په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٣\٢٠٢١

دیکتاتۆری پرۆلیتاریا یان دیموکراتی پرۆلیتاریا؟

- لە یادی ١٤٩ ساڵەی کۆمۆنەی پاریس -


عەلی مەحمود محەمەد  

زەمینەی دامەزراندنی کۆمۆنە.


لە رێکەوتی ٤-٨-١٨٧٠ پروسیەکان لە سیدان تێکشکانێکی گەورە بەسەر سوپای فەرەنسادا دەسەپێنن، لە رێکەوتی ٢-٩ ھەموو سوپای فەرەنسا لەپێشیانەوە ئیمپراتۆرو ٣٩ ژەنەرال و ٨٦ ھەزار سەرباز دیل دەکرێن لە لایەن پرۆسیەکانەوە ، لە کۆی سوپایەک ژمارەی ١٢٠٠٠٠ سەرباز بوو، سوپای پرۆسی تا قەراغی شاری پاریس رانەوەستان.


لە رێکەوتی ١٨-١-١٨٧١ لە ڤێرسایەوە " بەشێکی پاریسە" ڕایخی ئەڵمانی ڕاگەیەنر، کە زۆربەی توێژەرەوان و چاودێران ھەڵبژاردنی ئەم شوێنەیان بۆ ڕاگەیاندنی ڕایخ بە سوکایەتی بە ھەستی نەتەوایەتی فەرەنسیەکان زانی، بە پێی دەستووری نوێ فیلھیلیم بووە قەیسەری ئەڵمانیا و بسمارکیش بوو بە سەرەک وەزیرانی وڵات، لە رێکەوتی ١٩-٢-١٨٧١ تییر حکومەتی لە بۆرژوازی و پاشایەتی خوازانی فەرەنسا پێک ھێنا کە ملکەچی رێکەوتن بوون لە گەڵ ئەڵمانەکان، کۆماریخوازەکان سەرشۆڕییان رەتکردەوە، دوای ئەوەی لە ھەڵبژاردنێکی تەنھا پیاوانەدا لە رێکەوتی ٨-٢-١٨٧١ پۆستەکەی مسۆگەر کرد.


لە رێکەوتی ٢٦-٢-١٨٧١ پەیماننامەیەک لە نێوان ئەڵمانیاو فەرەنسا دەبەسترێت، بە پێی ئەو پەیمانامەیە ئەلزاس و لۆرین دەدرێت بە ئەڵمانی، ناوچەی لۆرین بە ھەرێمی متزوتیون ڤیلوەوە، ئەلزاس بێ بلفۆرت و دەورو بەرەکەی، لە پاڵ دەست بەسەردا گرتنی سێ یەکی خاکی فەرەنس، تا ئەوکاتەی قەرەبوی زیانەکان دەکرێتەوە لە لایەن فەرەنساوە ،بڕەکەی دیاری کرابوو بە ٥ ملیار فرەنکی فەرەنسی.


تیر بۆ ئەوەی داخوازەکانی بسمارک جێ بە جێ بکات، پێویستی بەوە ھەبوو چەک و تۆپەکانی (پاسەوانی نیشتمانی)بدات بە دەستەوە، پاسەوانی نیشتمانی لە پاریس وەک دەسەڵاتی دوولایەنە مامەڵەیان دەکرد لە بەرامبەر حکومەتی ناوەندی، ھەیبەتی حکومەتەکەی تیریان لاواز کردبوو، تیر بۆ گەڕاندنەوەی ناوەندی دەسەڵات بۆ حکومەتەکەی و جێ بە جێ کردنی پەیمماننامە سەر شۆڕانەکانی، ویستی پاسەوانی نیشتمانی چەک بکات، تۆپەکانیان لێ وەرگرێتەوە.


لە ١٨ی ئازار سوپایەکی ٤٠٠٠ سەربازی نارد لەسەر خواستی پروسییەکان بۆ ئەوەی دەست بەسەر ئەو ٢٢٧ تۆپەدا بگرن کە پاریسیەکان دەستیان بەسەردا گرتبوو، بۆ بەرگریکردن لە شارەکەیان کە لە لایەن سوپای پرۆسیاوە ئابلوقە درابوو لە ساڵی پێشوەوە لە بەرزایەکانی مۆنمارت و بلفێل دایان بەستابو.


لە رێکەوتی ١٦-٣ تییر دەسەڵاتدارانی شاری بانگ کرد بۆ شارەوانی لە رێکەوتی ١٧-٣ لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە نەخشەی چەککردنی پاسەوانانی نیشتمانی داڕێژر، ژەنەراڵەکانیش تیایدا بەشدار بوون، ژەنەرال ڤیوا دیاری کرا بەسەرپەرشت کاری بڕیارەکە، بڕیار درا بەزوترین کات چەککردنی پاریس جێ بەجێ بکرێت، بۆیە لە رێکەوتی ١٨-٣-١٨٧١ بڕیاری چەککردنی (پاسەوانی نیشتمانی )یاند، بە ناوی ئەوەی گوایە ئەو تۆپانە موڵکی دەوڵەتن، بۆیە دەبێت بگەڕێنرێنەوە بۆی، بەمەش تیر دەیەویست لە لایەکەوە بڕیارەکە جێ بە جێ بکات لە لایەکی دیکەوە مەترسی یاخی بونەوە لە سەر دەسەڵاتەکەی لاببات، بەڵام پاسەوانانی نیشتمانی بە بڕیارەکە ڕازی نابن، چونکە ئەو چەکانە ئەوانە بون کە پاسەوانانی نیشتمانی لەو شوێنانە ڕزگاریانی کردبوو کە پرۆسیا داگیری کردبوو، بۆیە موڵکی دەوڵەت نەبوون، دیارە دەست گرتن بەسەر چەکەکاند، بەمانای دەس گرتن دەھات بەسەر پاریسدا.


برسیەتی،گرانی، بێکاری،نەخۆشی و ھەژاری باڵی بەسەر پاریسدا داگرتبوو، لەم بارودۆخە ناسکەد، بۆرژواکان بە خۆیان و خەزێنەو سەروەت و سامانیانەوە، لە پاریس بە کۆمەڵ ھەڵدێن، نیشتمان لە ناخۆشرین ڕۆژەکانیدا بۆ کرێکاران و ڕەنجدەران بەجێ دەھێڵن.


بڕیار بوو کاتژمێر ٢ ی شەو ھێرش دەس پێ بکرێت، پۆلیسیش بڕیارە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و کۆمیتە ھەڵبژێردراوەکانی ٢٠ گەڕەکەکی شاری پاریس و لقی فەرەنسای ئنتەرناسیۆنالیزم دەستگیر بکەن، شەڕ کاتژمێر ٥ بەیانی رێکەوتی ١٨-٣ دەستی پێکرد، لە ئاکامی بەرگری بێ وێنەی پاسەوانانی نیشتمانی و خەڵکی پاریس بە ژن و پیاوەوە کە بەرەو روی سوپاکەی تیر بونەوە بۆ داکۆکی لە تۆپەکان، دەستیان بەسەر بەشێکی شاردا گرت، شکستیان بە نەخشەکانی تیر ھێن، جەماوەری پاریس ڕژانە سەر شەقامەکانکەوتنە سەنگەر لێدان، سەربازان خۆ بەدەستەوە دەدەن و ئەفسەرانیش ھەڵدێن و خۆیان دەشارنەوە، خەڵکەکە دروشمی بژی کۆمار بژی کۆمۆنیان دەوتەوە، تەواوی باڵاخانەکانی شار دەستیان بەسەردا گیر، چەک وتەقەمەنیەک زۆر گیر، تەنھا لە قەڵای فانف ٤٥٠٠٠٠ تفەنگ دەسکەوت بوو، لە کۆی ٣٠٠٠٠٠ سەربازی بەرگری نیشتمای، تەنھا ٣٠٠ کەس بەدوای داخوازەکانی تیرەوە چون، ئەوانی دیکە پەیوەست بوون، بە بەرەی شۆڕشەوە، دەست بەسەر بارەگای شارەوانیدا دەگرن و تیر لە پاریس ھەڵدێت.


رێکەوتی ( ١٩ -٣) ەیەو پاریس ئازادە، نە حکومەتی تیر وە نە سوپای داگیرکەری پروسی تێدایە، لە بەیانی زوەوە شار جمەی دێت، کرێکار، دوکاندار،پیشەگەر، ڕۆشنبیران،پاساوانانی نیشتمانی، ژنان، منداڵان، گەنج و لاو، ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، کۆمیتەی ناوەندی پاسەوانانی نیشتمانی، لە بارەگای شارەوانی پاریس، کە لە بان باڵاخانەکەی ئاڵای سور بۆ یەکەمجار لە مێژوودا دەلەرێتەوە، بەیاننامەیەکی ڕوو لە خەڵکی پاریس دەرکرد، بە یاننامەکە بە کۆماری فەرەنسا و دروشمی "سەربەستی،یەکسانی،برایەتی" دروشمە سەرەکیەکەی شۆڕشی فەرەنسا دەستی پێکرد، لە بانگەوازەکەدا داوا لە خەڵکی پاریس کر، لە شوێنی خۆیان ئامادە بن بۆ ئەنجام دانی ھەڵبژاردن، ئەم بانگەوازە لە لایەن ٢١ ئەندامی ئامادەبووی کۆمیتەی ناوەندی پاسەوانانی نیشتمانیەوە واژۆ کرا لە کۆی ٤٠ ئەندام، کە ھەرئەوانە لەو کاتەدا لەو شوێنە ئامادە بوون، ئەوانی دی بەھۆی کاروبارەوە ئامادە نەبوون، رێکەوتی٢٦-٣ واتە دوای یەک ھەفتە دیاری کرا بۆ ھەڵبژاردن، ھەر ئەو ڕۆژە بڕیاری ئازاد کردنی زیندانییە سیاسیەکان دەرکرا.

ھەڵبژاردنی کۆمۆن

دوای ٨ رۆژ لە ھەڵبژاردنێکی ئازادانەدا بە بەشداری نزیک ٢٣٠ ھەزار کەس لە پیاوان و ژنانی پاریس ئەنجومەنێکی ٧٨ کەسەییان ھەڵبژارد، لەوکاتەدا ژمارەی دانیشتووانی پاریس دەوروبەری ملیۆنێک ھاووڵاتی بوو، بەشێکی پاریس وەک فێرسای بەدەست کۆمۆنارکانەوە نەبوو، وە سەرمایەدارەکانیش لە ترسی ئابلووقەی پاریس بەشێکیان ھەڵاتبوون.


ڕانۆی رێکەوتی ٢٨-٣ لەبەردەم شارەوانی پاریس، ناوی ھەڵبژێردراوەکان بڵاو دەکاتەوە ، بە دروشمی بژی کۆمار ، بژی کۆمۆن دەستی بە قسەکانی کرد.


ھەمان ڕۆژ کۆمۆن دەستی بە کارەکانی کرد، بە سەرپەرشتی شارل بلی تەمەن ٧٦ ساڵە، کە پیرترین ئەندامی ھەڵبژێردراوی کۆمۆن بوو.


لە ٢٦ ئەپریل ھەڵبژاردن تەواو کر، شاعیری گەورە ئۆژین پۆتیە" نووسەری سرودی ئەنتەرناسیۆنال"و چوار ئەندامی دیکە ھەڵبژێردران لەو خولەدا.


لە ھەڵبژێردراوان ٣٣ کەسیان کرێکارو پیشەگەر بوون، دە کەسیان ھونەرمەند بوون، لە ناویاندا وێنەکێشی بەناو بانگ غۆستاف کۆربیە ھەبوو، ٥یان خاوەند پیشەی بچووک بوون، وە ژمارەیەک ژن لە نوێنەرایەتیدا جیگایان گرت کە لە حکومەتی بۆرجوازیدا مافی دەنگدانیشیان نەبوو، لەوانە لویز میشیل، ئەلیزابیس دمتریف نوێنەری مارکس و ناتانی لۆمل، دوای دو رۆژ نوێنەران کۆمۆنەی پاریسیان راگەیاند.


لە روی پێک ھاتەی سیاسییەوە نوێنەران لە یەعقوبییە لایەنگرەکانی شۆڕشی فەرەنسی، کۆمارییە شۆرشگێڕەکان،ئانارشیستەکانی لایەنگری پلانکی و بردۆن و مارکسییەکان پێک دەھاتن، ٢١ بلانکی و ٢٠ برۆدۆنی و ٢ مارکسی (فرانکل و سیریالیە فارلین)، بە شێوەی گشتی یەکسانیخوازان بە ھەموو باڵەکانیەوە، برۆدۆنی، بلانکی، مارکسی، یەعقوبیەکان، زۆربەی زۆری کۆمۆنەیان دیاری دەکرد، دامەزرێنەری ئەو بەڕێوەبەرایەتی یە بوون.


مارکسییەکان ھۆی ھەڵبژاردنی زۆربە، لە وردە بورژوازی لە ڕوی چینایەتی، باڵە سۆسیالستە غەیرە مارکسییەکان، لە ڕوی سیاسییەوە، دەبەنەوە سەر ئەوەی فەرەنسا لەو کاتەدا وڵاتی بۆرژوازی بچوک، وە مارکسیزمیش بیرو باوەڕێکی نوێ بوو .*

بڕیارکانی چۆنە دا.

کۆمۆن دەسەڵاتداریەتیەکی دیموکراسی راستەوخۆ بوو، بڕیارەکان راستەوخۆ دەدر، سەرکردایەتی ھەرەمی نەبوو، ھێزە سەرکوتکەرەکانی ھەڵوەشاندەوە، دین لە دەوڵەت جیاکرایەوە، خوێندن بە خۆڕایی کر، یەکسانی ژن و پیاو مسۆگەر کر، بێگانەکان بوونە ھاووڵاتی، شوێنی لەش فرۆشی قەدەغە کر، موچەی نوێنەران بە ٦٠٠٠ فرەنک وەک موچەی کرێکارێکی ھوشیار دیاریکرا..... .


کۆمۆن لە ڕوی بەشداری ھەمووان بە بێ جیاوازی چینایەتی و ڕەگەزی لە سەروی ١٨ ساڵییەوە لە دەنگداند، یەکەم ئەزمونی دیموکراسی بوو تاکو ئەو کاتە مرۆڤایەتی بە خۆیەوە ببینێت، کە تا ساڵی ١٩٤٤ لە فەرەنسای مەڵبەندی دیموکراسی، ژنان مافی دەنگدانیان نەبوو، کۆمۆن نمونەیەکی نۆێی دیموکراسی پێشکەش مرۆڤایەتی کرد، خەڵکی پاریس لە سەردەمی پاشایەتی و دواتریش دابەش دەکران بەسەر سێ توێژدا" نەبیلەکان،پیاوانی کەنیسە،ئەوانەی داھاتیان مام ناوەندی بوو(بورژوازی)"، توێژی یەکەم و دووەم لە باجدان ئازاد کرابوون، مافی دەنگدان بۆ ھەمووان نەبوو، بەڵام کۆمۆن کودەتایەکی شۆڕشگێڕی کرد بەسەر سیاسەتی باود، نموونەیەکی نوێی سیاسەتی بۆ یەکەمجار لە مێژووی مرۆڤایەتی پێشکەشکرد، ھەموو ئمتیازاتێکی لە چینە باڵاکان سەندەوە.


کۆمۆنە تەنھا ٧٢ رۆژ بەردەوام بوو، لەو ٧٢ رۆژە پاریس نەخەوت، نوێنەران شەو و رۆژ بە موچەی کرێکاری ھەر بیریان دەکردەوەو کاریان دەکرد.


لە ٢ نیسانەوە دەسەڵاتی تیر ھەوڵەکانی خستە گەڕ بۆ روخاندنی، بە ھاوکاری سوپای داگیرکەری پرۆسی، لە ٢١ی ئایارەوە پەلامار دەستی پێکرد، لە٢٨ی ئایار دوای کوشتنی زیاتر لە ٣٠ ھەزار کۆمۆنار کە روباری سین لە خوێنی ئەوان سور ببوو کۆمۆنە تێک شکێنر، بەڵام پەندو ئەزموونەکانی بۆ مێژوو مایەوە.

ئایا دیکتاتۆری پرۆلیتاریا مەرجی سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکارییە؟

تا ئێستا ئەو مەقولەیەی دەڵێت دەوڵەت چینایەتییە، ئامرازێکە بە دەست چینێکەوە بۆ سەرکوتی چینێکی دیکە لە ناوەڕۆکدا راستە، ئەگەریش لە نمایشدا خۆی وا نەنوێنێت و بە رواڵەت لە رێگای دەنگدانەوە وا خۆی ئاشکرا بکات لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگادا بێلایەنە، لێ ئەوا لە رێگای دەستور و یاساو راگەیاندن و دەسەڵاتی قوڵەوە چینی فەرمانڕەوا بەرژەوەندیەکانی خۆی دەسەپێنێت و بە ئاگرو ئاسن موڵکدارێتی تایبەتی و پەیوەندی بەرھەم ھێنانی چینی دەسەڵاتدار دەپارێزێت، بۆیە دەبینین ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان تەنھا گۆڕینی دەموچاوەکانە، ئەوجارانەشی قازە رەشەکەیان بۆ دەردەچێت، ئەوا دەیکوژن نموونە جیمی کۆربین و بیرنەر ساندەرز و سیریزاو ئێس پەی.....، بە گشتی ئەنجامی کایە سیاسییەکە جێگۆڕکێیەک کەمە بە خاڵەکانی بودجە نەک سستەم، بە پێی ئەو بەنجەی بۆ کۆمەڵگا سیاسەتمەدارانی چینی باڵادەست دەیبڕنەوە لەو قوناغەدا.


بە دوای کۆمۆنە دەستەواژەی دکتاتۆری پرۆلیتاریا لە زمانی رابەرانی مارکسیزمەوە ھێنرایە ناو ئەدەبیاتی سیاسی و لە زۆربەی حالەتەکاندا لە ژێر ئاڵای دکتاتۆری چینێک کە زۆرینەی کۆمەڵگا پێک دەھێنێت دکتاتۆری حیزب و کەس داسەپێنرا.


بە بۆچونی مارکس دکتاتۆری پرۆلیتاریا شێوەیەکی ڕامیارییە، لەم دوایەدا دەرکەوت، کە ڕزگاری ئابووری بۆ کار بەدەست دێنێت، ئەمەش لە کۆمۆنەدا دەرکەوت. ھەروەھا دەڵێت: لە بارودۆخی گواستنەوە لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆسیالستی، شێوەی دەوڵەت ناکرێت ھیچ شێوەیەک بێت جگە لە دیکتاتۆری شۆڕشگێرانەی پرۆلیتاریا.


ئەنگلزیش لە ناساندنی کۆمۆنەدا دەڵێت: (بەڕێزە خۆشەویستەکان، ئایا دەتانەوێت بزانن دیکتاتۆری پرۆلیتاریا چییە و چۆن خۆی دەنوێنێ؟ فەرموون چاوێک بە کۆمۆنەدا بخشێنن، لە ڕاستی دا ئەوە دیکتاتۆری کرێکاران بوو).


لینین لە پەرتووکی کاوتسکی ھەڵگەڕاوەدا پێداویستی دیکتاتۆری پرۆلیتاریا لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە: (١- سەرکوت کردنی بەرەنگاربوونەوەی ھێزی بورژواکان.٢ - ترس خستنە دڵی کۆنەپەرستان.٣ -پاراستنی دەسەڵاتی پرۆلیتاریا دژ بۆرژواکان. ٤ - تا پرۆلیتاریا بە ھێز لە دوژمنەکانی بدات.


لە دوای کۆمۆنە ناوەڕۆکی کۆمۆنە لە رێگای چەمکی دیکتاتۆری پرۆلیتاریاوە، لە ھەمەرەنگی، ئیرادەی زۆرینە، کارکردن، بڕیارانی بە کۆمەڵ، نەھێشتنی دامودەزگای سەرکوتکەرو ئیمتیازاتی چینی دەسەڵاتدار، داھێنان و پێشەنگی لە سیاسەت مرێندرا، تەنانەت مۆرکی بەشداری زۆرینەی ئانارشیستی نا دەسەڵاتداری لە سەرکردایەتی کۆمۆنە لە گۆڕنرا، ھەموو کۆمۆنە لە چەمکی دکتاتۆریەکە کورت کرایەوە، بەمەش سۆسیالستەکان بەناوی وەفاداری بۆ کۆمۆنە بەرەو روی ناوەڕۆکی کۆمۆنە بونەوە.


لە یەکەم ئەزموونی دوای کۆمۆنە، بە دوای شۆرشی ئۆکتۆبەردا، ئەو ھەموو ستایشەی کە پێشتر لینین لە پەرتووکی دەوڵەت و شۆڕشدا بۆ کۆمۆنەی کردبوو، ساڵێک بەرگەی ھەمەرەنگی پەرلەمانەکەی نەگرت و ھەڵیوەشاندەوە، کە لە ٢٥ی نۆڤەمبەری ١٩١٧ لە گەرماو گەرمی دوای شۆڕش و بڕیارە گرنەکان وەک زەوی بۆ جوتیار، ئاشتی، کار بۆ کرێکار، بەشداری ھەموووان لە ھەڵبژاردن و دەنگی یەکسان بۆ ھەمووان" پێشتر دەنگی چینە باڵاکان چەند دەنگی ھەژاران دەژمێردرا، ئەنجامدرابوو نموونە لە ھەڵبژاردنی ١٩٠٧دا خاوەند زەوییەکی دەرەبەگ بە ٢٣٠ دەنگ، کەچی کرێکارێک بە ١٢٥٠٠٠ دەنگ و جوتیارێک بە ٦٠٠٠٠ دەنگ دەچونە دۆماوە، بۆیە لە دوا ھەڵبژاردنی پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەر ٥١%ی ئەندامانی دۆما لە نوبەلا پێک دەھات" لە ھەڵبژاردنەکەدا ١٠٣ لیست بەشداری تێدا کردبوو، لە ئەنجامدا سۆسیالستە شۆڕشگێڕەکان زۆرینە بوون ٣٧،٦١%ی دەنگەکانیان ھێنابوەوە، بەلشەفیکەکان ٢٣،٢٦% ی دەنگەکانیان ھێنایەوە، دەیکردە دە ملیۆن و شەش سەت و حەفتاو یک ھەزارو سێسەدو ھەشتاو حەوت دەنگ، مەنشەفیکەکان تەنھا ٣،٠٢%ی دەنگەکانیان ھێنابوەوە.


