په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١٢\٢٠١٣

    دڵێک لە شەونمی درەخت.


کەژاڵ ئیبراهیم خدر

١
لە ئاسمانى پڕ گوڵاڵەی عەتری
خەمەکانما
بووى بە فرمێسکی نارنجی
بووی بە شەرابی سەر لێوم
کەچی نەبووى
بە نمەی شەوی باران و
بەسەر لاشەمدا تینووما ببارى.


٢
تۆ دەرگاى ئاسمانێکی، پڕ ئەستێرەی
گوڵێکی ئەرخەوانی دەدەیت
لە پەڕەی رۆحم
ئەگەر سەمای پەنچەرەی دڵم
ببێتە گوڵە هێرۆی سپی چاوەڕوانی
ببَیتە بووکە بەفرینە و
ببێتە کانیاوێکی گەش
بیرت نەچێ.


٣
حەز دەکەم تۆ هەر سەما و
سیمای بەفربیت
تا سپێتى و سادەییت
لە نێو دڵما بنووسمەوە
لە توانەوەدا ببى بە من
رۆبچتە دەریاى شیعر و
بۆنی نمەی باران
یان ببە پەلکەزێڕێنە
یاخود ببی بە خانەخوێ.


٤
شەوێکى گەش و زیوین بوو
ملوانکەى ئاسۆی دەریای
دڵت پچڕا
زۆر ماندووم بووم
دەنکەکانیم کۆکردەوە
کردمە ملم
خەمەکانم پێ بەبادا.


٥
پێنووسەکەم بە ئەسپایی
دەپارێتەوە و
تکای شەماڵی زیوینی
وشەم لێ دەکا و
پێم دەڵێ
هەر شیعرى دڵداریی بنووسم و
نەچم بە لاى سیاسەتدا
تریفەى مانگى هەنگوینى
خۆشەویستیی هەڵدەوەرێ و
کڵپەى ئاگر بە جەستەدا.


٦
دەڵێن تۆ شاعێرێکى جوان و
خۆشەویستی و یاخیت
منیش دەڵم ئەگەر پەپوولەی وشەکانم
ئەو وێڵ بوونانەی نەبووایە
هەرگیز نەدەبووم بەو رێگایە
گەر تاریکیی شەوی ئەنگوستەچاوم
نەدیبایە
نەدەبووم بە تریفەی مانگەشەو
نەدەبووم بە باوەشی رێگایەکی سەخت و
رووناکیی رۆژ، بەم چرایە
چراش لە نێو چاوانی
دیدەی تۆدایە.

 
٧
دیاریەکی بچکۆلانەت
بە ورشەی گەڵای پایزدا بۆ ناردبووم
ملوانکە بوو
کردمە ملم
ئەگەر جارێ وا رێکەوێ
زۆر پەست ببم و تۆ هیچ نەڵێی
ئەو دەبێتە سەمفۆنیایەکی پڕ لە ئاواز و
ملوانکەش هیوا و زەردەخەنە دەبەخشێ.


٨

تاڵە فریشتەییەکانی سپیەتی
قژتم بدەیە
با لە ناو ئاسمانی چاوەکانم
بیانکەم بە ژێ
بیانکەم بە گوڵی رایەڵەی ئاواز و
پەنجەی نەرم و نیانی تۆ بیانژەنێ.


٩
چاوت، بزە و زەردەخەنەی لێوەکانت
میهرەبانی شیعرمە و
تنۆک تنۆک
بەرائەتی پەڕوای شیعر دەینووسێ
هەر کاتێک بیەوێ
سەوزایی قەلەَم دەنووسێ
هەندێک جاریش
دەبێتە زریان و
چاوەکانت.. گەش دەکا و
سۆزی دڵم داتدەپۆشێ.


١٠

نازانم تۆ بۆ دەتەوێ
سەرەتاى وەرینی
ورشەی گەڵاکانی پایز بێ و
هەناسەی ئازار بپشکوێ
نازانم بۆ دەتەوێ
وەرزی جریوەی بەهار بێ و
بزە و خەندەیەک بتگرێ
من دەمەێ هەناسەمت تێکەڵ بکەم
بتکەمە
چوار وەرزی سروشتی ساڵ
باڵات شیعرەکانم داتپۆشێ
خۆشەویستیی مانگەشەوی
بریسکەی هەورە تریشقە و
گزنگی خۆری ئاوابوون بتنووسێ.


١١

دوو عاشقین
دوو چڵە رەیحانەی رەشین
دوو کەژاوەی رووبارێکی سەرەڕۆین و
بە ئەندازەی گوڵە نێرگز
بە یەک بگەین
دەبین بە سێ
تۆ ببە بە کانیاوی دڵم و
منیش نمەی بارانی چاوی تۆ
تۆ رووبارێکی مەنگ بەو
منیش دەریایەکی هێمن
دەبینە یەک سەرچاوەی شیعر و
لە ناخمانا تەرزەی بارانی
عەشق دەپشکوێ.


١٢
کاتێ تۆ بووى بە سەوزایی باخێک
منیش دەبم بە چرای گەش
دەبم بە گەڵای وەرینی خونچەی
خۆشەویستییت
دەبم بە ئاوازێکی بێدەنگ
دەبمە شنەی شەماڵی رۆحت
دەبمە سەمفۆنیای شەوێکی
پڕ ئاهەنگ.

 
١٣

هەندێک جار
گوڵێکى جوان و نەشمیلەی
لە ناو لەپی
دەستە نەرمونۆڵەکانی
دەستمدا هەڵدەوەرى
دەکەویە بازنەى شەوێکی کپەوە
دەمەوێ بتکەمە دڵۆپێ
لە گوڵاوی یادگارییەکانی رۆحم و
تۆ بۆ من ببە بە چۆڕاوگەی
بن گوێسەبانەی ناکامی عەشقی.

 َ
١٤

پەڕوای فرمێسکەکانتم بۆ بکە شیعر
نەخشابێ بە وردە پەپوولەی
سپێدەی ئەستێرەی ئەسرینی چاوەکانت
پڕیکە لە بریسکەی وردە شەونم
بیکە بە شەماڵی بەیانیانی وەنەوشەیی
منیش پەراِوێکت بۆ دەکەم
لە پەلکەگیای دارچنارێکی غەمگین
کە وەرزی گەڵاڕێزان و
دابڕانی پایز هات
دەیکەمە ئاسمانی باڵای
زەردەپەڕی ئێوارانی عەشقت
دایدەماڵم لە بەرگی خەفەت و
بیسرمەوە ئەسرینت.


١٥
من هەمیشە تەنهام
وەک شەپۆلی دەریای بێ ناونیشان
وەک کانیاوێکی بێ نمەی باران
من باڵام بۆتە مەلێکی پێکراو
دەریای دڵم هەرگیز
ئۆقرە ناگرێ و ناخەوێت و
خەوی نایە
نازانم کەی دەریای باڵام
بە رووباری باڵات دەگا
بیرم نایە و بیردەکەمەوە
لە کەیەوە لەگەڵ مایە.

 
١٦
کە جگەرە لە نێو لەپی دەستما
دادەگیرسێنم
ژینم پڕ دەبێ لە خەیاڵی باڵندە
باڵندە دەبێ بە چرۆی شیعر و
هەناسەی تەزیووی دڵیشم
بەرەو ئاسمان
وەک چۆلەیەکی تەریوو هەڵدەفڕێ
کەچی دەریا وەکو دڵی من وایە
قەت ئازاری خەمەکانی لە من ناچێ.


١٧
ویستم سەردانی هێشووە ترێی
باخی چاوانت بکەم
بە بەستەیەک بتلاوێنمەوە
دەستت بگرم
لەگەڵتا بێم و بچم
لەگەڵ تاوەبارانێکی ناوەختا
لەودیوو لقی شۆڕی دراهەنارێ
بتکەم بە چرای شەرابی رۆحم و
ببیە بارانێکی رەنگاڵە و
شەونم بەسەر رووماندا ببارێ.


١٨

من نامەوێ هەرگیز بەهرەی
گوڵی وشەکانی شیعرم
کۆتایی بێ
من نامەوێ ژیان منی بیرچێتەوە و
ژیانیش بکەم بە دۆزەخێ.
 

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک