٢\١٢\٢٠١٦
دڵ
بۆتە پشیلە.

عەبدولموتەلیب
عەبدوڵا
لە راستیدا باوەڕم
بە ھیچ نییە
تازە دنیا خۆش ناکاتەوە
بەڵام وا خۆم نیشان دەدەم
وازم لە خەمان ھێناوە
ئەوە منم
رێک پێچەوانەی مردن دڵم چاوەڕوانی دەیبا
بەڵام باوەڕم بە ھیچ نییە
دەزانم دڵ نائارامە
وەک ئەوەی کەسێ لە دەرگا بدا و بڵێ
لە خەو ھەڵسە دنیا دەڕوا
قاچەکانم لە ھیچ دەئاڵێن
دەرگا دەکەمەوە پشیلەیەک دەمیاوێنێ
گوێ لە پشیلە دەگرم
وەک ئەوەی گوێ لە دڵ بگرم
دەڵێم ھیچ نییە
تازە دڵ خۆش ناکاتەوە
دەزانم ناتوانم واز لە خەمان بێنم
دەگەڕێمەوە وا خۆم دەردەخەم ھیچ نەبووە
دڵ لەبن خەمان دەناڵێ
چاوی پشیلە لەبن تاریکی دەتروسکێ
تازە خەیاڵ خۆش ناکاتەوە
وەک ئەوەی بڵێم بڕوام بە ھیچ نییە
خەو دەمباتەوە
لە خەونمدا دنیا دەڕوا
رووم لە تاریکی وەرگێڕاوە
نازی پشیلە دەکێشم
دەرگا دەکەمەوە
رێک پێچەوانەی تاریکی دڵ دەمیاوێنێ
دەڵێم ھیچ نییە
دڵم بۆتە پشیلە.
١٦\١٠\٢٠١٦
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|