لە کۆمۆنەوە بۆ ئێستا، زاراوەی دیکتاتۆری پرۆلیتاری، خاڵی باسی بۆرژواکان و مارکسیەکان بووە، بەردەوام لە رۆژەفی گەرمدا بووە، لە کاتێکدا ئەم دەستەواژەیە ھاتە پێشەوە، دەسەڵاتداری دکتاتۆری موتڵەق لە زۆرینەی جیھان بە پراتیک پیادە دەکر، کەچی بۆرژوازی دژی چەمکی دکتاتۆری پرۆلیتاریای زۆرینەی کۆمەڵگا بوو، ھەڵبژاردن لە جوگرافیایەکی بچووکی جیھان تەنھا بۆ پیاوانی چینە باڵاکان بوو، کرێکاران و رەنجدەران بەشدارییان زۆر لاواز بوو لە ژیانی سیاسی یان ھەر نەبوو، گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ھێواش بوو، شۆڕشی پیشەسازی سێ و چوار و لێکەوتەکانی نەبوو، خەباتی سیاسی سەرکوت دەکر، بریکاریا ناویشی نەبوو،......لە بارودۆخێکی وادا کە دکتاتۆریەت باڵی بەسەر جیھاندا کێشابوو، کۆمۆنە لە بەرامبەر دکتاتۆری چینە باڵاکانی دەرەبەگ و سەرمایەداران لە جیھاندا، شێوە حکومەتێکی دیکەی ھینایە پێشەوە، تەواو پێچەوانەی ئەوانە، لێرەدا ھەژاران دەسەڵاتدارن ناونرا دکتاتۆری پرۆلیتاری، کە وەک لەشکرەکەی سپارتاکۆس زەبروزەنگی پیادە ناکرد، دڵی گەورەو بە بەزەیی بوو، کە لە ناوەڕۆکدا زۆر دیموکراسیانەو مرۆڤ دۆستانە بوو، تەنانەت حوکمی ئیعدامی تێدا ھەڵەشابوەوە، گفتوگۆی سیاسی لە لوتکەدا بوو، زۆر کۆڕوکۆمەڵە لەو ماوەیەدا پێک ھاتن، رۆژنامە داخراوەکانی پێشوو ئازادی کارکردنیان پێ درایەوەو ئازادی بێ قەیدو شەرتی سیاسی زەمانەت کرا جگە لە دژە شۆڕشان، بۆیە ھەموو ئەو پراتیکانە لەگەڵ بەکارھێنانی چەمکی دکتاتۆری یەک ناگرێتەوە.


ھەرچەندە ھەنووکە چەمکی دیکتاتۆری پرۆلیتاری، بێ ئەوەی ڕابگەیەنرێت، بەشی زۆری پارتە مارکسی و کۆمۆنیستیەکان جیھان، لە ئەدەبیات و بەرنامەی خۆیان لایان داوە.


ئەگەر مارکس پاش کۆمۆنە، لە ئەزمونی ئەو دەسەڵاتەوە چەمکی دیکتاتۆری پرۆلیتاریای ھێنایە ناو ئەدەبی مارکسیزمەوە، ئایا دوای ڕوخانی شورەوی و کامپی خۆرھەڵات و ئەو پێشەوە چونانەی دیموکراسیەت لە بواری یاسای ھەڵبژاردن و بەشداری ھەمووان تیایداو زەمانەتی بەشێکی باش لە ئازادییەکان ناویەتی، وە ناشرینی و قێزەونی چەمکی دکتاتۆری، و خراپ بەکار ھینانی چەمکەکە لە رابردوودا بەناوی مارکسیزمەوە کە دەریایەک خۆێنی بەھۆوە رژێنراوە، ئەمڕۆ مارکسیش لە ژیاندا بووایە، ھەوڵی گۆڕینی چەمکەکەی دەدا، رایدەگەیاند کۆمۆنە نموونەی دیموکراسی راستەوخۆی پرۆلیتاریایە.
کۆمۆنە قازە رەشەکەی دیموکراتی و دادپەروەری بوو، ئەوپەڕی دیموکراسیەتی تێدا جێبەجێ کر، تا ئێستا پاریسیەکان کە قیبلەنەمای بیرکردنەوەی داھێنەرانەن لە سیاسەت لە جیھاندا پێی نەگەیشتوون، بۆیە پێویستە دەستەواژەکە بگۆڕێت، ھەرچەندە دەشێت بۆ ھەندەک ئەمە کفرە گەورەکە بێت.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک