په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٩\٢٠١٥

دیمانەیەک لەگەڵ یوسف عزەدین.

 

سازدانی: عەبدوڵا ئەحمەد


عەبدوڵا ئەحمەد: سەرەتا دەمەوێت لەقسەیەکی بۆرخیس-ەوە، گرێ کوێرەی گفتوگۆکەمان بکەمەوە کەدەڵێت: ( ھەوڵمداوە بەساناترین شێواز چیرۆکەکانم بنووسمەوەو ناشزانم چەند تێیدا سەرکەوتوو بووم). دەبێت "یوسف عزەدین" چەند ھەوڵی ساناکردنی شێوازی چیرۆکەکانی دابێت؟


یوسف عزەدین: ھەروەک "گالگز" دەڵێت: (بۆرخیس بەدرێژایی ژیانی فەیلەسوفێکی ھاوی بووەو چیرۆکەکانیشی پڕن لەبیرۆکە). ھەر بۆیە رەنگە تەرحکردنی مەعریفەو ئەو نایەقینەی کەلای بۆرخیس ھەیە، لەبازنەکانی سانابوون بمانباتەدەر.. چونکە لای ئەو تەسەوور ئیدراکە، گەرچی پێی ناگاتە یەقین و ھەردەم خۆی لەحاڵەتی ھەڵھاتن و راکردندا دەبینێتەوەو لەپشت خودێکی دیدا خۆی حەشار دەدات و ئیدی بەم شێوەیە ئیدامەی دەبێت. سەرباری ئەوەی کەخودی بۆرخیس پێی وایە، لاپەڕەیەک یان وشەیەک نییە سانا بێت، چونکە مادام ئێمە ھەموومان وێنەیەکی گەردوونین کەدیارە ئەویش باوترین سیفەتی ئاڵۆزییە.. یان بابڵێین فەوزایە، ئەو فەوزایەی کەلای "مارکس" عیلمییەتی زیاترە لەکپی و مەنگی .. رەنگە من لەوەدا لەگەڵتا یەکبگرمەوە کەدەبێت شێوازێک، یان زمانێکی سادە ھەبێت بۆ دەربڕین، بەڵام ئاخۆ لەپشت ئەوەوە چی خۆی حەشاردەدات؟! لەنێو چیرۆکەکانی بۆرخیس-دا جڵەو بۆ خەیاڵ و ئەندێشە شل دەکرێت و لەچیرۆکەکانیدا فانتازیایەکی لۆژیکی دەخوڵقێنێت، وێڕای سیحرێکی تایبەت.. ھەر بۆیە رەنگە لێرەوە بگەینە ئەو راستییەی کەسانابوونی شێوازی کەسێک ،پەیوەست بێت بەچەشنی ئەو پرسیارەی کە گەرەکیەتی بیورووژێنێت و چەشن و چۆنیەتی ئەو فۆرمەی کەلەپرۆسەی نووسیندا ناوەڕۆکێکی دیاریکراو دەگرێتەخۆ.


لای "مارکیز" دیمەنێک یان تارماییەک بەسە بۆئەوەی ببێتە سەرەھەودای ھێنانە ناوەوەو داڕشتنی بابەتێک کەدەمێک ساڵ لای پەنگی خواردبێتەوەو گینگڵی پێوە دابێت.. دەشێت و دەکرێت پرۆسەی نووسین، بەپێی جودایی و تێڕوانین و گوتاری نووسەرەکان بگۆڕدرێت و فۆرمیولای فرە چەشن بگرێتەخۆی.


ھەر نووسەرێک وەک خۆی و بۆخۆی خاوەنی شێوازێکی تایبەتە.. بۆرخیس لەمیانی خەونەوە دەچێتە نێو خودی بابەتەکانی و دواتریش لەپرۆسەی نووسیندا ھەوڵی گێڕانەوەی خەونێک دەدات و دواجاریش بیرۆکەکانی لەیادەوەریماندا ھەر دەبێتەوە بەخەون. یاساو رێسا و پێودانگێکی تایبەت بۆ شێوازی نووسینی چیرۆک نییەو ھەردەم ھاوکێشەکان لەئاڵوگۆڕو ھەڵگەڕانەوەو بگرەو بەردەیەکی بەردەوامدان.. ھەندێکجار خوێندنەوەی رەخنەگرێک بۆ دەقێکی زیندوو، دەبێتە مایەی دۆزینەوەی ھەندێک لەنھێنی و پەنھانەکانی و دواجاریش نووسەر بۆخۆی ئەو بوونەوەرە تەنھایەیە کەتەنھا لەدوورە پەرێزی و تەنیاییەکی زاتیدا دەتوانێت، کار بۆ خوڵقاندنی دەقێک بکات و گرنگ ئەو سیحرە یان ئەو توانایەیە کەدەقێک لەدەقەکان دەتوانێت زیاد لەدەقێکی تر، سەرەتا کێشت بکات و پاشان گیرۆدەی خوێندنەوەیت بکات.


ھەردەم شێواز پەیوەستە بەو شتانەوە کەتۆ دەتەوێت گوزارشتی لێبکەیت و ئەمەش پەیوەستە بەزمان و گرفتەکانی زمانەوە، بەو واتایەی دەتەوێت بڵێیت چی و بەچ شێوازێک و چۆنی دەدرکێنیت.. زمان ھۆکارێکە بۆ سەبکی شێوازی نووسین.. ھەر بۆیە ئاساییە کاتێک لەپرۆسەی نووسیندا رووبەڕووی وەسفی ئەو شتانە دەبینەوە کەڕۆژانە دەیانبینین و رەنگە زۆریشی ھەر سەرنجڕاکێش و بەھادار نەبێت..بەڵام شێواز و چۆنیەتی سەرلەنوآ وەسفکردنەوەی، بەشێوازێکی داھێنەرانە لەماھییەتە تەقلیدییەکەی خۆی دایدەبڕێت و دەمانخاتە بەردەم گومانکردن لەخودی شتەکە و ئەمانەش ھەمووی پەیوەستە بەخودی نووسەرەکەوە، "ئالن رۆب گرآ" ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کەساتی نووسین لای نووسەرێکی تەقلیدی ساتی زانین و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانە، بەڵام بەپێچەوانەوە لای نووسەرێکی ناتەقلیدی ساتی نەزانینی وەڵامەکان و پرسیارکردنە. ھەر بۆیە خودی ئیشکالەکە، پێش ھەموو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ نووسەر؟!


عەبدوڵا ئەحمەد: ببەخشە مەبەستم لەھەوڵی ساناکردنی گێڕانەوەکانت.. ئاڵۆزی نییە، ھێندەی ئەوەی کەمەبەستم چەشنێک لەشاراوەییە لەدەقەکانتا.. ئێوە پێتان وانییە بڕێک لێ تێگەیشتنی قورس بێت؟


یوسف عزەدین: ھەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا مەرج نییە ھەموو شێوازێکی سانا، بابەتێکی ئاسایی یان سانا بگرێتە خۆی، سەرباری ئەوەی کەچەشنی خوێندنەوەمان بۆ دەقێک، کاریگەری دەبێت لەسەر خودی بابەتەکەو رەنگە زۆرجاران لەسات و کاتێکی دیاریکراودا جا بەپێی ھەر بارودۆخێک بێت، خوێندنەوەمان بۆ دەقێک بگۆڕدرێت.. ھەر بۆ نموونە خوێندنەوەی ئێستامان بۆ تەورات، تۆ بڵێی ھەر ھەمان ئەو خوێندنەوەیە بێت لەسەردەمانێکی پێشوودا بۆی کراوە، یان لەداھاتوودا بۆی دەکرێت؟ بۆیە ھەموو دەقە زیندووەکانی تریش لەمیانی خوێندنەوەدا، رووبەڕووی ھەمان ئیشکال دەبنەوە.. ئەمە سەرباری ئەوەی کەدەقی زیندوو، بەسەرچوونی سەردەمەکان و کۆنبوونی مێژووی نووسینیان، کاریگەرییەکی ئەو تۆ ناکاتە سەر توانستە سەرنجڕاکێشەر و سەرسام ئامێزەکەی.


سەبارەت بەو قورسییەی کەتۆ باسی دەکەیت، "میشیل بیتور" سەبارەت بەڕۆمانەکانی "ناتالی ساروت" دەڵێت:( لەڕۆژگاری ھەوەڵی بڵاوکردنەوەیدا، زۆر نامۆو قورس بوو، بەڵام لەئێستادا ھەمان قورسی و نامۆیی ناگرێتە خۆی، گەرچی ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کەھەوڵێکی جدیمان ناوێت لەخوێندنەوەیدا).


ئەو شاراوەی-یەش کە ئاماژەت پێدا، نازانم مەبەستت ئەوەیە کەلەیەک گێڕانەوەدا، یان لەھەموو گێڕانەوەکانمدا دووبارە دەبێتەوە، جا لای تۆ دەبێتە حاڵی نەبوون، یان خوێندنەوەی نوێتان لا دروست دەکات! بەھەرحاڵ خویندنەوەی کەسەکان جیاوازە بۆ دەقێکی دیاریکراو.. ھەر بۆ نموونە کاتێک " مارکیز" "مەسخ"ی "کافکا" دەخوێنێتەوە، ھەست دەکات ھێندەی چیرۆکەکانی داپیرەی بآ گرآو گۆڵ و سانایە.. وەک خۆشی دەڵێت.. لەو دەمەوە ھەستم کرد کەدەتوانم بنووسم.. دیارە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە دەقەکانی "کافکا"شتی شاراوەی تێدا نییە.. یان قورس نییە..ھەر بۆیە سەرەتا ھەستکردن بە شاراوەیی و قورسی لەدەقێکدا، جۆرێک لەبەدحاڵیبوون بەکەش و ھەوای ئەو دەقە دەگرێتە خۆی.. رەنگە لای تۆ یان کەسێکی تر، لەیەکەم خوێندنەوەدا دروست بێت.. وەک ئەوە وایە "سفر ئەلتەکوین"ی "تەورات" بۆ یەکێک بخوێنیتەوە ھێشتاکە لەقۆناعی "تەوتەم"ییەتدا بێت..


بەڵام بەردەوامبوون لەسەر خوێندنەوەو پێداچوونەوەو گفتوگۆ، بێگومان تێڕوانینی نوآ دەھێنێتە پێش.. ھەر بۆ نموونە چیرۆکی "لەبەردەم یاسا"ی "کافکا" ساڵی ١٩١٩نووسیویەتی و کردویەتیە بەشێک لەڕۆمانی "دادگایی کردن".. رەنگە وەک چیرۆکێکی رەمزی دەیەھا پرسیارمان لا دروست بکات و لەناخەوە بمان بزووێنێت، کاتێک ئەم دێڕانەی "کافکا" دەخوێنیتەوە کەڕەنگە لێرەدا پوختەیەکیم لەیاددا بێت:


(پیاوێک دەیەوێت بچێتە ھۆڵی دادگاوەو دەرگاوانەکە پێی دەڵێت کەناتوانێت فەوری بچێتە ژوورەوە... دواتر ھەر لەو جێگەیەدا کەڕەنگە ھەر شوێنێک بێت، کابرا ساڵانێکی زۆر دەمێنێتەوەو چاوی کز دەبێت و پیر دەبێت...).


دەبینین چۆن "کافکا" باس لەچاوەڕێکردن و پرسیارنەکردنی پاڵەوانەکە دەکات، تا ئەو رادەیەی پرچی سپی دەبێت و چاوی کز دەبێت و تەمەن لەو ژوورە یان ئەو شوێنەدا دەباتە سەر.


"کافکا" لەمیانی پێوەندییە نائاساییەکانی نێو ئەم چیرۆکەوە، شاراوەیی و قورسی بەسەر خوێنەردا دەسەپێنێت.. بەڵام دیارە ئەمە لەکاتێکدا کەھێشتاکە خوێنەر دەروازەی چوونە نێو دەقەکەی نەدۆزیبێتەوە، ھەر بۆیە من پێم وایە جۆرێک لەنیسبییەت ھەیە لەدەستنیشانکردنی شاراوەیی یان قورسی لەدەقێکدا.. بەو پێیەی کەھەموو دەقێکی زیندوو قابیل بەخوێندنەوەیەو تا ئێستاش ھیچ دەقێک نییە مەوداکانی خوێندنەوەی تێپەڕکردبێت.


عەبدوڵا ئەحمەد: مامۆستای چیرۆکنووس"شێرزاد حەسەن" لە دوای راپەڕین و لەدیراسەیەکیدا کەلە"کوردستانی نوآ"دا بڵاویکردەوە، ئێوەو کۆمەڵێک برادەری تری بەنەوەی نوێی چیرۆک یان دەنگە جیدییەکانی پاش نەوەدەکان ناوزەد دەکات.. ئاخۆ تا چەند ئەو جیلە نوێیە، پێوەندی لەنێوان خۆیاندا بەدی دەکەن؟ دەکرێت بڵێین ئێمەش گروپێکی وەک "کاربێلا"مان ھەیە کەنووسەرەکانی ئەمریکای لاتینی لێکەوتەوە؟


یوسف عزەدین: بەڕای من رەنگە نەتوانین داھێنانەکانی نووسەرانی ئەمریکای لاتین لەپرۆسەیەکی گروپگەرایدا ببینینەوە، گەرچی "ماڵە گەورەکە"ی "سامیدۆ" وەک زۆرجار ئاماژەی پێدەکرێت بەسەرەتای لەدایکبوونی "سەدساڵ لەتەنیایی" مارکیز دادەنرێت، بێگومان ھەریەک لەو نووسەرانەی کەئاڵوگۆڕێکی تەواویان لەبونیادی چیرۆکنووسین یان رۆمان نووسیندا کرد، بەدەرنەبوون لەکاریگەری نووسەرانی دیکەی دنیا، ھەر بۆ نموونە "مارکیز" بۆخۆی دان بەکاریگەری "ڤێرجینا وڵف"و "فۆکنەر"دا دەنێت.


"بۆرخیس"یش کاریگەری "ھەزار و یەک شەو"ەی لەسەر دیارەو توانیوویەتی چەشنێکی نوآ لەکورتە چیرۆک بخوڵقێنێت.. کاریگەری نووسەرانی پێشووش لەسەر "خوان رۆلفۆ، ئەرنستۆ ساباتۆ، ماریۆ بارگاس، میشیل ئەنخل ئەستۆریاس" ھەیە.. بەڵام کاریگەری ئەدەبی جیھانی لەسەریان، بووە مایەی بەخۆداچوونەوەو خوێندنەوی نوآ، بەشێوازێک کەچەشنێک لە فەزاو فانتازیاو تەکنیکی نوێیان خوڵقاند.. تا ئەو رادەیەی وا لەخوێنەر دەکات، بەگومانەوە بڕوانێتە دنیا، دوودڵ بێت لەوەی کەھەر ئەم دنیایەیە کەتێیدا دەژی یان دنیایەکی دیکە..


من و ئەو نەوەیەی کەلەدوای راپەڕینەوە زیاتر بەرھەمیان کەوتە بەرچاو، زۆربەمان لەھەشتاکاندا و لەسەرەتا و ناوەندەکانی جەنگدا ھەرزەکاربووین.. ھەر بۆیە بینینی مەرگەساتەکانی جەنگ و کوشت و کوشتار و خوێن، بەڕادەیەک بینایمانی لێڵکرد.. رەنگە ھیچ کاتێک نەتوانین بەڕوونی سەیری دنیا بکەین. بۆیە ئاساییە کۆمەڵێک لەنووسەران سەر بەنەوەیەک بن و جەنگ و مەرگەساتەکانیش بیانگرێتەخۆ، بەڵام جیاکردنەوەیان و ناساندنیان وەک گروپێک رەنگە دروست نەبێت.. ئیدی ھەریەکەیان و بەپێی جیاوازی جدییەت و توانستی نووسینیان لەدنیایەکی تایبەتدا ھەڵدەسووڕێت.


عەبدوڵا ئەحمەد: "ماریۆ بارگاس" دەڵێت:"ئەدەب درۆیەکی جوانە"، جا پێمان خۆشە بزانین ئەدەب لای تۆش ئەدەب ھەمان پێناسەی ھەیە؟ یان بابڵێین کەم تازۆر خستنەڕووی کێشەی تیرۆر لە دەقەکانتاو بەتایبەتیش لە"فرمێسکەکانی بالارینا"دا، درۆیەکی جوانە یان رەگوڕیشەی واقیعی و راستەقینەی ھەیە؟ شایانی باسیشە ھونەرمەند" کامەران رەئوف" لەژمارە ١٤-ی گۆڤاری "ئیستا"دا و لەچاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت:( لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەو چیرۆکە بکەم... کەتەواو رایکێشام چیرۆکی فرمێسکەکانی بالارینا-ی "یوسف عزەدین" بوو کەدەقێکی زۆر جوان و رایع بوو، دڵنیام گەر ئیمکانیات ھەبێت، دەتوانرێت کاری جوانی تێدا بکرێت و بێگومانیشم کەدەبێتە کارێکی سینەمایی سەرکەوتوو).


