،
ڕەنگە ئەم تەرحە بەلاى کەسانێکەوە سەیر بێت و بپرسن و بڵێن: "چۆن
دەکرێت پێشبینى ڕابردوویەکى تر بۆ ڕابردوویەکى زانراو بکرێت؟!"
چونکە خودى ئیشکالەکە لەزەمەندا دەبیننەوە، لەکاتێکدا نیتشە
دەڵێت: "تۆ کۆنترە لەمن"،
دیارە زەمەن یەکێکە لەو چەمکانەى کەدەکرێت
لەزۆر گۆشەنیگاى جیاجیاوە مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت.. ئاشکراشە هەر
تێڕوانینێکى نوێ و جودا بۆ زەمەن، بەواتاى
خوێندنەوەیەکى نوێى بیرى خودگەرایى دێت...
ئیشکالەکە لەوەدایە کەزەمەن بۆخۆى شتێکى پێناسەکراو نییە، هێندەى ئەوەى
کەئێمە بۆخۆمان پێناسەیەکى بۆ دەدۆزینەوە.
سەبارەت بەپرسیارەکەشتان ڕەنگە وەڵامەکەى لەگوتەیەکى "بەتڵیمۆس"دا
ببینمەوە کە دەڵێت: "هەر
شوێنێک دەکەوێتە ژێر ئاسمانى تایبەتى خۆیەوە"،
بەوپێیەى گێڕانەوە حیکایەتئامێزەکانى کوردیش هەر هەمووى لەسەر
شوێنێک ڕانەوەستاوە، بۆیە ناشێ و ناکرێت
تەنها ئاسمانێکى هەبێت و لەژێریدا جێى بکرێتەوە؟!
بەتایبەتیش ئێمە وەک میللەتێک بەتەواویى تەسەوورێکى کامڵمان
لەسەر مێژووى خۆمان نییە.. تەنانەت پێناچێت بەتەواویش کەسایەتییە
مێژووییەکانى خۆشمان بناسین؟! نازانم ئەگەر
"سمکۆى شکاک" ئەو لیدەرە کوردە ناسیۆنالیستە بێت وەک "کرێس کۆچێرا"
پێمان دەناسێنێت؟!..ئەى چلۆن پاساوى تاڵانکردنى شارى مەهابادى بۆ
بدەینەوە.. بەڕاى "میهرداد ئیزەدى"، وەک لەکتێبى "کوردەکان"دا ئاماژەى
پێداوە: "ئەو-واتە سمکۆى شکاک- لەپیاوکوژێک
زیاتر هیچى تر نییە". باشە تۆ بڵێى بتوانین
هیچ پاکانەیەک بۆ کوشتنى "مارشەمعون" بەدەستى "سمکۆ" بکەین و لەو کارە
نەشیاوەى "سمکۆ" حاڵى ببین؟! بۆیە دەکرێت
بەدەر لەو هالەو تەقدیسکردنەى کەسەبارەت بەکەسایەتییەکى مێژوویى
دەخرێتەڕوو، خوێندنەوەو ڕاڤەیەکى نوێمان هەبێت.
ئیدریس عەلى: بە
هۆى سەفەرکردنتەوە، ماوەیەکى دوور و دێژ لەکارى نووسین و
وەرگێڕان دابڕایت، پاشان سەرەتا بەڕۆمانێک هاتیتەوە بەردیدەى خوێنەران،
بەڵام ئەوەى هەستى پێکرا ئەو گۆڕانە بوو لەزمان و شێواز و تەکنیکى
نووسیندا، ئەبێ ئەم گۆڕانە چەند پەیوەست بێت
بەسەفەرکردن و مانەوەت لەتاراوگە؟
یوسف عیزەدین: پێموایە هەر کەسێک لەئێمە
بەشێوەیەک لەشێوەکان، موسافیرەو لەسەفەردایە، ڕەنگە زۆرجار ئەو سەفەرە
تەنها سەفەرێکى ڕۆحى بێت.. دیارە سەفەر تەنها گۆڕینى شوێنێکى تۆبۆگرافى
و جوگرافى نییە، بەشوێنێکى دیکە؟!.. ئێمە لەوەتەى هەین گوێبیستى
حیکایەتى سەفەرەکانین.. سەفەرى زۆر کەس و کەسایەتى، بەتایبەتیش سەفەرى
ئەوانەى کەلەئێستادا مردوون.. ئێمە بەردەوام گوێبیستى سەفەرى پاڵەوانە
ئەفسانییەکان بووین بۆ نێو دنیا بێکۆتاکانى خەیاڵ و ئەندێشە
گریمانکراوەکان؟!
جا پێموایە هەموو جۆرەکانى سەفەر، گەر بۆ ساتەوەختێکیش بێت، دابڕانێک
لەنێوان ئێمەو ئەو واقیعەى کەتێیدا دەژین دروست دەکات.. هەر ئەوەندەى
چووینە نێو فانتازیاو کەش و هەواى دنیاى سەفەرەوە، ئیدى تاڕاددەیەک تۆ
بوونەوەرێکى دابڕاو و نامۆیت بەهەموو ئەو شتانەى کەپێشتر لەگەڵیدا
ژیاویت و مومارەسەتکردووە.. سەفەر بەخەونێک دەچێت کەلەساتەوەختێکدا
بەئاگا دێیتەوەو هەست بەوە دەکەیت کەتەنهایت و لەو کات و شوێنەدا نیت
کەپێشتر پێت وابووە لەنێویدایت، گەر بەڕاستیش لەشوێنێکى دیکەى دنیادا
بیت و بەفیعلیش سەفەرتکردبێت.. چونکە هەمیشە ناچاریت بگەڕێیتەوە بۆ نێو
دنیاى خۆت، ئەو دنیایەى کەلەنێو خۆتدایە، دنیایەک کەڕەگ و ڕیشەى
دەچێتەوە نێو کۆریدۆرەکانى منداڵى.
دەکرێت بڵێم شتێک نییە کەبەتەواویى داتبڕێت لەهەموو ئەوانەى کەبۆتە
بەشێکى خەونەکانت.. بۆتە بەشێکى بێئاگایت.. دەکرێت ئەو جیاوازییانەى
کەلەشوێن و جێگەیەکى تردا دەیبینیتەوەو هەستى پێدەکەیت؟ یان ئەو نامۆ
بوونەى کەئێخەت پێدەگرێت، تەنها ئیزافەیەک بێت بۆ پێشینەى تەسەوور و
تێڕوانینەکانت.
ئیدریس عەلی: زۆرێک لە
نووسەرانى ئێمە بەتایبەت ئەوانەى کار لەسەر بەرهەمهێنانى دەق
دەکەن، غوربەت و تاراوگەیان کردۆتە بابەت و کەرەستە لەدەقەکانیاندا،
ئاخۆ لاى ئێوە ئەم حاڵەتە تاچ ئاستێک ڕەنگى داوەتەوە، یاخود ژیان و
کولتوورو سروشتى جیاواز تاچەند کاریگەرى لەسەر بەرهەمهێنانى واتاو
فۆرمى نوێ دەبێت؟
یوسف عیزەدین: مەنفا شوێنجێگەیەکى
دیاریکراو نییە، هەروەک چۆن پێناسەو مانایەکى حازربەدەستیشى نییە..
مەرجیش نییە کاریگەرییەکى لێکچوو و هاوشێوەشى هەبێت لەسەر سەرجەم ئەو
نووسەرانەى کەلەیەک ئان و ساتى زەمەنیدا لەمەنفادا دەژین.
سەبارەت بەژیان و کولتوور و سروشتى جیاواز و کاریگەریشیان، لەڕاستیدا
تۆ بەخودى کولتوورى کۆمەڵگەکەى خۆشت نەیار و نامۆیت.. ئەمە جگە لەوەى
کەلەگەڵ هەر دابڕانێک.. تۆ مەحکومى بەوەى ڕووبەڕووى دنیایەک ناشیرینى و
دزێوى شوێنە جیاوازەکان ببیتەوە؟!
جا ئەگەر ئەو شوێنەى دەبێتە مەنزڵت، بەهەشت ئاسا، دڵگیر و دڵڕفێن بێت..
دواجار هەر بێزار دەبیت و هەوڵى هەڵهاتن دەدەیت.. هەموو ئەو دیاردانەى
کەسەرەتا پێى سەرسامیت، دواجار دەبێتە شتێکى ڕۆتینى و بگرە هێدى هێدى
لێى بێزاریش دەبیت. ئیدى ئێمە بەگیاندارى نێو سەدەفەکان دەچین، مەگەر
تەنها لەنێو سەدەفەکانماندا ساتێکى ئارام بەرینە سەر.. لەکاتێکدا نابێت
ئەوەشمان لەبیر بچێت، هاتنە ناوەوەى تەنها دەنکە لمێکیش بۆ نێو ئەو
سەدەفەى کەخۆمانمان تێدا حەشارداوە بریندارمان دەکات؟!..
"ئۆرهان پامووک" پێى وایە، گەر نووسەرێک هەموو ژیانى لەتەنها ژوورێکدا
بردبێتە سەر، دەتوانێت لەمیانى باسکردنى ئەو دنیا تایبەتەى خۆیەوە زۆر
شتمان پێ بڵێت، بۆیە بەشێوەیەکى سەرەکى
مەسەلەى نووسینى جدى، بەر لەهەموو شتێک، پەیوەستە بەجدییەتى خودى
نووسەرەکەوە و....؟!
ئیدریس عەلى: لەئێستادا قسە لەسەر ئەوە
هەیە کە ئەو نەوە تازەیەى دەستیداوەتە چیرۆکنووسین، شێوە خەیاڵێکى
شاعیرانە تەنانەت بەسەر زمان و جۆرى دەربڕینیاندا زاڵەو ئەمەش بەخەوشێک
لێکدەدرێتەوە، لەمبارەوە ڕاى تۆ چییە؟
یوسف عیزەدین: نازانم فەیلەسوفێکى وەک "پیتەر
سلۆتەر دایک" دادوبێدادیەتى بەدەست زمانێکى خاوەن گرامەر و زیندووى وەک
زمانى ئەڵمانى و ناچارە بونیادى زمانە بنەڕەتییەکە تێکبشکێنێت و
دەستکارى بکات و بەچەشنێک گوزارەکان بگۆڕێت کەنەکرێت خوێنەرى ئەڵمان
پێى سەرسام نەبێت.. جا ئەگەر ئەمە بۆ زمانى ئەڵمانى جائیز بێت، ئەى
دەبێت بۆ زمانى کوردى چى بڵێین؟!.. بەڵام مەسەلەى زمانى شاعیرانەو
شیعرییەتى تێکست و ئەوەى بەتایبەت بۆتە تەوژمێکى باوو، لەگەڵ ئەوەى
ڕەنگە زۆریشى دوور و نزیک شیعرییەتى تێدا نەبێت، مەسەلەیەکى ترەو قسە
زۆر هەڵدەگرێت و پێم وانییە لێرەدا بتوانین گەر خۆمانى لێبدەین حەقى
خۆى بدەینێ.
ماڵپهڕی یوسف عیزهدین
|