په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٤\٢٠٢٣

دیموکراسی لە سایەی سەرمایەداریی و لیبرالیزمەکەیدا چی بەسەرهاتوە.


عامر سابیر       

 

لە ڕۆژی دووشەمە ٢٧/٣/٢٠٢٣ کۆمەڵکوژییەکی تر لە ئەمەریکا ڕویدا، کە کەسێک بەچەکەوە چووە قوتابخانەیەکی سەرەتایی و لە شاری ناشڤیڵ لە ویلایەتی تێنەسی، شەش کەسی کوشت، کە سیانیان منداڵی ٩ ساڵان بوون و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و دوو کارمەندی تریش کوژران. هەفتەیەک دوای ئەم ڕوداوە لە ڕۆژی دووشەمە ٣/٤/٢٠٢٣ قوتابیان و دایک و باوکان و هەندێ لەخەڵکی شارەکە خۆپیشاندانیان کرد لەبەردەم پەرلەمانی ئەو ویلایەتە لە دژی ئەم تاوانە و داوای کۆکردنە و کۆنترۆڵکردنی چەکیان کرد. دوو ئەندامی پەرلەمانی ویلایەتی تێنەسی کە لە ڕەش پێستەکان بوون بە ناوەکانی (جەستن جۆنسن و جەستن پییەرسۆن) لەگەڵ ئەندامێکی تردا کە ژنێکی سپی پێست بوو بە ناوی (گلۆریا جۆنسن) چوونە ناوخەڵکەکەوە و پشتیوانی داواکاری خۆپیشاندەرانیان کرد.

پەرلەمانی ویلایەتی تێنەسی کە بەدەست کۆماریخوازەکانەوەیە، لە دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەمە ٦/٤/٢٠٢٣ دا بڕیاری دا و هەر دوو پەرلەمانتارە ڕەش پێستەکە لە پەرلەمان فەسڵکران (دەرکران) کە سەر بە حیزبی دیموکرات بوون. سەرنجڕاکێشییەکی تر ئەوە بوو کە پەرلەمانتارە سپی پێستەکە (گلۆریا) هەر چەندە وەک ئەوان چووبووە ناو خۆپیشاندەرانەوە و پشتیوانی داخوازی خۆپیشاندەران بوو، بڕیاری دەرکردنی بۆ دەرنەچوو.

تا ئێستا لەم ساڵی ٢٠٢٣ یەدا تا کۆتایی مانگی ڕابردوو (مارس) ئەمە کۆمەڵکوژی ژمارە ١٣٤ و تا ئێستا لەم سێ مانگەدا ١٩٦ کەس کوژراون و ٤٧٠ کەسیش بریندار بووە. وە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا (٢٠٢٢) ژمارەی تەقەکردن و کۆمەڵکوژیەکان ٦٤٧ بوو، کە ٤٤ هەزار کوژراوی لێکەتەوە. ئەوەی لە ئەمەریکادا دژی قەدەغەکردن و کۆنترۆڵکردنی چەک و تفەنگە، کۆمپانیای (ناشناڵ ڕایفەڵ ئەسۆسیەیشن) ە، کە کورتکراوەکەی (ئێن ئاڕ ئەی) یە کە لە ڕێگەی فرۆشتنی هەموو جۆرەکانی چەکەوە، ساڵانە سەرمایەیەکی خەیاڵی کەڵەکە ئەکات. ئەم کۆمپانیایە تەنها لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠ی ئەمەریکادا ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری سەرف کردووە و وەک بەرتیل داویەتی بە کاندیدەکانی ئەندامانی پەرلەمان، تا پشتیوانی هیچ بڕیارێک لەدژی قەدەغەکردنی چەک نەکەن.

ئەوەتە لە سایەی سیستەمی سەرمایەداریی و دیموکراسییە بۆش و بێناوەڕۆکەکەیدا کە لیبرالەکان خۆیانی پێوە بادەدەن، کەڵەکەکردنی سەرمایەی کۆمپانیاکان بەنرخترە لە ژیانی ساڵانە چل هەزار کەسی بێگوناهی ئەمەریکا. لەسایەی دیموکراسی سەرمایەدارییدا ئەوە دەنگدانی خەڵک نییە کە ئەندامان بۆ پەرلەمان ئەنێرێت، بەڵکو دۆنەیشن و پارەی بەرتیلی کۆمپانیاکانە کە بڕیاردەدات کێ دەنێرن بۆ پەرلەمان تا یاساکان لە بەرژەوەندییان دەربکەن و هەرگیز بڕیار لە دژیان نەدەن. ئەوەتە لە پەرلەمانی ویلایەتی تێنەسی گاڵتە جاڕی دیموکراسی لەسایەی سەرمایەدارییدا دەردەکەوێ و دوو هەڵبژێردراوی خەڵک دەردەکەن و هیچ حیسابێک بۆ دەنگی دەنگدەران ناکەن.

نموونەکان بۆ پیشاندانی بێ مانایی دیموکراسی لەسایەی سیستەمی سەرمایەدارییدا لە ژمارە نایەن. ڕیپێرت مێردۆک کە ملیاردێرێکی جولەکەی ئوسترالییە و خاوەن گەورەترین میدیا جۆراوجۆرەکانە لە ئەمەریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا، لە هەر یەکێک لەم وڵاتانە لە کاتی هەڵبژاردندا پشتیوانی هەر حیزبێک بکات، ئەو حیزبە ئەیباتەوە. وە دژایەتی هەر کەسێکیشی کردبێ، نەیهێشتوە لە هەڵبژاردندا دەربچێت، چونکە بەردەوام میدیا زەبەڵاحەکانی پشتیوانی کێ بکات ئەوە براوەیە. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە سەرمایەداران چۆنیان بوێت دەنگی دەنگدەران ئاڕاستە ئەکەن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریئەهێنن. واتە لەم سێ وڵاتە تەنها دەنگی ڕیپێرت میردۆک هێندەی ملیۆنەها دەنگی کەسی ئاساییە و ئەو بەتەنها ئەتوانی بڕیاربدا کە کێ براوەیە. لە ساڵی ١٩٩٦دا تۆنی بلێیەر هەموو حکومەتە سێبەرەکەی هێنا بۆ ئاسترالیا و لە سیدنی لە ئۆپرا هاوس، کۆبوونەوەی لەگەڵ (ڕیپێرت مێردۆک) دا کرد و پشتیوانی ئەوی بەدەستهێنا و هەلبژاردنی بردەوە و دواتریش بوو بە یەکێک لە حکومەتە باڵ ڕاستەکانی مێژووی بەریتانیا.


١١\٤\٢٠٢٣
ماڵپه‌ڕی عامر سابیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک