په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

دیموکراسیەتی پەلامار و هەڵبژاردنی ساختە.


هەڵگورد سەمەد  


ئەوەی شەوی یەکشەممەی هەفتەی رابردوو لە هەولێر روویدا رووداوێکی گەلێک شەرمهێنەر بوو. هەر کەسێک پێی هەڵسابێت مایەی شەرمە. ئەو رووداوانە رووداوەکەی 6/12ی 2005ی بادینانی بیرخستینەوە، بەڵام جیاوازییان ئەوەبوو کە ئەوەی بادینان بە رۆژ روویدا، ئەوەی ئەمجارە بە شەو روویدا. پێموایە خشینی هێزە بەربەرییەکان لە رۆژەوە بۆ شەو سەرکەوتنی هێزی رووناکییە بەسەر بیرە تاریکەکان. چوار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ هەر ئەو کۆمەڵە بەربەرییە بە رۆژی رووناک پەلاماری بارەگاکانی یەکگرتوویان دەدا، بەڵام ئەمڕۆ بە شەو پەلامار دەدەن. لە 2005 ئەو میلیشیا چەکدارە چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردنەکان پەلاماریان دەدا، بەڵام ئەمساڵ تەنیا یەک رۆژ دوای ئەنجام دانی هەڵبژاردنەکان و دەرکەوتنی شکستەکەیان پەلاماریان دا. هیوادارین لە هەڵبژاردنی داهاتوو چیتر نەتوانن پەلامار بدەن، ئەگەر شکستی گەرورەشیان هێنا.


هەر کەسێک گومانی لەوە هەبێت کە ئەوانە هێزێکی رێکخراو و بەرنامەدار بوون، یان هیچ لەم هەرێمە نازانێـت یان دەیەوێـت خۆی لە ئاستی بویەرەکان گێل بکات. ئەوەی ئێمە بینیمان خەڵکی ئاسایی نەبوون، ئەوانە کۆمەڵێک کەس بوون بە بەردەمی زێرەڤانی و پۆلیسەوە تەقەیان بەسەر بارەگاکاندا دەکرد، بەبێ ئەوەی یەکێکیان لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستگیر بکرێن، یان لێپرینەوەیان لەتەکدا بکرێن، یان هەر هیچ نەبێت دوور بخرێنەوە. پێموایە دواجار ئەوەی ئەو هێزە رێکخراوە چەکدارەی لە بارەگاکانی رۆژنامەی رۆژنامە و KNN و بارەگاکانی یەکگرتوو و کۆمەڵ دوورحستەوە لەشکری خەو بوو نەک لەشکرەکانی ناوخۆ، چونکە تا ماندوو بوون تەقەیان کرد و تا پێیانکرا پەلاماریان دا، بەڵام کە بەرپرسان لەو پەلامارانە ئاگادار کرانەوە پێیان عەیب بوو چیتر بچنە ناو بارەگاکانەوە، بۆیە ستراتیژیەتی تۆقاندنیان پەیڕەو کرد، وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان.


هەر کەسێک پێیوابێ ئەم هێزە چەکدارانە بەبێ کۆبوونەوە و وەرگرتنی تەوجیهێک هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگاکان، کەسێکی کاڵفانە، خۆ بێ بەریکردنی پارتیش لەو رووداوە بێماناترین و سەیرترین شت بوو، چونکە هەر هیچ نەبێت هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس، پێشمەرگە و زێرەڤانی لە دەست پارتییە، خۆ پاراستنی ئاسایشی هەولێریش لە ئەستۆی ئەوانە، من گومانم هەیە مێروولەیەک لە کونەکەی خۆی بێتە دەرەوە و ئەوان ئاگایان لێی نەبێت. ئەدی بۆ ئاگایان لە زیاتر لە 200 چەکدار نییە کە بۆ ماوەی زیاتر لە چوار سەعات لەناو شاری هەولێر و دەوروبەری بە کەیفی خۆیان دەسوڕێنەوە و تەقە دەکەن و پەلامار دەدەن؟


ئەوەی ئێمە شەوی یەکشەممەی رابردوو بینیمان زیندووبوونەوەی هەمان بەربەرییەتەکانی سەردەمی براکوژی بوو. ئەو زەمەنەی مرۆڤ بە هەموو شێوەیەک کەرامەتی دەڕوشێنراو سوکایەتی پێ دەکرا. مادام تا ئێستا هێزێک هەبێت پەلاماردانی ئەو نەیارانەی بدات کە دەیانەوێت سندوقەکانی دەنگدان بکەنە هۆکاری دەستاودەستکردنی دەسەڵات، ئێمە دەبێت هەڵوەستەیەکی جددی بکەین لەسەر هەموو کردار و رەفتارەکانی ئەو لایەنە بکەین، دەبێ دیسانەوە بە ئاکاری لەمێژینەی ئەو هێزە تێهەڵچینەوە و سەیری رابردووی تا ئەمڕۆی بکەین. ئەو کاتەی ئێمە لە راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان و لە نووسینەکانمان باسی بەربەرییەتی ئەو هێزانەمان دەکرد، بە ئێمەیان دەگوت(ئێوە کۆنە برینان دەکولێننەوە؟!)، ئەدی ئێستا ئەگەر باسی رووداوەکانی شەوی یەکشەممەی رابردوو بکەین کە هێشتا هەفتەیەکی بەسەردا رەت نەبووە، دەبێ چیمان پێ بڵێن؟!


ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین تەواو پێچەوانەیە، ئەو هێزەی ناوی دیموکراتە و شەو و رۆژ باسی دیموکراسییەت دەکات کەچی پەلاماری ئەو لایەنانە دەدات کە دەیانەوێ مومارەسەی دیموکراسی بکەن، جگە لەوانە پەلاماردانی دوو کەناڵی راگەیاندنی وەک رۆزنامەی (رۆژنامە) و کەناڵی (KNN)ئەو گومانەی لەلا تۆختر کردینەوە کە ئەو هێزە جگە لە وتنەوەی وشەی(دیموکراسی) لە چەند ساڵی رابردوو زیاتر فێر نەبووە، بۆیە پێیوایە ئەگەر وشەی (دیموکرات)ی ئاوێتەی ناوەکەی بکات دەبێتە هێزگەلێکی دیموکراسی، ئەمەش جگە لە مەهزەلەک هیچی دی نییە.


ئاخر هێزگەلێک دوای ئەم هەموو ساختەکاری و گزییە ئینجا بە رێژەیەکی کەم لە هەڵبژاردن دەربچێت دەبێ چ تەمایەکمان پێی هەبێت، قەوارەیەک کە لە بنەڕەتەوە باوەڕی بە ساختە کاری هەبێت، بێگومان باوەڕێکی بەتینشی بە گەندەڵی هەیە، بۆیە نابێ هیچ تەمایەکمان بەو هێزە ساختەکارانەبێت بۆ چارەسەرکردنی گەندەڵی و کێشەکانی دیکە.


ساختە لە هەڵبژاردنەکان، بەدترین رەفتارە کە هێزێکی باوەڕبەخۆ نەبوو پەنای بۆ دەبات، لە دونیای ئێمەدا ساختەکردن لە هەڵبژاردن شتێکی نامۆ نییە، هەر یەکەمان بە جۆرێک لە جۆرەکان بینیومانە، هەمووشمان دەزانین ئەو لایەنانە کێن کە ساخت دەکەن.


ئەرێ دەبێ ئەو هێزە ساختەکارانە قەت لەخۆیان نەپرسیبێت بۆچی خەڵک ئامادە نییە متمانەیان پێ ببەخشێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات؟! دەبێ رۆژێک ئەو پرسیارە بە مێشکیاندا نەهاتبێت بۆ دەبێت هەموو جار ئەوان چەند مانگێک بەر لە هەڵبژاردن کۆمەڵێک لێژنەی ساختەچی دروست بکەن بۆ ساختە کرد؟


سەیرە ئەگەر یەکێک بڵێ تەزویر نەکراوە، من بەخۆم باوەڕ بکەم یان بە قسەی هێزە ساختە کارەکان، یەکێک لە خزمە نزیکەکانم چوار دەنگی داوە، یەکێکی دیکەیان نۆ دەنگ و یەکێکی تریان نۆزدە دەنگی داوە، هەمووشیان بۆ (لیستی کوردستانی)یان داوە و ئێوارەی رۆژی هەڵبژاردنیش لە یەکێک لە بارەگا حیزبییەکان دەعوەت بوون. ئەرێ ئێمە بە هێزێکی ساختەکار باوەڕ بکەین یان بەو هەموو راپۆرتەی رۆژانە بڵاو دەکرێتەوە دەربارەی تەزویراتەکانی دەسەڵات.


ئەرێ دەبێ چ پەیوەندییەک لە نێوانی (ساختە) و (پەلامار)دا هەبێت و تا ئێستا ئێمە پەیمان پێی نەبردبێت؟ دەبێ چ حیکمەتێک ئەم دووانەی پێکەوە بەستابێتەوە؟ سەیرە تۆ ساختە بکەیت، کە پێشت بڵێن ساختەت کردووە لە بری پاکانە، پەلامار بدەیت.


باشە دوای ئەم هەموو ساختەکارییەش کە تای تەرازووە لارەکەی خۆتان پێ راست نەکرایەوە بۆ پەلامار دەدەن؟ نازانن پەلاماردان رەفتاری هێزە دیموکراتەکان نییە، بەڵکو رەفتاری دیکتاتۆرەکانە؟

 

 

halgurd@journalist.com