١٩\٥\٢٠١٢
دیمانەیەک لەگەڵ
سیاسی و نووسەر مامۆستا عارف کەریم دا،
لەسەر مەسەلەی
دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی.

سازدانی دیمانە: جیهاد
محەمەد
جیهاد
محەمەد:
ئێوە قسەکردن لەسەر پرسی دامەزراندنی دەوڵەتێکی
سەربەخۆ بۆ کورد لە باشووری کوردستان لەم بارودۆخەی ئێستای ناوچەکە و
جیھان چۆن دەخوێننەوە؟ بەڕای ئێوە ڕاپەڕین و
شۆڕشی گەلانی عەرەب ( بەھاری عەرەبێ )کاریگەری چەندە لەسەر ئەم پرسە
سیاسییە؟
عارف
کەریم: پرسی دامەزراندنی دەوڵەتێکی
سەربەخۆ بۆ کورد لە بنچینەدا پرسێکی نەتەوەیی و کوردستانییە ، نەتەوەیی
بەو مانایەی کورد ناسنامەی کۆمەڵایەتی و جوگرافی جیاوازی ھەیە وەکوو
خاک ، زوبان ، مێژوو ، فەرھەنگ ، کولتور و داب و نەڕێتی ھاوبەش ،
کوردستانییش بەو مانایەی کوردستان خاکێکە کەمایەتی تری وەکوو تورکمان و
ئێزدی و کاکەیی و کلدوئاشووری لەسەر دەژی و دەبێ ئەوانیش وەکوو کورد
بەو دەوڵەتە شاد و بەختەوەربن و شانبەشانی کورد ڕێز لەمافەکانیان بگیرێ
و وەکوو ھاوڵاتی کوردستان حسابیان بۆبکرێت.
پێشئەوەی ھەلومەرج و بارودۆخی ئێستا و ڕابوردووی کوردستان و جیھان
بخوێنینەوە پێویستە ئەو ڕاستییە لە یادنەکەین کە کوردستانی ئێمە خاکێکی
پارچەپارچەکراو و دابەشکراوە بەسەر چەند دەوڵەتێکی داگیرکەردا کە خۆیان
تێکەڵی زوبان و کلتوری ئێمە کردووە و لەھەوڵی تێکدان و شێواندنیدا بوون
جگەلەوەی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێمەیان ھەڵوەشاندۆتەوە و
بەئارەزووی خۆیان سنووریان بۆداناوە ، لەبەرئەوە مافێکی ڕەوای کوردە کە
پێداگری بکات لەسەر مافی چارەی خۆنووسین بە دامەزراندنی دەوڵەتی
کوردیشەوە و بانگەشەبکات بۆ یەکگرتنەوەی خاکە داگیرکراوەکەی.
ئەگەر ھەلومەرج و بارودۆخی جیھان و ناوچەکە بخوێنینەوە و کەمێک
بگەرێینەوە بۆدواوە ئەوەمان بۆ ئاشکرادەبێت کە کوردستان لەمێژوووی
خۆیدا دووجار دابەشبوونی بەخۆوە بینیوە ، یەکەمیان لەساڵی ١٥١٤ دا دوای
ئەوەی ھێزەکانی دەوڵەتی عوسمانی سەردەکەوێت بەسەر ھێزەکانی دەوڵەتی
سەفەویدا لەشەڕی چاڵدێراندا و کوردیش دەبێتە قوربانی ڕێککەوتنەکەی
نێوانیان و بەر ئەو دابەشبوونە دەکەوێت.دووەمیان پەیماننامەی
سایکس-بیکۆ یە لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیادا لەسەڵی ١٩١٦دا و بەوپێیە
عێراق و فەلەستین بەر ئینگلیزەکان کەوت و کودستانی باشووریش لکێنرا بە
عێراقەوە.
لەلایەکیترەوە مافی زەوتکراوی نەتەوە و میللەتانی ژێردەستە،بەتایبەتی
ئەوانەی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانی، داکۆکی لێکراوە بەشێوازی
جیاجیا،بۆنموونەلەدوای شەڕی یەکەمی جیھان سەرۆکی وڵاتەیەکگرتووەکانی
ئەمەریکا توماس وودرو ویلسون (١٩١٣-١٩٢١)یەکەم کەس بوو کە زاراوەی مافی
چارەی خۆنووسینی بەکارھێنا و ئەو ناسراوە بە خاوەنی (چواردە بەندەکەی
ویلسون بۆمەسەلەی ئاشتی).دیسان ھەرئەو یەکەم کەس بوو کەکۆتری بە ڕەمزی
ئاشتی دانا.
لەلایەکیترەوە نەتەوە یەکگرتووەکان لەساڵی ١٩٤٥دا دانیناوە بە مافی
چارەی خۆنووسینی گەلانی دنیا و ئەوە ڕادەگەیەنێ کە ھەموو گەل و
نەتەوەیەک بۆی ھەیە بریاری چارەنووسی خۆی بدات و ئەو شێوە دەسەڵاتە
ھەڵبژێرێ بۆخۆی کەبۆیدەستدەدات بەبێ دەستێوەردانی بێگانەو داواشدەکات
کەھەموو دەولەتێک ڕێز لەم مافە بگرێت.لەبەشێکی دیباجەکەدا ھاتووە:
(ئێمە گەلانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوە دەخەینە ئەستۆی خۆمان کە
نەوەکانی داھاتوو بپارێزین لە کارەساتەکانی جەنگ کە ژانوئێشەکانی
جەرگبڕو ناخۆشە و بێتاقەت دەبیت لە باسکردنیان، ھەروەھا بڕوای خۆمان
دووپاتدەکەینەوە لەسەر مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ و کەرامەتی تاک
بەشێوەیەکی یەکسان بۆ ژنوپیاو و نەتەوەی گەورەو بچووک،کارکردن بۆ
یەکسانی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتنی مرۆڤ و پێشخستنی باری کۆمەڵایەتی و
ئاستی ژیان لەھەلومەرجێکی ئازادا،لەیەکتریخۆشبوون و پێکەوەژیان بەئاشتی
بە بێ پەنابردنەبەر بەکارھێنانی ھێزی چەکدار ھەروەھا پەنابردنەبەر
ئامڕازە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێشخستنی ئابووری و کۆمەڵایەتی گەلان ئەرکی
ئێمەیە).
لەگەلئەوەی مافی زەوتکراوی میللەتانی ژێردەستە،لەناوئەوانەش کورد لەسەر
ئاستی جیھانی و نێودەوڵەتی داکۆکی لێکراوە.لەپاڵئەمەدا سەرکردە
کلاسیکیەکانی کورد وەکوو شێخ عوبێدوڵڵای نەھری،شێخ مەحمودی شێخ سەعیدی
حەفید،شێخ سەعیدی پیران،پێشەوا قازی محەمەد لەخەبات و تێکۆشانی سەردەمی
خۆیاندا داوای ڕزگاری و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییان کردووە بۆ
گەلەکەیان و درووشمی لامەرکەزی و ئۆتۆنۆمی و ئۆتۆنۆمی ڕاستەقینەیان
بەرز نەکردۆتەوە، ئەم درووشمانەی دوایی، سەرکردە بۆرژوازییەکانی کورد
لەدوای شەڕی دووەمی جیھان بەرزیانکردەوە و کردیانە ماڵ بەسەر کوردو
بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کوردەوە.
شێخ مەحمود لەساڵی ١٩١٩ دا لەشەڕی بازیاندا بە برینداری دەست
ئینگلیزەکان کەوت و درا بە دادگاو شێرانە ڕووبەڕوویان دەوەستێتەوە و
تاوانباریاندەکات بە داگیرکەر و شەڕخواز و باسی مەبدەئەکانی سەرۆکی
ئەمەریکا(ویلسون) یان بۆدەکات کەپەیوەندی ڕاستەوخۆی بەباری ئاشتی
جیھانەوە ھەبوو ھەروەھا مافی ئەو نەتەوانەی کە تورک نەبوون و لەژێر
دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانیدا بوون.
ئێستا دەگەڕێمەوە بۆ ناوەڕۆکی پرسیارەکە دەربارەی خوێندنەوەی پرسی
دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد و دەڵێم:ئێمەی کورد پێویستە
لەھەموو بارودۆخ و ھەلومەرجێکی سیاسی ناوچەیی و جیھانیدا، لەڕۆژانی
شەڕو ئاشتیدا،لەنووچدان و سەرکەوتندا، لە خۆشی و ناخۆشیدا درووشمی مافی
چارەی خۆنووسین بەرز و پێرۆز و بەنرخ ڕابگرین ئەگەرچی دەرفەتی سیاسیش
لەبارنەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم خواستە نەتەوەیییە و بایی موویەک سازشی
لەسەرنەکەین و لێی نەیەینە خوارەوە،واتەدرووشمەکەدانەگرین و نەیگۆڕین
بە درووشمی تری بێنرخ وەکوو سەرکردایەتی بۆرژوازی کورد لەڕبوردوودا
کردیان، ئەمەش بەوەدەبێت کە ئیرادەی میللەت یەکبخرێت و بەھێزبێت ودەرگا
لەدوژمن دابخرێت.
لێرەوە دەمەوێ بڵێم شۆڕش و ڕاپەڕینی گەلانی عەەب و ڕۆژھاڵاتی ناوەڕاست
دژی دەسەڵاتی شموولی و گەندەڵ و دیکتاتۆر و بنەماڵەیی کاریگەری خۆی
ھەیە لەسەر مەسەلەی ئاشتی و دیموکراتی و یەکسانی کۆمەڵایەتی و مافی گەل
لە کوردستان و ناوچەکەدا،دەکرێ ئەوانە بکرێنە ھەوێنی خەباتێکی
شارستانی ڕاست و تەندرووست، بەڵام ڕاست نییە لاساییان بکەینەوە بەھۆی
لەیەکنەچوونی تایبەتمەندییە سیاسی و ئابورییەکانی ئێمەو ئەوان.
جیهاد محەمەد:
ئایا بنەماکانی دامەزراندنی
دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد لەھەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستاندا لەبارە بۆ
کورد؟
عارف کەریم:
بیروبۆچوون و لێکدانەوەی جیاواز ھەیە سەبارەت بە بنەماکانی دامەزراندنی
دەوڵەتێکی کوردی لەھەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستاندا،لەپێشاندا دەمەوێ بەوە
دەستپێبکەم کە گەلێ کورد لەساڵی ٢٠٠٥ دا لە باشووری کوردستان لەکاتی
ھەڵبژاردنەکاندا ڕاپرسییەکی نافەرمی ئەنجامدا سەبارەت بەوەی( ئایا کورد
دەیەوێت لەگەڵ عێراقدا بمێنێتەوە یاخود دەیەوێت جیاببێتەوە لەعێراق و
دەوڵەتی سەربەخۆ بۆخۆی درووست بکات؟) ئەنجامەکان ئەوەی پیشاندا کە لە
٩٨%ی گەلی کورد نایەوێت لەگەڵ عێراقی عەرەبیدا بمێنێتەوە وداوای
جیابوونەوە دەکات لەعێراق.ھەرچی پارتی و یەکێتیشە بەتوندی لەدژی
وەستانەوە و کۆسپی زۆریان خستە بەردەم ئەو کۆمیتەو لیژنانەی بۆ ئەو
مەبەستە درووست بوبوون لەناوەوە و دەرەوەی کوردستان،نەک ھەر ئەمە،ئەوان
ئەوروپا و ئەمەریکاشیان تێگەیاندبوو کە گوێنەدەنە ئەم ڕاپرسییە و ھیچ
حسابێکی بۆنەکەن.
ھەڵبەتە شتێکی سەیروسەمەرە نەبوو کە پارتی و یەکێتی بەمشێوەیە
ڕەفتاریانکرد و کارەکەیان تێکدا چونکە بە درێژایی خەباتی
سیاسییان،ڕۆژێک لەڕۆژان درووشمێکی لەوبابەتەیان بەرزنەکردۆتەوە کەبۆنی
دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لێبێت،ئەمە جگەلەوەی لەبەرنامەی سیاسی
ئەواندا نییە تێبکۆشن لەپێناوی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ
کورد،ھەر لەبەر ئەمەش بوو کاتی خۆی شەقیان ھەڵدا لە و دوو دەرفەتە
زێڕینەی بۆ گەلەکەمان ھەڵکەوت و دەتوانرا سوودی لێوەربگیرێ و بانگەشەی
دەوڵەتی کوردی پێبکەن. دەرفەتی یەکەم کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ بوو کە ھەموو
دنیا ھەڵسایە سەرپێ بۆکورد،کەچی ئەمان چوونە بەغدا و جەللادەکەی
کوردیان ماچکرد،دەرفەتی دووەم پرۆسەی ئازادکردنی عێراق بوو لە ڕۆژی
٩/٤/٢٠٠٣دا و حوکمی ئاگروئاسن و خوێنڕێژی بەغدا کۆتاییھات و فاشیستەکەی
عێراق -سەددام- ھەڵات و خۆی شاردەوە ھەتا دوایی کەوتە دەستی گەل،جگە
لەم دوو دەرفەتە ھەر لەساڵانی نەوەدەکاندا پێش پرۆسەی ئازادکرنی عێراق
بە چەند ساڵێک سەرۆکی فەرەنسا فرانسۆ میتران بەڕەسمی ئاگاداری
ھەردولایان (پارتی و یەکێتی) کرد کە کاربکەن بەشێنەیی و نھێنی، زەمینە
خۆشبکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی،کەچی ئەم بەدبەختانە لەباتی
سوپاس و پێزانین، بەپەلە (دەتگوت جیوەیان تێکردوون) خۆیان گەیاندە لای
تورکەکان و وتیان فریاکەون دەوڵەتمان بۆ درووستدەکەن!!!، ئەوان بەم
کارەیان ئابڕووی فەرەنسایان بردو فەرەنسایش ئەو بڕوایەی بەوان ھەیبوو
لێی سەندنەوە!!.
