په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٦\٢٠١٤

دژی ''داعش'' هێزی شۆڕشگێری شوراکان پێکبێنن.


حەمە غەفور        


دیاردەی "داعش"و هێرش‌و پەلامارەکانی پێمانئەڵێن، سەرجەمی هێزو لایەن‌و کوتلەو هاوپەیمانییە سیاسی‌و تائیفی‌و قەومییەکانی عێراق، بەڕادەیەک نوقمی گەندەڵی‌و دزی‌و تاڵانین، بە ئەندازەیەک لەنێو زەلکاوی جەنگ‌و ململانێی نەبڕاوەیاندا دەرگیرو چەقیون، هیچ گومانێک بۆ هاوڵاتیان ناهێڵێتەوە کە بەقەد سووتووە سیگارێک متمانەو باوەڕیان نە بە سوپای عێراق هەبێت، نە بەسیاسەتی ئەمنی حکومەت، نە بە هەر ئیدیعایەک هەر لایەنێک بەدژی لایەنی بەرانبەری بیکات بۆ گێڕانەوەی ئارامی‌و ئاساییش بۆ ووڵات‌و شارەکان. ١١ ساڵە ئێمە بینەری ئەم سیناریۆ زنجیرەییانەین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی خاوەن توانایی‌و ئوتوریتەو سەلاحیەتی جەماوەری کە ئۆقرەیی بۆ ووڵات دابین بکات. بەڵام لە زنجیرەیەک درۆی شاخدار زیاتر نەبووەو شکستیان هێناوە. "کارگێڕێکی پارتی ووتی، ٧٠ دەرسەدی ئامادەبەکارانی شاری موسڵ بێکارن". لەگەڵ ئەوەشدا سەدان ملیاردێرو ملیۆنێری وەکو ئوسامە نوجەیفی، نووری مالکی، عەلاوی، هاشمی‌و ساڵح موتڵەگ‌و...تد لەم ١١ ساڵەدا هەڵتۆقیون.


هەرێمی کوردستان تاڕادەیەکی باش جیاوازە لە ڕەوشی نابەسامانی ناوچەکانی تری عێراق‌و ئارامییەکی بەرچاو بەدیئەکرێت. ئەمە جێگای ئەوپەڕی پشتیوانی لێکردنە. بەڵام ناکۆکی‌و گرژی‌و قەیرانەکانی نێوان لایەنە کوردیەکانیش ئەو کەلێنەیە ڕەنگە دیاردەی "داعش" بتوانێت بەهرەبەرداری لێبکات‌و دزە بە کارە تیرۆریستییەکانی خۆی بکات بۆ کوردستان. بۆیە بەهەموو لایەک پێویستە کارێک بکرێت کوردستان نەئاڵێتە نێو بازنەی دیاردەی داعش‌و ئەو مەترسیانەی بەشوێنیدا دێت.


دیاردەی "داعش" بانگەوازی خەڵکی عێراق، بەگشتی، وە خەڵکی کوردستان بەتایبەتی ئەکات، کە پێویستە خۆیان بۆ بەرگری لە خۆیان‌و سەرو ماڵ‌و ژیان‌و شارو ووڵاتیان کۆبکەنەوە. ڕەوشەکە ئەوە ئەخوازێت، کە هێزی جەماوەریی چەکدارو سەربەخۆ لە گشت شارو شارۆچکەو ناوچەیەکدا پێکبهێنرێت. چونکە سوپای عێراق بەپێی ڕاگەیاندنی سەرۆکی پارلەمانی عێراق‌و سەرۆک وەزیرانی عێراق، مەیدانی چۆڵکردووە بۆ هێزو چەکدارەکانی داعش! ئەمەش مانای ئەوە ئەگەیەنێت، کە لەهەر جێگایەک هێزێکی هەرچەند کەمیش بێت لە داعش ڕەنگە بە پیلانێکی ژێربەژێر بتوانن شارو شارۆچکەو ناوچەش داگیربکەن. هەواڵەکان باسیان کردووە کە هێزێکی چەکداری داعش لەناوچەی جەلەولاو سەعدییە بە ٢٠٠ سەیارەوە بینراون. دیارە ئامانجیان پەلاماردانە. بێگومان هەر هێرشێکی داعش بۆ سەر ناوچە کوردیەکان کارەسات‌و ئاشوبی گەورەی کۆمەڵایەتیی لێئەکەوێتەوە، بەتایبەتتریش لە شارو شارۆچکەو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.

خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی هاوڵاتیانی کەرکوک‌و ناوچە جێناکۆکییەکان، پێویستیان بە کۆبوونەوەی گشتی هەیە تا شورای شارو شارۆچکەو گەرەکەکانیان پێکبێنن‌. پاشان هێزی شۆڕشگێڕی چەکداری جەماوەری بۆ بەرگری لە خۆیان پێکبێنن. ئەم هێزە شۆڕشگێرانەیە ئەتوانێت تەنسیق‌و هاوکاری ڕاستەوخۆی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆو هێزی پێشمەرگەو بەرگری سەر بە حکومەتی هەرێم هەبێت. وە پێکەوە پلانی تۆکمە بۆ پاراستنی سنوورەکانی کوردستان بە ناوچەکانی کەرکوک‌و سنوورەکانی ناسراو بە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان داڕێژن.


ئەوەی لە موسڵ ڕوویداوە ئاماژەیەکی ڕوون‌و ئاشکرایە بۆ مەترسییەکی گەورە لەبەر دەرگامان. شارێکی گەورەی ستراتیژیی وەکو موسڵ لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا بەتەواوی بکەوێتە ژێردەستی هارترین هێزی ئینسانکوژی وەکو 'داعش"، کە هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، مانای وایە شەڕ لەبەر دەرگامانە! وە پرسیارێک ئەخاتە پێش دەممان، ئایا چاوەڕوان بین چی ڕووئەدات!؟ یاخود خۆمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە سازو ئامادە بکەین!؟ پێموایە ڕەوشەکە بەڕادەیەک گرژو توندە پێوست بە خۆشخەیاڵی ناکات تا لە چاوەڕوانیدا بمێنینەوە. ئەرکی هەموو لایەکە بەرپەرچی ئەم شەڕو هەڕەشەیە بدەینەوە.

 

١٠\٦\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌غه‌فور

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک