په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١١\٢٠٢٤

دیموکراسی دیجیتاڵی.
- گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێوازی حوکمڕانی و بەشداری هاوڵاتیاندا -


ئەرسەلان مەحمود      

پێشەکی.


تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان لەم سەردەمەدا، گۆڕانکاری بنەڕەتیان لە شێوە ژیان و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان دروست کردووە. لەم چوارچێوەیەدا، دیموکراسی دیجیتاڵی وەک چەمکێکی نوێ سەری هەڵداوە و باس لە چۆنیەتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا دەکات بۆ قووڵکردنەوەی پرۆسە دیموکراسییەکان و دروستکردنی پەیوەندییەکی کاریگەرتر لە نێوان دەسەڵات و هاوڵاتیاندا.
دیموکراسی دیجیتاڵی، یان ئەوەی بە ئی-دیموکراسی و دیموکراسی ئەلیکترۆنی ناسراوە، تەنها پرۆسەیەکی تەکنیکی نییە، گۆڕانکارییەکی قووڵە لە تێگەیشتندا بۆ چەمکی بەشداری سیاسی و شێوازی دروستکردنی بڕیارە گشتییەکان.
هاوڵاتیان لەرێگەی ئەم سیستەمەوە، دەتوانن راستەوخۆو بەشێوەی کاریگەر بەشداری پرۆسەی بڕیاردان بکەن، کە بە هۆیەوە شەفافیەت زیاتر دەبێت و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە شێوەیەکی باشتر دەگەنە دەستی خەڵک.
ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە، سێ رەهەندی سەرەکی لەخۆدەگرێت کە پێکەوە گرێدراون و هەریەکەیان کاریگەری لەسەر ئەوەی تر هەیە و پێکەوە پرۆسەکە تەواو دەکەن، رەهەندە تەکنیکییەکەی باس لە ژێرخان و ئامرازە پێویستەکان دەکات، رەهەندە کۆمەڵایەتییەکەی پەیوەندی بە گۆڕانکارییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە و رەهەند سیاسییەکەیشی تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکارییەکان لە پەیوەندییە سیاسییەکان و شێوازی بەڕێوەبردندا.

بەشداری زیاتری هاوڵاتیان.


تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی دەروازەیەکی نوێی لە بەردەم هاوڵاتیاندا کردووەتەوە بۆ بەشداری لە پرۆسە سیاسییەکاندا، پێچەوانە بە سیستەمە کلاسیکییەکان کە بەشداری هاوڵاتیان عادەتەن تیایدا سنووردارە، ئەو خەڵکانەی ئێستا خاوەن وەها سیستەمێکن دەتوانن لە ڕێگەیەوە بەردەوام و کاریگەر بەشداری لە پرۆسەی دروستکردن و جێبەجێکردنی بڕیارەکاندا بکەن.
ئەزموونی بەرازیل نموونەیەکی بەرچاوەو ئێستا پرۆژەی "e-Democracia" توانیویەتی پردێکی راستەقینە لە نێوان هاوڵاتیان و دامەزراوە یاسادانەرەکان دروست بکات. لە رێگەی ئەم پلاتفۆرمەوە، هاوڵاتیان نەک تەنها دەتوانن را و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، بەڵکو راستەوخۆ بەشداری لە داڕشتنی یاساکان دەکەن و پێشنیاری گونجاو پێشکەش دەکەن.

شەفافیەتی زیاتر.


یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی دیموکراسی دیجیتاڵی، باشترکردنی ئاستی شەفافیەتە لە کاری حکومەت و دامەزراوە گشتییەکاندا. لە رێگەی سیستەمە دیجیتاڵییەکانەوە، زانیاری و داتاکان خێرا و بەردەوام و راستەوخۆ دەخرێنە بەردەست هاوڵاتیان. ئەمەش کاریگەری گرنگی لەسەر چەند لایەنێک هەیە:

سوید نموونەیەکی پێشەنگە، کە تیایدا سیستەمێکی تەواو کراوەی بەڵگەنامە فەرمییەکان پەیڕەو دەکرێت. هەر هاوڵاتییەک دەتوانێت بە ئاسانی دەستی بە زۆربەی بەڵگەنامە و بڕیارە حکومییەکان بگات، جگە لەو دۆکیومێنتانەی کە پەیوەندییان بە ئاسایشی نەتەوەیی هەیە. ئەم شەفافیەتە بووەتە هۆی:
- زیادبوونی متمانەی گشتی بە دامەزراوەکان.
- کەمبوونەوەی رێژەی گەندەڵی.
- باشتربوونی چاودێری میدیایی و گشتی.
- هاندانی بەرپرسیارێتی زیاتر لە کاری حکومیدا.

کاریگەری و خێرایی.


تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی شۆڕشێکی خێرایی و کاریگەری لە کارە حکومییەکاندا دروستکردووە. بۆ نموونە لە دانیمارک، دیجیتاڵیزەکردنی خزمەتگوزارییەکان بووەتە هۆی:
- کەمکردنەوەی ماوەی چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزارییەکان.
- کەمکردنەوەی تێچووی کارگێڕی.
- زیادکردنی ئاستی رەزامەندی هاوڵاتیان.
- باشترکردنی کوالێتی خزمەتگوزارییەکان.

دەستگەیشتنی باشتر.


دیموکراسی دیجیتاڵی دەرفەتی یەکسان بۆ توێژەکانی کۆمەڵگە دەڕەخسێنێت. ئەم دەرفەتە گرنگی تایبەتی بۆ ئەو تاک و گروپانە هەیە پێشتر بە هەر هۆکاریک بووە پەراوێز خراوون یان دەستیان بە خزمەتگوزارییەکان نەگەیشتووە. با لەمەدا پرۆژەی "Digital India" بە نموونە ووربگەین، ئەوسا دەبینین چۆن تەکنەلۆژیا دەتوانێت:
- یارمەتی خەڵکی ناوچە دوورەدەستەکان بدات.
- خزمەتگوزاری بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئاسانتر بکات.
- دەرفەتی زیاتر بۆ گەنجان و توێژە نوێیەکان بڕەخسێنێت.
- کەلێنی نێوان شار و گوند کەم بکاتەوە.

خاڵە لاوازەکان.


کەلێنی دیجیتاڵی: یەکێ لە گەورە ئاستەنگەکانی بەردەم دیموکراسی دیجیتاڵی، ئەم کێشەییە کە تەنها پەیوەستنییە بە دەستگەیشتن بە ئامێرە دیجیتاڵییەکان بەڵکو چەندین رەهەندی جیاواز لەخۆدەگرێت لەوانە:
ئابووری: زۆرێک لە خەڵکی تایبەت لە وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان، توانای کڕینی ئامێری دیجیتاڵی یان بەشدارییان لە خزمەتگوزارییە ئینتەرنێتییەکانیان نییە، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی چینێکی نوێی پەراوێزخراو لە کۆمەڵگەدا.
زانیاری: جیاوازی لە ئاستی شارەزایی و توانای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە نێوان تاک و گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا. بۆ نموونە، بەشێکی زۆری بەتەمەنەکان و خەڵکی ناوچە دوورە دەستەکان زانیاری پێویستیان نییە بۆ بەکارهێنانی سیستەمە دیجیتاڵییەکان.
ژێرخان: نەبوونی تۆڕی ئینتەرنێتی خێرا و بەردەوام لە زۆر ناوچەکانی بە نموونە وڵاتانی خۆرهەڵاتی و لەمەڕ خۆمان کە رێگر دەبێت لە بەشداری یەکسانی هەموو هاوڵاتیان.

ئاسایشی سایبەر: مەترسییەکانی ئاسایشی سایبەر یەکێکە لە هەستیارترین کێشەکانی بەردەم دیموکراسی دیجیتاڵی. ئەزموونی ئیستۆنیا لە ساڵی ٢٠٠٧ وانەیەکی گرنگی فێرکردین لەم بارەیەوە. کاتێک ئەو وڵاتە رووبەڕووی هێرشێکی سایبەری بەرفراوان بووەوە، کاریگەری لەسەر:
- سیستەمی بانکی و دارایی.
- خزمەتگوزارییە حکومییە ئۆنلاینەکان.
- تۆڕی پەیوەندییەکان.
- متمانەی گشتی بە سیستەمە دیجیتاڵییەکان.
ئەم رووداوە پیشانی ئەدات کە چۆن وڵاتێک دەتوانێت لە رێگەی هێرشی سایبەرییەوە فەلەج بکرێت و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی پەکبخرێن.

پاراستنی نهێنی.


لە سەردەمی دیجیتاڵدا، پاراستنی نهێنی و زانیارییە تایبەتییەکانی هاوڵاتیان بووەتە کێشەیەکی ئاڵۆز. نموونەی سیستەمی 'کرێدیتی کۆمەڵایەتی' لە چین پیشانی دەدات کە چۆن تەکنەلۆژیا دەکرێت بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵی هاوڵاتیان بەکاربهێنرێت. ئەم سیستەمە مەترسی دروستکردووە لەسەر:
- ئازادییە تاکەکەسییەکان.
- مافی تایبەتمەندی.
- سەربەخۆیی بڕیاردان.
- پاراستنی زانیارییە کەسییەکان.

زانیاری هەڵە و پروپاگەندە.


بڵاوبوونەوەی خێرای زانیاری هەڵە و پروپاگەندە لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان کێشەیەکی گەورەیە. هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ٢٠١٦ نموونەیەکی بەرچاوە لەم بارەیەوە، کە تیایدا:
- زانیاری هەڵە بە خێرایی بڵاودەکرایەوە.
- پروپاگەندەی دەرەکی کاریگەری لەسەر دەنگدەران دادەنا.
- میدیای کۆمەڵایەتی ببووە مەیدانی شەڕی زانیاری.
- متمانەی گشتی بە زانیارییەکان لاواز بوو.

نموونەکانی دیموکراسی دیجیتاڵی لە جیهانی ئەمڕۆدا.


ئیستۆنیا: کە پێشەنگی دیموکراسی دیجیتاڵییە وەک وڵاتێکی بچووکی باکووری ئەوروپا، توانیویەتی ببێتە نموونەیەکی جیهانی لە بواری حکومەتی دیجیتاڵیدا. گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەزموونی ئیستۆنیا بریتین لە:
سیستەمی دەنگدانی ئۆنلاین: لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە، ئیستۆنیا یەکەم وڵات بوو کە سیستەمی دەنگدانی ئۆنلاینی لە ئاستی نیشتمانیدا جێبەجێ کرد. ئەم سیستەمە نەک تەنها رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی زیاد کردووە، بەڵکو تێچووی پرۆسەی هەڵبژاردنیشی بە رێژەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.
ناسنامەی دیجیتاڵی: هەر هاوڵاتییەکی ئیستۆنی خاوەن ناسنامەی دیجیتاڵی پێشکەوتووە کە دەتوانێت لە رێگەیەوە:
- واژۆی ئەلیکترۆنی بکات.
- خزمەتگوزارییە حکومییەکان بەکاربهێنێت.
- دەنگ بدات.
- بانکەکان و خزمەتگوزارییە تایبەتەکان بەکاربهێنێت.
e-Residency: ئیستۆنیا داهێنانێکی نوێی پێشکەش کردووە کە بیرۆکەی هاوڵاتیبوونی دیجیتاڵی بۆ بیانییەکان لە رێگەی ئەم بەرنامەیەوە دەستەبەر کردوە، تۆ لەم وڵاتەدا خەڵکی هەر وڵات یان هەر شوێنێکی جیهان بی دەتوانی:
- کۆمپانیا لە ئیستۆنیا دابمەزرێنن.
- حیسابی بانکی بکەنەوە.
- خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی وڵات بەکاربهێنن.

تایوان: نموونەی بەشداری دیجیتاڵی.


پلاتفۆرمی 'vTaiwan' نموونەیەکی سەرکەوتووە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ بەشداریپێکردنی هاوڵاتیان لە دروستکردنی بڕیار، ئەم پلاتفۆرمە چەند تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیە:
راوێژکاری گشتی: پلاتفۆرمەکە رێگە بە هاوڵاتی دەدات راستەوخۆ بەشداری لە داڕشتنی یاسا و رێساکان بکات، بۆ نموونە کاتێک حکومەت دەیەوێت یاسایەکی نوێ دەربکات:
- پێشنووسی یاساکە لەسەر پلاتفۆرمەکە دادەنرێت.
- هاوڵاتیان دەتوانن را و سەرنجی خۆیان دەرببڕن.
- گفتوگۆی ئۆنلاین لەسەر خاڵە ناکۆکەکان دەکرێت.
- دەرئەنجامەکان راستەوخۆ لە پرۆسەی یاسادانان رەنگ دەدەنەوە.

ئیسلەندا: بەشداری لە ئاستی خۆجێیی.


پرۆژەی 'Better Reykjavik' نموونەیەکی سەرنجڕاکێشە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ باشترکردنی بەشداری هاوڵاتیان لە ئاستی خۆجێیی ئەم پرۆژەیە:
- رێگە بە هاوڵاتیان دەدات بیرۆکەی نوێ پێشکەش بکەن
- دەنگدان لەسەر پرۆژە پێشنیارکراوەکان رێکدەخات.
- گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی شارەوانی دابین دەکات.
- شەفافیەت لە بودجەی شارەوانیدا دروست دەکات.

هیندستان: دیجیتاڵیزەکردن لە وڵاتێکی فرەچەشندا.


پرۆژەی 'MyGov' لە هیند نموونەیەکە گرنگ لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی دیموکراسی دیجیتاڵی لە وڵاتێکی گەورە و فرەچەشندا، ئەم پرۆژەیە چەندین تایبەتمەندی سەرەکی لەخۆدەگرێت:
بەشداری فراوان: پلاتفۆرمەکە بە زیاتر لە ٢٠ زمانی جیاواز بەردەستە، کە رێگە دەدات بە هاوڵاتیانی سەر بە کولتوور و زمانە جیاوازەکان بەشداری بکەن.

سویسرا: دیموکراسی راستەوخۆی دیجیتاڵی.


سیستەمی 'e-Voting' لە سویسرا نموونەیەکی پێشکەوتووە لە تێکەڵکردنی دیموکراسی راستەوخۆی کلاسیکی و تەکنەلۆژیای نوێ، ئەم سیستەمە: رێگە بە هاوڵاتیانی دەرەوەی وڵات دەدات لە دەنگدان و راپرسییەکاندا بەشداری بکەن، ئاستی ئاسایشی بەرزی هەیە بۆ پاراستنی دەنگەکان، رێژەی بەشداری لە پرۆسە دیموکراسییەکان زیاد دەکات.

بارودۆخی هەرێمی کوردستان.


هەرێمی کوردستان لە قۆناغی سەرەتایی جێبەجێکردنی پرۆسەی دیموکراسی دیجیتاڵیدایە، سەرەڕای هەنگاوە سەرەتاییەکان بە نموونە بۆ دیجیتاڵیزەکردنی خزمەتگوزارییە حکومییەکان، هێشتا کۆمەڵێک ئاستەنگی جددی لە بەردەم پێشکەوتنی ئەم بوارەدا هەن لەوانە:

ژێرخانی تەکنەلۆژی:


- نایەکسانی لە دابەشکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت.
- کواڵیتی نزمی تۆڕی پەیوەندییەکان.
- کۆنی سیستەمەکانی بەکارهاتوو لە دامودەزگاکان.
- نەبوونی سیستەمی یەکگرتووی داتا.

پەروەردە و هۆشیاری:


- کەمی زانیاری تەکنەلۆژی لە نێو فەرمانبەراندا.
- نەبوونی متمانە بە سیستەمە دیجیتاڵییەکان.
- کەمی پرۆگرامی راهێنان و پەرەپێدان.
- نزمی ئاستی هۆشیاری دیجیتاڵی لە نێو کۆمەڵگەدا.

چوارچێوەی یاسایی:


- نەبوونی یاسای تایبەت بە پاراستنی داتا.
- کەمی رێنمایی روون بۆ مامەڵەی دیجیتاڵی.
- نەبوونی ستانداردی دیجیتاڵی یەکگرتوو.

دەرفەتەکانی پێشکەوتن.

سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، هەرێمی کوردستان خاوەن کۆمەڵێ دەرفەتی گرنگە:
کۆمەڵگەی گەنج:


- رێژەی بەرزی گەنجان کە ئاشنان بە تەکنەلۆژیا.
- خواستی بەرز بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتن.
- توانای خێرا لە فێربوون و خۆگونجاندن.

ویستی سیاسی:


ئەگەرچی ئەمەش هێشتا نەبووەتە پرۆسەیەکی گشتگیرو یەکگرتوو، بەڵام دەتوانرێت بووترێت هەوڵەکانی حکومەت بۆ چاکسازی، گرنگیدان بە کەرتی تەکنەلۆژیا، کرانەوە بەرەو شێوازە نوێیەکانی بەڕێوەبردن سەرەتاتکێیانە.

کاریگەرییەکانی دیموکراسی دیجیتاڵی لەسەر کۆمەڵگە.

گۆڕانکاری لە شێوازی بەشداری سیاسی.


دیموکراسی دیجیتاڵی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێوازی بەشداری سیاسی دروست کردووە، ئەم گۆڕانکارییە لە چەند روێکەوە خۆی دەردەخات لەوانە:
رۆڵی حزبە سیاسییەکان: کەمبوونەوەی رۆڵی حزبەکان وەک تەنها ناوەندی بەشداری سیاسی، دروستبوونی پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵات، سەرهەڵدانی شێوازی نوێی رێکخستنی سیاسی.
بەشداری راستەوخۆ: توانای هاوڵاتیان بۆ دەربڕینی بیر و را و بۆچوون بەبێ ناوەندگیری، دروستبوونی پلاتفۆرمی گفتوگۆی راستەوخۆ، بەهێزبوونی رۆڵی تاکەکان لە پرۆسەی بڕیاردان.

باشترکردنی شەفافیەت و لێپرسینەوە.

شەفافیەتی زیاتر لە کاری حکومەتدا بووەتە هۆی:

چاودێری کاریگەرتر: توانای هاوڵاتیان بۆ بەدواداچوونی بڕیارەکان، دەست گەیشتن بە زانیاری و داتای حکومی، باشتربوونی سیستەمی چاودێری و لێپرسینەوە.
کەمکردنەوەی گەندەڵی: ئاشکرابوونی خێرایی کەموکوڕییەکان، کەمبوونەوەی دەرفەتی دەستکاری و گەندەڵی، زیادبوونی متمانەی گشتی.

گۆڕانکاری لە پەیوەندی نێوان حکومەت و هاوڵاتیان.

دیموکراسی دیجیتاڵی پەیوەندییەکی نوێی نێوان حکومەت و هاوڵاتی دروست کردووە، بە نموونە: گۆڕینی پەیوەندی عەمودی بۆ پەیوەندی ئاسۆیی، خێرایی لە وەڵامدانەوەی پێداویستییەکان، باشتربوونی کواڵیتی خزمەتگوزارییەکان.
متمانەی زیاتر: شەفافیەتی زیاتر لە کاری دامەزراوەکان، دروستبوونی هەستی خاوەندارێتی لە لای هاوڵاتیان، باشتربوونی پەیوەندی نێوان حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی.

کاریگەری لەسەر سیستەمی پەروەردە.

گۆڕانکارییەکانی دیموکراسی دیجیتاڵی پێویستی بە گۆڕانکاری لە سیستەمی پەروەردەدا هەیە، پێداویستییە نوێیەکان: گۆڕینی پرۆگرامەکانی خوێندن پەرە پێدانی شارەزایی دیجیتاڵی، فێرکردنی شێوازی نوێی بەشداری دیموکراسی.
ئامادەکردنی هاوڵاتی دیجیتاڵ: پەروەردەکردنی نەوەیەکی شارەزا لە تەکنەلۆژیا فێرکردنی بەرپرسیارێتی دیجیتاڵی، گەشەپێدانی توانای رەخنەگرانە.

گۆڕانکاری لە بازاڕی کار.

دیموکراسی دیجیتاڵی کاریگەری گەورەی لەسەر بازاڕی کار و پیشە نوێیەکان: دروستبوونی هەلی کاری نوێ لە بواری تەکنەلۆژیا، پێویستی بە شارەزایی نوێ، گۆڕانکاری لە پێداویستییەکانی کار.
نوێکردنەوەی شارەزاییەکان: پێویستی بە فێربوونی بەردەوام، گۆڕانکاری لە شێوازی کارکردن، پەرەپێدانی توانا دیجیتاڵییەکان.

ئایندەی دیموکراسی دیجیتاڵی.

رۆڵێ هۆشی دەستکرد وەک شۆڕشێکی نوێ لە دیموکراسی دیجیتاڵیدا دەردەکەوێ، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان: شیکردنەوەی داتای گەورە بۆ تێگەیشتن لە پێداویستییەکانی هاوڵاتیان، پێشبینی کردنی کێشەکان پێش روودانیان، دروستکردنی چارەسەری کەسییکراو بۆ هاوڵاتیان.
یارمەتیدان لە بڕیاردان: شیکردنەوەی زانیارییەکان بۆ بڕیاردانی دروستتر، کەمکردنەوەی کاریگەری لایەنگیری مرۆیی، خێراکردنی پرۆسەی بڕیاردان.

تەکنەلۆژیای بلۆکچەین.


بلۆکچەین دەتوانێ گۆڕانکاری گەورە لە متمانەی سیستەمە دیموکراسییەکاندا دروست بکات:
دڵنیایی و شەفافیەت: پاراستنی دەنگەکان لە دەستکاری، تۆمارکردنی هەموو جموجۆڵەکان بە شێوەیەکی نەگۆڕ، دروستکردنی متمانەی زیاتر لە پرۆسە دیجیتاڵییەکان.
بەکارهێنانە نوێیەکان: گرێبەستە زیرەکەکان بۆ جێبەجێی بڕیارە گشتییەکان، سیستەمی دەنگدانی پارێزراو، بەڕێوەبردنی سامانە گشتییەکان بەشەفافیەت.

شاری زیرەک

شارە زیرەکەکان وەک نموونەیەکی پراکتیکی دیموکراسی دیجیتاڵی گەشە دەکەن:
بەڕێوەبردنی کاریگەر: بەکارهێنانی سێنسەرو داتا بۆ باشکردنی ژیانی شارنشینی و چارەسەرکردنی خێرای کێشەکان، بەکارهێنانی سەرچاوەکان بە شێوەیەکی کاریگەرتر.
بەشداری هاوڵاتیان: پلاتفۆرمی بەشداری لە بڕیاردان، چاودێریکردنی کواڵیتی خزمەتگوزارییەکان، پێشنیارکردن و دیزاینکردنی پرۆژە نوێیەکان.

حکومەتی کراوە.


حکومەتی کراوە وەک فەلسەفەیەکی نوێی بەڕێوەبردن گەشە دەکات:
داتای کراوە: بەردەستکردنی زانیارییەکانی حکومەت بۆ هەموان، هاندانی داهێنان لە بەکارهێنانی داتاکان، دروستکردنی چارەسەری نوێ لەلایەن کۆمەڵگەوە.
هاوبەشی لە بڕیاردان: بەشداریپێکردنی هاوڵاتیان لە داڕشتنی سیاسەتەکان، کەڵکوەرگرتن لەزیرەکی بەکۆمەڵ، دروستکردنی پردی متمانە لەگەڵ هاوڵاتی.

دەرئەنجام.


دیموکراسی دیجیتاڵی تەنها گۆڕانکارییەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە کە کاریگەری قووڵی لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی هاوچەرخ هەیە. سەرکەوتنی ئەم شێوازە نوێیە لە حوکمڕانی پێویستی بە:
باڵانس لە نێوان: پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و پاراستنی مافەکانی تاک، خێرایی گۆڕانکارییەکان و توانای کۆمەڵگە بۆ خۆگونجاندن، کرانەوەی زیاتر و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی.
پێداویستییە سەرەکییەکان: پەروەردەی و گەشەپێدانی توانا دیجیتاڵییەکان، دروستکردنی چوارچێوەی یاسایی گونجاو، دابینکردنی ژێرخانی تەکنەلۆژی پێویست، دروستکردنی کولتووری بەشداری و لێپرسینەوە.
دیموکراسی دیجیتاڵی دەتوانێ هۆکاربێ بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی، باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان، بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی کراوەتر و بەشداریانەتر.

پەراوێزی چەمک و زاراوەکان.

چەمکە تەکنەلۆژییەکان.


تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی (ICT):
کۆمەڵێک ئامێر، تۆڕ و تەکنیکی پێشکەوتوون کە بۆ بەڕێوەبردن، گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان بەکاردێن. بنەمای سەرەکی پێشکەوتنە دیجیتاڵییەکانی سەردەمی ئێستایە.
دیموکراسی ئەلیکترۆنی (E-Democracy):
چەمکێکە ئاماژە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زانیاری دەکات لە پرۆسە دیموکراسییەکاندا، لە دەنگدانەوە تا بەشداریکردن لە بڕیاردان.
کەلێنی دیجیتاڵی (Digital Divide):
جیاوازی لە دەستگەیشتن و توانای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە نێوان گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا، کە دەبێتە هۆی نایەکسانی کۆمەڵایەتی.
ئاسایشی سایبەر (Cybersecurity):
کۆمەڵێک رێوشوێن و تەکنیکن بۆ پاراستنی سیستەم و داتا دیجیتاڵییەکان لە هێرش و هەڕەشە سایبەرییەکان.
دەنگدانی ئەلیکترۆنی (E-Voting):
سیستەمێکی پێشکەوتووە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی دەنگدان بە شێوەیەکی دیجیتاڵی، لەگەڵ پاراستنی نهێنی و دروستی دەنگەکان.
ناسنامەی دیجیتاڵی (Digital Identity):
سیستەمێکی پێشکەوتووە بۆ سەلماندنی کەسێتی تاکەکان لە جیهانی دیجیتاڵدا، کە دەبێتە بنەمای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان.

ریسێرچەکان.


توێژینەوە پەیوەندیدارەکان.
- دیموکراسی دیجیتاڵی: چەمک و پراکتیک.
- تەکنەلۆژیا و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان.
- بنەماکانی حوکمڕانی دیجیتاڵی.
- کۆمەڵگەی تۆڕی: روانگەیەکی نوێ بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
- گۆڕانی پێکهاتەیی لە بواری گشتیدا.
- سیاسەتی داهاتوو لە سەردەمی دیجیتاڵدا.
____________________________________________________
ئەم باسە، تایبەت بە ژمارە (٢)ی گۆڤاری "میتانیا" نووسراوو ئامادە کرابوو، کە خۆم یەکێک لە ئەندامانی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکەم، بەڵام دوای ئەوەی سەرنووسەر پێیڕاگەیاندم بەهۆی ئەوەی گۆڤارەکە وەرزییەو لە ژمارە (١)ـیشدا بابەتم بڵاوکراوەتەوە، بۆ ژمارە (٢) ئەو چانسە بدەینە نووسەرانی تر باشتر دەبێت، بە خۆشحاڵییەوە قبوڵم کردو ناردم بۆ ماڵپەڕی (www.emrro.com) کە دەمێک ساڵە ناوەندی سەرەکی بڵاوکراوەکانمە.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک