

لەنێو رەنگى بێ رەنگى زەمەندا
دایکم دڵێکى هەیە رەنگاورەنگ
لەئاسمانى دواى شکستێکى شۆڕش دەچێ و
رەنگەکان بەیەکدا نووساون
دڵى دایکم رەنگى سپییە،
شیرى سپى لەمەمکەکانى دەچۆڕێو
سپیەتى بەفر بەسەر قژیدا باریوە
دایکم سپییە….
کە دەشخەوآ خەونى سپى
ئابڵوقەى وڵاتى نەستى دەدەن
کە دەشگریا رۆندکى سپى
بۆ گەردآ گوناهى سپى
بە ڕومەتیا دێتە خوارێ
دایکم سپییە….
کەچى وێنەى قەترانیەتى
قژى زەمەنى منداڵى
بە روخساریا داباریوە
(وەکو بیستومە داوى رەش لەسەر بەفرآ
بەکار نایە
ئەرێ بۆ هێندە لە رووت جوانە ئەو بسکە
تاتایە)(1)
دڵى دایکم رەنگى سوورە
جۆگەلەى خوێنى رەنگێکى درێژ
بەوێدا رەتدەبێ
خوێنى کوڕ لەشەڕى براکان و
خوێنى کچ لە جەنگى بوکێنى
دایکم سوورە….
بەردەوام دووکەڵى سوور
لەجگەرى سوتاوى هەڵدەستآ
دڵى دایکم رەنگى رەشە!
لەپرسەیەکى هەمیشەیى و
لە لافیتەى ژێر باڵى مزگەوت دەچێ
دایکە رەشە….
رەش..رەش
لە گومان دەچێ
رەشیەتى چارەنووس
رەشیەتى بەخت و
رەشیەتى ژیان
دڵى خاکم چەند بەرتەسکە..
لەکۆڵانەکانى ئاوایى ئەنفال دەکا
لەئازادییەکانى ژنێک دەچێ
کە بە قانونى تەماشا
ناتوانێ باکورو باشورو رۆژهەڵات و
رۆژئاوای
جەستەى خۆى سەیر بکا
لە ژنێک دەچێ
کە دەبێ دەست نوێژ بە خوێنى خۆى بشوا
(چییە دنیا ژنێکە هەر شەوێک سکپڕ بە
سەدقینە
بەیانى زوو بە خوێنى جەرگى ئەهلى دڵ
دەکا بێزو)(2)
دڵى ئاسمانى چەند بەرینە
نەنەڕەى توڕەى رەعدێک و
تریفەى هێمنى نەسیم و
ئاپۆرەى ئەستێرەى گەلێک و
ژیانێکى خاڵى لە مرۆڤ
لە باوەشیا
جێى بۆتەوە
دڵى زەریا چەندە قوڵە
کیشوەرێک
نە جەنگى براکانى تێدایەو
نە ئەنفال و
نە ریشى بستێک درێژ
نە شمشێرى تیرۆر دەیگاتێ و
نە قەتڵ و عامى مەلا و
نە هى دیکتاتۆرێکى کوێر.
دڵى کچەکەم چەند بێگەردە
دڵێکە هێشتاش بە ئاسودە
دەبێتە هێلانەى باڵندە و
ئێستاش خەت و خاڵى
ئەم ژیانە جەنجاڵەى پێوە نییە.
چ هاوسەرێکى پیرۆزىو
دڵت چ ئۆقیانوسێکى بەرینە
ئازادى لەوێدا بە تەنیا دروشم نییە
قانونیش گۆرانییەکى ر ووت و
نە سەربەستیش شەڕێکى درێژ خایەنە
دڵى رێبوار کاروانێکە هەزار رێبوار لەخۆى دەگرێ
بەرزەخێکە خەمى هەرچى بنیادەمى سەر ئەم زەوییە
وەخۆ دەگرێ.
ئاخ دڵى ئەوان چەند بچووکە….
بچووک و ورد
وەک هەڵماتى منداڵانى گەڕەکەکەم
هەر رۆژێک گیرفانێک ماڵیانەو
منداڵێک دەیباتەوە
(ئەوان) هەمیشە لە یارییەکى منداڵانەش
پاڵەوانێکى دۆراون
ئەى مرۆڤە کاڵفامەکان،
بچووکترن لە هەڵمات و
تەنکترن لە رۆژنامەیەکى بێکەس
دڵى ئێوە لە رۆژنامە دەچێ
نایخوێننەوە
ئەوان رۆژنامەیەکن
بەڵام ناواخنێکى خاڵى
یا دەبنە سفرەى نان خواردن
یا بۆ نێو زبڵدان
یا هەر نەبێ لەگەڵ دوو پیرە دارى رزیودا
دەسوتێنرێن
هەندێک جاریش
منداڵان دەیکەنە کۆلارەو
نەسیم بە ئاسانى بە ئاسماندا دەیفڕێنن.
___________________________
*
(1)
شیعرێکى مامۆستا هێمن موکریانییە.
*
(2)
شعرێکى مەحوى شاعیرە.
Kazhal_3@hotmail.com
|