جگەلەمانە پارتی و یەکێتی ئەو دوو حزبە بوون کە عێراقی ھەڵوەشاوەیان
لکاندەوە بەیەکەوە و ڕۆڵێکی ھەتا بڵێی خراپ و نالەباریان گێڕا لە
درووستکردنەوەی عێراق، عەرەبەکان خۆیان بە سوننە و شیعە و حزبە
جۆراوجۆرەکانیانەوە ئەمەندەی ئەمان بە پەرۆش نەبوون، ھەر ئەمان ھاتن
دەستوورێکی لوغم کراویان پەسەندکرد کە کەی بیانەوێ مادەو بڕگەکانی
دەتەقێننەوە بەڕووی کوردا بەمەرجێک پێش داڕشتنەوەی دەستوور ژمارەیەکی
زۆر لە ڕوناکبیرو نووسەر و سیاسەتمەداری گەلەکەمان وتاری زۆریان
بڵاوکردەوە و راوسەرنجی خۆیان وت لەسەر دەستوور، بەڵام بەداخەوە پارتی
و یەکێتی گوێیان لێنەگرت و ڕێزیشیان لێنەگرت،ھەرئەمان چارەنووسی لە ٤٠%
ی خاکی داگیرکراوی کوردستانیان بەستەوە بە مادەکانی ٥٨ و ١٤٠وە کە
ساڵانێکی دوورودرێژە شیوەن و گریانی بۆدەکەن گوایە دەیگێڕنەوە بۆسەر
خاکی کوردستان !!!
ئەمەی سەرەوە شتێکی کەم بوو لە سیاسەتی دوو حزبی دەسەڵاتدار
لەکوردستاندا و من دەپرسم : ئایا ئەمە دەبێتە بنەما بۆ دامەزراندنی
دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد ؟!! بەبێگومان نەخێر!.
بیروڕای تریش ھەیە کە پێی وایە کوردستان کەوتۆتە نێو دەوڵەتە
کۆلۆنیالیستەکانەوە و پانتاییەکی کەم یان زۆری لەسەر دەریا نییە و
ئەگەر کورد بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەت بکات ئەوا دەکەوێتە بەر
ھەڕەشەو ئابلووقە و پەلاماری داگیرکەران.
لێکدانەوەی تریش ھەیە کە گوایا بەبێ ڕەزامەندی تورکیا و ئێران، کورد
ناتوانێ دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دامەزرێنێ.ھەندێکیتر پێیان وایە کەدەبێ
ئەمەریکاو یەکێتی ئەوروپا رەزامەندی خۆیان پیشانبدەن بۆئەوەی کورد
ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی و کەسیش نەتوانی پەلاماری بدات.
من خۆم بڕوام وایە کە کێشەی کورد ئاڵۆزترین و سەختترین کێشەی سیاسی ئەم
دنیایەیە بەھۆی باری جیۆپۆلیتیکی کوردستان و شێوازی دابەشکردنەکەی
کوردستان بەسەر عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا دا.
سەرەتا ئەم وڵاتانە بەھیچ شێوەیەک دۆستایەتی کوردیان نەویستووە و ناوێ
و ھەتا بۆیانکرابێ دوژمنایەتی گەلی کوردیان کردووە و چییان لەدەست
ھاتبێ سەبارەت بە تواندنەوەی نەتەوەی کورد کردوویانە و دواشت کەپەنایان
بردەبەر ئەنفال و بەکارھێنانی چەکی کیمیایی بوو، واتە (جینۆسایدکردنی
گەلی کورد)، لەبەرئەوە نەنگییە بۆگەلی کورد بانگەشەی برایەتی بکات
لەگەڵ بەرامبەرەکەی کە جینۆسایدی کردووە و لەسەر خاکەکەی خۆی
سڕیویەتەوە.
ئاڵۆزییەکی تری کێشەی ئێمە ئەوەیە کە سیستمی سیاسی وڵاتانی داگیرکەر ،
باری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری،باری مەوزوعی و زاتی ھیچیان
لەویتریان ناچێت، ھەریەک لەم وڵاتانە کۆمەڵێک پابەندبوونی دیپلۆماسی و
ئابووری و سیاسییان لەگەڵ دنیای دەرەوەدا ھەیە جگەلەوەی ھەریەکەیان
ئەندامە لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا و بەحوکمی پەیوەندی ئابووری
و بازرگانییان لەگەڵ دنیای دەرەوەدا تەنگیان بەکورد ھەڵچنیوە و
بەردەوامن لەسەر پاڵەپەستۆ و فشاری سیاسی لەسەر کورد.
ئاڵۆزییەکی تری کێشەکەی ئێمە ئەوەیە کە زلھێزەکان خۆیان نەک ئەو
وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە بەپێی بەرژەوەندی و ڕێککەوتننامەی
نێوان خۆیان کوردستانیان دابەشکردووە لە نێوان خۆیاندا، لەبەرئەوە
بەبیری من تەنھا زلھێزەکانە کە دەتوانن ڕۆڵی گرنگ بگێڕن لەتێکدانەوەی
سنوورە دەستکردەکەی کوردستان لەم بەشآنە،ئەمەیش مومکین نییە ڕووبدات
ئەگەر نەڕژێتە بەرژەوەندی ئەوانەوە ( واتە زلھێزەکان ) بۆنموونە ئەمڕۆ
گەلی کورد لە کوردستانی باشوور لەسایەی ھەردوو جەنگی خەلیجداچەند
ھەنگاوێک چۆتە پێشەوە کە بەراورد ناکرێ لەگەڵ بەشە داگیرکراوەکانی تری
کوردستان چونکە عێراق و کوردستان بەھۆی نەوت و گاز و سامانە
سروشتییەکانیەوە کەوتوونەتە خانەی بەرژەوەندی ئەمەریکا و بەریتانیا و
یەکێتی ئەوروپاوە.ئەوان ھەڵوێستیان لەکوردوکێشەکەی وەکوو ڕابوردوو
نییە کە پشرگیری تەواویان لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان و سەددام دەکرد و
بەلایانەوە گرنگ نەبوو کورد چی بەرامبەر دەکرێت و چی بەسەردێت.
تێکدانی سنوورە دەستکردەکانی کوردستان ھەروا کارێکی ئاسان نییە و
بەبڕوای من لەگەڵ وەرچەرخانێکی سیاسی و مێژوویی نوێدا ئەوکارە
جێبەجێدەبێت، بۆنموونە ھەڵگیرسانی جەنگێک لەناوچەکە.
دەربارەی شێوازی ڕزگاربوون و درووستکردنی کیانێکی سیاسی لەم بەشانەی
کوردستان، من پێموایە کەھەربەشە بەھۆی لەیەکنەچوونی باری سیاسی و
ئابوورییانەوە، باشترە کە بە جیا داوای مافی چارەی خۆنووسینی خۆی بکات
و دواجار ئەگەر دەرفەت دەستکەوت ئەوا لەشێوەی یەکێتییەکی فیدرالی یان
کۆنفیدرالی یەکبگرنەوە.
ئەوەی پەیوەندی بەکوردستانی باشوورەوە ھەبێت، ھەموومان ئەو ڕاستییە
مێژووییە دەزانین کە عێراق لە سێ پێکھاتەی شیعە و سوننە و کورد
پێکھاتووە و پێشتر لەسەردەمی دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانیدا بە
ویلایەتی بەسرە و بەغدا و موسڵ ناسراو بووە و لەساڵی ١٩٢١ دا بەزۆر
بەبێ پرسکردن بە میللەت لکێنراوە بە یەکەوە و دەوڵەتی عێراقیان
لێپێکھێناوە، ئەم پێوەلکاندنە بەزۆرە بەدرێژایی ٨٣ ساڵ، شەڕو ئاژاوە و
خوێنڕشتنی لەگەڵ خۆی ھێناوە و ھیچ یەکێک لەو سێ پێکھاتەیە لە سایەی
دەوڵەتی عێراقدا نەحەساوەتەوە بۆیە بەلای منەوە تاکە چارەسەر بۆ ئەم
بەشەی کوردستان ئەوەیە کە بانگەشەی دابەشکردنی عێراق بکرێت بۆ سێ
دەسەڵاتی کۆنفیدرالی کورد و سوننە و شیعە لەچوارچێوەی کۆمارێکدا و
لەھەمانکاتدا ھەوڵبدرێت لە ڕێگەی ئەمەریکاوە تورکیا بھێنرێتە ناو
موعادەلە تازەکەوە بۆئەوەی لە داھاتوویەکی نزیکدا باشووری کوردستان
بتوانێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بەھێزبکات و یەکێتییەکی کۆنفدرالی
درووستبکەن لەگەڵ تورکیادا وەکوو دوو کۆمار بەمەرجێک خزمەتی بەرژەوەندی
ھەردولا بکات. بەبۆچونی من ھێنانی تورکیا بۆ ناو موعادەلەکە لە باشووری
کوردستان ئەھمییەتێکی سیاسی و ئابووری گرنگی ھەیە بەھۆی ئەوەی تورکیا
دەروازەیەکی گەورەیە بە ڕووی ئەوروپادا و یارمەتییەکی گەورەی ئێمە
دەدات کە نزیکببینەوە لە ئەوروپا بەبێ کێشە و سەرئێشە، جگەلەوە سامانی
کوردستان لە نەوت و گاز لەداھاتوودا لەڕێگای تورکیاوە دەڕواتە دەرەوە،
ھەروەھا تورکیا دەبێتە پردێک لەنێوان کوردستان و ئەوروپا بەمەبەستی
ھەموو جۆرەبازرگانییەک و ناردنەدەرەوەی کەلوپەل و بەرھەمی
کوردستان.جگەلەمانە ھاتنی تورکیا بۆناو موعادەلەکە دەبێتە ھۆی ئەوەی
تورکیا لا لە کێشەی کورد بکاتەوە و ھەنگاوی بەجێ بنێ لەوپێناوەدا.
بەکورتی و بە کوردی ئەمەریکاو یەکێتی ئەوروپاو تورکیا دەتوانن ڕۆڵی
گرنگ بگێرن لە بەلاداخستنی کێشەی عێراق و باشووری کوردستان.
جیهاد محەمەد:
ئەگەر دەوڵەتێکی کوردی دەبمەزرێت لە
باشووری کوردستان،ئایا لەتوانادا ھەیە کێشە سیاسی و ئابووری و
کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەربکات؟ یاخود بەرەوڕووی کێشەی
زیاتر دەبێتەوە؟
عارف کەریم:
دەسەڵاتی سیاسی ئێستای کوردستان(پارتی و یەکێتی) لەخەمی دامەزراندنی
دەوڵەتێکی سەربەخۆدا نین بۆ کورد،ئەوان بە ھیچ جۆریک بیریان
لەسەربەخۆیی سیاسی و ئابووری و ئیداری و سەربازی نەتەوەیەک نەکردۆتەوە
و ھەر خەریکی بەتاڵانبردنی سەروەت و سامان و موڵک و ماڵی میللەتن،
خەریکی بە قاچاح فرۆشتنی نەوت و دەست بەسەراگرتنی داھات و باجی گومرگی
کوردستانن، کاری ئەوان بازرگانی و پارەپەیداکردنە و ھیچیتر،ئەوان
نەیانتوانیوە ڕێز لەپەرلەمان و ئیرادەی خەڵک بگرن ئیتر چۆن دەتوانن دەم
لە دەوڵەتی کوردییەوە بدەن، لەبەرئەوە ئەگەر لەھەلومەرجی ئەمڕۆدا
دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە باشووری کوردستان دابمەزرێت،ئەوە ئازایەتی
زلھێزەکانە نەک دەسەڵاتی سیاسی کوردستان،ھەڵبەتە دەوڵەتەکەیش بەرەوڕووی
دەسەڵاتی سیاسی ئەمڕۆی کوردستان دەکرێتەوە و لەسێبەری ئەواندا دەڕوات
بەڕێوە، بەڵام دەوڵەتێکی قاچ شکاو و سەر شکاو دەبێت چونکە دەسەڵاتی
سیاسی لە کوردستاندا لەمە زیاتری لێچاوەڕوان ناکرێ کە دەیبینین،
بەرژەوەندی ئەوان لەوەدایە کە سیستمەکە ھەر گەندەڵ بێت و پەنجا بە
پەنجا تاڵان بکەن،بکوژن، پلەوپایە دابەش بکەن، عەیبی یەکتر بپۆشن،
دابونەریتی کۆنی خێڵەکی زیندوو بکەنەوە و مەکتەبی کۆمەڵایەتییان بۆ
بکەنەوە و دیوەخانەکانیان بۆ گەرم بکەن و بیکەنە ناوەندی چالاکی بۆ
تۆڵەسەندنەوە و ناوچەگەرێتی و عەشیرەتگەری.
لەڕاستیدا ئێمە نامانەوێ کوێرانە لێکدانەو و بۆچوونەکانمان ھەڵڕێژین و
بوختان بکەین و دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا لەکەدار و عەیبدار بکەین،
نامانەوێ بە خۆڕایی تومەتباریان بکەین، مێژووی ٥٠ ساڵەی ئەم دوو حزبە
مێژووی تیرۆر و خوێنڕشتن و پاشقولگرتن و چاڵھەڵکەندن بووە بۆ یەکتر
مێژووی نووجدان و شکستی سیاسی و ستایشکردنی دوژمن بووە، چ کاتێک شەڕی
ئەوان لەسەر کێشەی نەتەوەیی و مەسەلە ستراتیژییەکان بووە؟!!!.
لەبەر ئەوە دەوڵەتێکی لەم بابەتە لە کوردستاندا، تەنھا دەوڵەتێکی
ئەرستۆکرات،پیرۆکرات،تازەدەوڵەمەند دەبێت و لەھەوڵی درێژەدان بە تەمەنی
گەندەڵی و بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین و چاوترساندن و
سنووردارکردنی کاری ڕۆژنامەوانی دەبێت،ئەو دیموکراتییەش کە ئەوان
بانگەشەی بۆ دەکەن، ئیفلیج دەبێت و ناتوانێ لەسەر قاچی خۆی
بوەستێ،لەبەرئەوە مەحاڵە لەسێبەری دەڵەتێکی وەھادا کە میللەت بێبەشە
لەمافەکانی و داد و بێدادێتی لەدەست دەسەڵاتی سیاسی، کێشە ئابووری و
سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەلادابخرێن و ھەتا دێت ھەر کەڵەکەدەبن و
بەرەوڕووی بێزاری و ناڕەزایەتی خەڵکیی دەبنەوە.
جیهاد محەمەد:
دەوڵەتە زلھێزەکانی دنیا بەتایبەتی (بەریتانیا
و فەرەنساکەلەکاتی خۆیدا بەپێی ڕێککەوتننامەی سایکس- بیکۆ کوردستانیان
دابەشکرد)بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ڕەزامەندی خۆیان دەردەبڕن بۆ
دامەزراندنی دەوڵەتێکی وەھا بۆ کورد،ھەتا کەی کورد چاوەڕوانی ئەو
ڕازیبوونە بێت؟
عارف کەریم:
دەوڵەتە زلھێزەکانی دنیا بەدرێژایی میژوویان بە پێی نەخشەو پلان و
بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ڕێککەوتننامەی زۆروزەبەندیان مۆرکردووە لە
نێوخۆیاندا و چۆنیان ویستبێ نەخشەی جیھانیان داڕشتۆتەوە لەسەر حسابی
دەوڵەتان و میللەتانی ترو بەئارەزووی خۆیان دەستکاری سنووری
وڵاتەکانیان کردووە.
لەجەنگی یەکەمی جیھاندا کە وەرچەرخانێکی مێژوویی و سیاسی گەورەی لەگەڵ
خۆی ھێنا، ژمارەیەک گەل و نەتەوە بوونە خاوەنی دەوڵەت و سەربەخۆیی
خۆیان ڕاگەیاند، ھەندێکی تر وەکوو ئەرمەن و کورد بوون بەژێر دەست و
پێوە و مافی بوون بە خاوەنی دەوڵەتیان لێسەندرایەوە،ھەڵبەتە باری
جیوپۆلیتیکی کوردستان و فاکتەرە نێودەوڵەتییەکان و زەرفە زاتی و
مەوزوعییەکانی کورد خۆی ڕێگەی نەدا بەو مافە شاد ببێت.
ئەگەر جەنگی یەکەمی جیھان بە نموونە وەربگرین،ئەوەمان بۆ ئاشکرادەبێت
کەلەگەڵ ھەڵگیرسانی شەڕەکەدا لەساڵی ١٩١٤دا ئیپراتۆری عوسمانی کە
دەسەڵاتێکی فراوانی ھەبوو، لەژوورووی ئەفەریقاوە بیگرە ھەتا ڕۆژھەڵاتی
ناوەڕاست و بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپاش، شەڕەکەی دۆڕاند و وەکوو بەفر
توایەوە و لەسەر داروپەردووی ئەو دەوڵەتانی تری نوێ سەریانھەڵدا،
لەناوئەوانەش عێراق کە پێشتر لە ویلایەتەکانی بەسرە و بەغدا و موسڵ
پێکھاتبوو.لەم وەرچەرخانە مێژووییەدا کورد دەرفەتێکی زێرینی باشی
بۆھەڵکەوت بۆئەوەی خۆی درووستبکات، بەڵام بەداخەوە ململانێی کوردو
ئینگلیز ، کورد و تورک لەلایەک و ئینگلیزەکان و تورک و ئینگلیزەکان و
ڕوسیش لەلایەکی تر سەری کوردیان خوارد و گەمە سیاسییەکە لەبەرژەوەندی
تورک کۆتایی پێھات و لەساڵی ١٩١٦دا فەرەنسا و بەریتانیا پەیماننامەی
سایکس- بیکۆ یان مۆرکرد و کوردستانیان دابەشکرد،ساڵی ١٩٢١ کوردستان
بەزۆر و بەڕەسمی لکێنرا بە عێراقەوە.
لەساڵی ١٩١٩ دا ژەنەڕاڵ شەریف پاشا بەشداری کرد لە کۆنگرەی ئاشتی لە
پاریس و بیرخەرەوەیەکی پێشکەشکرد لەسەر پرسی کورد و دواتر کوردو ئەرمەن
بیرخەرەوەیەکیان دا بە دەوڵەتە سوێندخۆرەکان و لە ئەنجامی ئەم دوو
تەقەلایە لە ڕۆژی ١٠/٠٨/١٩٢٠دا سوێندخۆرەکان لایان لەکورد کردەوە و
ڕێککەوتنامەی سیڤەر یان مۆرکرد و لە بەندەکانی ٦٢ ، ٦٣ ،٦٤ دا بەئاشکرا
دان نراوە بە سەربەخۆیی کوردستاندا، بەڵام بەداخەوە دوایی گوێی پێنەدرا
و فەرامۆشکرا.
لە ٢٤/٠٧/١٩٢٣دا تورکیا و بەریتانیا کۆنگرەیەکیان بەست لەدژی کورد
بەناوی کۆنگرەی لۆزان بۆ ئاشتی، لەوێدا بەتەواوی مافەکانی کوردیان
پێشێلکرد و لە رێککەوتننامەکەی سیڤەر پەشێمان بوونەوە.
لەچاوپێکەوتنێکی وەھا سەرپێییدا ناکرێ بچینە ناو باس و لێکۆڵێنەوەی
مێژوویی دوورو درێژەوە و ئێرە جێگەی ئەوە نییە. بەکورتی و بە کوردی
بەندە لەمێژەوە بڕوام وایە کە ئەوانەی کوردستانیان داەبشکردووە، ھەر
ئەوانن کەدەتوانن کوردستان یەکبخەنەوە و سنورە دەستکردەکانی تێکبدەنەوە،
بەواتایەکی تر بەبێ زلھێزەکان کارێکی لەم بابەتە ھاتا بڵێی ئاڵۆزە و
کۆسپی زۆر دێتە ڕێ، بەڵام ئەمڕۆ کە کوردستان کەوتۆتە خانەی بەرژەوەندی
زلھێزەکانەوە،ئەوا بانگەشە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بە پێی
بەرنامەیەکی توکمە کارێکی ئاسانترە و زووتر خۆی دەدات بەدەستەوە.
ئەگەر بگەرێینەوە بۆ بەشی دووەمی پرسیارەکە:ھەتا کەی کورد چاوەڕوانی
ئەو ڕازیبوونەی زلھێزەکان بێت؟ ئەوا دەڵێم :لەپێشانا دەبێ کورد خەریکی
تیمارکردنی ئەو زامانە بێت کە ئەوەتان بەلەشی بزووتنەوەی ئازادیخوازی
گەلی کوردەوە، دەبێ خەریکی پڕکردنەوەی ئەو دەلاقانە بێت کە بەلەشیەوەیە،
لەپێش ھەموویانەوە گێڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان (کە ناوی ناوچە
دابڕاوەکانیان بەسەردا سەپاندووە) بۆسەر ھەرێمی کوردستان و دەرچوونی
سوپای تورکیا لەھەرێمی کوردستان کەبەڕەزامەندی سەرۆکی ھەرێم ھاتۆتە
ناوەوە، بەبێ جێبەجێکردنی ئەم دوو خاڵە، دامەزراندنی دەوڵەت کەموکوڕی
زۆری دەبێت.جگەلەوە کورد دەبێ کاربکات لەسەر چەمکی نەتەوەیی بەمانای
خۆی ئەویش بە درووستکردنی نوخبەی سەرکردە(دەستەبژێر) بۆئەوەی گوتارێکی
سیاسی یەکگرتووی نوێ بنیات بنێ لەگەڵ ستراتیژێکی نەتەوەیی نوێ
کەبرێتییە لە پێداگرتن لەسەر مافی چارەی خۆنووسین بە دامەزراندنی
دەولەتی کوردیشەوە، پێویستە ئەمە بکرێتە درووشمێک و دانەگیرێتە خوارەوە.
ئەم بانگەشەیە جیاوازە لە بانگەشەکەی دەسەڵاتی سیاسی ھەرێم
کەکۆدەبێتەوە لەم خاڵانەی خوارەوەدا:
آ- ئەگەر ئیمەی سەرکردە تووڕەبووین لە بەغدا،
ئەوا دەبێ ھەموو گەلی کورد تووڕە ببێ و چاو سووربکاتەوە.
ب- ئەگەر بریاری شەڕماندا، ئەوا دەبێ
میللەتیش لەگەڵمان بێت و شەڕبکات.
ج- ئەگەر ئاشتیمانکرد لەگەڵ دوژمندا،ئەوا
دەبێ ھەموومان لەگەڵ ئاشتیدا بین و قەبووڵی بکەین.
د- ئەگەر بەھیچ ڕازی بووین،ئەوا دەبێ میللەت
نوتقی لێوە نەیەت و بێدەنگ بێت و بەھیچ ڕازیبێت.
لەڕاستیدا زەمینەخۆشکردن و بانگەشەکردن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی
سەربەخۆ دەبێ لە بازنەی ئیرادەی تاکە کەس و حزب و ھۆز وخێڵ بێتەدەرەوە
ئەم خواستە دەبێ ئیرادەیەکی میللی و نەتەوەیی بێت و تێکڕای گەلی کورد
بریاری بۆبدات پاشئەوەی دەرفەتی لەبارو گونجاو پەیدا دەبێت و زەمینەی
بۆ خۆشدەکرێ و لەڕێگەی ڕێفراندەمێکی گشتی سەرانسەرییەوە لەکوردستاندا
بریاری بۆدەدرێ و ئەم ئامانجە پیرۆزە دەکرێتە واقیع لای زلھێزەکان.
خاڵێکی تری گرنگ کە پێویستە لەبەرنامەی کارکردندا بێت پیاچوونەوەو
داڕشتنەوەی دەستوورە بەو شێوەیەی کەخزمەتی گەل و کێشە نەتەوەییەکان
بکات،ئەویش بە دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی
کوردیشەوە، ھەروەھا جەختکردن لەسەر مافی ئازادی و دیموکراتی و نەھێشتنی
گەندەڵی ئیداری و ئابووری و سیاسی، ئەمەش ئەوکاتە جێبەجێدەبێت کە کورد
کاری کردبێ بۆ یەکخستنەوەی ماڵی خۆی و ھەڵوەشاندنەوەی ھەرشتێک ناوی دوو
ئیدارە بێت!! یان پەنجا بە پەنجا بێت!!!
ھەڵبەتە بە دامەزراوەکردنی حکومەت و دەزگاکانی دەوڵەت و جیاکردنەوەی
حزب لە حکومەت و ڕێگەپێنەدانی کە دەست وەربدات لەکاروباری حکومەتەوە
کاریکی ھەتا بڵێی پیرۆز و بەجێیە.
لەپاڵ ئەمانەی سەرەوەدا پێویستە دەسەڵاتی سیاسی پەیوەندی خۆیان
توندوتۆڵ بکەن لەگەڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەتایبەتی ڕێکخراوی مافی
مرۆڤ لەناوەوە و دەرەوەی کوردستان و لەھەوڵی پەیداکردنی پشتگیرێ زیاتر
بن بۆ گەلی کورد و واز لەو قسە سواو و بەسەرچوانە بھێنن کە جاروبار
ھەڵیدەڕێژن و ھەڕەشەی میللەتی پێدەکەن وەکوو (ئێمە بە خوێن ھاتوین و بە
خوێنیش دەڕۆین).ئەم قسانە بۆ ئەم سەردەمەی ئێستا دەست نادات و
لەفەرھەنگی سیاسیشدا جێیان نابێتەوە.
من پێم وایە ئەم ھەنگاوانە ھەموویان ئیجابین و دەکرێ کورد نزیکبخاتەوە
لە دنیای دەرەوە، زەمینەش خۆشبکات بۆ داھاتوویەکی باشتر.
جیهاد محەمەد:
چۆن لێکدانەوەو ھەڵوێستی
پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسعود بارزانی،ھەروەھا گۆڕان و نەوشیروان
مستەفا دەخوێنیتەوە سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆکورد؟
عارف کەریم:
سەرەتای ئابی ١٩٤٦ پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزراوە.ئەو درووشمانەی
سەرکردە کلاسیکییەکانی کورد بەرزیانکردبۆوە سەبارەت بە دامەزراندنی
دەوڵەتی کوردی، ئەمان پێچایانەوە و کە ململانێ و ناکۆکی نوێ دەستیپێکرد
لەگەڵ حکومەتە یەک لەدوای یەک ھاتووەکانی بەغدا، ئەمان لە سفرەوە
دەستیانپێکردەوە بەم شێوەیەی لای خوارەوە درووشمەکانیان بەرزکردەوە:
جێبەجێکردنی مادە سێی دەستووری عێراقی سەروەختی عەبدولکەریم قاسم کە
باسی ھاوبەشی کورد و عەرەب دەکات لە عێراقدا --- لامەرکەزی --- حوکمی
زاتی --- حوکمی زاتی حەقیقی --- فیدرالی.
ئەمە ئەوە پیشاندەدات کە پارتی دیموکراتی کوردسان فری بە خەباتی رزگاری
و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییەەوە نەبوە و شەڕی کردووە لە پێناوی شەڕدا
و شەڕیش بۆ قاتوقڕکردنی کورد، بەلگە بۆقسەکەم ئەوەیە کە پارتی یەکەم
حزبی کوردییە کە نەریتی پیاوکوشتنی داھێنا لە کوردستاندا لە ڕیزەکانی
خۆیدا بەرامبەر بەوانەی بە سیاسەتی ئەو ڕازی نەبوون و ناکۆک بوون
لەگەڵیدا.
لەساڵی ١٩٦٤وەشەڕی خۆکوژی دەستیپێکرد تاساڵی ١٩٩٧ ی خایاند و بەفشاری
ئەمەریکا کۆتایی پێھات.تەنھا لەساڵی ١٩٩٤وە تا ساڵی ١٩٩٧ قوربانییەکانی
شەڕی نێوان ئەمان و یەکێتی نزیکەی ٧٠٠٠حەوت ھەزار کەس بووە کە ھەمووشی
لەسەر پارەی ئیبراھیم خەلیل و دەسەڵات بوو!!!.
سیاسەتی شێواو و کالفامانەی پارتی و یەکێتی، ئەنفال و گازی کیمیایی بۆ
کورد ھێنا، لەناو ئەوانەش تیاچوونی ٨٠٠٠ ھەشت ھەزار بارزانی بوو.
کاتی خۆی کە قەتڵوعامی جولەکە کرا لەلایەن نازییەکانەوە ، جولەکەکان
توانییان لەسەر ئێسکوپروسکی قوربانیانی ھۆلۆکۆست دەوڵەت بنیات بنێن،
بەڵام ئەوانەی ئێمە بێدەنگییان ھەڵبژارد بەرامبەر بە جینۆساید و
کۆمەڵکوژی گەلەکەیان و جەللادەکەی کوردیان باوەش پیاکردو لەخۆیاندا
ڕانەبینی لەئاستی گەورەیی تراژیدیا و کارەساتەکانمان، بەتایبەتی
ھەڵەبجەو ئەنفال بەرز خۆیان ڕابگرن، نەیانتوانی ئەم ماڵوێرانی و
بەدبەختییەی کورد بکەنە ڕاستییەکی مێژوویی بۆ تێگەیشتن لە کێشەی ڕەوای
گەلەکەیان کەدەیتوانی ئاسۆیەکی ڕووناک لەگەڵ خۆی بھێنێ، نەیانتوانی
دەرفەتە زێڕینەکان بقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندی گەلەکەیان.
ئێمە خاوەنی کولتورێکی سەقەتین کە زیاتر لە نیو سەدەیە حزبی سەقەت و
سیاسەتمەداری سەقەت و سیستمی سەقەتمان بۆ بەرھەم دێنێ جگە لە
بیرکردنەوەی خێڵەکی کە باڵی خۆی کێشاوە بەسەر کۆمەلگاکەماندا و ھەروا
بەئاسانی ناتوانین لێی ڕزگاربین.
بیرکردنەوەی خێڵەکی کۆمەڵگایەکی گەشەکردووی ناوێت کەتێیدا یاسا و
دەستوور سەروەربێت و بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی بخاتە سەرو
بەرژەوەندی تاک و حزبەوە. بیرکردنەوەی خێلەکی کۆمەڵگایەکی ڕاوەستاوی
دەوێت و بڕوای بە خەبات و تێکۆشانی سەردەم و ھاوچەرخ نییە و دەیەوێ خۆی
کۆنترۆڵی تاکەکانی ناو کۆمەڵ بکات بەپێی داب و نەریتێکی کۆن و
بەسەرچوو،خۆی سنوور دابنێت بۆ ئازادی و دیموکراتی و مافی تاکی کورد لە
کایە جیاجیاکاندا.
حزبێک وەھا بیربکاتەوە و ئەمانەی سەرەوە پاشکۆی سیاسی ئەوبن ئایا
دەتوانی بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکات؟بێگومان نەخێر!
ھەر حزبێک بیر لەدامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکاتەوە لە پێشانا دەبێ ئەو
ڕاستییە بزانێ کەکورد میللەتێکی بە لایەنی کەمەوە ٤٠ ملیۆنییە و
گەورەترین گروپی خەڵکییە لەسەر ڕووی زەوی کە گەورەترین قوربانیداوە،
بەڵام ئەوە ھەر کوردە کە زیاتر لە نیو سەدەیە لەسایەی حزبە
بۆرژوازییەکاندا خەبات و تێکۆشان دەکات و خوێن دەدات کەچی ھیچی بە ھیچ
نەکردووە و نەبۆتە خاوەنی دەولەتی خۆی چونکە سەرکردەکانی لە خەمی ئەو
میللەتەدا نەبوون و گوێیان نەداوەتە خوێن و ئارەق و فرمێسکی خەڵکی.
من تێناگەم گەلی کورد چی کەمترە لە گەلانی روس چین کوبا ڤیتنام
کەمبۆدیا یۆگۆسلافیا جەزائیر کە ھیچیان ٥٠ ساڵ خەباتیان نەکرد، کەچی
توانییان سەرکەوتن بەدەست بھێنن .
میللەتانی تری ھندوپاکستان ئیسپانیا و پورتوگال چیکۆسلۆفاکیا سودان
زیاتر لەنەتەوەیەک بوون و دوایی توانییان سەربەخۆیی خۆیان ڕابگەیەنن و
دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان دامەزرێنن و لەیەک جیاببنەوە.
من پێم وایە ئەم گەلانە خاوەنی سەرکردەی ڕاستگۆ و نەترس و شۆڕشگێڕ و
دڵسۆز بوون بۆیە گەیشتن بە ئامانجی خۆیان، ئەمانەی خۆشمان تازە بەتازە
بیرلەوەدەکەنەوە نەوەکانی خۆیان بھێننە پێشەوە و یەک لەدواییەک
ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتیان پێبکەن ، ئیتر چۆنچۆنی دەتوانن درووشمی
دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بەرز بکەنەوە.
دەربارەی بزووتنەوەی گۆڕان، ھەڵوێست و لێکدانەوەیان سەبارەت بە
دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد، دەمەوێ بڵێم کەئەوان
ڕێکخڕاوێکی نوێی ئۆپۆزسیۆنن لە گۆڕەپانی سیاسیدا و دەسەڵات لەدەستیاندا
نییە و ناتوانن بریاری چارەنوسسازی گەورە بدەن بە حوکمی ئەوەی خاوەنی
تەنھا ٢٥ کورسین لە پەرلەمانی کوردستاندا، بەڵام دەتوانن لەسەر چەمکی
نەتەوەیی کاربکەن و زەمینە خۆشبکەن بۆ وشیارکردنەوەی خەڵک و دەسەڵاتی
سیاسی سەبارەت بە کارو پرۆژەی ھاوبەش لەوپێناوەدا، ئەوان ھەتا ئێستا
نەبوونەتە حزبێکی سیاسی و کۆنگرەیان نەبەستووە و جارێ نازانرێ پرۆگرام
و پەیڕەوی ناوخۆیان چۆن دەبێ، ئەوەی کەدەبینرێ ئەوەیە کە گۆڕان قورسایی
خۆی فڕێداوەتە سەر قەڵاچۆکردنی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی حکومەت
لەکارەکانیاندا و پەنجە ڕاکێشان بۆ ھەموو کارێکی ناڕەوا، ھەروەھا
کارکردن بۆئەوەی حزب لە حکومەت جیابکەنەوە و یاسا و دەستوور سەروەربێت.
ھەرچەند ئەوان درووشمێکیان نییە بەناوی مافی چارەی خۆنووسین و
دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی کەکاری لەسەر بکەن،بڕواشم نییە دژی ئەو
خواستە بن کە ھی ھەموو گەلی کوردە،
جیهاد محەمەد:
بەڕای بەڕێزت ئەمە دەبێ ئامانجی پیرۆزی
گەلی کوردبێت و لەڕێگەی خەبات و تێکۆشان و ڕاپرسی گشتییەوە ئەنجام
بدرێت ؟یان ئەوەتا ئەوە بەسە کە ھەندێ حزب و ڕێکخراو ئەو مەسەلەیە
قۆرخبکەن بۆخۆیان و چۆنیان ویست وەھا ھەنگاوی بۆبنێن؟
عارف کەریم:
مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ کورد خواستێکی
نەتەوەییە و لەھەمانکاتدا ئامانجی بەرز و پیرۆزی گەلەکەمانە بەھەموو
توێژ و چین و حزب و ڕێکخراوەکانیەوە و موڵکی ھەموانیشە و ھیچ کەس و
لایەنێک بۆی نییە یارێ پێبکات یان زەوتی بکات بۆ خۆی یان بەکاری بھێنێ
بۆ جۆرێک لە بەرژەوەندی خێڵ و ھۆز و حزب.
شێوازی خەبات و تێکۆشان و بەدیھێنانی ئەم ئامانجە پیرۆزە دیاروئاشکرایە
و ھەموو تاکێکی کورد بەجیاوازی بیروباوەڕیشیەوە دەتوانێ دەنگی
بەرزبکاتەوە و ھاوبەشی بکات.
بێگومان کارکردن بۆ مەسەلەیەکی چارەنوسسازی وەکوو ئەمە دەبێ لەڕێگەی
زەمینەخۆشکردنەوە بێت بۆ یەکخستنی گوتاری سیاسی کورد و دیاریکردنی
ستراتیژی نەتەوەیی(کەدەوڵەتی کوردییە)ئەوجا ڕێگەخۆشکردن بۆ ئەنجامدانی
ڕاپرسییەکی گشتی لەسەرانسەری کوردستاندا بەبێ دەستتێوەردانی حزب وخێڵ و
بەئاگاداری زلھێزەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، لەپێش ھەموویانەوە
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم پرۆسەیەدا،
ئەگەر حزبێک یان ڕێکخراوێک پەیدابوون بۆئەوەی ئاژاوە بگێڕن و کارەکان
تێکبدەن و وەھای لێبکەن وەکوو خۆیان دەیانەوێ ،ئەوا دەبێ دەست بەجێ
شەقامی کوردی ڕاپەڕێ و بچێتەوە بە گژیاندا و لەسنوورێکدا ڕایانبگرێ.
من پێم وایە دوو حزبەکەی کوردستان (پارتی و یەکێتی)نایانەوێ ھیچ
ھەنگاوێک بنێن لەو بوارەدا، بەڵام کەکارەکە بووە خواستێکی کۆمەڵانی
خەڵک و زۆربەی گەل بەرەوپیری چوو و بەڕەسمی بووە ئەمری واقیع ئیتر
ئەوان ناتوانن لەدژی بوەستنەوە و ڕێگربن.
_________________________________________________________
پرۆفایلی
عارف کەریم: ساڵی ١٩٤٤ لە گەرەکی
سلێمانی گەرەکی چوارباح لەدایک بووە وساڵی١٩٥٨ دەچێتە ڕێزی
کوردایەتی،ساڵی ١٩٦٤ خوێندکار دەبێت لە زانستگای موسڵ و لە
هەمانکاتدا بەرپرسی ڕێکخستنەکانی یەکێتی
قوتابیانی کوردستان دەبێت لەوێ، دووجار
گیراوە و دراوە بەدادگای (امن الدولە)
لە کەرکوک و حوکم دراوە و دواجار بە
مەرسومێکی کۆماریی دەیبەخشن، ساڵی
١٩٧٠لەگەڵ دامەزراندنی کۆمەڵەدا یەکێک دەبێت لە
کەسە سەرەتاییە چالاکەکان، ساڵی١٩٧٥ جارێکی تر
فەرمانی گرتنی بۆ دەردەچێت و واز لە
وەزیفەکەی دێنێ لە زانکۆی سلێمانی و ھەڵدێت بۆ سوریا
و لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا دەمێنێتەوە، لە
کۆتایی ساڵی ١٩٧٦ وە ھەتا ئێستا کەسێکی سەربەخۆیە.
ستۆکھۆڵم
ماڵپهڕی عارف کهریم
|