دیدیى سێ بیرمەند
بۆ پەیمانى کۆمەڵایەتى.

ئیبراهیم بالیسانى*
لەناو هەموو کۆمەڵگایەکدا، پێویستە گیانى هاوکارى و نزیکى و پێکەوەژیان
بوونى هەبێ و پەیڕەوبکرێ،ئامانج لەو پابەندییەى تاکە کانیش بوونى
کۆمەڵگایەکى ئارام و کامەرانیە بۆ گشتى . چونکە ئامانج و بەرژوەندى و
داخوازییەکانى هەموو تاکەکان بەیەکەوە بەندەو بەیەکیشەوە گرێداروە. بۆ
گەیشتن بەم مەبەستەش، ژمارەیەک بیرمەند هاتوون باسیان لە رێکخستنى
کۆمەڵگا کردوە، هەریەک لەو بیرمەندانەش (تۆماس هۆبس، جۆن لۆک، جان جاک
رۆسۆ) بوونەکەبونى کۆمەڵگاى رێکخراوەیان شیکردۆتەوەو بەهەڵگرانى بیرى
کۆنترا سۆسیاڵ (پەیمانى کۆمەلایەتى) ناسراون، هەریەک لەو بیرمەندانەش
بەدیدو بۆچوونى جیا باس لە بوونى کۆمەڵگا ى رێکخراو دەکەن. بەلام لاى
هەرسێکیان بنەمایەک هەیە کەکۆکن لەسەرى ئەویش (عقد الاجتماعى) پەیمانى
کۆمەلایەتیە.دیارى کردنى ئەو پەیمانەش لاى هەرسێکیان شێوازێکى
جیاوجیاوازى لێبەدى دەکرێ!هەر ئەو جیاوازیەشە دەبێتە مایەى
رەخنەلێکگرتن ورەتکردنەوەى دیدى ئەوەیتربەتایبەت لاى (رۆسۆ) ،چونکە
رۆسۆ بەدیدێکى مەنتقیانە دژى بۆچونەکانى (هۆبس ولۆک) دەوەستێتەوەوبۆ
دیدەکانى ئەوان شرۆڤەیەکى زانستیانە دەخاتە روو.
هەڵگرانى بیرى پەیەمانى کۆمەڵایەتى وەک ئاماژەمان پێدا بریتى بوون لە (تۆماس
هۆبس، جۆن لۆک، جان جاک رۆسۆ) هەریەک لەو بیرمەندانە لەبەرامبەر
کۆمەڵگاى رێکخراو کۆمەڵگاى سروشتى دیارى دەکەن کەئەوان ناویان ناوە(
ژیانى سروشتى).
*تۆماس هۆبس لە(1588-1679)ژیاوە، بەبیرمەندو نوسەرێکى ئینگلیزدادەنرآ ،
سەرچاوەى بیرو بۆچوونەکانى واقیعى کۆمەڵگاى خۆیەتى،هەموو شێوازێکى ژیان
ناودەنێ دۆخى سروشتى، تۆماس لەباسى ژیانى سروشتى دا دەڵآ: ژیانى سروشتى
ئەو ژیانەیە کەمرۆڤەکان هەمیشە لەناویدا لەشەڕو ئاژاوەدا بوونەوژیاون !
لەبەر ئەوە پێى وایە مرۆڤ بەسروشتى خۆى کەسێکى شەڕانگێزە!مرۆڤ بریتیە
لە زەین وئەقڵ ،تەنیا لەرووى پلەوە لە ئاژەڵ جیاوازن.کەواتە مرۆڤ هەموو
ئەو شتانە وەردەگرێ کە بۆ ئەو شادى بەخشن،وە هەموو ئەو شتانەش بەرپەچ
دەداتەوە کە بۆ ئەو مایەى ناخۆشین!کەواتە کردارى مرۆڤ تەنیا روودانێکى
فیزیکییە.مرۆڤ لەدۆخى سروشتدا ئاژەڵە،چونکە لەم دۆخەدا تەنیا حەزى
سروشت کاریگەرە.سروشت رەوایەتى بەهەموو یەکێک داوە بۆ ئەوەى هەموو شتێک
بەویست وهەوەسى خۆى بکات!کەواتە مرۆڤ لەسروشتدا یەکسانن بەیەک.بەلام
لەبەرئەوەى هەموو یەکێک لەم یەکسانانە رەوایە بۆ نواندنى هەر هەڵوێستێک
یان سەندنى شتێک،لەبەر ئەوەدەبێ هەموو لەیەکتر بترسن!چونکە سەرەنجامى
ئەم مافە بەشێوەیەک هاوکێش دەکەنەوە کە ئیترهەروەکو ئەوە وایە ماف نەبێ.
چونکە مرۆڤــ بەسروشتى کەسێکى ئەنانیەو بەردەوام هەوڵدەدات پارێزگارى
لەبەرژوەندییەکانى خۆى بکات، ئەمەش ترسێک لەسەر مرۆڤــ دروست دەکات و
ترسەکەش ترسێکى هاوبەشە. هەر ئەمەشە ویان لێدەکات کەپێویستیان بەیەکتر
بآ وپارێزگارى لەیەکترى بکەن.لاى هۆبس بنەماى هەموو ترسەکان ترسە
لەمردن، کەلەئەنجامدا ترسى تر سەرهەڵدەدەن! ترس لەشتى نادیاروترس لەشتى
نوێ کەپێشتر پێى ئاشنا نەبوو بێ، چونکەمرۆڤ پێشتر بەو شتانە
ئاشنانەبوەو نایان ناسێ و نەیدیون، لەبەر ئەوە هۆبس دەڵآ: ئەمە وایکرد
نزیکبوونەوە لەنێوان مرۆڤەکان دروستبێ ، واتا لەنێوان مرۆڤەکان پەیمان
هەبێ بۆ دروست بوونى کۆمەڵگایەکى رێکخراو. بێگومان بنەماى ئەو پەیمانەش
بۆ پارێزگارى بەرژوەندییەکانى خۆى (تاک) بووە، لەبەرامبەر ئەمەش
واپێویست بوە لەناو کۆمەڵگادا کەسێک هەبێ بەرژەوەندى تاکەکان
بپارێزێ،جا بۆ ئەوەى ئەوەش بەدیبێ بنەمایەک دیارى کراوە ئەویش
وازهێنانى تاکەکانە لەهەندآ لەمافەکانى خۆیان! کەچى هۆبس دەڵآ: تاکەکان
بەویست و ئارەزووى خۆیان وازیان لەهەموو مافەکانى خۆیان هێناوە لەپێناو
پاراستنى بەشێک لەبەرژوەندییە تایبەتەمەندییەکانى خۆیان بێپەشیمان
بوونەوە!! لەم کاتەشدا هەموو تاکەکان پێویستە مەلکەچى ئەوتاکەکەسەبن
کەپێى دەڵێن: دەسەلاتى پاشایەتى رەها! ئەو حوکمە رەهایەش دەتوانآ
سنوورى سەربەستیەکانى مرۆڤ ببستێتەوە تا شەڕانگێزییەکەى کەمبکاتەوە
یاهەرنەمێنێ.ئاشکراشە کە لایەنەکانى ناو پەیمانەکەش هەر کەسانى ناو
کۆمەڵگاکەخۆیانن، لەهەمووشى سەیرتر خاوەن دەسەڵاتەکەیە ،چونکە خاوەن
دەسەڵات نەبەستراوەتەوە بەهیچ پەیمانێک!! چونکەوەک هۆبس دیارى کردوە
تاکەکان بەئارەزووى خۆیان وازییان لەمافەکانى خۆیان هێناوە!!لەبەرامبەر
ئەوەشدا هۆبس سێ فاکتەرى سەرەکى بۆ سەرهەڵدانى ناکۆکى دیارى دەکات
وەک:یەکەم گەیشتنە بەدەسەڵات(هاڤرکێ) دووەم بێبڕواییە(واتا بەرگریکردنە
لەخۆ) سێیەمیشیان دەردى ناوبانگە(واتا هەوڵى گەیشتنە بەشەڕەفمەندى).
* جۆن لۆک : لە
(1632_1704)ژیاوە ، بیرمەندێکى ئینگلیز بووە، لۆک بەپێچەوانەى هۆبس
دژایەتى تەواوى پاشایەتى کردووەو پشتگیرى لە بوونى پەرلەمان و کەسانى
کۆمەڵگا کردوە، لۆک دەڵآ: مرۆڤ بەسروشتى خۆى کەسێکى کۆمەڵایەتییەو
ئاشتى خوازە، وەژیانى سەرەتایى واتا پێش کۆمەڵگاى رێکخراو ژیانێک بووە
کەمرۆڤ بەسەربەستى تیایدا ژیاوەو بەشێوەى بەرژوەندى ئاڵوگۆڕ (هەرەوەزى)
کارەکانى جێبەجێکردووە. لەروانگەى لۆک هەموو مرۆڤێکى دۆخى سروشتى
خاوەنى موڵکى خۆیەتى وبەویستى هیچ کەسێکى دیکەوە بەندنیە.کەواتە دۆخى
سروشت دۆخى یەکسانیە،چونکە دەسەڵات وزەبروزەنگ نێوخۆیین وهیچ مرۆڤێک
موڵکى زۆرترى لەیەکێکى دى نیە.بەڵام ئەم ژیانە بەردەوام نابێ ،چونکە
لەدواجاردا مرۆڤــ بەرگرى لەبەرژوەندى تایبەتەکانى خۆى دەکات !وەبەرگرى
لەبەرژوەندییەکانى کەسانى ترى ناوکۆمەڵگا ناکات!!چونکە لاى لۆک دۆخى
سروشتى بەدوو قۆناغدا تێدەپەڕێ کە لەو دوو قۆناغەدا مافى بێسنورودیارى
نەکراو شوێنى مافى سنوردارو دیارى کراو دەگرێتەوە.هۆى ئەم گۆرانەش
دەگەرێتەوە بۆ داهێنانى پارە ،کەواتە دۆخى ئارامى وئاسایى دەگۆرێت بۆ
دۆخى جەنگ ومڵملانێ!ئەمەش هۆکارە بۆ دروست بونى کێشەوسەرهەڵدانى دیاردە
کۆمەلایەتیەکان کەلەئەنجامدا شەرانگێزى وئاژاوەى لێدەکەوێتەوە. کەواتە
لێرەدا زەروورەتى دروست بوون وسەرهەڵدانى دەوڵەت دروست دەبێ .ئەو
فاکتەرەیە وادەکا تاکەکان لەناوخۆیاندا پەیمان ببەستن بۆ دروست بونى
کۆمەڵگایەکى رێکخراو،بۆلەدەست نەچونى دەسکەوتەکانیان وپاراستنى بەشێک
لەبەرژەوەنیەکانیان. کەواتە تاکەکان بەبآ بونى ئارەزووى خۆیان واز
لەبەشێک لەمافەکانى خۆیان دەهێنن و دەچنە ناو پەرلەمان بۆ
پارێزگاریکردن لە بەشێکى ترى مافەکەیان. (واتا بۆ کۆمەڵەکەسانێ واز لەو
مافەى خۆیان دەهێنن کە ئەرکیان بەرێوەبردنى دەسەڵاتە) کەواتە لایەنى
پەیمانەکە بریتین لە کەسانى ناو کۆمەڵگا و ئەو کەسانەى کەکۆمەڵگا
بەڕێوەدەبەن،کەکەوتونەتە سەرووى هەڕەمى دەسەڵاتەوە.
جۆن لۆک بۆ ئەم حاڵەتەدا مەرج دیارى دەکاو دەلێ: ئەگەر ئەوکەسانەى
کەکۆمەڵگا بەڕێوەدەبن نەیان توانى لەئاستى ئەو بەرپرسیاریەتەدابن ؟ماف
دەدا بە کەسانى ناو کۆمەڵگا لەلادان ووەرگرتنەوە دەسەڵات لێیان. لۆک
لەم وەختەدا مافى شۆرش کردن وبەرپاکردنى داوە بەکەسانى کۆمەڵگا بۆ
لادانى نوێنەرەکانیان ،چونکە بەئارەزووى خۆیان ئەوکەسانەیان دیارى
کردووە، هەرکاتێک نوێنەرەکانیان نەیان توانى سەرۆکایەتى کۆمەڵگاکەیان
بکەن و توانایان نەما ،ئەوە مافى لادان و دوورخستنەوەى نوێنەرەکانیان
پێدراوە لەدەسەڵاتدا.
بەلام تۆماس هۆبس بەهیچ جۆرێک ئەو مافە نادات بەکەسانى کۆمەڵگا و دەڵێ:
کاتێ کەسانى کۆمەڵگا دژ بەو کەسانە هەڵسان کەئەرکیان بەڕێوەبردنە ئەوا
دژایەتى کردنى پاشا ودەسەڵاتە ! واتا هۆبس ئەو مافە نادات و دەڵێ:
پێویستەکەسانى کۆمەڵگا ملکەچى ئەو پاشایە بن کە ئەرکى بەرێوەبردنى
کۆمەڵگاکەیە.
* جان جاک رۆسۆ : لە
(1702-1778)ژیاوە بیرمەندێکى فەرەنسیەو خاوەنى پەیمانى کۆمەلایەتیە،
لاى رۆسۆ ژیانى سروشتى ژیانى داد پەروەرى و ژیانى بەختیارى بووە،
هۆکارى تێکدان و تێکچونى ئەم ژیانە دەگەڕێتەوە بۆ پَیشکەوتن و
گەشەکردنى کۆمەڵگا، چونکە ئەمە هۆکارێک بووە بۆ ئەوەى تاکەکان بچنە ناو
پەیمانەکەوە، بەڵام ئەو پەیمانەى رۆسۆ باسى لێوەدەکات جیاوازە
لەوپەیمانەى کە ئەوانەى تر(هۆبس ولۆک) کەئاماژەیان پێداوە، چونکە رۆسۆ
باس لەدەسەڵاتى گەل دەکات (ئیدارەى گشتى) کەلەدەرەنجامى ئەو پەیمانەوە
دروست بووە.گرنگترین پاساوى رۆسۆ دژ بە تیۆرییەکەى (هۆبس وڵۆک)
زمانە،یەکەم زمانى مرۆڤ لاى رۆسۆ بریتیە لە (هاوارى سروشت) واتا مرۆڤ
بەو هاوارە داواى یارمەتى وهاوکارى لە هاوجۆرەکەى دەکا کە مرۆڤە.بەلام
لەبەر ئەوەى مرۆڤ لە دۆخى سروشتیدا زمانى نیە!کەواتا ئەو مرۆڤە تواناى
قسەو دامەزراندنى دامەزراو کۆمەڵگاى نیە.لەبەر ئەوە مرۆڤ بەبێبونى زمان
وکۆمەڵگا ناتوانێ مافى خاوەنداریەتى بسەپێنێ، ئەم تێڕوانینەى رۆسۆ دژى
تێڕوانینەکەى (هۆبس وڵۆک) دەوەستێتەوە چونکە ئەوان لە دۆخى سروشتیدا
مافى خاوەنداریەتى دیارى دەکەن.بەلاى رۆسۆ هەم هۆبس وهەم لۆک
وبیرمەندانى ترى ئەو سەردەمە (مێژوویان ) نەناسیوە!ناسینى مێژووش بۆ
یەکەم جار لاى رۆسۆ سەرهەڵدەدات.بۆ یە رۆسۆ گریمانە هەڵەکانیان
هەڵدەوەشێنێتەوە!لەروانگەى رۆسۆ گریمانە هەڵەکەیان دەگەرێتەوە بۆ
تێروانینى هەڵەیان بۆ سروشتى مرۆڤ،ئەم دووانە (ئەقڵ) وەک یاسایەکى
خوابەخش دەدەنە پاڵ مرۆڤ!ومرۆڤ ناودەنێنێن (گورگى مرۆڤ)،بۆیە رۆسۆ
رەخنەیان لێدەگرێ ودەلێ:ئەو دیدەى ئەوان بۆ مرۆڤى کۆمەڵگاکانە نەک بۆ
مرۆڤى سروشت!کەواتە ئەو دووانە لەلێکۆلینەوەکەیان بەهەڵەداچوونە،چونکە
ئەوان لەبرى ئەوەى مرۆڤى سروشت بۆ ژێر لێکۆلینەوەکەیان بەرن هاتوون
لەمرۆڤى کۆمەڵگایان کۆلیوەتەوە.
هۆبس لەروانگەى رۆسۆ ئەو راستیەى نەزانیوە کە پەیوەنییەکانى موڵکدارى
هۆى سەرەکى جەنکى یەک دژى یەک بوون،چونکە مرۆڤى دۆخى سروشتى
تەنیاودابڕوا ژیاوە!لەگەڵ ئەوەشدا هەستى خۆشەویستى وبەزەیى لاى مرۆڤى
سروشت بوونى تەواوى هەبووە.بۆیە هیچ بیانوێک نیە تامرۆڤى دۆخى سروشتى
لەگەڵ هاوجۆرەکەى بکەوێتە ناوکێشەو ناکۆکیەوە.چونکە وەک هۆبس
لەسەرەتادا ئاماژەى داوە بەوەى کەمرۆڤى دۆخى سروشتى گورگە!کەلەراستیدا
ئەم مرۆڤە گورگە لە چەسپاندنى خاوەندارى تایبەتى سەرى هەڵداوە نەک لە
دۆخى سروشتیدا.
هەروەها لەروانگەى لۆک مرۆڤ بۆ پاراستنى پەیوەندیەکانى خاوەندارى لە
دۆخى سروشتى بۆ دۆخى دەوڵەت یا کۆمەڵگاى سیاسى دەپەرێنەوە.هەرچى رۆسۆ
یە رەخنە لەو بۆچونەى لۆک دەگرێ ودەلێ: پەیوەندیەکانى خاوەندارى
پاڵنەروهێزێکن بۆ سروشتى مرۆڤەکان.چونکە خۆویستیەکەیان بەهۆى ئەو
پەیوەندیانەوە پەرەى سەندوەوبەرەوە دۆخى جەنگ چوون!زەویەکان بەهۆى
داگیرکارى وزەوتکردنەوە بەرەوکەمبونەوە چوون ولەگەڵ ئەوەشدا بەزۆربونى
ژمارەى دانیشتوان چاکتر کێشەکە قوڵتر دەکاتەوە.لێرەدا گرفتى دروست بونى
چینى (دەولەمەند وهەژار) سەرهەڵدەدات وتالانى وچاوچنۆکى مرۆڤ
پەرەدەسێنى لەناو کۆمەڵگادا.لەبەر ئەوە رۆسۆ پەیمانى کۆمەلایەتى وەک
فێلێکى دەولەمەندەکان لەهەژارەلەژمارەنەهاتوەکان دەبینێ.دەولەمەندەکان
لەرێى ئەو فێلەوە توانیویانە نایەکسانى لەنێوان مرۆڤەکاندا بچەسپێنێ .
بەبیرى رۆسۆ لە پەیمانى کۆمەلایەتى دا بەتواناترین کەسیان
هەڵبژاردووەکە دەسەلاتى بەسەریاندا هەبێ وبسەپێنێ ، کەواتە ئەوەمان بۆ
رووندەبێتەوە کە بەتواناکان کۆمەڵگایان دروست کردووە! بێگومان ئەمەش
نەگونجاو نەشیاوە، چونکە ناشێ بیرى پەیمانى کۆمەلایەتى دابنێنن بۆ
دروست بوونى کۆمەڵگاى رێکخراو لەبەر ئەوەى بەبیرو بۆچوونى کۆمەڵناسەکان
کۆمەڵگا خۆى دیاردەیەکى کۆمەلایەتیە، دیاردەى کۆمەڵایەتیش لەخۆوە دروست
دەبێ ودوورە لەدەسەڵاتى مرۆڤ وبەویستى ئەو دروست نابێ ، کەواتە لەڕووى
کۆمەڵناسیەوە ناتوانین بیرى پەیمانى کۆمەڵایەتى بچەسپێنین بەسەر
کۆمەڵگادا،چونکە لەلاى کۆمەڵناسەکان کۆمەڵگا لەخۆیەوە دروست بووە،وە
پێویستى بۆ پارێزگارى و هاریکاری وایکردووە کە کۆمەڵگا دروست بێ.
_________________________
*
ئیبراهیم بالیسانى:
توێژەرى کۆمەلایەتى.
Info_balisani@yahoo.com
|