دکتۆر مه‌حمود نانیش ده‌خوات و ناندێنیش ده‌دڕێ.
سه‌ردار پشتده‌ری
ئێمه وه‌ک ره‌نجه‌ڕۆیه‌کی کورد، له‌به‌رامبه‌ر هه‌لوێستی سیاسی هه‌ڵه راده‌وه‌ستین و هیچی تر رێگا به خه‌ڵکانێکی دۆڕاوی سیاسیش ناده‌ین چاوی کورد ببه‌ستێ درۆ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌که‌مان بکات و راستیه‌کانیش ئاشکرا ده‌که‌ین. په‌ندێکی پێشینانی کورد هه‌یه‌و ده‌ڵێ: (نانیش ده‌خواو نان دێنیش ده‌دڕێ)، ئه‌و په‌نده بۆ ئه‌و خه‌ڵکه سپڵانه دانراوه که ده‌بنه میوان له ماڵێک و تا تێر ده‌خۆن هیچ قسه‌یه‌ک ناکه‌ن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی که تێریان خوارد پاشه‌مله ده‌ست ده‌که‌ن به قسه‌ی ناشیرین به خاوه‌ن ماڵ.
دکتۆر مه‌حمود وه‌ک سیاسه‌تمه‌دارێکی دۆڕاو و موفته‌خۆر، هه‌ر له سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه تاکو ئه‌مڕۆ، ملی هه‌زاران کوردی به شکاندن داوه‌و بۆخۆشی نه سه‌رماو گه‌رمای چاشتووه‌و تاکه که‌سێکیش له بنه‌ماڵه‌که‌یان توشی هیچ ده‌رده‌سه‌ریه‌ک نه‌هاتوه، ده‌وری خۆ ره‌پێشکه‌ری بینیوه‌و ده‌ستی کردوه به خواردن تاکو تێری خواردوه‌و له‌دوایشدا ئاوازێکی تری به‌کار هێناوه بۆ خواردن به بارێکی تردا، دکتۆر مه‌حمود قسه نه‌هێنیه‌کانی له ژوره تاریکه‌کاندا زۆر جیاوازه وه‌ک له به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا.
ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له رابردووی بده‌ینه‌وه، دکتۆر مه‌حمود به دووزمانی به‌رامبه‌ر به ده‌سته‌ی برایم ئه‌حمه‌دو جه‌لال تاڵه‌بانی خۆی له مه‌لا مسته‌فا نزیک کرده‌وه‌و خۆی کرده قه‌ڵه‌م و سیاسه‌تمه‌داری مه‌لا مسته‌فای بارزانی، له ساڵی 1965 وه بۆ ساڵی 1975 دارێژه‌ری هه‌موو رێوشوێن و سیاسه‌ته‌کانی مه‌لا مسته‌فای بارزانی بوو تا گه‌یشته پله‌ی سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان، چاو ساغ و ها‌و سه‌فه‌رو سفره‌ی مه‌لا مسته‌فا بوو بۆ تاران و ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریکاو به‌غدا، به‌ڵام که هه‌ره‌سی 1975 هاته کایه، به نامیلکه‌یه‌ک خۆی پاک کرده‌وه‌و هه‌موو کاره‌ساته‌کانی خسته ملی مه‌لا مسته‌فاو کوڕه‌کانی، دکتۆر مه‌حمود به‌و نامیلکه جێ پێی خۆی خۆشکرد له‌لای جه‌لال تاڵه‌بانی و هه‌ندێ له که‌سایه‌تیه‌کانی ده‌ورانی شۆڕشی ئه‌یلول که له بناری قه‌ندیل کۆبووبوونه‌وه. دکتۆر مه‌حمود ماوه‌ی سێ ساڵ له بناری قه‌ندیل مایه‌وه تاکو دوبه‌ره‌کیه‌کی تازه‌ی ساز کرد‌و ده‌سته‌یه‌کی له جه‌لال تاڵه‌بانی جیا کرده‌وه به ناوی حیزبی شۆسیالیستی کوردستان، دکتۆر مه‌حمود له‌سه‌ره‌تادا وای زانی بۆخۆی ده‌بێته سکرتێر و سه‌رۆکی ئه‌و حیزبه تازه‌یه‌ی شۆسیالیست، به‌ڵام که له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌نگی نه‌هێنا، دووباره له‌وێش ده‌ستی کرده‌وه به ناندێن دڕاندن و قوڵکردنی ناکۆکی له نێوان شۆسیالیست و جه‌لال تاڵه‌بانی، ئه‌نجامه‌که‌شی گه‌یشته ئه‌وه‌ی که به هه‌زاران شۆڕشگێر له‌و شه‌ره ناوخۆیه‌ی شۆسیالیست و یه‌کیه‌تیدا له‌ناو چوو، له گه‌رمه‌ی شه‌ڕه‌که‌دا بۆخۆی بۆی ده‌رچوو و رۆیشت بۆ سوریا‌و له وێوه ده‌ستی کرد به پڕۆپاگنده‌ی ناره‌زایی ده‌ربڕین له شه‌ڕی خۆ به‌خۆ، که گه‌یشته له‌ندنیش ده‌ستی کرده‌وه به خۆ ره‌پێش کردن له برایم ئه‌حمه‌دو جه‌لال تاڵه‌بانی مه‌سعود بارزانی، توانی کارێکی وا بکات که هه‌ردوو لایان چاوبه‌ست بکات و خۆی بکاته‌وه به چاوساغی سیاسی هه‌ردوو لاو له‌م لایه‌شه‌وه هه‌ر خۆی به شۆسیالیست له قه‌ڵه‌م ده‌دا.
دکتۆر مه‌حمود وه‌ک خۆی به ئاشکرا ده‌ڵێت من هه‌موو کا‌تێک له‌گه‌ڵ گفتوگۆم له‌گه‌ڵ داگیرکه‌رانی کوردستان دا، رۆڵێکی گه‌وره‌ی بینی له‌و گفتووگۆیه بێ ده‌ستکه‌وته‌ی به‌غدا له ساڵی 1991، له ده‌ورانی راپه‌رین دا هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی سه‌رۆکایه‌تی شۆسیالیستی ده‌دا، ئه‌و هه‌وڵه‌شی بوو به هۆی دابه‌شبوونی شۆسیالیست و هه‌ڵوه‌شانی، کا‌تێک که دکتۆر مه‌حمود خۆی ناونوس کرد بۆ سه‌رۆکایه‌تی کوردستان و ده‌نگێکی به‌رچاوی نه‌هێناو هیچ وه‌زیفه‌یه‌کیشیان نه‌دایه، جارێکی تر جانتاکه‌ی پێچایه‌وه‌و هاته‌وه له‌نده‌ن.
له هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی خۆبه‌خۆدا، دکتۆر مه‌حمود خۆی کرد به دکتۆری ده‌رمان کردنی شه‌ڕی خۆ به‌خۆو نه‌شی توانی بۆ سه‌عاتێکیش شه‌ڕه‌که رابگرێ، دکتۆر ئه‌و نێوانچیه‌ی شه‌ڕه‌ی خۆ به‌خۆی کرده ڤیتامینی خۆ ژیاندنه‌وه‌و خۆ نزیک کردنه‌وه له جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود به‌رزانی، مام جه‌لال و کاک مه‌سعودیش بۆ لاواز کردنی شۆسیالیست و ره‌سول مامه‌ندی سکرتێری شۆسیالیست، به‌خێرهاتنێکی گه‌رمی دکتۆر مه‌حمودیان ده‌کرد تاکو به ته‌واوی شۆسیالیستیان له‌ناو خۆیاندا توانده‌وه.
له به‌ر ئه‌وه‌ی له ساڵی 1975 وه تاکو 2003 دکتۆر مه‌حمود به‌رده‌وام دژی ئه‌مه‌ریکا قسه‌ی ده‌کردو خوێنی خۆی شیرین کردبوو له لای چه‌پی کورد، مام جه‌لال و کاک مه‌سعود کردیانه کارمه‌ندی خۆیان له به‌غداو له ژێر ئاڵای ئه‌مه‌ریکاو عێراقدا دایان ناو کردیان به قسه‌که‌ری کورد خڵافاندن بۆ ده‌نگدان بۆ عێراقچیه‌تی و دروست کردنه‌وه‌ی عێراق، له سه‌مینارێکدا له‌سه‌ر پاڵتاکی ئینته‌رنێت که داوای له خه‌ڵک ده‌کرد بۆ ده‌نگدان بۆ دروستکردنه‌وه‌ی عێراق، لێم پرسی ؟ ئه‌رێ دکتۆر ئێستا تۆ داوا له‌و خه‌ڵکه ده‌که‌ی بۆ ده‌نگدان، ئه‌ی ئه‌گه‌ر خه‌ڵک ده‌نگی دا‌و به‌غداش هیچی بۆ کورد نه‌کرد ئێوه چی ده‌که‌ن؟، له وه‌ڵامدا ووتی خۆ به گوریس نه‌یان به‌ستوینه‌وه، به‌غدا به‌جێ ده‌هێڵین و دێنه‌وه ناو میله‌تی خۆمان، وا چوار ساڵ تێپه‌ڕی و به‌غداش هیچی بۆ کورد نه‌کردو کاکم هه‌ر له به‌غدا خه‌ریکی وه‌گرتنی موچانه‌که‌ی خۆیه‌تی. له‌و هاتووهوتی ئه‌و دواییه‌دا که ده‌نگی چه‌پی کورد به‌رز بۆوه دژی ئه‌مه‌ریکاو کاک مه‌سعود مانی گرت له دیتنی وه‌زیری خاریجه‌ی ئه‌مه‌ریکا، جارێکی تر دکتۆر مه‌حمود به ئاوازی چه‌پی کورد قسه ده‌کات و پشتیو‌انی له هه‌ڵوێسته‌که‌ی کاک مه‌سعود ده‌کات و ده‌ڵێ ده‌بوو کورد پێشتر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی نواندبایه، دکتۆر مه‌حمود که له 2003 وه تاکو ئه‌مڕۆ زیاتر له یه‌ک ملوێن دۆلاری موچانه له ئه‌مه‌ریکا وه‌رگرتوه، بێجگه له قاچ و قوچی لابه‌لا به‌ناوی حه‌ره‌س و سه‌فه‌ر و دیاریه‌کانی مامه‌و کاکه، که ئێستا جه‌نابیشی یه‌کێکه له ملوێنه‌ره‌کانی کورد‌و تاکه دۆلارێکیشی نه‌داوه به که‌س، دوای ئه‌وه‌ی بۆته ملوێنه‌رو ده‌شزانی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌و موچانه‌که‌ی ده‌بڕرێ، ده‌ستی کردوه به ناندێن دڕاندن و دژی ئه‌مه‌ریکا قسه ده‌کات !، جه‌نابی دکتۆر ئه‌گه‌ر به‌راسته‌و به په‌رۆشی بۆ کێشه‌ی کورد، ده تۆش له سه‌ر کێشه‌ی که‌رکوک ده‌ست له وه‌زیفه‌که‌ت هه‌ڵگره‌و نه‌عله‌ت له برا ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی به‌غدا بکه.
ئێمه پێمان وایه سه‌رکردایه‌تی ئه‌و حیزبه کوردیانه ناتوانن ده‌ستکه‌وتی سیاسی بۆ کورد به‌ده‌ست بهێنن و هه‌ڵه‌کانیان ده‌بێته دوپشک و به کورده‌وه ده‌دات، هه‌ڵوێسته‌که‌ی کاک مه‌سعودیش له به‌رامبه‌ر به وه‌زیری خاریجه‌ی ئه‌مه‌ریکا کارێکی هه‌ڵه بوو و به به‌رژه‌وندی داگیرکه‌ران ته‌واو بوو، ئه‌مه‌ریکا له سه‌ره‌تادا ده‌یگوت من ئاگاداری ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی تورکیا نیم، به‌ڵام دوای مان گرتنه‌که‌ی کاک مه‌سعود، ئه‌مه‌ریکا به ئاشکرا پشتیو‌انی خۆی بۆ تورکیا ده‌ر بڕی و داری بێمنه‌تی هه‌ڵگرت، جا با بزانین کورد چی پێ ده‌کرێت له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ریکا، دکتۆر مه‌حمود تاکو ئێستا بۆخۆی له ناوچه‌ی سه‌وزی ژێر ده‌ستی ئه‌مریکاییه‌کان (Good Morning) به‌یانیت باش له ئه‌مه‌ریکا ده‌کات و جارجاره‌ش له ژوره تاریکه‌کان له‌گه‌ڵیان داده‌نیشێت، به‌ڵام لێره‌شدا ده‌ڵێ: به بۆچوونی من هه‌ڵوێستی له‌م شێوه‌یه كاریگه‌ری پۆزه‌تیڤی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان كورد و ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت چونكه ئه‌مه‌ریكا له‌وه تێده‌گات كه كوردیش سنووری هه‌یه و ناتوانێ به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاری ئه‌مه‌ریكا بكات.
http://www.peyamner.com/details.aspx?l=1&id=39812
21 – 12 – 2007 له‌نده‌ن
|