٢٨\١\٢٠٢٠
دڵەڕاوکێی ئەکتەری
شانۆ لە کاتی نواندندا.

کامەران ئەلیاس
یەکێک
لەو ئاستەنگانەی کە زۆرێک لە ھونەرمەندان (ئەکتەر، گۆرانی بێژ ، پێشکەش
کار..) تووشی دەبنەوە بریتیە لە رووبەرووبوونەوە لەگەڵ بینەران ھەرچەند
خاوەن ئەزموو نێکی زۆریش بێت یان مێژوویەکی ھونەریشی ھەبێت.. بەڵام ئەم
جۆرە ترس و دڵەڕاوکێیە کارێکی سروشتییە، چونکە دەرکەوتن بەرامبەر
بەجەماوەر کارێکی ئاسان نیە بە تایبەتی لەسەر شانۆ کاتێ ئەکتەر
بەشێوەیەکی زیندوو راستەوخۆ دیالۆگ یان جوڵە لەگەڵ بینەران دەکات ،
ھۆکارەکەشی بۆ ھەیبەت و مەزنی شانۆ دەگەرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە توانستی
ئەکتەر رۆڵ دەبینێت بۆ دەرباز بوون لەو دڵەڕاوکییە لە کاتی نواندندا
ئەگەرچی زۆر ێک لە پسپۆرانی شانۆ ترس و دڵەڕاوکێ لەلای ئەکتەران
لەسەرەتای دەست پێکردنی نواندن بە پێوێستی دەزانن بۆ ئەوەی نواندنەکەی
سەرکەوتوو بێت.. ئەکتەرە مەزنەکان کەھەموو ژیانیان لەسەر شانۆ بووە
ھەردەم دووپاتی ئەوە دەکەنەوە (٥-١٠) خوولەکی سەرەتای نمایش توشی جۆرێک
لە ترس و دڵەڕاوکێ دەبن ، بە کارێکی نۆرماڵ دەزانن.
دڵەڕاوکێی شانۆ چیە؟
دڵەڕاوکێی شانۆ لەو کاتەی ئەکتەر دیالۆگێک یان جوڵەیەکی راستەوخۆ
بەرامبەر بە بینەران دەکات ئەو حاڵەتە پێیدەگوترێت (دڵەڕاوکێ سات) لەو
کاتەی ئەکتەرلە ھەموو نمایشیکدا کە سەرەتا پێدەنێتە سەرشانۆ جۆر ترسی و
دڵەڕاوکێ و تەنگ نەفسی لەلادروست دەبێت لەراستییدا دڵەڕاوکێ بە پلەیەکی
مامناوەند پێویستە بۆ ئەو ئەکتەرانەی لەسەر شانۆ دەوستن کە پسپۆران بە
دڵەڕاوکێیەکی تەندروست ناودەبن، ھەر بۆیە ھەموو دڵەڕاوکێیەکی شانۆیی
نابێتە ھۆی نالەباری کەسایەتییەکە و کاریگەری نەرێنی لەسەر نواندنەکەی
نابێت بە تایبەتی کاتێ دڵەڕاوکێیەکە بۆ چەند چرکەیەکی دیار کراو بێت
ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لە دڵەڕاوکێی شانۆ ئەوەیە کە دەبێتە ھۆی ئەوەی
کە ئەکتەرە نەتوانێت دیالۆگ و جوڵەو نواندنەکەی وەک پێویست ئەنجام بدات
بە جۆرێک ھەموو شتێکی لە بیر بچێتەوە،کاریگەری نەرێنی لەسەر رۆڵەکەی
ھەبێت بگرە لەسەر کۆی نمایشەکە دەبێت.
نەک ھەر کەسی ئاسایی زۆر ێک لە ئەکتەران خاوەن بەھرەو توانستی زۆر باشن
بەڵام ئەو گرەکێورەیان ھەیە(دڵەڕاوکێی شانۆ) ناتوانن ئەو پەیامەی
ھەیانە بگیینە بینەران ئەمەش زیاتر بۆترس و شەرم دەگەرێتەوە.
نیشانەکانی دڵەڕاوکێی شانۆ لەلای ئەکتەران:
ھەندێک ئەکتەر لە ڕۆژانی پرۆڤە باشترین نواندن ئەنجام دەدەن بەتایبەتی
لەجەنراڵ پرۆڤەدا ھەرلەرووی دیالۆگ و جوڵە و دەنگ کەچی لە رۆژی نمایش
لەو ئاستەدا نین بێگومان فاکتەر زۆرن یەکێک لەوفەکتەرانە بۆ دڵەڕاوکێی
شانۆ دەگەرێتەوە بەھۆی بیرکردنەوە لە بینەران بەجۆرێک ھەر بۆیە ەو
ئەکتەرانەی تووشی ئەم حاڵەتە دەبن لەکاتی نواندنەکەیان بینەر لە ھیچ لە
وشەکانی ئەکتەر حاڵی نابێت ،لە ھەمان کاتدا گرژی دەمووچاو و ئارقەی
شەرەم و ترس بەروونی بە دەمووچاوی ئەکتەر بەدیار دەکەوێت نەک ئارقەی
ماندووبوونی نواندن.
ئەکتەر چۆن بەسەر دڵەڕاوکێی شانۆدا زاڵ دەبیت؟
زۆر جار لە کاتی نواندن ئەکتەر تووشی ترس و دڵەڕاوکێ شانۆ دەبێت بۆ
دەربازبوون و زاڵ بەسەر ئەم حاڵەتە چەند رێگایەکی زۆر ئاسان ھەیە ئەویش
بەھۆی راھێنان کردن لەسەر جەستە و مێشک دەبێت بە چەند ھەنگاوێک ئەکتەر
دەتوانێ لەو دڵەڕاوکێیە رزگاری بێت لێرەدا باس لە ھەنگاوانە دەکەین:
١- خاوکردنەوەی جەستە: پێش دەرچوونت بۆ سەر شانۆ ھەوڵبدە ھێمنی ئارامی
خۆت بپارێزیت لەگەڵ کەمکردنەوەی گرژییەکانت ، چونکە ئەمانە ھاوکارت
دەبن بۆ خاوبوونەوەی مێشکت وە لەھەمان کاتدا دەنگت جێگیر بێت ،ئینجا
راھێنانێک لەسەر ئەو دەقە یان ئەو دیلۆگانە بکە کەلەسەر شانۆ دەیڵێت،
چەند ئامۆژگارییەک بۆ ئەوەی جەستەت خاو بێتەوە پێش ئەوەی لەسەر تەختەی
شانۆ دەربکەویت:
- کەمێک پرۆڤەی دەنگت بکە.
- مۆزێک پێش نواندنەکەت بخۆ بۆ ئەوەی گەدەت خاڵی نەبێت،لەھەمان کاتدا
ھەست ناکەیت کە گەدەت پڕە.
- وەرزشی ناو دەمت بکە بۆ ئەوەی دەرچوونی وشەو پیتەکان تەندروست بێت
بەتایبەتی شەویلگەی خوارەوە، ئەمەش لە رێگەی بنێشت جووین یان راھێنانی
زمان دەبێت بەڵام ئاگاداربە نابێن گەدەت خاڵی بێت.
- وەرزشێکی شانۆیی بۆ ماسولکەکانت ئەنجام بدە بۆ ئەوەی لە ترس و دڵە
راوکێ رزگارێت بێت وە تووشی گرژی ماسوولکە نەبیت، بەتایبەتی بۆ ھەردوو
دەستەکانت و قاچەکانت و پشت و شانەکانت.
٢- خەیاڵ و بیر کردنەوە: ماوەی ١٥-٢٠ خوولەک لە کاتی خۆت بۆ بیرکردنەوە
لە نواندنەکەت بەتایبەتی بۆ دیالۆگەکانت وەبەگشتی بۆ نمایشەکە تەرخان
بکە، بۆ ئەم مەبەستە شوێنێکی ھێمن و ئارام دابنیشیت و ھەردوو چاوەکانت
دابخە دەست بە ھەناسە وەرگرتن و ھەناسە دانەوە بکەیت بەشێوەیەک ھەموو
جەستەت خاو بێتەوە، دوایی ئەنجامدانی ھەموو ئەوانەی باسمان کرد ئەم دوو
خاڵانەی خوارە بکە:
- لەسەر زەوی راکشێ ھەردوو دەستەکانت لەسەر رانەکانت دابنێیت.
- ھەوڵدە بگیتە قۆناغێک بیر لە ھیچ شتێک نەکەیتەوە بەتایبەتی بیر لە
رۆڵەکەشت نەکەیتەوە تەنیا بیر لە خاوبوونەوەی جەستەت بکە.
٣- دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی چاو و قاوە: ھەر چەند ھۆگر و ئاڵوودە
بیت لە رۆژی نمایش بەھەموو شێوەیەک لە خواردنەوەی چا و قاوە دووربکەوە
لەوانەیە خواردنەوەی ببێتە ھۆی زیتەڵ و خیرایی بەڵام لە راستیدا گرژی و
دەمارگیریش زیاد دەکات.
٤- کاتێک بۆ کۆتایی ھێنان بە حاڵەتی دڵەڕاوکێی خۆت دیار بکە: لەرۆژی
نمایش پەیمانێک لەگەڵ خۆت بکە لە کاتژمێرێکی دیار کراو کۆتایی بە
دڵەڕاوکێی خۆت دەھێنیت بۆنموونە کاتژمێر ٣ دوایی ئەو کاتژمێرە حاڵەتی
دڵەڕاوکێ لەلای خۆت کۆتایی دەێت کۆنترۆڵی خۆت دەکەیت ئەم پەیمانە لەگەڵ
خودی خۆت دەبێتە ھۆی ئەوەی کارەکە ئاسان بێت.
٥- راھێنان: رۆژی نمایش بەلایەنی کەم بۆماوەی (٣٠) خوولەک راھێنان بکە
سی خوولەک بەپێ ھامووشۆ بکە، ھەموو گرژییەک و دڵەڕاوکێییەکەت دەڕوێتەوە
جەستەیەکی گونجاوت ئامادە دەبێت بۆ نواندن.
٦- پێبکەنە: سەیری فلیمێکی بەزمەسات بکە یان گرتە ڤیدیۆییەکی کۆمیدی لە
یوتیوب سەیر بکە لە گەڵ ھاورێکانت پێبکەنە ،چونکە پێکەنین ھاوکارە
بۆئەوەی جەستەیەکی خاو ئامادەبێت لە ھەموو دەمار گیری و دەڵەراوکێیەکەت
دووردەخاتەوە.
٧- زوو ئامادەبوون لە شوێنی نمایش: ھەوڵدە پێش ھەمووان لە شوێنی نمایش
ئامادە بە لەو کاتەدا ھەست بە کۆنترۆڵ لەسەر ھەموو حاڵەتەکان دەبیت
بەپێچەوانەش لەوکاتەی تۆ دەگەیتە شوێنەکە ھۆڵەکە پڕبووە لە بینەران و
ھەموویان چاوەڕی تۆ دەکەن لەو حاڵەتەدا جۆرە گرژییەک و دڵەڕاوکێیەکت
لەلا دروست دەبێت کاریگەری نەرێنی لەسەر نواندنەکەت دەبێت بۆیە ئەگەر
زوو گەیشتییە ھۆڵەکە کەشێکی ھێمن و ئارام دەبێت.
٨- لەگەڵ بینەران گفتۆگۆ بکە: ھەوڵبدەپێش دەرکەوتنت لەسەر شانۆ لەگەڵ
بینەران تێکەڵ بیت ، بێگومان ئەمەش فاکتەرێکە بۆ ئەوەی جۆرە
بەردەوامیەکت پێببەخشێت لە ھەمان کاتدا دەشتوانی لەناو بینەران
دابنیشیت بێ ئەوەی پێیان رابگەینت کە تۆ ئەکتەری و رۆڵت ھەیە لە
نمایشەکەدا ئەوەش لەو کاتانەدا دەبێت کە جلوبەرگی کەسایەتییەکەت لە
بەرنەکردبێت یاخود ماکیاژت نەکردبێت.
٩- بیر لە کەسی باشی ناو بینەران بکە: لەبری ئەوەی بیر لە جلوبەرگی
بینەران بکەیتەوە
بیر لە کەسێک بکەوە لەناو بینەران کە تۆی خۆش دەوێت ھەردەم زۆر بەگەرمی
ھانت دەدات و لە کۆتایی نمایش چەپڵەت بۆ لێدەدات.
١٠- خورادەنەوەی شەربەتی پرتوقاڵ: بەنیوکاتژمێر پێش نمایش ھەوڵدە ھەندێ
ئاوی ترشییات بخۆیتەوە ، چونکە ھاوکارتە بۆ ئەوەی پاڵپەستۆی خوێن و
دڵەڕاوکێت کەم بکاتەوە.
١١- ئەو گۆرانیە بڵێ کەپێت خۆشە:ھەردەم ئەو گۆرانییە بڵێ کە ریتمەکەی
ھێمنی و ئارامیت پێدەبەخشێت.
بەم ھەنگاوانە ئەکتەر دەتوانێ خۆی بەسەر ترس و دەڵەراوکێی شانۆیی رزگار
بکات بێگومان لەسەرووی ھەمووی ئەوانەی باسمان کرد باوەڕ بەخۆبوون بەوەی
لە ھەر حاڵەتیکێدا تۆی ئەکتەر دەتوانی باشترین شێوە نواندن بکەیت،
ئامادەیت بۆ ئەوەی لە روودانی ھەرحاڵتێکی چاوەرنەکراو کەتۆی ئەکتەر
دەتوانی بەشێوەیەکی راگوزەر چارەسەر بکەیت.
______________________________________
• سوودم لەو
سەرچاوە وەرگرتوە: (القلق المسرحي في اداء الممثل المسرحي / محمد فضیل
شناوە).
kamaranrawandzi@yahoo.com
|