په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٨\٢٠١٨

دڵێک پڕپڕی حەسرەت.
- ناساندن و سووکە ھەڵسەنگاندنێک بۆ بەرھەمی ھۆنیارێکی ھەورامانی -

هۆمەر        

کلیلە وشە:
مورید، حەسرەتو دڵی، ھەورامان، ھەجیج، کۆسەی ھەجیج.


کورت و پوخت:
چاپ و بڵاوبوونەوەی ھەر جۆرە کتێب،بڵاڤۆک و ئەلبۆمێکی ھونەری بە زمانی کوردی لە ناوچەی ھەوراماندا پرس و ڕووداوێکی دڵخۆشکەر و ھیوابەخشە و ڕێ بۆ سبەی گەشتریش ھەموار دەکات و لەو لاشەوە پێوەرێک دەبێت بۆ ئاستی گەشەی چاندیی لەم ناوەدا. ھەروەھا بەڕێوەچوونی ھەر جۆرە کۆڕ و کۆبوونەوە،کۆنسێرت و فێستیڤاڵێک سەبارەت بە ئەدەب،مێژوو،ھونەر،فەرھەنگ و زمان و ڕێزنان لە کەسایەتییە فەرھەنگییەکان،ئاسۆیەکی ڕوونتر دەخاتە بەردەممان و تەکانێک بە جووڵە و بزاڤی فەرھەنگی لەوێندەرێ دەبەخشێت. ئەم چەند دێڕە کورتە سەرەتایەک بوو بۆ گەشتێکی خێرا بە نێو بەرھەمی ھۆنیارێکی ھەورامانی دا و ناساندنی زێتری بە خوێنەری کورد زمان.


دەستپێک:

 


ھەورامان بە گشتیی و ھەر کامە لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی ئەم ناوە خاسما "ھەجیج"، ھەر لە کۆنەوە لانکە و مەکۆی وشیاریی و بیر و ھزر و ڕامان بوونە و خەڵکانێکی وریا و گەلپەروەر لەم ناوەوە سەریان ھەڵداوە و بوونەتە سەرچاوەی ڕاژە و خزمەت بە فەرھەنگ و کولتووری دەوڵەمەندی کوردی. ئەم ڕەوتە تا بەمڕۆ ھەر درێژەی ھەبووە و ھەنووکەیش،ئەم دەڤەرە،یەکێکە لە ناوەندە گەش و چالاکەکانی ڕۆشنبیرییلە ھەر ھەموو کوردستاندا و سەدان مرۆی بلیمەت و ژیر لەم ناوەدا بوونەتە چرا بۆ گشت کوردستان.


ڕاستە ئەو زێد و وارگەیەی مرۆ تێیدا لەدایک و پەروەردە دەبێت،دەوری سەرەکی لە پێگەیاندنی کەسایەتی ئینساندا دەبینێت بەڵام دواتر کەسایەتییەکان تەنێ ھەر خۆ لە نێو بازنەیەکی سنووردار و بەرتەسکدا نابیننەوە و دەبنە مڵک و سامانی نەتەوەیەک. لێرەوە چوارچێوەکە بەرفرەوانتر دەبێت و سیما درەوشاوەکان،شانازی بۆ میللەتێک دێنە ئەژمار.


شاعیر و کۆمەڵ.


بە درێژایی مێژووی ئەدەبی کوردی،شاعیری کورد تەنێ ھەر فۆرم و تەکنیکە شێعرییەکانی لا مەبەست نەبووە و بەرانبەر بەو غەدرە مێژوویییە لە کورد کراوە،دەنگی بڵندی خۆی ھەڵبڕیوە و بۆ بە زمانداھێنانی ئارێشە و گرفت و کێشەکانی نێو کۆمەڵگەکەی،پەنای بردۆتە بەر زمانی شێعر. لە ڕاستیدا جاران شاعیری کورد، ھەم کۆمەڵناس، ھەم دەروونناس و ھەر بۆ خۆیشی شارەزای بواری پەروەردە و ئایین بووە و بۆ خۆی ڕێکار و ڕێگەچارەی بۆ چارەسەریی کێشەکان پێشنیاز کردووە. ھەر بۆیە بەشێکی شێعری کوردی دەچێتە ھەمان خانەوە. واتە کورد ئەوەندە گەلێکی گوزەرانباش و ئاسوودە نەبووە کە شاعیر تەنێ خۆ بە زمانی شێعر و وردەکارییەکانی دونیای شێعرەوە ببەستێتەوە. ھەڕەشەی سەر زمانی کوردی لێرە و لەوێ و پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی ھەر جۆرە بەرھەمێک بە زمانی کوردی،شاعیری ناچار کردووە ئەو ڕێگەیە بگرێتە بەر. بە واتایەکی دیکە، لە ڕاستیدا شاعیری کورد بە جارێ چەندان ئەرکی لە سەرشان بووە،ھەر بۆیە ئاسایی دەبێت کە بەشێکی شێعری کوردی ئاوێتەی پرسە کۆمەڵایەتییەکان بێت و شاعیر نەتوانێت پشت لە خەم و کێشەکانی جڤاکەکەی بکات و بەرانبەر دۆزینەتەوەکەی و دۆخی ژیانی گەلەکەی،کەمتەرخەم بێت. زۆر جار ئێمە لە ڕێی شێعری کوردییەوە بە مێژوو، جوگرافیا، زمان، کولتوور، سامانی فۆلکلۆر و شۆڕش و بزووتنەوە کوردییەکان ئاشنا دەبین. ئەمە بە یەکێک لە کارکرد و دەسکەوتە سەرەکییەکانی شێعری جاران و بگرە ئێستای کوردیی دادەنرێت کە ھێشتاکەیش بەدرەوەستبوون بەرانبەر دۆزی نەتەوەیی لای شاعیری کورد گەلێک گرینگە. چونکە ھێشتا ئەم گەلە بەدەست سەدان کەند و لەندی سەرڕێ و ئارێشەوە ناڵانە.


"حەسرەتو دڵی".


ئەم ماوەیە بەرھەمێکی ئەدەبیی ھۆنەرێک لە ھەورامانم بەردەست کەوت بە ناوی "حەسرەتو دڵی". پاش خوێندنەوە و وردبوونەوە لە ھۆنراوەکانی ئەم ھۆزانە کوردە، لە یەکەم نیگادا ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام، خودی ناوی کتێبەکە بوو کە ڕاست لەگەڵ دونیای ھۆنەر و ناوەڕۆکی ھۆنراوەکانیدا تەبا و گونجاوە و حەسرەتێکی سەیر، خۆی بە ناخی ھۆنیاردا شۆڕ کردۆتەوە. پێش ئەوەی ئاوڕێک لەم بەرھەمە شێعرییە بدەمەوە،پێویستە ئیشارەتێک بە ھەوڵ و ماندووبوون و پێشەکییە شیاو و بەپێزەکەی شاعیر و نووسەر،بەڕێز "کەیھان عەزیزی"بدەم کە وا ھەست دەکەیت لەگەڵ خودی ھۆنراوەکاندا ژیاوە و ژیرانە و ورد بەرھەمەکەی ھۆنەر ھەڵدەسەنگێنێت.تێڕامان و خوێندنەوەی ھۆنراوە بە ھۆنراوەی"حەسرەتو دڵی"،جێ پەنجەیئەم بەڕێزەی پێوە دیارە و دەسەلمێنێت کە چەندە خۆی بەم بەرھەمەوە خەریک کردووە و تا چەندە لەسەر ھۆنراوەکان ورد بووەتەوە. خوێندنەوەی پێشەکییەکەی ئەم بەرھەمە ئەدەبییە بۆ خۆی ئەو ڕاستییە دەردەخات.مەبەستی ئەم دێڕانە ڕووی لە ھۆنیاری ھەورامانی "ئۆسمان ڕەحیمی" بە نازناوی "مورید"ە. ئەگەربمانەوێت پۆلێنبەندی شێعرەکانی مورید بکەین،دەکرێت بێژین بەشی فرەیان دەچنە خانەی گازە و موناجات و شێعری ئایینی،خۆشەویستی بەرانبەر نیشتمان بە گشتیی و ھەورامان و ھەجیج بە تایبەت ،حەسرەت، خەم و تەنیایی، مۆچیاری و پەند و وانەی ئەخلاقییەوە.


ناسنامەی شاعیر.


خوێنەر بۆ ئەوەی باشتر ھۆنیار بناسێت،بە خوێندنەوەی ھۆنراوەی"موریدی بژناسە"،ناسنامەی خودی ھۆنەری بۆ دەردەکەوێت یان لە ڕاستیدا دەکرێت بڵێین ئەم ھۆنراوەیە ناسنامە بۆ ھۆنیارەکە تێیدا باس لە سەرەتاکانی ئاوێتەبوونی خۆی بە دونیای تۆرە و ئەدەبی کوردی دەکات.
ساڵی حەفتاودوو دەسم پەنە کەرد
جە بواری ئەدەب،عومرم وەسەر بەرد
ئەوەڵین شێعرم پەی کوڕێم "سەیوان"
من جە کرمان و ئاد جە کرماشان(ل ٢١٦)


ھۆنیار و ئەدەبی کلاسیک.


ڕاستیت گەرەکە ھۆنەر ھێشتا نەیتوانیوە لە بن کارتێکەری دەسەڵاتی شێعری باڵادەستی کلاسیکی کوردیی بە دیالێکتی ھەورامی خۆی قوتار بکات. ئەم پرسە تەنێ ڕووی لە مورید نییە و ھەتا ھەنووکە شاعیرێکت پێ شک نایە توانیبێتی خۆی لە بن نسێیگەورە شاعیرانی وەک مەولەویی تاوگۆزیی،بێسارانی و ... ڕزگار بکات و سنووری وان ببەزێنێت.دەیان ھۆنراوەی موریدیش لە بن کارتێکەریی مەولەویی تاوگۆزیی و میرزا ئەولقادر پاوەیی و گەلێک شاعیری دیکەدایە."وەڵات گوڵزارەن"،یەکێکە لەو ھۆنراوانە.
وەھاران ،واران،گوڵێ کەرۆ ماچ
بڵبڵ وێش کەردەن بە گۆرانیی واچ
شنەی شەماڵش، دەوای دەروونەن
شیفای زامەکەی جەسەی زەبوونەن
چەمەن چیمەنەن، شاخەن، شەتاوەن
خەیمەی گۆراڵان،پای لارە کاوەن
چریکەی بڵبڵ جە گوڵزارانەن
جە سەفا و سەیران،پەی نازارانەن
(ل ٢٣٣)


ئەم ھۆنراوەیەیش تا ڕادەیەک بۆن و بەرامەی شێعری مەولەوییمان بە ناخدا دەپژێنێت و لە بن کارتێکەری ئەم گەورە شاعیرەدایە.
با دەروون وێنەی سەماوەر جۆشۆ
ئەسرینان جە چەم، چوون سەیل خرۆشۆ
با دووی ھەناسەت بنیشۆ سەما
خاڵیی بۆ دیکو زووخاوەو خەما
حەسرەتان کۆ کۆ کەرە پەیمانە
جە دەس بێشەرتی چەرخی زەمانە
(چەند بەیتێک لە شێعری "پەی ھونەرمەندی"،ل ٢٤٢)


ھۆنراوەی "ناڵەی دڵ"،یەکێکی تر لە ھۆنەکانی موریدە کە لە بن کاریگەریەتی شێعری"دەروون زووخاڵم"ی "میرزا ئەولقادر پاوەیی"دایە؛بەم جیاوازییە کە میرزا،ئەو شێعرەی لە "ھاوار"دا نووسیوە و کوڵی ناخەکەی لە دووریی زێدەکەی دەردەبڕێت بەڵام مورید، ھاوار و ناڵەی دڵی ھەر لێرەوەھەموو لایەک دەتەنێت:
ھاوارم ھاوار، ھاوارم گەرمەن
ھاوارم جە دەس چەرخی بێشەرمەن
ھاوارم ھاوار، چەرخە! بێزارەم
ھاوارم تا کەی، ھەر خەم بۆ بارم؟
ھاوار ھاوارەن،ھەی ھاوارمەن
جە زەمانەی تاڵ، شین و زارمەن
(چەند بەیتێک لە شێعری "ناڵەی دڵ"،ل ١٥٨)


ھەورامان و ھەجیج و ھۆنیار.


بەشێکی ھۆنراوەی مورید بە ھەجیج دا دەسووڕێتەوە و تەنانەت گەر لە ھەجیجیش دوور بێت،دیسان سۆزی ناخەکەی ئاوێتەی بۆن و بەرامەی ھەجیجە و دەڵێی ھەر لەوێوە تابلۆکانی ھەورامان دەخاتە بەر چاوان.


مورید لە ھۆنراوەی "ھەورام و فەرھەنگش"، ئاماژە دەداتە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی خەڵکی ھەورامان. ھەروەھا لە چەندان ھۆنەدا وێنەی وەرزە جیاوازەکانی سرووشت لە ھەورامان دەکێشێت و زێتریش وەسفی بەھار و پایزی ھەورامان دەکات.


شای گۆرانیبێژانی ھەورامان ،ئۆسمان ھەورامی لای مورید خاوەنی سەنگێکی تایبەتە و ڕێز لە تەمەنێک خزمەتی مامۆستایڕاستینەی گۆرانیی ھەورامی، ئۆسمان ھەورامی دەنێت و لە ھۆنراوەیەکدا وەسفی گەورەیی ئەم ھونەرمەندە مەزنە دەکات. ھەورامان و ھەجیج لە زۆربەیھۆنراەکانی موریددا ئامادەنە و پەرۆشێکی سەرەکیی ھۆنەرە و شانازی بە ھەورامانەکەیەوە دەکات:
تارێخ شاھیدی دەوری ویەردەن
ھەورام پەی ھونەر جە گردیش بەردەن
(شێعری "قەڵەم بنوویسە"،ل ٤٨)


گرینگییڕێزدانان بۆ دیالێکت و خەڵکی کۆمەڵگەکەی،یەکێکی دی لەو خاڵانەیە کە لای ھۆنەر بایەخی تایبەتی ھەیە و بە دیدەیڕێزەوە سەیری دەکات.
ھەر کەس خەڵکو وێش بە ھیچ بوانۆ
مشیۆ عەقڵی وێش بە نوقسان زانۆ
(شێعری" پەی ئا کەسیە بێڕێزیش بە زوانی ھەورامی کەردەن"،ل ١١٨)


خۆشەویستیی بەرانبەر خاک و خۆڵی ھەورامان لە ھۆنراوەی ("جە دماو قەدیمی"،ل ١٢٠) و ھەروەھا لە ھۆنراوەی ("داخی دووریی تۆ"،ل ١٧٣)نموونەی دیکە لەو پێوەندییەدا دێنە ئەژمار.


لە ڕاستیدا خاک و وڵاتی کوردان لە کوێ بێت، لای ھۆنیار خاوەن سەنگی تایبەت بە خۆیە و لای چ تۆفیر ناکات ھەورامان و ھەجیج بێتیان کرماشان و ھەڵەبجە. خاک و خۆڵی نیشتمان ئەوەندە لای مورید خۆشەویستە کە لە دەیان ھۆنراوەدا ئەم کوڵی دڵەی دێنێتە زمان.ھۆنراوەی" سڵام و ڕێزم پەی خاکو کوردەواری"نموونەی ھەرە بەرچاوە. خۆبژیوبوونی خەڵکی ھەجیج و توانای باڵای ئەم خەڵکە لە داھێنان و نوێگەری،دیسان ھۆنراوەی ھۆنیار بەرەو ھەجیج پەلکێش دەکات:
ھەجێجی قەدیم،وێش کەفاف زانان
کاڵای خارجیش،بە ھیچ نەزانان
(ھۆنراوەی "گۆشێو جە ھونەرو ھەجێجی"،ل ١٢٩ تا ١٣١)


ھەورامان ،ئەوەندەی لای ھۆنیار خۆشەویستە کە ئەڤین بەرانبەر نیشتمانەکەی بە نیشانە بۆ ئیمان و بڕوا دادەنێت:
یارەکەی ئازیز ئانەی بزانە
عێشق بە وەتەنی، نیشان ئیمانە
(ھۆنراوەی وەتەن،ل ١٦٥)


ھۆنیار،ھەورامان بە مەکۆی زانست، ھونەر و ژیاری مرۆیی دادەنێت ئەرچی ھەژاریی و فەقیری ھەمیشە دەست لەملانیەتی.
تارێخ شاھیدی دەوری ویەردەن
ھەورام پەی ھونەر،جە گردیش بەردەن
ئۆستادانی دەور،ھەورامان زەمین
مەشھوورەن پەی عام،جە عیلمی ئەمین
تارێخی واتەن،نییەن بەھانە
ھەورامان بەحری عیلم و عیرفانە ...
ھەر چن ژیوایشا مسیبەتبارەن
ھونەرشان جە لای، عالەم دیارەن
(چەند بەیتێک لە شێعری "قەڵەم بنوویسە"،ل٤٨)


دۆزی کورد و ھۆنیار.


ئەو پیلان و گەمە و یارییە سیاسییانەی بە ناڕەوا بە درێژایی مێژوو بەرانبەر کورد جێبەجێ کراون،زاری شێعریی مورید بە تیر و توانج دەکاتەوە و لە ھۆنراوەی"قەڵەمت مێڕیۆ"دا سەبەبکاران بە تایبەت وڵاتێکی زلھێزی ئیستیماریی وەک بەریتانیا کە لە خەیاڵدانی ئێمەدا بە "ئیستیماری پیر" ناودێرە،دەداتە بەر پەلامار:
قەڵەمت مێڕیۆ ئیستیعماری پیر
نەفامت زانا بە عاقڵو ژیر
ھەقت کەرد پاماڵ بە "سایکس پیکۆ"
ئیسەیچ ھەر مەزڵووم نفرینە پێکۆ
بە ناھەق چەنی فێڵبازی سەرکەش
یانەو کوردیتا کەرد بە چوار بەش
خیانەت تا کەی،کافییەن تاوان؟!
باری لار ھەرگیز مەقسەد نەیاوان
(چەند بەیتێک لە شێعری " قەڵەمت مێڕیۆ"،ل ٢٥٨)


مەینەت و چەرمەسەریی و کوێرەوەریی کوردان دڵەی مورید وەژان دێنێت و لە زۆر شێعردا سکاڵای لە دەست گەلانی دونیا و کەمتەرخەمیی بەرانبەر بەم گەلە، بەرزە. لە ھۆنراوەی"مەر نمەزانی؟!"دا دەڵێت:
مەر نمەزانی چن ھای،چن ساڵەن
کورد ھەر گیروودەی ژیانی تاڵەن
کام کوردت دیەن پاو سەیر و سەفای
غەیر جە مەینەت و ماجەرا و جەفای
عالەم مەوینۆش کوردی بێچارە
جە دەس وەحشییان وێڵەن، ئاوارە
یاوی ھەر کوردێ، داخێوە پێشەن
یام ڕۆڵەش کوشیان، یاخۆ دڵ ڕێشەن
(حەسرەتو دڵی، ل ٢٤٦)


ھۆنەر لە دەست بێ پشت و پەنابوونی گەلەکەی،ھاواری بەرزە و کوڵی دڵەی ھەر لە ڕێی ھۆنەوە دەردەبڕێت. مورید، ناتوانێت بەرانبەر ئازار و مەینەت و کارەساتەکانی سەر گەلی کورد خەمسارد و کەمتەرخەم بێت و لە کوێ غەدرێک لە ھەمبەر ئەم گەلەدا بکرێت، ھۆنیاریش دەم بە ھاوار دەبێت و سکاڵای بەرز دەکاتەوە:
مەگەر خاکی کورد چێشەن تاوانش
ئەجنەوی کەردش کیمیاوارانش
ھەر قەومێو پەی وێش نیشتەن سەفاوە
ھەر کوردەن گێڵۆ باری جەفاوە
(ھۆنراوەی "چەنی بەختیم"، ل ٥٠)


ھۆنیار و ژینگە.


کەمتەرخەمیی بەرەی ئێستا لە ھەمبەر پاراستنی ژینگەی پاقژی ھەورامان و دڵسۆزیی بەرەی کۆن بەرانبەر خاک و خۆڵی نیشتمان،پەرۆشێکی دیکەی ھۆنیارە.
درەخت بڕانێ،وڕنانێ کەڵەک
داد بەروو لاو کێ،ئاخر ئەی فەڵەک؟!
(شێعری "ئازیزان،یاران"،ل ٥٤)


ھۆنەر لەم بوارەدا وەک ژینگەپارێزێک لە دەست مرۆی تێکدەری ژینگە دەم بە سکاڵا و شکاتە.


لە شێعری "ئایرداو کەشی و سۆچناو گیانداری"،لاپەڕەکانی ٧٣ تا ٧٦ زۆر بە ڕوونی ئیشارەت دەداتە ئەم خاڵە. مورید ،زۆر جاریش دەوری ژینگەپارێز دەبینێت و لە ڕێی زمانێکی ئەدەبییەوە وشیاریی بۆ کۆمەڵ دەگوێزێتەوە. جاری وایە کە ئیتر پەیامەکەی کڕیاری نابێت، کوڵی دڵەکەی بە ھۆنە دەردەبڕێت:
درەخت بڕانێ، وڕنانێ کەڵەک
داد بەروو لاو کێ،ئاخر ئەی فەڵەک؟!
(شێعری "ئازیزان،یاران"،ل ٥٤)


ھەڵەیەکی مێژوویی.


ھۆنیار وەک خەڵکانێکی تر ھەڵە باوەکە بەرانبەر "کۆسەی ھەجیج" پاتە دەکاتەوە و ئەم کەسایەتییە دەبەستێتەوە بە پرسێکی ھەستیارەوە کە مخابن خەڵکانێک لەم سەردەمەدا نانی بەسەرەوە دەخۆن و بە بێ ئەوەی بەڵگەیەکی باوەڕمەند بەدەستەوە بدەن،گۆمەکە دوو ھێندە لێڵ تر دەکەن. بەداخەوە ھۆنەریش خۆی لە قەرەی ئەم پرسە ھەستیارە داوە و ھەڵەکە لە چەندان شوێندا پاتە دەکاتەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە مێژووی ھەورامان و کۆسەی ھەجیج زۆر کۆنتر لەم پرسەیە و پێویستە لەسەر بنەمایەکی زانستی بابەتی ئەوتۆ بھێنینە زمان. دروستکردنی بەڵگەی ساختە، پەتایەکی کوشندە بۆ مێژووی ئێمە دەبێت و لەسەر ھەمان بنەمای چەوت و ناڕاست،ڕاستییەکان دەشێوێنین و لەم ڕێگەشەوە بە دەست خۆمان خۆڵ لە چاوی خەڵک دەکەین. با ئەم بەڕێزە و خوێنەری وردبین چاوێک لە "مێژووی ھەورامان"ی دوکتۆر "حەمەدمین ھەورامانی" و پەڕتووکەکانی دی لەسەر دیرۆکی ھەورامان بکەن و ھەر وا سووک و سانا بابەتی ھەرە گرینگی ئەوتۆ بە زماندا نەھێنن.
(مێژووی ھەورامان، دوکتۆر حەمەدەمین ھەورامانی،ل ٤٨٥)
مورید لە چەندان شوێندا مخابن خۆی لە قەرەی ئەم پرسە دەدات.
(لاپەڕەکانی ٥٩،٧٢،٢٣٥،٢٤٨،)
زمانی دایکزاد و پرسی زارۆ و منداڵی کورد
زوان نیشانەی بیەی ئینسانەن
ھەقۆ ئینسانی، بە بێ نوقسانەن
ھۆنیار ئەرچی ناخی پڕی ئازار و داخ و حەسرەتە بەڵام دونیای بێگەردی زارۆ و منداڵی کوردیش لە بیر ناکات و لە ھۆنراوەی "پەی زاڕۆڵا"دا گرینگی زمان وەبیر منداڵان دێنێتەوە و بە زمانێکی سادە و ساکار ئەو وشیارییە بۆ نەوەی ئێستا دەگوێزێتەوە کە زمان تا چەندە بایەخی ھەیە.


حەسرەت و خۆ پاتەکردنەوە.


گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمانەی خۆشەویستی دونیای خەڵکی تەنیبوو، پەرۆشێکی سەرەکی نھای ھۆنیارە و بەرانبەر ڕۆژگاری جەنجاڵ و سارد و سڕی ئێستا، دەم بە گلە و ھاوارە و لە ژمارەیەک لە ھۆنەکانیدا ئەم پرسە بە ڕوونیی دەبینرێت و ھەستی پێ دەکرێت.


حەسرەت و داخ و چێبوونی جۆرە نۆستالژیایەک لای ھۆنیار و ئاوات خوازتن بە جاران و خەمساردیی مرۆی ئەم ڕۆژگارە،بە باڵای بەشی فرەی ھۆنراوەکانیەوە دیارە و زۆر جار تووشی خۆپاتەکردنەوە دەبێت و ئەوەندە ھۆگری ھەورامانەکەیەتی کە چەندان جار پەنا دەباتەوە بەر وەسف بەرانبەر بە پیشە دەستییەکانی نێو ھەورامان.


خەم و پەژارە و تەنیایی، بەشێکی دونیای ھۆنراوەی ھۆنیار دەگرێتە بەر و ژیانی پڕ لە ئازاری خۆی و گەلەی پێکەوە دەبەستێتەوە. لە ھۆنراوەی "دنیای دووکەڵین"دا لە دەست نەمانی خەسڵەتە جوانەکان و بێوەفایی مرۆی ئەم سەردەمە دەم بە سکاڵایە. ھۆنراوەی "من و بڵبڵ" ، ئیشارەتێکە بۆ ئەو دەمانەی کە بڕیار دەدرێت ھەجیج چۆڵ بکرێت و بەنداو چێ بکرێت، ھۆنیار سکاڵای خۆی دەردەبڕێت. (ل ٢١٧).


مورید،ئەو ھۆنیارەیە کە لە نزیکەوە ساڵەھای ساڵ لەگەڵ تاڤگەی "بڵ" دا ژیاوە و کە ئێستا بەو چەشنەی دەبینێت، دڵی کوڵ و ژان دەیگرێت و زمانی بە سکاڵا بەرزە.
تەنیایی، ھاوڕێیەکی بەردەوامی سات و کاتەکانی شاعیرە.
(ھۆنراوەی "من و یانەی چۆڵ"،ل ١٥٩ و ١٦٠)
مەینەت و خەمی زەمانە ئەوەندە خۆی بە ناخی ھۆنیاردا شۆڕ کردۆتەوە کە تەنانەت کاتێک باسی سرووشت دەکات، دیسانەوە دەچێتەوە سۆراخی دڵەکەی و دەم بە ھاوارە.
(ھۆنراوەی "ھەورامان، زێد و مەزارم"،ل ١٨١)
ناڵە و ھاواری ھۆنەر لە دەست چەرخی زەمانە لە بەشێکی فرەی ھۆنراوەکانیدا بەرزە و ھەر حەسرەتی ڕۆژانی ڕابردوو دەخوازێت کە سۆز و مروەت و ... ھەمیشە ئامادە بوو:
جە ئەزەڵ خەم نیشت مەنزڵگەی شادیم
بە وەرمم زانا، دەوری ئازادیم
(ھۆنەی" زەمانە وەسێن"،ل ١٤٦)
با ھەر بناڵوو بە دەم دەردەوە
بنیشوو نە پای ئاھی سەردەوە
(ھۆنراوەی ویەردەو جارا،ل ١٨٥).


گازە و وانەی ئەخلاقی.


لایەنێکی زەقی نێو ھۆنراوەکانی شاعیر ڕووی لە ڕەھەندی ئەخلاقییە و وانەی ئەخلاقی بۆ نەوەی ئێستا دەگوێزێتەوە. گازە و موناجات و ھۆنراوە ئایینییەکانیش ھەر دەچنە نێو ئەم خانەوە.ھۆنەر لە ڕوانگەیەکی دینییەوە سەیری دونیا دەکات و ھەمان بۆچوون لە ھۆنراوەکانیدا خۆی دەنوێنێت.لە ھۆنراوەی "پەی ڕاو ھەقێقەتی" پڕیەتی لە لایەنی ئەخلاقی و وانەی ئەخلاقی بۆ کۆمەڵ دەگوێزێتەوە.لە ھۆنراوەی "کوڕی کارگەر و کناچێ لیسانسە" زۆر بە زەقی ئاوڕ لەم پرسە دەداتەوە.


ناسنامە و ڕەچەڵەک.


پرسی بایەخدانان بۆ شوناس و ناسنامە لای ھۆنیار ئاوڕێکی ڕاستینە و ھەرەقەتی لێ دراوەتەوە. گرینگی بنەچە و ڕەچەڵەک لای ھۆنیار دەبێتە ھەوێنی چەندان ھۆنەی و بوونی تەبایی و یەکگرتوویی لە بەینی بەرپرس و کاربەدەستانی کورددا بە پێویست دەزانێت و پێمان دەڵێت، ھەرگیز بێگانە نابێتە برا و پاڵپشتمان و لە وەخت و کاتی خۆیدا ژاری خۆی دەڕژێنێت:
ئەر پاڵ دەی وەپاڵ ھام ڕەگ و ڕیشەت
ناحەز کەی تاوۆ زەرەر دۆ پێشەت
ھەرگیز دوور نەبی جە ڕیشە و نەسڵت
نەمانی جیا جە ھۆز و ئەسڵت
ھەرگیز بێگانە نەکریان برا
دەسۆ وێش شانان بێ دەنگ و ھەرا
(پەی وەرپەرسی،ل ٢٢٣)


یان دەڵێت:
پاڵ بدان وەپاڵ ھام ڕەگ و ڕیشە
ھەتاکوو ناحەز نەماڕۆ پێشە
(وەفادار مانە، ل ٢٢٦)


پەندی بەرینان.


مورید جاری وایە بۆ دەوڵەمەندکردنی ھۆنراوەکەی، پەنا دەباتە بەر پەندی بەرینان و ئەم پەندانە دەگوێزێتەوە بۆ نەوەی ئێستا.
بۆ نموونە لە ھۆنراوەی"دەردو دڵی"دا دەڵێت:
ھۆشت بۆ نەدڕی پەردەی حەیای کەس
با پەردەی حەیات نەدڕیۆ بە دەس
ئەدەب نیشەرە سەرو نان واردەی
نەک گنی فکرو کادان پەڕکەردەی
ھەتا واز ببوو عێفەتو کەلام
مەحەک مەدریەی چێشەنی جە لام
(حەسرەتو دڵی،ل ١٠٨)


یان:
ھەر چن ماڵت بۆ،گرد چڵکی دەسەن
ئەر دڵ وەشکەری،عەقڵی عەبەسەن
(ھۆنراوەی دەردو دڵی، ل ١٠٨ و ١٠٩)
ھەر یاگە مەدیەی ھەر کەس پەی وێشا
تێر ئاگا نییەن تاقمەو دڵڕێشا
(ھۆنراوەی تاریکی دنیاش گێرتەن وەر،ل ٢٥٧ و ٢٥٨)


ھۆنیار و پاراستنی چاند و فەرھەنگی کوردی.


ھۆنەر، وشیارانە نەوەی نوێ بەرانبەر پرسی ھەستیاری شاڵاوی فەرھەنگی ئاگادار دەکاتەوە کە چلۆن ھێرش دەکاتە سەر فەرھەنگ و کولتووری ئێمە کەچی ئێمەیش لە ھەمبەریدا داماو و گیرۆدەین بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە سەر داب و نەریت و فەرھەنگی زەنگین و ڕەسەنی خۆمان، ھەروەھا لە دەست ئاکاری مرۆی ئەم سەردەمە دەم بە شکات و سکاڵایە.
بێشەرمیی بییەن بابی زەمانە
گەورە قسێ کەروو، تانێش مدانە
**
موبایلو ڕەپیی مۆدی زەمانە
ھجوومی فەرھەنگ خەڵکی بێگانە
**
ھەر کەس نەسڵۆ وێش جە وێش کەرۆ دوور
خامی نەفامەن، بێشەرمو حزوور
(ھۆنراوەی" پەی زەمانەی"،ل ١٢٧)


خەسار و خاڵە لاوازەکانی ئەم بەرھەمە.


لە شێعری ئێستادا پاتەبوونەوەی چەندین سووژە و بابەت لە نێو بەرھەمێکدا بە خاڵێکی لاواز بۆ شاعیر دادەنرێت کە ئەم ئارێشە بەرۆکی موریدیش دەگرێت و زۆر ھۆنراوەی مورید بەم دەردەوە چوونو فرە جار لەسەر بابەتێک، چەندین جۆرە ھۆنراوە دەھۆنێتەوە.


لەم بەرھەمەدا وشەکان زۆر جار پێکەوە نووساون، ھەر لەبەر ئەمەیش خوێنەر تووشی چەواشەیی دەکات و خوێندنەوەی ھۆنراوەکەی لا زەحمەتتر دەکات. وەک من پەیجۆر بووم بەداخەوە ئەم گرفتە لەبەر کێشەیەکی تەکنیکی لە کاتی دیزاینی کتێبەکەدا ھاتۆتە ئاراوە.نزیکبوونەوەی زمانی ھۆنیار لە شێوە ئاخاوتنی خەڵک و دابەزاندنی ئاستی زمانی ئەدەبیی بۆ زمانی ڕەشۆک، یەکێکی دی لەو خاڵانەیە گەرەک ھۆنەر بۆ داھاتوو ڕەچاوی بکات. دەکارگرتنی وشە و دەستەواژەی ڕەنگاڵەیی ھەموو بنزارەکان بۆ خۆ دەبێتە مایەی دەوڵەمەندیی زمان بەڵام پێویستە ئەوەی بە دیالێکتی ھەورامی دەنووسێت،ڕەچاوی دیالێکتی پێوەر بکات و سەنگی ڕاستینەی ئەم زاراوە کوردییەی لا ئەوبەرتر لە شێوە ئاخاوتنی شار و شارۆچکە و گوندەکەی خۆی بێت.


ھەروەھا بۆ چاپەکانی داھاتوو پێویستە فەرھەنگۆکێک بۆ ئەم بەرھەمە دابنرێت، بۆ ئەوەی بەرھەمەکە لە بازنەی ھەورامان خۆی قوتار بکات و بگوێزرێتەوە بۆ ناوەندە ئەدەبییەکانی کوردی.


ڕێنووس لە زماندا دەورێکی سەرەکی دەبینێت و بەپێزترین بەرھەم و دەق ئەگەر ڕێنووسی لا گرینگ نەبێت، چ بایەخی نابێت و بگرە خوێنەریش تووشی بەدحاڵیبوون دەکات. پێویستە وشەکان بە یەک جۆرەڕێنووس بنووسرێن.ڕەچاوکردن و گرینگیدان بە پرسی خاڵبەندییش، یەکێکە لەو خاڵە ھەرە گرینگانەی کە ھاسانکاری بۆ خوێندنەوەی بەرھەمێک دەکات و لەو لاشەوە نیشانە بۆ ڕێزدانان بۆ زمانە. لە زۆر شوێندا پێویستە نیوەمەدوا بکەوێتە نێوان دوو وشەی تەواو سەربەخۆوە کە ئومێدە بۆ چاپی دادێ ئەم خاڵانە بەھەند وەربگیردرێن.


ئەنجام.


حەسرەتو دڵی، یەکەمین بەرھەمی شێعریی ھۆنیاری ھەورامانی "مورید" دێتە ئەژمار کە لەسەر بنەمای شێعری کلاسیک نووسراوە. ھۆنیار بە زمانێکی ساکاری نزیک لە زمانی ئاخاوتن و ھۆنەئاساوە ئەزموونێکی نوێ تاقی دەکاتەوە. ئەم بەرھەمە سەرەڕای کۆمەڵە کەموکووڕییەک کە لە بابەتەکەدا وەبەر ئاماژە کەوتوون،لە ھەمان حاڵدا زات وەبەر کەسانی دی دەنێت تا لە ڕێی نووسینەوە خزمەتی زێتر بە دیالێکتی ھەورامی بکەن و بەدەست و بردتر بێنە نێو مەیدانەکە و توانای خۆیان دەربخەن. ھەمیشە یەکەمین ئەزموون،گەلێک چەتوون و زەحمەت دەبێت و ڕەنگە زێتر بۆ خۆ تاقیکردنەوە بێت و نووسەر لێرەوە بگوێزێتەوە بۆ نێو پانتاییەکی بەرفرەوانتر کە دیارە مەرجی سەرکەوتن لەم گۆڕەپانەدا خوێندنەوەی قووڵتر و ڕۆچوونی وردتر بە ناخی ئەدەبدا دەبێت.


جێی ئاماژەپێدانە ئۆسمان ڕەحیمی بە نازناوی "مورید" ساڵی ١٣٣٢ی ھەتاویی(١٩٥٣)لە گوندی دیرۆکیی ھەجیج لەدایک بووە. لە خۆشەویستیی بەرانبەر ھەجیج ،نازناوی مورید بۆ خۆی ھەڵدەبژێرێت. سەرەتا ھەر لە گوندەکەی خۆی دەست بە خوێندن دەکات. بەڵام ژیانی کولەمەرگی کوردەواری و کەند و لەندەکانی سەرڕێ ناھێڵن دووی ئامانجەکەی بکەوێت. ماوەیەک لە کوردستانی ئەودیو دەبێت، ساڵانێک لە تاران و نزیکەی یانزە ساڵی ژیانیشی لە کرماندا تێدەپەڕێت. ئێستایش دانیشتەی شاری "پاوە"ی سەر بە ستانی کرماشانە.

_______________________________________________
ژێدەرەکان:
• دیوانی حەسرەتو دڵی،عوسمان ڕەحیمی(مورید)،چاپی یەکەم،ساڵی ١٣٩٧ی ھەتاویی(٢٠١٨)،پەخشکاری شێخی(سنە).
• دیوانی مەولەوی، لەسەر بناغەی تێکۆشانی مەلا عەبدولکەریم موددەڕیس،پێداچوونەوە و ڕێکوپێککردن و زیادکردنی شێعرە چاپ نەکراوەکانی لە لایەن حەسەن گۆران و محەممەد حیجازی ،دەزگای ڕۆشنبیریی گۆران،چاپی یەکەم،٢٠٠٤،سنە.
• دیوانی میرزا ئەولقادر پاوەیی،گلێرکردنەوەی ھادی سپەنجی،ساڵی چاپ ١٣٨٩ی ھەتاویی،پەخشکاری ئاراس(سنە).
• کۆمەڵە بەرھەم و دیوانێکی دی ئەدەبیی و شێعریی.

 

 

h_noryawi@yahoo.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک