١٨\١\٢٠١٣
دیمەنێک تراژیدیی
و خەمبار، هاوکات گەپجاڕانە لە تەلەفزیۆنی زاگرۆسی پدک!

سەرکەش
شوێن ناوچەی نزیک بە سنووری دەستکردی نێوان هەرسێ پارچەی باشوور، باکور،
ڕۆژئاوای کوردستان بوو، لە چاوی کامێراوە دیمەنی بەفر و بارن بارین بوو،
کوردانی ڕۆژئاوا بەنێو بێ بەزەیی سرووشت قوڕ و زێلاق، سەرما و بەفرو
باران ڕێچکۆلەیان بەستبوو، هەندێک بەرە و ئەم دیوە و هەندێکیش بە کۆڵ و
باری پێداویستییە ڕۆژانەییەکانیان ڕووە و ئەو دیو دەگەڕێنەوە،
پەیامنێری تێ ڤێی زاگرۆسیش بە جل و بەرگێکی خاوێن چەقی ڕێی بە یەک بە
یەکیان دەگرت، ڕوو بە ڕووی پرسیارێکی زۆر سەیر و بێ سەر و بەری
دەکردنەوە (ئەرێ سنوور گیراوە؟) (ڕاستە سنوور گیراوە؟) ئەم پرسیارە لە
سەروەڕا ئاراستەکراوانە ئەو پرسیارە چاوەڕواننەکراوانە، لە لایەک
پەیامنێرەکانی وەک ڕۆبۆت دەخستە ڕوو، لە لایەکی تر ئەو خەڵکە پەنابەرە
لێقەوماوەی تووشی شپرزەیی و شۆک دەکردە، ناچاری دەکردن بڵێن (نا
دانەخراوە) یا هەوڵیان دەدا بەپێ ئارەزوو و وویستی پەیامنێرەکان وەڵام
بدەنەوە، بێجگەلەوەی بەسەر باشی هێزی پێشمەرگە و مەسعود بارزانی دا
هەڵبڵێن.
دیمەنی ئامادیی هێزی چەکدارانەی پدک ەش لەم دیدارە تەلەفزیۆنییەدا
دیمەنی بازگەکانی بەعس لە سەردەمی سەددام و بازگەکانی جەندرمەی
تورکەکان لە کاتی ڕەوە ملیۆنییەکە و بازگەکانی بەعسی سوریا لە کاتی
گەڕانەوەم بۆ باشووری کوردستان لەڕێی خاپوری وە بیر دەهێنامەوە!
پۆشتەیی جل و بەرگ و ڕەنگ و ڕووی چەکدارەکان و تیمی تەلەفزیۆن لەگەڵ جل
و بەرگ و باری دەروونی و ڕووخساری ماندووی پەنابەرەکان دوو دونیای
جوداوازی پێشان دەدا، سیمای دوو خەڵکی لێک جودا، دوو ووڵاتی لێک دابڕاو،
دوو چینی کۆمەڵایەتی بەیەک نامۆ چینێک دەوڵەمەند و دەسڵاتدارە، وورگ و
گیرفان و دامەن تێرە، چێنێکیش هەژار بندەستە، ئاوارەیە، برسییە،
چارەڕەشە، گرفتارە.
پرسیاری درووست لێرەدا ئەمەیە! ئەگەر سنوور نەگیراوە؟ ئەگەر هێزی
سەربازی پدک بەتەنیا پاوان و کۆنترۆلکردنی بەدەستەوە نییە؟ ئەگەر هێزی
سەربازی پدک کردنەوە و داخستنی سنوور بە هەوەسی گونی خۆی بەڕێوە نابا؟
ئەگەر ڕێگیری لە خەڵکی بێلایەن، یا خەڵکی سەر بە پارت و لایەنەکانی تر
ناکا؟ بۆ؟ بۆ؟ بۆ؟ هەر بۆ سپی کردنەوەی درۆی ئەم ڕاستیە (سنوور داخراوە!!؟)
(گەمارۆی ئابووری خراوتە سەر خەڵکی لیقەو ماو و ئاوارەی شەڕی ناوخۆ لە
ڕۆژئاوای کوردستان!!؟) ڕێگا بە تەواوی دام و دەزگاکانی ڕاگەیاندن،
ڕۆژنامەنووسان، خەڵکی بێلایەن نادا؟ میوانداریان ناکا تا درۆ و ڕاستی!
وەک ڕۆژی ڕوون دەرکەوێ! تا بەدوا داچوونی بێلایەنانە لە سەر ئەم پرسە
مرۆڤایەتییە! ئەم پرسە ڕەوشتییە! ئەم پرسە نەتەوەییە! ئەم پرسە
نیشتیمانییە بکرێ؟
هاوکات بۆ ئەوی ئەم پەیڕە و پرنسیبە میللتاریستیە داسەپاوەی تاک پارتی
کە کۆپی دەسەڵاتی داگیرکەرانەی هەرچوار حکومەتی داگیرکەرە لە باشووری
کوردستان نەمێنێ و بسڕێترێتەوە! بۆ ئەوەی سیمای شارستانی و مۆدیرن بۆ
یاسایی بۆ دام دەزگاکانی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم بگێڕدرێتەوە! تا چیتر
بەم شێوەیە ماملە لەگەڵ ئاوارەی یەک نیشتمان یەک گەل یەک زمان یەک
مێژوو یەک چارەنووس نەکرێ.
بەڕاستی ئەم دیمەنەی ئێوارەی ١١مانگی یەک لە کەناڵی ئاسمانی زاگرۆس تێ
ڤێ، شەرمەک بوو مەزن! ڕەسوا بوونێک بوو تا هەتا، بە داخەوە!!
١٢\١\٢٠١٣
- ئوپسالای سوید
ماڵپهڕی کهریم سهرکهش
|