٢٠\٤\٢٠١١
دڵم بۆ ژیان تولە ڕێیەکی
ماوە..
بە تەنیا ژنێک
پیاسەی تیا ئەکات.

زمکان عەزیز
1.
لە پشتی ئەم شەوەوە.. خۆرێک نوستووە.
ئەم شەو ..
لە ناو شەودا پیاسەیەک ئەکەم
بە تەوسەوە ..
مژم بە تاریکیەوە ناوە
خودا ..
ئەم شەوە چەند شیرینە
ھێشتر مژێکی تێدا ماوە
فڕێیدەمە ناو تەپڵەکی خەوەوە.
2. بە چاوانت ھێندەم نەماوە..
بۆ جارێک لە سوێی بێ منی ناپرسیت ئاخۆ تۆ ھەیت یان نیت.
ئەم شەو ..
لە ناو شەودا دەستی تەمەنم گرتووە
تەمەن ..
یەک دوو ساڵی خرپن و سپیە
لەسەر قەراغی شەو
بە تەنیشتمەوە دانیشتووە
لاسارانە ..
جۆلانە بە قاچەکانی ئەکات
ئێستا ..
ئەلبومەکەم بەدەستەوەیە
سەیری وێنەکان ئەکەم
وێنەی ژێر درەختێکی
پەشۆکاو و
وێنەی گوڵێکی شین
لە ناو مەیخانەیەکدا و
وێنەی ئایسێکی ڕژاوی
بەر ھەتاو و
وێنەی قەراغی دەریایەک
لەسەر لمەکە ..
وێنەی ڕووتی تۆم
کێشابوو
وێنەی ژوورێکی سور و
وێنەی ستیانێک
بەسەر کورسیەکەوە
شۆڕ بووەتەوە
وێنەکان زۆر زۆرن
وێنەکان بیرێکی ئەوەندە قوڵن
تێیاندا نوقمم
نە خۆم ئەتوانم و
نە کەسیش دەرمدێنێ
ئاخ لە تەمەن ..
چۆن بە تەنیشتمەوە
دەم و لچی داوە بەیەکدا.
3.
لە قوڵایی تاریکیەکەدا دڵۆپێک ڕۆشنایی ماوە.
ئەم شەو
لە ناو شەودا ..
موعتادێکی پەست و مەستم
شوشەیەک شەراب و
گوڵێکی سوری وشک و
تورەکەیەک تووڕەبونم پێیە
لەو دیو دەرگاکەتەوە
وەستاوم ..
دەرگاکە بکەرەوە
با خەمی
ژوورە تەنگە نەفەسەکەت دەرچێت
دەرگاکە بکەرەوە
با فرمێسکەکانت لە شەقەی باڵ بدەن و
بڕۆن ..
دەرگاکە بکەرەوە
با گۆمی مەنگی بێدەنگی
بتەقێت ..
دەرگاکە بکەرەوە
بە چەپڵە ئەو حەرفانە ھەڵفڕێنە
کە ڕیقنەت بەسەردا ئەکەن
دەرگاکە بکەرەوە
تەنەکەی خۆڵەکەت
پڕ بووە لە ڕق و کینە
دەرگاکە بکەرەوە
پەشیمانی کەڕووی کرد
ژوورەکەت بۆنی گرتووە
دەرگاکە بکەرەوە
پیاوێک لە دەرەوەیە
ئەم شەو ..
ھەگبەیەک خۆری پێیە.
4. من و ئەم شەو لەبەر ڕۆشنایی
پەنجەرەکەدا گوێ لە گمەی کۆترێکی غەمگین ئەگرین.
ئەم شەو ..
لە ناو شەوێکی ڕوت و قوت
شەوێکی قژ قەترانی
شەوێکی چاو ڕەش
ئەستێرەیەکم بە دەستەوەیە
بۆ بەختی خۆم
ئەگەڕێم
لە ڕێگادا ..
دوو مەمکی سرکم بینی
دەست و پەنجەی پیاوێکیان لێونبوبوو
لە ڕێگادا ..
لێوێکی شوشەییم دی
لێی پرسیم
ماچێکی عەجولم دیوە
لێرەوە بڕوات
لە ڕێگادا ..
زمانێکی پەمەییم دی
تفێکی شیرینی پێبوو
تامەتامەی ئەدامەوە
لە ڕێگادا ..
بەختی خۆمم بینی
گۆچانێکی بە دەستەوە بوو
فوویەکی لە ئەستێرەکەم کرد و
ڕۆشت
ئێستا ..
لەو دیو دەرگاکەمەوە
تەنھا عاباکەی شەو ئەبینم
بە بزمارەکەوەیە.
5.
من ئەزانم مەرگیشم لە دەستی تۆدایە.. ئیدی چیبکەم کە تۆ خۆت لەناو
دەستی دەعبایەکی پیریت.
ئەم شەو ..
لە ناو شەودا .. تۆ
ھەموو ڕێگاکانیت
بۆ ھەرکوێیەک ئەڕۆم
دێمەوە سەر تۆ
تۆ ..
درگایەکیت لە لۆکە
نە ئەتوانم داتخەم و
نە ئەتوانم بتکەمەوە
تۆ ..
دیوارێکیت لە پەشمەک
نە ئەتوانم پیاتا ھەڵزنم و
نە ئەتوانم لەو دیویشتەوە
خۆم بشارمەوە
تۆ ..
ڕوبارێکیت
نە تینوێتیم پێت ئەشکێت و
نە یەکجاریش تیاتا ئەخنکێم
تۆ ..
بەردێکیت بەرد
لەناو ھەموو دەستێکدا
تەنھا دڵی من ئەشکێنیت
تۆ ..
تەنیاترین کەسی دنیایت
بە تەنیشت دەعبایەکی پیرەوە
پیر ئەبیت.
6.
من چی لە گەردون و من چی لە دنیا بکەم ئەگەر خوداش بم بە من چی کە لە
بەردەم خودایەتی تۆدا عەبدێک نەبم.
تۆ ..
پێکێ شەرابی لێو سوری
ناو شەویت
منیش ..
پیاوێکی شێت و مەست
تۆ ..
باڵندەیەکی سپی ناو
تاریکستانەکەی شەویت
منیش ..
ڕاوچیەکی دڵتەنگ
تۆ ..
لەسەر ڕێی گەڕانەوەیت
گەڕانەوە بۆ ناو سەفەرەکانی
شەو ..
منیش پیاوێکی تووڕە
تۆ ..
لە پەنای ئەم گەردونەدا
بۆ عەشق
جوانترین ڕوخساریت
تۆ ..
تۆ گەردونێکیت
لە ناو مندا ..
یەکسانت کردوم بە خودا
منیش دەنکێکم لە تۆدا
ھیچ ..
ھیچ لە ناو گەردونێکدا.
ماڵپهڕی زمکان عهزیز
|