یوسف عزەدین: "ماریۆ بارگاس" بەئەسڵ خەڵکی پیرۆ-یەو زیاتر لە"مارکیز"و نووسەرانی نەوەکانی خۆی مومارەسەی سیاسەتی کردووە.. تا ئەو رادەیەی لەیەکێک لەھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیدا، خۆی پاڵاوت. ھەر بۆیە کاتێک دەڵێت، ئەدەب درۆیەکی جوانە.. مەبەستی ئەوەیە درۆکانی سیاسەت دزێوو ناشیرینن.. گەرچی من لەگەڵ شوبھاندنی ئەدەب بەدرۆیەکی جواندا نیم..ئاشکرایە ئەوەی لەئەدەبدا دەبێتە مایەی خوڵقاندنی دنیایەکی جوان، درۆ نییە، ھێندەی ئەوەی ئیش پێکردنە بەکەرەسەکانی خوڵقاندنی دەقە ئەدەبییەکە. ناشکرێت ھەر لەمەجازەوە بڕوانینە گوزارشتە ئەدەبییەکانی دەقێکی زیندوو، چونکە بێگومان دەلالەتی شاراوەی دیکەی ھەیە کەپێویستی بەدۆزینەوەیە، لەمەجازدا شیاوە نووسەر قەناعەتمان پێبکات ئەو شتەی کەدەیبینین، ئەو نییە، بەڵکو شتێکی ترە!


دەگەڕێمەوە سەر پرسیارەکەتان و دەڵێم، من بۆچوونەکەی "ماریۆ بارگاس" بەپێناسە دانانێم، چونکە تێڕوانینەکان نیسبین و ناکرێت لەقاڵبێکدا دابڕێژرێت.


سەبارەت بەوەش کەدەپرسیت، داخوا تیرۆر لەدەقەکانمدا درۆیەکی جوانە، یان رەگوڕیشەی واقیعی و راستەقینەیی ھەیە؟


"فلۆبێر" لەنامەیەکیدا بۆ مەدام"شلیسنجەر" دەڵێت:
(من بیر لەڕابردوو دەکەمەوە چونکە لەئێستادا پیرم). دواتر درێژە بەنامەی دەدات و باس لەو تارماییانە دەکات کەدەیانەوێت پەلکێشی بکەن...


دەکرێت بڵێین درۆ لەگەڵ خۆشەویستەکەی دەکات؟ یان دەکرێت بڵێین راست دەکات! ئەدەب ئاوا مامەڵە لەگەڵ شتەکاندا دەکات و ھەردەم دوچاری گەڕانمان دەکات.. دەبێت بەردەوام بەشوێن سەرەداوەکاندا بگەڕێین، ھەر بۆیە باسکردن لەتیرۆر وەک باسکردنی ھەر دیاردەیەکی دیکە وایە؟!


بەکۆمەڵ کوشتنی کرێکارانی مۆز لەئەمریکای لاتین، پاش ئەوەی دەسەڵات بەزەبر و زەنگ ویستی لەبیری خەڵکی بباتەوەو بۆ ھەتا ھەتایە کەس نەوێرێت باسی بکات.. بەڵام دواجار ئەم مەرگەساتە بەشێوەیەکی ئەدەبی و فانتازیی لە"ماڵە گەورەکە"ی "سامیدۆ"دا رەنگی دایەوەو دنیایەکی نوێ لەڕووداوە راستەقینەکە خوڵقاو، واقیع تەنھا وەک باکگراوندێک لەخەنی نووسەرەکەدا مایەوە.


ھەروەک "مارکیز" ئاماژەی پێدەدات، دەبێت رووداوە یان بابەتە مەئلوفەکان، نامەئلوفیەتێکیان پێ ببەخشرێت، تاوەکو خوێنەر بەسەرسامییەوە تێی بڕوانێت و پێی وابێت کەبۆیەکەمجارە ئەو بابەتە یان ئەو رووداوەی دێتە پێشچاو.


ھەر بۆیە تیرۆر یەکێکە لەدەرھاویشتەکانی دەسەڵات و بەدەر لەحوکمێکی یاسایی کەسێک تیرۆر دەکرێت.


ئەو تێکستەی ئاماژەت پێدا.."فرمێسکەکانی بالارینا"، لەوێدا خەیاڵ و تارماییەکانی کوژراوەکە تاڕادەیەک بەرجەستە دەبێت، ئەمەش پێدەچێت لەوەوە ئاوای لێھاتبێت، کەناکرێت کوژراوێک بۆخۆی و لەواقیعدا حیکایەتی کوژرانی خۆی بگێڕێتەوەو ئاماژە بەبکوژەکانی بکات.. بۆیە دەشێت من یان تۆ ببینە ئەو کوژراوەو حیکایەتی خۆمان بۆ ھەمووان بگێڕینەوە.


عەبدوڵا ئەحمەد: دەکرێت بڵێم ھەوڵدانت بۆ گێڕانەوەی حیکایەتی کوژراوەکان، پەیوەستە بەو ساتانەی کەلەئەمنە سوورەکەی سلێمانی زیندانی بوویت؟ دەتوانیت دیمەنێکی خێراو کاریگەرمان پێ بڵێیت کەزۆر کاری تێکردبیت و کاریگەری لەسەر ئایندەی پرۆسەی نووسینت دانابێ؟


یوسف عزەدین: لەڕاستیدا ئەم پرسیارەت ھێندە جەنجاڵ و پڕ لەیادەوەری تاڵ و تفتە.. سەرباری پەیوەست بوون یان نەبوونییەوە بەپرۆسەی نووسینەوە.. رەنگە بەم دەم و دەستەو لەم ماوە دیاریکراوەدا نەتوانم و نەشآ لەوەڵامدانەوەیەکی کورتدا حەقی خۆی بدەمێ.


من تەنھا دیمەنێکت دەھێنمەوە پێشچاو، ئەو دەمەی لە پشت دەروازە ئاسنینەکانەوە، سەتڵی پیساییەکانیان پێ دەڕشتین و کەوچێک شۆربای زیخاویان بۆ دەکردینە ھەمان سەتڵ و رۆژ و شەومان لەگەڵ ئەو ئەسپێیانەدا دەکردەوە کەبەردەوام خوێنیان دەمژین.. لێرەدا مەبەستم نییە بتبەمە نێو وردەکارییەکانی نێو زیندان، ئەمەوآ ئەوەت پێ بڵێم، کوشتن و گوللەبارانکردنی زیندانییەک لەوێدا کەشێکی تایبەتی ھەبوو.. ھەر کاتێک کە گوێمان لەدەنگی شۆفڵ دەبوو لەحەوشەی ئەمنە سوورەکەدا، دەمانزانی کەسێک یان کەسانێک لەئێمە گوللەباران دەکرێن.. چونکە ھەردەم ئەو ئامێرە ئەو خۆڵەی رۆدەکرد، بۆ چەقاندنی ئەو دارانەی کەزیندانییەکانیان پێوە پەلبەست دەکرد.. ھەر بۆیە دەنگی شۆفڵ لای زیندانییەکان، یەکسان بوو بەگوللەبارانکردن و مەرگ.


عەبدوڵا ئەحمەد: پرۆژەی داھاتووتان چییە؟


یوسف عزەدین: ناکرێت باس لەپرۆژە ناکامڵەکان بکەین، ھەر پرۆژەیەکیش کامڵ و ئامادە بوو، بێگومان دەکەوێتە بەرچاوان و دەبینرێت.


عەبدوڵا ئەحمەد: دواجار دەتەوێت چی بڵێیت؟


یوسف عزەدین: ھیچ.


عەبدوڵا ئەحمەد: سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە.


یوسف عزەدین: سوپاس بۆ تۆش.
 

ماڵپه‌ڕی یوسف عیزه‌دین

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک