١٤\٧\٢٠١٢
دیمانەیەک
سەبارەت بە پرسی نەتەوە و زمان لەگەڵ
عەبدوڵای حەسەن زادە.
دیمانە: سەید جەلال
ساڵحی
وەک یەکەم پرسیار لە خزمەتتدا مامۆستا گیان،
زۆربەی ئێرانییەکانو بە تایبەت پانئێرانیستەکان بە کورد دەڵێن قەوم،
کوردیش خۆی بە نەتەوە دەزانێ، جیاوازیی ئەم دوو وشەیە چیە؟
پێم
وایە جاری دیکەشم باس کردوە ئەو مەسەلەیە، مەسەلەیەکی کەمێک کۆنەو
کەمێکیش بڵێین ئاڵۆز باڵۆزە. کەلیمەی قەومو میللەتو ئەوانە
بەکارھێنانی جۆراوجۆریان ھەیە، لە سروودی نەتەوەیی کورددا دوو جار باسی
قەومی کورد دەکرێ، "ئەی ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زمان"، کەوابێ قەوم
بۆ خۆی جنێو نیە، لێرەدا ڕاست بە مانای نەتەوەیە. لە پاشان قەوم یان
میللەت یان ئوممەت ھەموویان لەجێدا عەڕەبین. ئەگەر تەماشا عەڕەبی بکەین
ھەر ئێستێ لە وڵاتانی عەڕەبی کە باسی مافی نەتەوایەتی دەکەن دەڵێن
حقووقی قەومی، بە نەتەوەش دەڵێن ئوممەت، ئیستعمالاتی دیکەش ھەیە: بۆ
وێنە میللەت بە مانای دینە یانی ئەو ئیستعمالاتە جۆراوجۆرە ھەیە. لە
لایەکی دیکەوە قەوم لە ھێندێک لێکدانەوەی کۆمەڵایەتیدا بە مانای
کۆمەڵە ئینسانێکە کە جارێ خسووسیاتی نەتەوەیان تێدا پێک نەھاتوە، ئاخر
دەڵێن بناغەی کۆمەڵ لە پێشدا لەسەر بنەماڵە پێک دێ لە پاشان دەبێتە
بەرەباب، دەبێتە عەشیرەت، دەبێتە قەوم کە گەورەتر دەبێتەوە، ئەو جار کە
خسووسیاتی تایبەتی وەکوو خاکی ھاوبەشو زمانی ھاوبەشو خوو و خدەی
ھاوبەش پێک ھاتن دەبێتە میللەت یان نەتەوە.
مەسەلەکە ئەوەیە ئەگەر مەبەستیان لە قەوم ئەوە بێ کە دوایە باسمان کرد
ئەوە دیارە بەکارھێنانێکی ناڕەوایە کە نە ئێمە وەکوو کورد، نە
میللەتانی دیکەی ئێران قەبووڵی ناکەن، بەڵام ئەگەر بە جۆرێکی دیکەیە
ئەوەی کە پێرار لە کاتی ئینتخاباتی سەرکۆماریدا بۆ نموونە مێھدی
کەڕووبی بە کاری ھێنا کە گوتی: "میللەتی ئێران لە ئەقوامی فارسو کوردو
بەلووچو عەڕەبو ئەوانە پێک ھاتوە". ئەگەر مەبەستیان لە قەوم
جۆراوجۆرییەکانی دانیشتووانی ئێران بێ ئەو وەخت گوناح نیە، با بڵێن
میللەتی ئێران لە شەش بنەماڵەی ــھەر ناوی بنێن بنەماڵەــ، فارس،
ئازەربایجانی، کورد، بەلووچ، عەڕەبو تورکمان پێک ھاتوە، ئەو وەخت
ئیشکال نیە، ئیشکالەکە لەوەدایە کە ناسیۆنالیستە بەرچاوتەنگە فارسەکان
کە جاروبار بە شۆوینیستیان ناو دەبەن، ئەوانە خۆیان بە میللەتی ئێران
دەزانن، کوردو ئازەربایجانیو بەلووچو ئەوانەش بە قەوم دادەنێن. ئەوە
ئیستعمالێکی ناڕەواو نامەقبووڵە کە ھیچ یەک لە میللەتەکان قەبووڵی
ناکەن. دەنا ئەگەر مەبەستیان جۆراوجۆریی میللەتی ئێران بێ کە مەعموولەن
میللەت لە ئیستلاحی "بینالمللی"دا بە مانای تێکڕای دانیشتووانی
وڵاتێکە، مەسەلەن وەختێک دەیانگوت میللەتی ئیتیحادی شووڕەوی. ئیتیحادی
شووڕەوی، پازدە جمھوریی ھەبوون، ھەژدە جمھوریی خودموختاری ھەبوون،
تەنیا لە ئازەربایجاندا ٧٢ میللیەت دەژیان، بەڵام دەیانگوت میللەتی
ئیتیحادی جەماھیری شووڕەوی، یانی تەواوی ئەتباعی وڵاتەکە، ئەو وەختی
شووڕەوی بە یەک وڵات دەناسرا. ئەگەر بەو مانایە بێ بڵێن میللەتی ئێران
کە ھەموو دانیشتووانی ئێران دەگرێتەوە لەو قەومانە پێک ھاتوە ئەو وەخت
ڕەنگە کێشەیەکمان لەسەری نەبێ.
توخمە پێکھێنەرەکانی نەتەوە چینو لەو نێوەدا گرینگترینیان کامەیە؟
ئەمە دیارە زۆر کێشەی لەسەرە، زۆر ئیستیدلال کراوە دەڵێن ئەوەی کە بۆ
دروست بوونی نەتەوە شەرتە یانی بۆ ئەوەی مەجمووعەیەک ئینسان پێیان
بگوترێ نەتەوە، شەرتە ئەمانەن: دەبێ زمانیان یەک بێ، زمان نەک زاراوە،
چونکی ھەموو زمانێک زاراوەی جۆراوجۆری ھەیە، زاراوەو بن زاراوەی ھەن.
کەواتە زمانی ھاوبەش، خاکی ھاوبەش یانی خاکەکە بەسەریەکەوە بێ، عاداتو
رسوومی کۆمەڵایەتیی ھاوبەش. جاروبار ئەوەشیان دادەنا کە دەبێ ئابووریی
ھاوبەشیش ھەبێ یانی ئابوورییەکەش پێکەوە بەسترا بێ کە زۆر جار ئەوەیان
حەزف کردوە بە تایبەتی بۆ کورد ئابووریی ھاوبەش ناتوانێ ببێتە یەکێک لە
شەرتەکان، چونکی کورد بەش کراوە، کەوابێ ئابووریی بەشێکی کوردستان
تابیعی تارانەو بەشێکی تابیعی ئانکارایە، یەکی تابیعی بەغدایە، یەکێکی
تابیعی دیمشقە. لەنێو ئەوانەدا دانراوە کە زمان لە ھەموویان موھیمترە،
لە بارێکیشەوە ئەوە ڕاستە، چونکی ئێستێ کابرایەکی کورد لە وڵاتەکەی
خۆشی ھەڵپچڕێ، بچێتە وڵاتێکی دووریش، چەند ساڵو چەند دە ساڵو چەند
سەد ساڵیش بەسەر ئەوەدا تێپەڕێ ھەتا نەوەو نەتیجەی ئەو شەخسە زمانەکەی
خۆیان، واتە کوردییەکەیان لە بیر ماوە ھەر بە کورد حیسابن، بەڵام
ئەگەر زمانەکەیان نەما ئەو وەخت ئیدی مەجبوور نین خۆیان بە کورد بزانن.
ئێستێ ئێمە زۆر کوردتەبارمان ھەن لە وڵاتانی عەڕەبی دەژین. ئەوان ئیدی
خۆیان بە کورد نازانن، یان زۆر کورد تەبارمان ھەن لە وڵاتانی ئورووپاییو
ئەمریکایی دەژین کە باپیرە گەورەیان، چەند پشت پێشتریان کورد بووە
ئەوانە خۆ بە کورد نازانن. یان مەسەلەن ھەر باسی خۆت بکەین. ئاغا سەید
جەلال ئەگەر حیسابی ئەوە بکەین کە باپیرە گەورەت چیە، ئێوە باپیرە
گەورەتان حەسەنو حوسێنو موحەممەدی بنی عەبدیللای پێغەمبەرن، بەو پێیە
دەبن بە عەڕەب. دەی باشە، ئێستێ ئەمن پێت بڵێم کورد نی ورگم دەدڕی.
مولاحەزە دەفەرمووی؟ کەوابێ زمان ئەو گرنگییەی ھەیە.
بەو حاڵە بە باوەڕی من لە ھەلومەرجی ئێستادا ئەوەی لە دروستبوونی
نەتەوەدا بە قەد زمان، یان زیاتر لەوی، یان لە دەرەجەی دووەمدا گرنگە
خاکە. ئاخر ئەتۆ ناتوانی بە کوردەکانی کووەیتەی پاکستان بڵێی ئەوانە
میللەتن، چونکی ئەوانە خاکیان نیە، حەتتا لە ئێرانێ کوردەکانی مەنتەقەی
قووچان کە خاکەکەیان لەگەڵ کوردستان ھاوبەش نیەو پێکەوە وەسڵ نیە
ناتوانی بڵێی ئەوانە میللەتێکن. ئەوانە لەوێ دەبنە کەمایەتیی نەتەوەیی.
وەک پەشێوی شاعیر دەڵێ: "ئاسمانی تۆ بەرپێی خۆتە، سەرت شۆڕکە، ملت کەچ
کە، چاو مەگێڕە بۆ ئەستێرەو ئاسمانو خوا، ئەوەی بستێک خاکی نەبێ خواو
ئەستێرەو ئاسمانی کوا؟"
دەوترێ گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لە جیھاندا کوردە، بۆچی بێدەوڵەتین،
ھۆکارەکان چین؟
ھۆکارەکانی ناتوانین ھەروا بە ھاسانی بڵێین، بەڵام ڕەنگە لەسەریەک
دەلیلی ئەوە بێ کە ئەو وەختەی دەوڵەتەکان شکڵیان گرتوە تێگەیشتنی سیاسیو
کۆمەڵایەتیی کوردەکان بەگشتی نەگەیوەتە ڕادەیەک کە بتوانن لە
دەرفەتەکان کەڵک وەرگرنو بۆ خۆیان دەوڵەتێکی نەتەوەیی پێک بێنن، لە
حاڵێکدا ئەو میللەتانەی لە دەوروبەری کورد بوون لە مەرحەلەیەکی
پێشکەوتووتری تێگەیشتنی کۆمەڵایەتیو سیاسیدا بوون، ئەوان توانیویانە
حاکمیەت بگرنە دەستو لە نەتیجەدا کورد پێشان لەنێو دوو ئیمپڕاتۆڕیی
ئێرانو ڕۆم یان عوسمانیدا بەش کراوەو دوایەش دیسان لە نەتیجەی ئەو
تەقسیماتە ئیستعمارییەدا دووبارە لە بەینی ئەو سێ وڵاتەدا بەش
کراوەتەوە، یانی ئەوەی وەبەر ئیمپڕاتۆڕیی عوسمانی کەوتبوو، کە
ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی تەقسیم کرا، بوو بە تورکیەو سووریەو عێڕاق، ئەو
بەشەی کوردستانیش جارێکی دیکە بەش کرایەوە.
دیارە دەلیلی ئەساسی ڕەنگە ئەو نەبوونی پێگەیشتنی کۆمەڵایەتیو سیاسییە
بێ کە کوردەکان ـــناڵێم میللەتی کورد، چونکی ئەو وەختی ڕەنگە میللەت
دروست نەبووبێـــ لە مەرحەلەیەکی وادا نەبوون کە بتوانن ئەو کارە بۆ
خۆیان بکەن.
کەواتە لێرەدا کوردیش بۆخۆی تا ڕادەیەک دەخیل بووە؟!
بە بێشک! خۆ ئێستێشو لەمەودواش بۆ ئەوەی کورد ببێتە شتێک، دەوڵەتی
خۆی ھەبێ تەنانەت بۆ ئەوەی مافە نەتەوایەتییەکانی لە چوارچێوەی
وڵاتەکانیشدا بەدەست بێنێ ناتوانێ تەنیا چاوەڕێی لوتفو مەرحەمەتی
دەوڵەتەکان یان میللەتە حاکمەکان بێ. ئەوە خەباتی خۆیەتی کە دەتوانێ
ببێتە عامیلێکی کاریگەر لە بەدەست ھێنانی ئەو مافانەدا یان لە
دواڕۆژێکی دوورتردا لە بەدەست ھێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسو پێکھێنانی
دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەییدا.
لەم نێوەدا ئیستیفادەیەک دەکەم، ئەو ماوەیە باسی دەوڵەتی سەربەخۆ لە
باشوور کرا. پێت وایە ھەلومەرجەکە گونجاوە؟ زۆر کەس پێیان وایە نەخەیر
ھەلومەرجەکەی نەگونجاوە، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە؟
لەڕاستیدا سەربەخۆبوونی یەکێک لە پارچەکانی کوردستان بۆخۆی بە مانای
دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد نیە، چونکی کە باسی میللەتی کورد
دەکەی، میللەتی کورد یەکە، باشووری کوردستان یان باکوور یان ڕۆژھەڵات
یان ھەرچی بێ بەشێکیانە، لەحاڵێکدا باشوور بەشێکی چووکیشە یانی دوو
بەشی کوردستان زۆر گەورەترن، ئەوەڵێ تورکیەیە کە بە تەنێ نیوەی ھەموو
کوردو ھەموو کوردستانی لێیە، دوایە ئێرانە جا ئەو جار دەگاتە عێڕاق.
لە عەینی حاڵدا خۆ پیاو ئارەزوو دەکا کە بەشێکی کوردستانیش بتوانێ
سەربەخۆیی خۆی وەربگرێو ببێتە دەوڵەتێک، بەڵام بەبێشک ئەمە لەگەڵ
کەندوکۆسپی زۆر بەرەوڕوو دەبێ، چونکی ئێعلانی سەربەخۆیی کوردستانی
عێڕاق یان باشووری کوردستان لەگەڵ موخالەفەتی دەوڵەتی عێڕاق بەرەوڕوو
دەبێو بە ئێحتیمالی زۆر دەگەڵ موخالەفەتو دژکردەوەی ئێرانو سووریەو
تورکیەش بەرەوڕوو دەبێ. بۆیە ڕەنگە ئەو کارە ھەروا ئاسان نەبێ. دژواریی
زۆری لەسەر ڕێگایە. تەنیا لە وەختێکدا ئەوە مومکینە کە شەرعییەتی
نێونەتەوەیی کە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا خۆی دەنوێنێ لە
باری قانوونییەوە لە پشتی بێ، لە باری عەمەلیو دیفاعییشەوە دەسەڵاتە
گەورەکانو ھێزە گەورە نیزامییەکان لە پشتی بن تا ئەگەر دەوروبەر
موخالەفەتیان کرد ئەوان دیفاع لە کورد بکەن. پێمان خۆش بێو پێمان
ناخۆش بێ ئەوە نێزیک نیە، یانی ئەمریکا، ئورووپا، چین، ڕووسیە کە ئێستێ
تەقریبەن نەخشەی جیھان ئەوانە دەیکێشن ـــبیانەوێ تێکی دەن یان
دروستی کەنەوەـــ، زۆر ئاسان نیە پیاو فکر بکاتەوە قازانجەکانیان لەگەڵ
ئێرانیشو لەگەڵ تورکیەشو لەگەڵ عێڕاقیشو لەگەڵ سووریەشو بە
تەبەعیەتی ئەوانە لەگەڵ ٢٢ دەوڵەتی عەڕەبییش دەگۆڕنەوە بە قازانجی
بەشێکی کوردستان. ھەرچەند ئەوە ئارەزوومانە، بەڵام تەسەورکردنی ئاسان
نیە. ھەربۆیە پێموایە لەگەڵ کەندوکۆسپی زۆر گەورە بەرەوڕوو دەبێ کە من
ئارەزوو دەکەم کورد لە باشووری کوردستان ئەو حوقووقەی بەدەستی ھێناوە
لە چوارچێوەی عێڕاقێکی فیدڕاڵی دێمۆکڕاتیکدا ـــقانوونەکە ئەوەی دەڵێـــ
ئەوەی بۆ بچەسپێ. چونکی ئەوە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوویە بۆ گەیشتن بە
مافەکانی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا یانی ئەمە ڕەنگە
نموونەو سیستمێکی باش بێ بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد لە بەشەکانی دیکەی
کوردستانیش لەم قۆناغەدا کە ئێمە تێیدا دەژین.
ھەر لەو چوارچێوەیەدا ئێمە ئەگەر ئاوا دانێین دەڵێین ھەر چوار پارچەکە
ڕۆژێکی ئارەزوومانە کە بێتەوە یەک واتە کوردستانی گەورە، بەڵام تۆ پێت
وانیە ئەگەر وەک وڵاتە عەڕەبەکان کە چەندین وڵاتی عەڕەبین، ڕۆژێکیش، بۆ
خۆم وەک خۆم پێم وابێ ئێمەش چوار وڵاتی کوردیمان بێت ئاوا یان نەخەیر
یەک وڵاتی کوردی، ڕای جەنابت لەو چوارچێوەیەدا؟
ئارەزوو لەگەڵ واقعییەت جوێیە، ئارەزووەکەو حەقانییەتەکە ھەر ئەوەیە
کە کورد بۆ خۆی ھەمووی بەسەریەکەوە دەوڵەتێکی ھەبێ، بەڵام ئەوەش
حاڵەتێکی تەبیعییە کە لە دنیای ئەمڕۆدا لە شەرعییەتی نێونەتەوەییدا
یەک میللەت دەتوانێ چەند دەوڵەتی ھەبێ بۆ نموونە وڵاتانی عەڕەبی وەکوو
نەتەوە نەتەوەیەکن، بەڵام چەند دەوڵەتیان ھەیە. جا بۆیە مەسەلەن
میللەت، لێرە باسی ئیتیحادی شووڕەویمان کرد کە چەند نەتەوە بوون بە یەک
میللەتیان نێو دەبردن لە سازمانی میلەلی موتەحیددا، بە پێچەوانەکەی
وڵاتانی عەڕەبی یەک میللەتن بە مەفھوومەکەی ئێمە، بەڵام بە ٢٢ دەوڵەت
دەناسرێنو لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە ٢٢ میللەت حیسابن.
عێڕاق بە ھەموو جۆراوجۆرییەکانیەوە نەتەوەیەکە، سووریە نەتەوەیەکە،
یەمەن نەتەوەیەکە، وڵاتانی بچووکی وەک عومان، بەحرەینو ئیماراتی
یەکگرتووی عەڕەبیو قەتەر ھەریەک لەوانە نەتەوەیەکن. دەکرێ، بەڵام
ئیدی ھەمووی ئەوانە بۆ مەسەلەی کورد دەگەڵ ئەو کەندوکۆسپە قانوونیو
نیزامیو دیپڵۆماسییانە بەرەوڕوو دەبن.
داگیرکەرانی کوردستان بۆ وێنە کۆماری ئیسلامیی
ئێران توانیویانە بەو ئامرازە دەسەڵاتە یان بە واتا زانستییەکەی "دەوڵەت"
کە بە دەستیانەوەیە، زمانو شوناسی نەتەوەی خۆیان بە جیھانیان بناسێنن،
بەڕای بەڕێزتان کورد لەوەھا بارودۆخێکدا چ ئامرازو ئیمکاناتێک لەم
ڕاستایەدا دەتوانێ بەکار ببا؟
وەڵام: لەڕاستیدا ناسرانی زمانەکانی فارسیو تورکیو عەڕەبی وەکوو
زمان زۆر کۆنترە لەو دەورانەی کە پێی دەڵێن دەورانی بێداریی نەتەوەیی،
چونکی بێداری نەتەوەییو تەشکیلی نەتەوە بە مەعنای ئێستای عومرێکی زۆر
درێژی نیە، حەتتا ئێرانییەکان دەڵێن لە دروست بوونی دەوڵەت ـــ
نەتەوەوە کە ھەمووی سەد ساڵ نابێ لە دەورانی ڕەزا شاوە دەست پێدەکا.
زمانی فارسی زۆر لە کۆنەوە وەکوو زمانێکی تەقریبەن موعتەبەری دنیا
ناسراوە، ئەگەر تەماشا بکەی لە ئێراندا زۆر وەخت دەسەڵات بە دەست
بنەماڵەیەکی پاشایەتییەوە بووە کە فارس نەبوون، زۆر بنەماڵەی تورک،
سەلجووقیەکان، غەزنەوییەکان، ئەفشارەکان نازانم چی، حکوومەتیان
بەدەستەوە بووە یان کوردەکان بڵێین کەریم خانی زەند، ھێندێک کەس
ساسانیەکان بە کورد دەزانن. کەچی زمانی دەربار ھەر فارسی بووە، تەنانەت
وەختێک زمانی دەرباری عوسمانییش فارسی بووە. لە موقابیلدا ئەگەر
تەماشا بکەی زمانی کوردییش بەبێ ئەوەی کورد دەوڵەتێکی پێک ھێنابێ لە
باری تەکامولەوە ڕەنگە وەک زمانەکانی دیکە نەبێ، بەڵام لە دنیادا لە
ھەموو جێیەک زمانی کوردی وەکوو زمان ناسراوە بێئەوەی کورد دەوڵەتی بۆ
پێک ھاتبێ. یانی ناسرانی زمانەکە وەکوو زمانێک لەنێو زمانەکانی دنیادا
ئەوەندە نەبەستراوەتەوە بە تەشکیلی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی. ئێمە
ئێستێ زمانەکەمان ناسراوەو دەوڵەتیشمان نیە.
زمانی کوردی وەکوو یەکێک لە کۆڵەکە پێکھێنەرەکانی نەتەوە کەوتۆتە ژێر
ھێرشی فەرھەنگیی ئەو وڵاتانەی کە بەسەر کوردستاندا زاڵن، چ بکرێ کە
زمانەکەمان لە بەرامبەر ئەو ھێرشانەدا بپارێزین؟
پێم وایە زمانی کوردی لە ڕابردوودا خۆی پاراستوەو ئێستا ئیدی ئەم
قۆناغەی بەجێ ھێشتوە. ئەو دیفاع لەخۆکردنە شتێکی زاتیی ئینسانەکانە،
کوردەکە بۆخۆی بەشێکی بە نائاگاھی، بەشێکیشی دیارە لە بژاردەکانی
کۆمەڵی کوردەواریدا بە ئاگاھییەوە بووە ویستوویەتی خۆی بپارێزێ ھەم
وجوودی خۆی بپارێزێ ھەم زمانەکەی بپارێزێ. دەگەڵ ئەوەی ئیمکانی خوێندنو
نووسینی زۆر بە کەمی ھەبووە، بەڵام حەتتا سینە بە سینە کولتوورەکەیو
زمانەکەیو فەرھەنگەکەی خۆی لە پەلامار پاراستوە ھەتا گەیوەتە ئێرە.
بە باوەڕی من ئێستا ئیدی زمانی کوردی ئەو قۆناغەی بە تەواوی بەجێ
ھێشتوە، ھیچ لە ژێر ھەڕەشەی لەنێوچوونو ئینکاردا نەماوە. ھەربۆیە
زۆرجار ئەمن باسی دەکەم دەڵێم ئەگەر جاران ئیسرارمان ھەبوو لە نووسیندا
کوردییەکەمان ئەوەندە پەتی بێ کە بە چرای شەوارەش نەتوانی کەلیمەیەکی
فارسی یان عەڕەبی یان ئینگلیزی تێدا وەبینی، ئێستێ پێویست نیە ئێمە
زمانەکەمان وا مەحدوود کەینەوە. لەوجێیەی دەزانین کەلیماتی کوردی پڕ
بە پێستو موتەداویلمان نیە بۆ مەفھوومێک با کەلیمە بێگانەکەی بەکار
بێنین. ئێستێ نەخوێندەوارەکانیش مەسەلەن دەزانن ئیمپڕیالیزم چیە،
لەحاڵێکدا ئەگەر لە منو تۆشی بپرسن ڕەنگە ئیمپڕیالیزم بە مەعنا عیلمییەکەیو
ڕیشەی کەلیمەکەی بە تەواوی نەزانین، ئەو کەلیمەیە ئەوەندە بەکار براوە
خەڵک دەیناسێ. یان مەسەلەن وەختی خۆی خەڵک باسی ئیستعماریان دەکرد،
شتێکی وایان لێنەدەزانی، بەوحاڵە بۆیان ناسراو بوو. بۆیە ئێستێ زمانی
کوردی کە ھەڕەشەکەی لەسەر نەماوە، جێی خۆیەتی زۆر جار لە نووسیندا بۆ
مەفھوومبوون کەلیمەی خاریجی بەکار بێنێ ھەروەکوو عەڕەبو فارسەکانیش
بەکاری دێنن، ئێستا تۆ تەماشا زمانی فارسی بکە. ئەو کەسانەی کە عەڕەبییان
نەخوێندوە زۆر بە زەحمەت ڕەنگە بزانن فارسی وەزعی چۆنە، چونکی زۆر جار
ئەمن دەبیستم یەکێک دەڵێ ئەو کەلیمەیە فارسییە لەحاڵێکدا کەلیمەکە
فارسی نیە، عەڕەبییە. ئەمڕۆ کێ جوان فارسی دەنووسێ ئەگەر
نووسینەکانی بێنی تەماشا بکەی، یان قسەکانی بێنییە سەر کاغەزو
کەلیمەکانی ببژێری بێجگە لەو کەلیماتی "از" و "در" و "است" و ئەوانە کە
زیاتر بە ئەدات ناو دەبرێن تا بە کەلیمە، ئەگەر ئەوانەی لێدەرکەی کامە
زۆر چاک دەنووسێ سەدی پەنجای کەلیمەکانی عەڕەبی یان ئینگلیزیو زمانە
خاریجییەکانە. لە باشترین حاڵەتدا سەدی پەنجایان فارسین. کەچی ئەو
زمانە ھیچ ئیشکالی نیەو زۆریش ڕێکوپێکە، کوردیش زمانەکەی گەیوەتە
قۆناغێکی ئاوا.
ڕۆڵی ڕاگەیەنە کوردییەکانو بە تایبەت "تی.ڤی"یەکان لە پاراستنو
گەشەپێدانی زمانی کوردیدا چیە، چۆنی دەبینی؟
وەکوو زمان بە مەعنا گشتییەکەی بە باوەڕی من ڕۆڵیان ھەیە، وەختی خۆی
نەک ئەمن زۆرکەس دەیانگوت زمانی کوردی لە ئێران بە تایبەتی لە جێیەکی
وەک کرماشان بە کردنەوەی ڕادوێی تارانو دوایە ڕادوێی کرماشان پارێزرا،
لە حاڵێکدا مەبەستی ڕێژیمی شا لە دروستکردنی ئەو دەزگا ھەواڵدەرییە
ئەوە نەبوو کە خزمەت بە زمانی کوردی بکا. دەیەویست تەئسیر بکاتە سەر
کوردەکان بە تایبەتی لە دەرەوەی سنوور لە عێڕاقو تەرویجی سیاسەتەکانی
خۆی پێبکا، بەڵام ھەر ئەوە کۆمەگی کرد بەوەی زمانی کوردی لەوێ
پارێزراو بێ، خەڵکی کرماشان زیاتر ھەست بە ھۆوییەتی کوردیی خۆیان بکەن
یان ئەوەی ئێستێ لە تورکیە بڕیاری لەسەر دراوە کە جاروبار موخالەفەتیشی
دەگەڵ دەکرێ. تەلەڤیزیۆنی کوردی دادەنێن. ئەو تەلەڤیزیۆنە کوردییە
ئەگەر ڕۆژێ ھەتا ئێوارێ جنێو بە کورد بدا، بەڵام بە کوردی جنێوان بدا،
لە پاراستنی زمانی کوردی بە موتڵەقیدا تەئسیری باشی دەبێ.
بەڵام بەداخەوە ئەگەر بە بارێکی دیکەدا لێی بڕوانین، وەکوو زمانێکی
دروستو حیسابی کە خزمەت بە وەحدەتی نەتەوەیی میللەتی کورد بکا، پێم
وایە میدیا کوردییەکان بە ڕادوێو ڕۆژنامەو تەلەڤیزیۆنو گۆڤارو ھەموو
شتێکەوە، ئەوەندەی خزمەتیان بە مانەوەو پارێزرانی خودی زمانەکە بە
موتڵەقی کردوە، ئەوەندەش زەبریان لە وەحدەتی زمانی کوردیو لە پێگەیشتنی
زمانی کوردی داوە. چونکی ھەر یەکەی بە لەھجەیەک قسە دەکا، یەکێکیان بە
دە لەھجە قسە دەکا، ئەو کارانە ھیچ وەخت لە خزمەتی پەرەگرتنی زمانی
کوردیو پاراستن یا دروست کردنی یەکیەتیی نەتەوەیی میللەتی کورددا نین.
یانی بەجێی ئەوەی قازانجیان پێگەیاندبێ، زەرەریشیان داوە. ئێستا ڕێگا
چارە، ڕێکار چیە؟
ئەوە بە من نیە ئەوە زۆری دەوێ، بەڵام ڕێگاچارە ھەر ئەوەیە کە لە کوێ
دەکرێ کوردەکە ساغ وەبێ کە یەک زمانی ھەبێ ھەروەک ھەموو میللەتانی دنیا
یەک زمانی ڕەسمییان ھەیە. ئێستێ تۆ بە نووسین، بە ڕۆژنامە، بە تابڵۆی
سەر دیوار، بە ناو بە ھەرچی تەماشا دەکەی چەندین لەھجە لە نووسینی
کوردیدا ھەن، لەحاڵێکدا مەسەلەن عەڕەب ٢٢ دەوڵەتی ھەیە لە ھەموو
دەوڵەتەکانیدا لەھجەی جۆراوجۆر ھەن. ڕەنگە زمانی عەڕەبی خاوەنی سێ سەد،
چوار سەد زاراوەو بن زاراوە بێ، بەڵام ئەو وەختی کە دەنووسن، قسەی
ڕەسمی دەکەن ھەموویان بە یەک زمان دەنووسن. فارسی ھەروا، ئەمن دیومە
چەند فارس پێکەوە قسەیان کردوە نەک لێیان حاڵی نەبووم، ھەر نەمزانیوە
باسی چ دەکەن، ئەوەندە لەھجەکەیان دوور بووە، بەڵام ھەموویان بە یەک
شێوە دەنووسن. ئەو ھەموو ئینگلیزی زمانە ھەیە، ئەو ھەموو چینی زمانە
ھەیە، ڕەنگە زمانی چینی دەوری یەک میلیارد کەس قسەی پێبکەن، ــــ
ئاخر چینییەکان ھەموویان بە زمانی چینی قسە ناکەن دەنا ئەو لە
میلیاردو نیویش نیزیکنــ، بەڵام یەک زمانیان ھەیە. دەبێ کوردیش دابنێ
یەک زمانی ھەبێ بۆ نووسینو خوێندنەوەو قسەی ڕەسمی، لەھجەش ھەر وەکوو
ھەموو میللەتانی دیکە ئازادە، بەڵام ئەوە کەنگێ دەبێ، ڕەنگە ھەر خوا بیزانێ.
ئێستا وەکوو دەبینین ئەکسەرەن لە نووسینەکاندا لە کتێبەکاندا لە
بواری فەرھەنگییەوە کە خزمەت کراوە بە زمانی سۆرانییە، بەڵام زۆربەی
بەشەکانی کوردستان مەسەلەن ئێستا کوردستانی تورکیە دەڵێن ئێمە چونکە
زیاترین، کوردەکانی ئەوێ زیاترن یان ھی عێڕاقێ دەسەڵاتەکە زیاتر بەوانە،
دەڵێن دەبێ بیھێنین زمانەکەمان زیاتر بادینی بێ نەک سۆرانی، ئایا ئەوە
تا چەندە ڕاستە؟
لە پێشدا با ئەوەی بڵێم کە کەلیمەی سۆرانی کەمێک بە ناڕەوا بەسەر ئەو
زمانەدا بڕاوە، سۆرانی زاراوەی مەنتەقەیەکی دیاری کراوە کە بڵێین لە
ھەولێرەوە بگرە تا دەگاتە ڕەواندزو دەگاتە پیرانشارو شنۆو ئەوانە
دەگرێتەوە، سۆرانی ئەوەیە، ئێمە تەقسیمی زمان کە دەکەین دەڵێین
کرمانجی ژووروو، کرمانجی خواروو، ئێستێ کردوویانەتە کرمانجی ژووروو،
وەسەتو خواروو، بە ھەرحاڵ کرمانجییە، دەنا سۆرانی یان مەسەلەن
موکریانی یان ئەردەڵانی ئەوانە ھەریەکەی بنزاراوەیەکن لە کرمانجی
خواروو. کەوابێ ئەوە دروست نیە. لە پاشان ئەوەی کە زمانی ڕەسمی دروست
بووە لە زمانەکاندا ھیچ وەخت تابیعی ئەوە نەبووە کامیان زۆرەو کامیان
کەمە، ئەگەر بڵێین زمانمان نیە دەمانەوێ ئێستا دروستی بکەین، بەڵام
دەوڵەتمان ھەیە یەک پارچەییمان ھەیە، ئەو وەختی ئەو قسەیە ڕاستە. ئەگەر
بتەوێ لە بنیڕا دایبنێی بەڵێ! زۆربەی کورد یان زۆربەی ھەر نەتەوەیەک
بە چ لەھجەیەک قسە بکەن، ئەو وەختی دەکرێ لەھجەکەیان ببێتە بناغەی
زمانی یەکگرتوو و بەوانی دیکە تەکمیل بکرێ، بەڵام لە ھیچ زمانێکی دنیادا
لەسەر ئەوە ڕانەوەستاوە، ھێندێک ھۆکاری دیکە کاریگەر بوون، یەکێک
لەوانە مەسەلەن دین بووە، یەکێک سیاسەت بووە، یەکێک ئابووری بووە،
حەتتا تەریقەت بووە. مەسەلەن وەختێکی ھەر لە کوردیی خۆماندا لەھجەی
ھەورامی خەریک بوو ببێ بە زمانی یەکگرتووی کوردی، چونکی تەریقەتی
نەقشبەندی کە لە بیارەو تەوێڵەی بوو برەوی زۆر ھەبوو، ئەو وەختی زمان
لە کوێ دەناسرا لە کن شاعیڕانو ئەدیبان، دەبینی مەسەلەن مەولەوی
تاوەگۆزی کە بۆ خۆی شارەزوورییە، لەھجەکەی لەھجەی شارەزوورییە،
گەورەترین ئەسەری ئەدەبیی بە ھەورامی دەخوڵقێنێ، زۆر کەسی دیکە. جاری
وایە عامیلی دینە یا عامیلی ئابوورییە یان مەسەلەن لە عەڕەبیدا، خەڵک
پێیان وایە لەبەر ئەوەی ئەو لەھجەیە بۆتە بناغەی زمانی عەڕەبی، چونکی
قوڕئان بەو لەھجەیە ھاتوە، لەحاڵێکدا زۆر پیش قوڕئان ئەو زمانە دروست
ببوو. لەھجەکە بە ئەسڵ لەھجەی قوڕەیشە، لەبەر ئەوە ئەو لەھجەیە ببوو بە
لەھجەی ھەمووان بێ ئەوەی دەوڵەت ھەبێ بێ ئەوەی عەڕەب خۆی بە میللەت
بزانێ، ــــ جارێ ئەوانە ھیچیان پەیدا نەببوونـــ، چونکە لەلایەک
بوتخانەی کەعبە ھەبوو کە ھەموو قەبایلی عەڕەب ڕوویان تێدەکرد وەکوو
عامیلی دینی، لەلایەک بازاڕێک ھەبوو پێیان دەگوت بازاڕی عوکاز، ساڵی
دوو جار، زستانو ھاوینان ھەموو قەبایلی عەڕەب لەوێ کۆ دەبوونەوە ھەم
موبادەلەی کالای بازرگانییان پێکەوە دەکرد ھەم کۆ دەبوونەوە شەڕەشێعڕو
شەڕەوتاریان دەکردو ئیفتیخاراتی خۆیان باس دەکرد. دەی باشە دەبوو لێک
حاڵی بن. خۆ ھەموو کەس نەی دەتوانی پەنجا لەھجە فێر بێ، ھەموویان
لەھجەی خانەخوێیەکە فێر ببوونو قسەیان پێدەکردو پێیان دەنووسی. بۆیە
کە قوڕئان ھات مەجبوور بوو بە زمانی ئەوانە بێ. ئەوە زمانێک بوو کە
ھەموو تێی دەگەیشتن. مەبەستم ئەوەیە زۆرو کەمی نەبوو لە حاڵێکدا
قوڕەیش کێ بوون؟ قەبیلەیەکی چووکەڵە بوون لە مەککەی، حەتتا لە مەدینەش
نەبوون ھەر لە مەککەی بوون لە شارێکی چووکەڵە.
ئالێرە پرسیارێک دێتە گۆڕێ، کەواتە ئایین تا چەندە دەوری بووە لە
شوناسی نەتەوەییدا؟
عەرزم کردی، ئایینیش دەتوانێ یەکێک بێ لەو شتانە. مەسەلەن وەکوو گوتم،
ئەوەی زمانی عەڕەبی ئایین نەک ئایینی ئیسلام، پێش ئایینی ئیسلام بوتپەرستی
کاریگەر بووە لەوەدا کە ئەو لەھجەیە ببێ بە لەھجەی خوێندنو نووسینی
ھەموو عەڕەبەکان. سیاسەت مەسەلەن یەکێکە لە عامیلەکان، ئەگەر دیققەتمان
کردبێ مەسەلەن وەختێکی کە ئەمارەتی بۆتان لە کاردا بووە لەھجەی کرمانجی
ژووروو ویستوویەتی ببێتە زمان، ھێندێک لە شاعیڕەکانی ئەو وەختیمان
دەگەڵ ئەوەی بۆخۆیان لەھجەی کرمانجی خواروویان بووە، دیوانەکەیان بە
کرمانجی نووسیوە وەکوو عەلی ھەریری. مولاحەزە دەفەرمووی، شتی ئاوا زۆر
بووە یان لە قەڕنی بیستەمدا بزووتنەوەی کورد لە ئێرانو عێڕاق لە
ئارادا بووە، لە ھەردووکیشیان لەو مەنتەقەیەدا بووە کە بە کرمانجی
خواروو قسە دەکەن یانی لە مەنتەقەی سلێمانیو ئەو دەوروبەرەدا لە
باشوورو لە مەنتەقەی موکریان لەڕۆژھەڵات. بۆیە ئەو لەھجەیە بۆتە
لەھجەیەک کە ھەموو فێری بوون، خەڵکی ماکۆیەش فێری بوون، خەڵکی قەسری
شیرینیش فێری بوون، زاخۆش فێری بووە، خانەقینیش فێری بووە، ھەموویان
فێری بوون، چونکی مەرکەزی دەسەڵاتە سیاسییەکەی کوردی، حەرەکەتە سیاسییەکەی
کوردی لەو بەشەیە ئەوە تەئسیری دەبێ. خەڵکەکە فێری ئەو زمانەی بوون،
ھەموو کەس یانی ئەو دەسەڵاتە ھەموو لەھجەکان ناتوانێ بەکار بێنێو
فێریان ببێ، بەڵام خەڵکەکە دەیانەوێ ئەخباری وێ بزاننو لە شتەکان حاڵی
بن، بۆیە فێری دەبن، ئەمن بۆ خۆم ئەو تەجرەبەیەم ھەیە، ساڵی ١٣٥٩ی
خۆمان وابوو ئەمن ڕێم کەوتە مەناتیقی جنووبی. زۆرم پێ سەیر بوو مەسەلەن
لە ھەورامان تەماشام دەکرد دەچوومە ھەر ماڵێک زاراوەکەی ئێمە تێدەگەیشتن،
قسەیان دەگەڵ دەکردین جوابیان دەداینەوە، نەک ھەر پیاوەکان کە
مەعموولەن پیاو دەگەڕان، ژنەکانیشو منداڵەکانیش رادوێی دەنگی
کوردستانیان دەگرت کە یەک وشەی ھەورامیی تێدا نەبوو، ھەموو حاڵی دەبوون،
وەک من حاڵی دەبوون.
ھەر نەتەوەیەک لە جیھاندا سەمبولێکی بۆ خۆی وەکوو سەمبولی نەتەوەیی
دیاری کردوە، بەڕای جەنابتان کورد چ شتێک بکاتە سەمبول بۆ ھەر چوار
بەشەکەی کوردستان؟
ڕەنگە ئەوە بۆ ئێستێ ئەگەر وا بە ئیرادە بیکەی نەتوانی جوابی ئەو
پرسیارە بدەیەوە، چونکی حەتتا ئەگەر ئێستا دەسەڵاتی کوردیش بیکا،
دەسەڵاتی کوردی فەقەت لە بەشێکدا ڕەسمیەتو قانوونیەتی ھەیە لە بەشێکی
بچووکدا بۆ ھەمووان نابێ. بەڵام بێ ئەوەی ئەو ئیرادە ڕەسمییەی لە پشت
بێ، ئەو سروودەی کە ئێستا ھەمانەو ھێندێجار لەملاو لەولا کوتەکیشیان
لێ ھەڵگرتوە، سروودی ئەی ڕەقیب وەکوو شتێک بۆتە سێمبولو ڕەمزی
وەحدەتی ھەموو میللەتی کورد. ئەوە وەکوو شتێک ئیجماعێکی غەیرەڕەسمیی
لەسەرەو بەبێ ئەوەی بڕیاری بۆ بدرێو ڕیفڕاندۆمی بۆ بکرێ ئەوە بۆتە
سروودی ھەمووان. ئەمما ئەو وەختەی میللەتی کورد یەکگرتوو بێ دەتوانێ
بڕیار لەسەر شتی دیکە بدا. ئاخر وەختێک شتێک دەبێتە ھی ھەموو کورد کە
میللەتی کورد وڵاتی خۆی ھەبێ، ئیمکانی ئینتخاباتی ئازادی ھەبێ، ئیمکانی
ڕیفڕاندۆمی ئازادی ھەبێ، بە ھەمووان پێکەوە لەسەر شتێک ساغ ببنەوە یان
ھیچ نەبێ مەجلیسێکی مونتەخەبی ھەموو میللەتی کورد ھەبێ وەکوو ئەوەی کە
ئێستا لە باشووری کوردستان مەجلیسێکی ھەڵبژێراوی خەڵکمان ھەیە کە لەسەر
ئاڵای کوردستان ساغ بۆتەوە. ئەو ئاڵایەی ئێستا ھەمانە لە ڕەسمیاتدا
ئاڵای باشووری کوردستانە، خۆ ناتوانێ بڵێ ئاڵای کوردستانی تورکیەشە،
تورکیە قەبووڵ ناکا، یان ھی ئێرانێشە، ئێران قەبووڵ ناکا، بەڵام بۆ ئەم
بەشە قانوونیەتو ڕەسمییەتی ھەیەو دەوڵەتی عێڕاقیش ھەر بە ڕەسمیی
ناسیوە، چونکی لە ئیرادەی قانوونی میللەتەکەوە سەرچاوەی گرتوە.
چەندین جار لە سەدەی ڕابردوودا نەخشەی وڵاتانو سنوورەکان لە ڕۆژھەڵاتی
نێوەڕاست گۆڕانی بەسەردا ھاتوە، ئێستاش ئەگەری گۆڕینی نەخشەی ڕۆژھەڵاتی
نێوەڕاست لە ئارادایە، ئایا کورد ھەر بە شێوازی ڕابردوو بێبەش دەبێ
یان وەک نەتەوەیەک بە مافەکانی خۆی دەگا، ڕای جەنابتان؟
ڕای من لەوبارەوە خۆش نیە (بە پێکەنینەوە)، چونکی بە پێچەوانەی ئەو
بۆچوونەی جەنابت ئەمن وانابینم کە نەخشەی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست لە حاڵی
گۆڕان دایە، پێمان خۆش بێ، پێمان ناخۆش بێ، ئەمن ئەو ھەلومەرجە وا
نابینم. ڕەنگە تا حەددێکی کەم نەخشەی سیاسی ئیمکانی گۆڕینی ھەبێ ئەویش
تا حەددێکی زۆر نا، ئەو نیزامە بڕووخێو نیزامێکی دیکە بێتە سەرکار،
بەڵام ئەوە کە نەخشەی جوغڕافیایی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست تێک بچێ، ھێندێک
دەوڵەتی دیکە پێک بێن، ھێندێک دەوڵەت تێک چن یان ھێندێک دەوڵەت یەک
بگرن، ئەمن ئێحتیمالێکی ئاوا بە نێزیک نازانم، بەڵام بە ھەرحاڵ، لە
حاڵەتێکی ئاوادا یەک دوو شت ھەن کە جێگەی ئومێدن. یەکێکیان ئەوەیە کە
وشیاریی نەتەوەیی لەنێو میللەتی کورددا دەگەڵ ھەلومەرجەکانی پێشوو
قابیلی بەراورد نیە. ئێستێ زۆر لەسەرترە، یەکێکیان ئەوەیە کە کورد
لەگەڵ ھەموو موشکیلاتێک کە ھەیەتی ھەم ڕێک خراوە، ھەم توانای دیفاع لە
خۆی ھەیە، ڕەنگە لە حاڵەتێکی ئاوادا کوردەکان بتوانن حەرەکەتێک بکەن کە
بەشێکیان لەو ئاڵوگۆڕەدا پێبڕێ، بەڵام ئەمن وا نیزیکی نابینم وەک
ئەتۆ دەیبینی. ئارەزوو دەکەم بۆچوونەکەی من ھەڵە بێ.
حیزبە کوردییەکان بە تایبەتی حیزبی دێمۆکڕات تا چ ڕادەیەک لە ڕاستای
ناساندنی پێوەرەکانی(شاخێ) شوناسی نەتەوەی کورد بە گەنجو لاوەکانی
کوردستان ھەنگاویان ناوەو ئەو ھۆکارە کاریگەرانەی کە ئەم پڕۆسەیەیان
زیاتر بەرەوپێش بردوە، چین، بفەرموون؟
ئێمە لە دەورانێکدا دەژیین کە ئەوەی کە لە فارسیدا پێی دەڵێن، "حیزب
ستیزی" بۆتە مۆدی ڕۆژ، ئی وا ھەیە بەو شەرتە خۆی بە ڕووناکبیر دەزانێ
کە ھجووم بکاتە سەر حیزبەکان، بەڵام دەگەڵ ئەوەی ھەموو حیزبەکان گلەیییان
لەسەرە، کەموکووڕییان لە کاردا بووەو ھەیەو دەبێ، ئەو حیزبانە
شوێنەواریان لەسەر پاراستنی ھۆویەتی نەتەوەییو بیرباوەڕی نەتەوەیی
یەکجار زۆر بووە. تەنانەت ئەگەر تەماشا بکەی ئێستا ڕووناکبیرەکانیش
ئەوەی بۆ کوردیان دەوێو فکری لێ دەکەنەوە کەمو زۆر لە ژێر تەئسیری
ئەو ڕیبازە دایە کە حیزبە کوردییەکان لە کۆنەوە تا ئێستا نەخشەیان بۆ
کێشاوە. کەوابێ ناتوانی حیزبە کوردییەکان سەرزەنشت بکەی یان
مەحکوومیان بکەی کە گۆیا تەئسیریان نەبووە. تەئسیریان لە بڵاوکردنەوەی
وشیاریی نەتەوەییدا، لەوەدا کە بەرەی نوێ بە ڕابردووی میللەتی کوردو
تاریخەکەیو شکستەکانیو سەرکەوتنەکانی ئاشنا بکەن، ڕەنگە کەم بێ،
ڕەنگە کامیل نەبێ بەڵام ھەبووەو ھەیە.
بەداخەوە میللەتی کورد لەبەر ئەوەی وەزعیەتی خۆی باش نەبووە ئەغڵەبی
شتە تاریخییەکانی، سەرچاوە تاریخییەکانی لە بێگانەوە ھاتوون،
بێگانەیەک کە وڵاتەکە ناناسێ دێ بۆخۆی قسەیەک دەکا، بۆ کوردەکە دەبێتە
سەرچاوە. نموونەیەکت بۆ بێنمەوە لە داردرانی پێشەواو ھاوڕێیانی لە
ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەدا بووە، ١٠ی خاکەلێوە بە حیسابی مانگی مەسیحی ئەگەر
بیگری دەبێتە ٣٠ی ئازار(٣٠ مارس)، لە ساڵی کەبیسەدا دەبێتە ٢٩ش، بەڵام
ئەو یەکەمین کەسە ئینگلیزییە کە ھاتۆتە کوردستان دیارە پرسیویەتی
کەنگێ بووە گوتوویانە ١٠ی خاکەلێوە، ١٠ی خاکەلێوە کەنگێیە! مانگی مارس،
گوتوویانە ٢١ی ئازار نەورۆزە، کابرا ١٠ ڕۆژی خستۆتە سەرێ کردوویەتییە
٣١ی ئازار. نووسیویەتی ٣١ی ئازار. ئێستاش لە زۆربەی بەرھەمە مێژوویییەکاندا
کە کورد دەی نووسێ ھەر ٣١ی ئازار دادەنێن یانی ٣١ی مارس بە رۆژی
شەھیدبوونی پێشەوا دادەنێن، لە حاڵێکدا قەت قەت شتی ئاوا نیە. مەبەستم
ئەوەیە کابرا دێ نیوە بە نیوە شتێک ئاشنا دەبێو دەی نووسێ. لە پاشان
بۆ کوردەکە دەبێ بە سەرچاوە. ھی کورد وابووە. لە بیرمە جارێکی مەرحوومی
دوکتور قاسملوو دەگەڵ کابرایەکی فەڕانسەیی لێی بوو بە کێشە گوتی: "ئەرێ
ئەو ھەموو ئیددیعایە چییە ئێوە ھەتانە، ئەمن لە فەڕانسە دەرسم تەواو
کردوە، لە فەڕانسە دەرسم گوتۆتەوە، لە فەڕانسە ژیاوم، ئەدەبیاتی دەناسم،
مێژووی دەناسم، ئێستێ خۆم بە ساحەب نەزەر لە کاروباری فەڕانسەدا نازانم،
ئەتۆ دوو جار ھاتووی بۆ کوردستان گەڕاوی بۆ ساحەبنەزەری لە مەسایلی
کوردستاندا؟". جا وایە کوردەکە مەجبوور بووە چاو لەوان بکا، بۆیە ئەو
مێژووەی کە کورد ھەیەتی نەواقیسی ھەیە، بەڵام بەھەرحاڵ نەک ھەر
حیزبەکان، حیزبەکان بە تەنێ نین، مێژوونووسانو رووناکبیرانی سەربەخۆیش
تەئسیریان ھەر ھەبووە، بەڵام بە بێشک لە پاراستنی ئەو ڕۆحە قەومییەدا
حیزبەکان سەھمی گەورەیان ھەیە.
دەوترێ وشیاری نەتەوەیی لای لاوەکان ڕووی لە کزییە، بەڕای جەنابت وایە،
ئەگەر وایە چ بکرێ کە لاوەکان بە تایبەت زیاتر بایەخ بە نەتەوەی خۆیانو
پرسی کورد وەک پرسی نەتەوەیی بدەن؟
زۆر جار ئەمن دەگەڵ ئەو شتە باوانە نیم، ئەوە زۆر باوە کە دەڵێن لاوان
ئێستێ وشیاریی نەتەوەیییان نیە یان تەعەھوودی نەتەوەیییان نیە، ئەمن
بەش بەحاڵی خۆم وای نابینم، باوەڕ بکە لە وڵاتێکی وەکوو ئەمریکادا،
حەشیمەتی ئەمریکا دەوری سێسەد میلیۆنە، ھەموو لاوانی ئەمریکای بە قەت
لاوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھەستی نەتەوایەتییان نیە بۆ! چونکی ئەوان
لەو مەرحەلەیە گوزەراون، ئێستێ بیر لە مەسایلی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان
دەکەنەوە، ھەر ئێستێ ئەگەر تەماشا بکەین ڕەنگە زاھیر نەبێ وا خۆی
دەرنەخا، بەڵام ھەستی نەتەوایەتی لە لاوی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانو
باکووری کوردستانو ڕۆژاوای کوردستان بە قووەتتر بێ تا ھەستی
نەتەوایەتی لە لای لاوی کورد لە باشووری کوردستاندا. بۆ! چونکی لاوی
کورد لە باشووری کوردستان ھەرچەند بەشێوەی نیوەچڵیش بێ، ئەو مەرحەلەیەی
خەباتی کە خۆی بۆ مافە نەتەوایەتییەکانی بەکوشت بدا بەجێ ھێشتوە.
ئێستا لە دەسەڵاتدا بەشدارە، حکوومەتی ھەیە کە ئەو غەمەی لە کۆڵ
بۆتەوە. ئێستا ڕوو لەوە دەکا کە باشە ئەدی ڕەفاھم، ئەدی وەسایلی
خوێندنم، ئەدی وەسایلی وەرزشم، ئەدی وەسایلی ژیانی ئایندەم کوا؟ باس
لەوانە دەکاو ئەوەی بۆ مەترەحە. ئەمن ئیشەڵڵا نای بینم، پاش منیش
ھیوادارم کەسی دیکە ئەوڕۆژە نەبینێ کە دەسکەوتەکانی کورد لە باشووری
کوردستان بکەونە بەر ھەڕەشە، بەڵام ئەگەر خوا نەخواستە بکەونە بەر
ھەڕەشە، پێم وایە ھەر ئەو لاوانەی کە ئێستێ دەڵێن ئەو حکوومەتە ھیچ
نیە، دیفاع لە نەتەوەکەیان دەکەنو خۆی بۆ بە کوشت دەدەن. ھەستی
نەتەوایەتی نەمردوە، بەڵام تەبیعییە کە ئەو کوردایەتییەی ٤٠ ساڵ پێش
ئێستا لە شاخ دەیانکرد ئێستێ نایکەن. لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش ھەموو
لاوەکان وەک یەک نین، بەڵام ھەستی نەتەوایەتیو شعووری نەتەوەیی، بە
باوەڕی من لە مەرحەلەیەکی زۆر پێشکەوتوو دایە. پێم وایە ئەوە غەدرە لە
لاوەکان دەکرێ، غەدرە لە مێژووش دەکرێ، غەدرە لە نەتەوەی کوردیش دەکرێ
کە بڵێین لاوەکانی ئاوا بێ تەفاوەتن.
ئێوە بۆ بەشداریی ھەرچی زیاتری توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان بە تایبەت
لاوەکانو خوێندکاران بە پێی پێداویستییەکانی ئەمڕۆیی لە ڕاستای شوناسخوازیی
نەتەوەی کورددا چ ڕێکارێک پێشنیار دەکەن؟
ئەو ڕێکارانەی کە ئێستێ ھەن ھەر کامەیان لە جێی خۆیدا تەئسیریان ھەیە،
دیارە بۆ حیزبی سیاسی مەسەلەن بۆ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ڕێکارەکە چییە؟
فەقەت نووسینو باری میدیایییە ھیچی دیکەمان نیە، ئێمە لە وڵاتەکەی
خۆماندا حوزووری ڕەسمیمان نیە تا بڵێی تەئسیر دادەنێین، بۆیە پێم وایە
ئەگەر زیاتر لەوەی ئێستا وەکوو حیزب یان وەکوو جەریاناتی ڕووناکبیری لە
دەستمان دێ زیاتر کار بکەین بۆ ئەوەی بەرەی لاو ڕێگایان بۆ بکرێتەوە کە
دەگەڵ تاریخی میللەتەکەیان، دەگەڵ حەقو حوقووقی میللەتەکەیان زیاتر
ئاشنا بن خزمەتێکی گەورەمان کردوە، ھەر ئەوەمان لە دەست دێ. شتێکی
دیکەی بە کردەوەمان لە دەست نایە.
یەکیەتیی لاوانی دێمۆکڕاتی کوردستان چۆن دەتوانێ زیاتر لە ڕاستای چالاک
کردنی ھەستی ئەوەی لە فارسیدا پێی دەڵێن "ھویتیابی" ھێزە
کاریگەرەکانی کۆمەڵگا بە تایبەتی لاوەکاندا ھەنگاو ھەڵێنێتەوە؟
یەکیەتیی لاوانی دێمۆکڕاتی کوردستانیش ھەروایە، با لە خۆمان نەگۆڕین
یەکیەتیی لاوان ئێستێ وەکوو حیزبی دێمۆکڕاتە لە تاراوگە دەژی،
مەوجوودییەتە ڕەسمیو ئاشکرایەکەی لە تاراوگە دەژی. حیزبی دێمۆکڕات
لەبەر ئەوەی حیزبی سیاسییە ڕێکخراوێکی بەربەرینی نیسبیی لە نێوخۆی
وڵاتدا ھەیە، چونکی ئەوە حیزبی سیاسییەو دەتوانێ تەشکیلاتی نەھێنیی
ھەبێ، بەڵام یەکیەتیی لاوان ناتوانێ تەشکیلاتی نەھێنیی ھەبێ، یەکیەتیی
لاوان حیزبی سیاسی نیە، ئەگەر وڵاتەکە ئاوا نەبێ یەکیەتیی لاوان دەبێ
تێکۆشانی ئاشکرای ھەبێو ڕەسمیو قانوونی بێو بە ئاشکرا کارەکانی بکا.
بۆیە دەتوانین بڵێین بە داخەوە یەکیەتیی لاوان وەکوو ڕێکخراو بەشێکی
زۆر کەم لە لاوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە رێزەکانی خۆیدا کۆ دەکاتەوە.
لە ڕاستیدا ئەوانەی بە ڕەسمی لە ڕیزەکانی یەکیەتیی لاواندا ھەن نەک
ھەموو، بەڵکوو بەشێک لەو لاوە کوردانەن کە لە دەرەوەی سنوورەکانی
ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەژین، ھەر ئەوانەن، بەڵام پێوەندێکی مەعنەوی لە
بەیندا ھەیە، ھەموو یەکیەتییەکانی لاوان، چ ئەوەی لە دەوری حیزبی
دێمۆکڕاتی کوردستانەو چ ئەوانەی لە دەوری سازمانەکانی دیکە ھەن،
پێوەندێکی مەعنەوی دەگەڵ لاوانی سەربە حیزبەکانیان پێکیانەوە دەبەستێ.
مەسەلەن یەکیەتیی لاوانی دێمۆکڕاتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە نێوخۆی وڵات
ئەو پێوەندە مەعنەوییەی دەگەڵ ئەو لاوانە ھەیە کە بە جۆرێک لە جۆران
دەگەڵ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە پێوەندیدان، ئەوی دیکەش ھەردەگەڵ
لاوانی نیزیک لە سازمانەکەی خۆی لە پێوەندی دایە. فەقەت لە ڕێگای
نووسینەکانیو ئەدەبیاتەکەیەوە دەتوانێ کاری وابکا کە ئەو وشیارییە
نەتەوەیییە بڵاو بکاتەوە، ئەوەندەی دەتوانێ لە ڕێگای سایتەوە، لە
ڕێگای گەیاندنی ڕاستەوخۆی نووسینەکانیەوە، لە ڕێگای بەرنامەی ڕادیۆییو
تەلەڤیزیۆنییەوە ئەوانە بە لاوەکانو بە ھەموو کۆمەڵ بگەیەنێ، بەڵام
دیارە ئەو سەروکاری زیاتر دەگەڵ لاوانە تا بتوانێ لەو ڕێگایەوە خزمەت
بکا.
ئایا بە سەرنجدان بە ئاکامە مێژوویییەکانی بزووتنەوەی کوردو بارودۆخو
ھاوکێشەکانی ئێستا و پێوەرە زانستییەکانی جیھان، پێویستمان بە پێناسەو
پێداچوونەوە بە سیاسەتگوزارییە فەرھەنگییەکانی نەتەوەکەمان لە نێو
لاوەکانی کورددا ھەیە؟
ئەمن پێم وایە ھەموو قۆناغێکی ژیان جاری وا ھەیە بە قۆناغی دە ساڵە،
پێنج ساڵە، جاری وا ھەیە بە قۆناغی زۆر کورتتر لەوەش ئێحتیاجیی بە
گۆڕان ھەیە، بەڵام گۆڕانێکی ئەوەی پێی دەڵێن نێوەرۆکی، فکر ناکەم
پێویست بێ. ئێستێ جەدەلێکی زۆر لەسەر ئەوە ھەیە کە پێویستە شێوازی
خەباتمان بگۆڕین، بە باوەڕی من حەتتا لەوەشدا پێویستیمان بە گۆڕینێکی
ئەوەندە سەرەکیو جەوھەری نیە. چونکی شێوازی خەباتمان لە ئەوەڵەوە تا
ئێستێ بە تایبەتی لەو قۆناغەوە کە حیزبی سیاسی دروست بوون ھەمیشە ئەوە
بووە کە تا ئەو جێیەی بکرێ لە خەباتی ئاشتیخوازانەو قانوونی
ئیستیفادە دەکەینو ئەگەر پەلاماریش دراین دیفاع لە خۆمان دەکەین.
ئێستاش ھەر ئەوەیە. باشە چ شتێک لەو بۆچوونە بگۆڕین؟ بە باوەڕی من
ھەڵەیە ئێستێ ئێمە ڕابگەیەنین کە ھەرگیز چەک بەکار نایەنین. ئەگەر
ھەموو خاکەکەشمان بە توورەکە بکێشن دیفاع لە خۆمان ناکەین. ئەوە خزمەت
بە دوژمن دەکا. ئەوە خزمەت بە بزووتنەوەی کورد ناکا کە بڵێین ئەگەر
چاوانیشمان دەربێنن دەست ناکەینەوە(بە پێکەنینەوە)، ئەوە ئاشتیخوازی
نیە ئەوە تەسلیمتەڵەبییەکی زۆر خەتەرناکە. ئەوەی نابێ بکەین. بێجگە
لەوە لە تاکتیکی ڕۆژانە دەبێ بزانی چ مەرحەلەیەک چ ھەڵدەگرێ، چ
شوعارێک بۆ چ ڕۆژێک موناسیبە، پێم وایە ئەو چاوپێداخشاندنەوە ئەساسییە
کە بڵێین ڕێبازەکە بگۆڕێ ئێستا ھیچ زەروورەتێکی نیە.
مامۆستا گیان سپاس بۆ ئەو دەرفەتەی کە پێت داین، دوا وتەت لەم پێوەندییەدا
واتە لە پیوەندی شوناسی نەتەوەییدا چیە؟ ئەگەر شتێکتان ھەیە بفەرموون:
شتێکی تایبەتیی بەو سووڕەتەم نیە، ھەر ئەوەندە دەڵێم کە بە گەشبینییەوە،
بە گەشبینییەکی واقێعبینانەوە تەماشای دواڕۆژمان بکەین. نە بۆخۆمان
ناھومێد بینو نە لاوەکانمانو خەڵکەکەمان ناھومێد بکەین، نە ئەوەندەش
بە چاویلکەی ڕەش تەماشای ڕابردوو و کارکردی حیزبە سیاسییەکانمان بکەین.
کەموکووڕیمان ھەیە، دەشبێ کەموکووڕییەکانمان ببینین، چونکی ئەگەر
نەیانبینین چارەسەریان ناکەین. بەڵام پێم وایە ڕابردوومان ئەگەر کەموکووڕیی
تێدا ھەیە شانازیشی زۆر تێدا ھەن. ئێستاشمان بە پێی ئەو ھەلومەرجەی
تێیدا دەژیین ھەردووکی تێدا ھەن، ھەم شانازی، ھەم کەموکووڕی.
ئایندەشمان ھەردووکی ئەوانەی تێدا دەبن، بەڵام دەبێ بە ئومێدەوە
بڕوانینە ئایندە.
_____________________________________
• لە ژمارە
٤٦ی (گۆڤاری لاوان)ی
یەکێتیی لاوانی دیموکڕاتی
رۆژھەڵاتی کوردستان)دا
بڵاوکراوەتەوە.
|