١٨\٩\٢٠٢٠
دیموکراسی سێنتراڵ
و سێنترالیزمی دیموکراتیک؟
یا فەنسالاری (Technocracy)
و دائۆ (DAO) و داپەکان (Dapp)؟!

ئەیوب رەحمانی
دائۆ (DAO) کورتکراوەی (Decentralized
Autonomous Organization)ە وەک لەناوەکەی دیارە بەواتای ڕێکخراوە
لامەرکەزییە سەربەخۆکانە کە ھەر ئێستا کارتێکەری گەورەیان لە جیھانی
دیجیتاڵ لە زۆربەی بووارەکاندا داناوە، لە خووارەوە زیاتری باس ئەکەم!
داپ (Dapp) کورتکراوەی (Decentralized Application) و بەواتای
ئەپلیکەیشنە دێسێنتراڵەکانە، ئەو سۆفت وێڕ و پڕۆگرامانەی بەشێوەی خۆسەر
و خودکار، بە بێ دەستێوەردانی ھیچ کەس و دەوڵەت و لایەنێک کاردەکەن و
ھەمووان ئەتووانن لەسەر بەرپرسیارەتی تەنیا خۆیان کەڵکییان لێوەربگرن و
ھەر ئێستا بەرەو داگیرکردن و جێگیربوون لەجێگای سیستمە داخراوە
سێنتراڵە داراییەکان ھەنگاویان ناوە و زۆریش چوونەتە پێش، کە لە درێژەی
نووسراوەکەدا زیاتر لەمبارەشەوە ئەخوێننەوە!
دیموکراسی سێنترالیستی، ئەوانەی ئێستا لە وڵاتان باون!
"گرنگترین گرفتی ھەر ھەموو دیموکراسییە ئەمڕۆییەکان، دەستێوەردانە لە
ئاکامی دەنگەکان چ پێش ھەڵبژاردنەکان، وەک ھەڕەشە کردن و زەخت و زۆر و
مێشک ششتنەوەی ئایدیۆلۆژیکی و مەحفەلبازیی و ھەتادووایی، تا دووای
دەنگدانەکان لە لایەن ناوەندێکی بەدەسەلات لە پشتەوە، ناوەندێکی سێبەر
وە یا لەلایەن سیستمەوەیە، یا ئێلیتێکی بەدەسەڵات کە ئاکامی دەنگەکان
بە قازانجی خۆی بڵاو دەکاتەوە"
ھەموومان چ لە بووارێکی سیاسی (ئەحزاب، دەوڵەت، پاڕلەمان و ھتاد) یا
کۆمەڵایەتی (ڕێکخراوە مەدەنی و ئێن جی ئۆکان) یا تەنانەت ئابووریی و
بازاڕیی و ھتاد وەک لە سەندیکا جۆربەجۆرەکاندا چالاک بووبین، یا نەخەیر
چالاک نەبووبین و تەنیا سەرمان بە ژیانی خۆمانەوە بووبێت، کەم تا زۆر
ناوەندگەرایی یا سێنترالیزممان ئەزموون کردووە، ئێستا چ وەک حکومەتێکی
ناوەندیی یاخود لەناو ئەحزابدا وەیا سەندیکاکان و لەم دوواییانەشدا
ناوەندە غەیرە حکوومی و سەربەخۆ، مەدەنییەکانی وەکوو ئێن جی ئۆکان.
دەوڵەتەکان چ مۆدێڕن و چ نامۆدێڕن لە زاھیردا بە شێوەی دیموکراتیک
ھەڵبژێردراون یاخود ھەڵدەبژێردرێن، دیموکراسییەک کە پاڵاوەکەی بەدەست
حکومەتی سێبەر، دەسەڵاتی پشت پەردە یاخود سیستمەوەیە. بۆ نمونە لە
کۆماری ئیسلامی ئێران، کە لە نزیکمانە، ئەم بووارە بە ڕاستگۆیانەترین
شێوە بەڕێوە دەچێت لەوەی کە کاندیداتۆڕەکان بۆ ھەر بووارێکی ھەڵبژاردن،
پیشتر لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەپاڵاودرێن یاخۆد ڕەت یا تەئیدی سەڵاحییەت
دەکرێن. کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاشکرا ناوەندێکی بەھێزی ھەیە بەناوی
"پارێزەرانی مەسڵەحەتی نیزام" وە ئەم ناوەندە بەکەیفی خۆی خەڵکانی سەر
بە خۆیان بۆ ناوەندە دەوڵەتییەکان تەئیدی سەڵاحییەت دەکەن و ئەوانی
دیکەش ڕەت دەکەنەوە. جا ئەم خەڵکانە چ کاندیدی مەجلسە شانۆییەکەیان بن
و چ کاندیداتۆڕی سەرۆک کۆماریی بن، لەھەر حاڵدا دەبێت پێشتر پاڵاودرابن.
ھەندێک جار مەرجەعێکی باڵاتر لە ناوەندە بەھێزەکەی "پارێزەرانی
مەسڵەحەتی نیزام" یش بەناوی ڕێبەر، لێرەدا واتە خامەنەیی بوونی ھەیە کە
ھەمووشتێک یەکلایی دەکاتەوە و تەنیا بە ئیشارەی قامکێک یەک لەجێگای
ئەویتر و ئەویتر لەجێگای یەکیتر دادەنێت. ئەمە دیموکراسی لە جۆری
نامۆدێڕنە ئیسلامی دیکتاتۆڕییەتەکەیەتی کە ھەموومان دەیناسین و
دەیزانین و پێشموانییە کەسمان بەفەرمی بیناسین! دیموکراسییەکی
ندیموکراتیک کە نەک ھەر ناوەندێک دەسکاریی تێدا دەکات، بەڵکوو
ئەژدیھایەکی مێشک وشکیش چاودێریی و ڕەئیی نیھایی خۆی لەسەر دەدات،
ئەوجار بەڕێوە دەچێت! ئەم جۆرە لە دیموکراسی لە ڕاستیدا بەقەولی
کۆمێدییەنێکی ئێرانی دێمۆقۆڕازەیە و بە کەڵکی ھیچکەس نایات، ئیلا
خامەنەیی و بنەماڵەکەی و دارودەستەکەی نەبێت.
لە دیموکراسییە مۆدێڕنەکانیشدا وەک ئەمانەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی زۆر و
بۆرن و نانی ڕۆژگاریان پێوە دەخۆن و خۆیانی پێوە ھەڵدەکێشن، ئەگەرچی
وەک ئەو دێمۆقۆڕازەی لە کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوە دەچێت زۆر باشترن،
بەڵام دیسانیش ھەوسارییان بەدەست ناوەندەکانی پشت پەردە، وەیا
حکومەتەکانی سێبەرەوەیە کە سەرەتا مەسڵەحەتی ئیلیتە دووڵەمەندەکانی ئەو
وڵاتە و ئەوجار وڵاتەکەیان و سیستمەکەیان لەبەرچاو دەگرن. ئەمانە وەکوو
ئەوانەی ئێران ڕاستگۆ نین لەگەڵ خەڵک کە بڵێن ئێمەش ئاکامی نیھایی
ھەڵبژاردنەکان و دەنگی خەڵک ئەپاڵێوین، ئەمان ناوەندێک بەناوی "پارێزەرانی
مەسڵەحەتی نیزام" یان بەخەڵک نەناساندووە، بەڵکوو بەدزییەوە و بەشێوەی
حیرفەیی دەیکەن، وە ئەگەر لەبووارێکیشدا ناچار بن بەئاشکرا دەنگی خەڵک
ژێر پێ بنێن، ئەوجار ناوەندگەلی ئاکادێمیک و ناوەندی پسپۆڕان پێک دێنن
و ئەوجار ئەم پسپۆڕانە کە زۆربەیان بەقەولی ئاڵمانی زمانەکان ماریۆنێتن
واتە بەکوردی جیرەخۆری دەسەڵاتن، دەبنە دەنگی حکومەت و سیستم و دەسەڵات
و بەناوی مەسڵەحەتی کارناسانە و پسپۆڕانە، بڕیار لەسەر ئەو شتە دەدەن
کە سیستم خووازیارییەتی و پشت لەدەنگی خەڵک دەکەن. ھەندێک جار جم و
جووڵێکی ناڕەزایەتی لەناو خەڵکانێکدا بەرز دەبێتەوە و تەنانەت کۆڕ و
کۆمەڵ و کۆبوونەوە و میتینگ ساز دەکرێن و خەڵکانێک وەک ناڕەزایەتی
دەچنە سەر شەقامەکان، بەڵام کەس ولامیان ناداتەوە و ئەوانیش پاش ڕۆژێک
یا حەوتوویەک یاخود مانگێک وردە وردە دەچنەوە سەر ماڵ و حاڵ و
ئیشەکانیان و ھەمووشتێک ئاسایی دەبێتەوە و حکومەتیش برەوەی بڕیاری خۆی
دەبێت و دەمێنێت!
نمونەگەلێکی بچکۆلە لە وڵاتی سویس، کە لە جیھاندا وەک ئولگوویەک لە
دیموکراسی ڕاستەوخۆ دەیناسن و چاوی لێدەکرێت لێرە زۆر بە کوورتی باس
دەکەم. لەم وڵاتە ھەر دوو یا سێ مانگ جارێک کۆمەڵێک باس و خوواستی
چکۆلە و گەورە دەخرێنە ئەستۆی دەنگی خەڵکەوە، بەڵام ھەمیشە و ھەردەم
بەتایبەت لە باسە گرینگە ئەمنییەتی و ئابوورییەکاندا دەسەڵات و
مەسڵەحەت ئەیباتەوە و دەنگ دێنێتەوە!! بۆ نمونە خرایە دەنگدان کە مادام
وڵاتێکی دەوڵەمەندین، ئایا لەداھاتوودا مووچەیەکی بنەڕەتی بۆنمونە
مانگانە ٣٠٠٠ فڕانک (٣٢٠٠$) بۆ ھەموو ھاووڵاتییەکی ئەم وڵاتە بە بێ
جیاوازی دابین بکرێت؟ جا کێ پێی ناخۆشە ئیشیش بکات و ھەموو مانگێک
مووچەیەکی بنەڕەتییش بەجیا، لە حکومەت وەربگرێت، یا نەخێر ئیتر ئیش
نەکات و کات بۆ مناڵەکانی دابنێت و سەیر و سیاحەت بکەن پێکەوە، یا
مانگێک ئیش و مانگێک پشوو بێت و ھتاد.، دەی ئاکامی ھەڵبژاردن "نەرێنی"
ھاتەوە، گووایە خەڵک دەنگیان بەم بەلاشخۆرییە نەداوە! یاخود دەنگ درا
بەوەی کە پشووی قۆناخی سک پڕیی خانمانی مووەزەف یا کارمەند، پێش مناڵ
بوون و کاتی مناڵ بوون و پاش مناڵ بوونەکەشی تا دوو مانگ زیاد بکات،
ئەمە لە وڵاتانی سکاندیناویی زۆر باش بەڕێوە چووە، بەڵام لێرە،
ئەمجارەش دەنگ ھەر نەرێنی بوو، گووایە تەنیا کەمینەیەک دەنگییان بە
ئەرێنی داوە و زۆرینەی دەنگەکان نەرێنی بوونە!! دیسانەوە خرایە دەنگدان
کە ئایا حکومەت ١٤-١٣ دانە فڕۆکەی شەڕکەر لە وڵاتی سۆئێد بکڕێت یا نا؟
ئەمجارە خەڵک وتییان ئێمە وڵاتێکی بێ لایەنین و فڕۆکەی شەڕکەرمان ناوێت،
ئەوپارە بدرێت بە شتی باشتر بۆ خەڵکەکە، بۆنمونە پشووی زیاتر بۆ
خانمانی باردار وەیا مووچەی بنەڕەتی لانیکەم بۆ ئەو بنەماڵانەی کەم
داھاتن و مناڵیان زۆرە، دەی دەسەڵات شانۆیەکی تلویزینی ساز کرد و بەناو
پسپۆڕە حکومەتییەکانی ھێنا و ڕەئی نیھایی ئەم پسپۆڕانە ئەمە بوو کە
ئەگەرچی ئێمە بەتەمای شەڕ نین و بێ لایەنین، بەڵام ڕەنگە ھێرشمان
بکرێتە سەر، کەواتە پێویستە بتووانین پارێزگاریی لەخۆمان بکەین، بۆیە
پێویستە ئەو فڕۆکانە و زۆر چەک و چۆڵی مۆدێڕنی دیکەش بکڕین، وە کڕیشیان
و دەنگی خەڵکیشیان بەمشێوە خستە زبڵدانەوە، وەک زۆرجاری دیکەش. نمونە
تا بڵەی زۆرن، بەڵام تەنیا باسەکە درێژتر و ھیلاک کەر دەکەن، بۆیە ئیتر
نمونە ناھێنمەوە و تا ئێرەش باسەکەم تا ئاستێک ڕوونە!
ئەمانە دوو نمونە لە خراپترین دیموکراسی یا ھەمان دێمۆقۆڕازە و باشترین
دیموکراسی، لە جۆری سویسییەکەی بوون کە پێویست بوون وەک نمونەی
دیموکراسی سێنتراڵی و ناوەندیی باس بکرێن. ئێمە لە ئەمریکاش وەک
زلھێزێکی جیھانی ٤ ساڵ پێش ئێستا بینیمان کە خەڵک دەنگیان بە ھێلاری دا
و ھەموو دنیاش ماتڵ بوون شەو درەنگان ھیلاری وەک سەرۆککۆماری داھاتوو
بناسێندرێت و لێرە لە ئوروپا خەڵک بەدیار شاشەی تلویزیۆن و
مۆنیتۆرەکانیانەوە تامەزرۆی بیستنی ئەم ھەواڵە بوون، چوونکە نرخی
بازاڕە جیھانییەکانی بورس و ئەوراقە بەھادارەکان و زۆری دیکەش لێرەوە
دیاری دەکرێن، بەڵام ھەمووان نەک ھەر لە ئەمریکا بەڵکوو لەھەموو جیھان
تووشی شۆک بوون کاتێک تڕامپ وەک برەوەی دەنگەکان ناسێندرا و کرایە
سەرۆککۆماری نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکان. سیستم پێویستی بە تڕامپ بوو،
ھەروەک کاتی خۆی چۆن خامەنەیی پێویستی بە ئەحمەدی نەژاد بوو، ئەمانە
ھەر ھەمان سیناریۆن!
سێنترالیزمی دیموکراتیک
نمونەی سێنترالیزمی دیموکراتیکیشمان لەناو ئەحزابدا ھەیە، کە زۆربەمان
میکانیزمی ئەم جۆرە دیموکراسییەش دەناسین و لەگەڵیدا ھەستاوین و
دانیشتووین و تەنانەت کۆمەڵێکی بەرچاومان تێیدا بەشداریش بووین. لەم
حیزبانەدا تۆ وەک ئەندامێک، کادرێک، پیشمەرگەیەک یا تەنات وەک
ھەوادارێکیش، تەنیا ئەبێت بڕیاری تەشکیلاتی بەڕێوە بەریت، دەنگی تۆ و
ڕەئیی تۆ ئەسڵەن و ئەبەدەن گرنگ نییە لەکاتی بەڕێوە بردنی ئەرکەکەدا،
تەنیا ئەبێت ئەوە بەرێوە ببەیت کە دیکتە کراوە بەسەرت دا لەلایەن
کومیتەی ناوەندییەوە یاخۆد کۆنگرەوە چوونکە دەنگی زۆرینەی پێدراوە!
ئێستا ئیتر ئەم دەنگدانانەش وەک شێوەی زۆربەی حیزبەکانە، چەندە
مەحفەلبازیی و ھەڕەشە و ترسی دەرکران و ترسی لۆمەکران و تۆمەت و
بەرچەسپی نادڵسۆزی لێدران و ترسی تۆمەتی جاسوس بوون و ھتادی. لەپشت
بووبێت ھەردەم لەئارادا بووە و ئەشمێنێت، ئەمانە خۆی چیرۆکی زۆرە!
کەواتە تۆ ئەبێت ھەر ئەوە بکەیت و ھەر ئەوە بڵەیت کە بەرپرسەکەت ئەمرت
پێ دەکات، شێوەیەک لە نەزمی نیزامییە. ئەگەر ڕاستیت بووێت سێنترالیزمی
دیموکراتیکیش تەنیا میکانیزمێکە لەدەست ئێلیتی ئەو حیزبەدا و تەنیا بۆ
پاراستن و پتەوتر کردنی چووارچێوەی حیزبەکە و تەشکیلاتەکەیە و بەقەدەر
نووکە دەرزییەک قازانجی بۆ خەڵک نییە. لە ئەحزابدا، بەتایبەت کە ڕەقیب
حیزبی و کۆنکورێنس لەئارادا بن، ئیتر ھەموو ھەوڵەکان بۆ پاراستن و
پتەوترکردن و گەورەتر کردنەوەی حیزبەکەی و ئایدیۆلۆژییەکەیەتی. تۆ چاو
لە حیزبە گەورە کوردییەکان بکە، بزانە چلۆن بۆ پتەوتر و گەورەتر و
بەھێزتر کردنەوەی مەوجوودییەتی خۆیان لەگەڵ دزێوترین داگیرکەرانی
پارچەکانی دیکەی کوردستان ھاوپەیمان و دۆست و برادەریانن، تەنانەت
لەگەڵ ئیتلاعات و میت و مخابراتی داگیرکەرانیش ھاودەستی دەکەن و حیزبی
ناڕەسەن لەدژی حیزبە ڕەسەنەکانی دیکەی پارچەکانی دیکە درووست دەکەن بە
یارمەتی و چاودێریی ئیتلاعات، یا دەستێوەردان لە حیزبە ڕەسەنەکاندا
دەکەن و لەناو خۆیاندا بەشەڕیان دەدەن و ھتاد. کەواتە ئەحزاب ھەموو
بەشێوەی سێنترالیزمی دیموکراتیک بەڕێوە دەچن، جا چ حیزبی گەورە و
بەدەسەڵات بن و چ بچووک و ھێشتا ئینقلابی و شۆرشگێر. ئەمانیش کە
گەورەتر بوونەوە ھەر ھەوون، چوون تایبەتمەندیی و ماھییەتی سێنترالیزمی
دیموکراتیک ھەردەم ھەر یەک ئاکامی ھەیە. تۆ ناتوانیت چاوەڕوانی ئاکامی
جیاواز لەھەر ھەمان کرداری پێشوو بکەیت، تاقیکردنەوەی بابەتێکی
دیاریکراو بە ڕەوشێکی دیاریکراو ھەرچەندی دووپاتەی بکەیتەوە، ئاکام ھەر
یەک شتە و ئەمە باسێکی زانستی یا عیلمانییە! ھاوکات ئەمانە ڕێبەران و
کومیتە ناوەندیی و دەفتەر سیاسی نەگۆڕیان ھەیە کە تەنیا مەگەر مەرگ لەو
پۆستەیان جیا بکاتەوە، کە دیارە پاش مەرگیشیان ئەو پۆستە ھەر بۆ
بنەماڵەکەیان ئەمێنێتەوە و لەسەر ئەو بنەمالە تاپۆ دەکرێت! ئەمانە
ناشیانەترین دیموکراسین، یا ئەسڵەن دیموکراسی نین و ئەبێت ناوی نوێیان
لەسەر دابندرێت. بەڵام لەھەر حاڵەتێکدا بە قەدەر تووکی باڵندەیەک
قازانجیان بۆ خەڵک و کۆمەڵگا و ولات و مەملەکەت نابێت، ئیلا بۆ
بنەماڵەکانی خۆیان نەبێت، نمونە زۆرن، خۆتان ئەیانناسن و ئەیانزانن،
پێویست ناکات من لێرە سەرتانی پیوە بێشێنم!
ڕێکخراوە مەدەنییە نا حکومەتییەکان (NGO)!
ئەخیر نمونەی دیموکراسییە مەرکەزییەکان سەندیکاکان و ڕێکخراوە
مەدەنییەکان یا ھەمان ئێن جی ئۆکانن. ئەم ڕێکخراوانەش ھەر بە شێوەی
ناوەندیی و سێنتراڵ ئیش دەکەن و ھەڵبژاردن و دەنگدانی ناوخۆییان ھەیە،
جا چ چەند کەس بن یا ھەزاران کەس، سیستم ھەر یەک شتە. دیارە تا بچووک و
چەند کەسین، ئیشەکانیش خۆبەخشانە و نۆن پڕۆفیتن، بەڵام بەمروور کە
زیادتر دەبن و گەورەتر دەبنەوە و ھەڵبژاردنی گەورە بەڕیوە دەچێت و
پارەی زیاتر دێتە ئاراوە، دیسان دەرگاکە لەسەر ھەر ھەمان پاژنەی کۆن
دەسووڕێت، سێنترالیزمی دیموکراتیک لە شێوەی ئەحزاب ئەکەوێتە کار. بەم
جیاوازییەی کە ئەمان بڕیارە لە خزمەت ئەو ئەرکەدا بن کە لەسەرەتاوە بۆی
کۆببوونەوە، جا ژینگە پارێز بن یاخۆد سەندیکای مامۆستایان و کرێکاران،
یا ئەسناف و ھتاد. ئەمان بڕیاریان داوە یەکبگرن بۆ خزمەت بە چینێک، یا
ژینگەیەک یا ھەر شتێکی دیکە و لەڕاستیدا کارێکی پیرۆز دەکەن، مەگەر
ڕۆژێک تووشی گەندەڵی ببن، کە گەندەڵیی تایبەتمەندیی مرۆڤەکانە بەتایبەت
لە سیستمە ناوەندگەراکان یا سێنترالیستییەکاندا، ئەوجار ئیتر ھەموو
شتێک بۆگەن دەکات تێیدا. ئەمان کە حیزبی سیاسی نین، بەڵام وەک حیزبی
سیاسی ئامانجێکی "پیرۆزیان" ھەیە کە بۆ ئەو ئامانجە لەدەوری یەکتر
کۆبوونەتەوە، کە ئەمە ھەر لق و پۆپی یەک دارە و ئەزانین ئەم داری
سێنترالیزمە چ میوەیەک دەدات لە دوواڕۆژدا! (تکایە بە ھەڵە تێم مەگەن،
نامەوێت کار و دڵسۆزیی ئەم خەڵکانە ببەمە ژێر پرسیار چوون بێ شک مرۆڤی
زۆر پاک لەم جۆرە ئەحزاب و ئین جی ئۆیانەدا زۆرن و دڵسۆزانە کار و
چالاکی دەکەن و من ڕێزم ھەیە بۆیان، بەڵام ئەوەی من ئەیکووتم ئەوان نین،
بەڵکوو ئەو کەرەستەیە کە بە دەستیانەوە گرتووە، واتە ناوەندگەرایی و
سێنترالیزم، جا چ دیموکراتیکەکەی و چ ندیموکراتیکەکەی، ئاکام ھەر
ئەوەیە کە بینیومانە و ئەیبینین!)
ھەموو ئەم دیموکراسیانەی باسیان ھات، زەرفییەتی تەواو و کەماڵی
گەندەڵییان تێدایە، بەجۆرێک کە ناوەندەکان ئەتووانن وەک باسیکرا بە
پارە، بە ھەڕەشە، بە وەعدە و وەعید، بەزۆری سەرنێزە، بە مەحفەلبازیی
ناوخۆیی، بە مێشک ششتنەوەی ئایدیۆلۆژیکی و ئاینی، بە ھەڕەشەی دەرکردن،
بەرچەسپی نادڵسۆزبوون وەیا تەنانەت بەرچەسپی جاسوس بوون و ھتاد، ھەردەم
ئاکامی ھەڵبژاردنە بەناو دیموکراتیکەکان بە قازانجی ناوەند یا خۆیان
بگۆڕن، وە ھەندێکیشیان لە جۆری دێمۆقۆڕازەکان پێویستیان بەمەش نییە،
بەڵکوو لەئاکامدا خۆیان نەتیجەی دەنگەکان بڵاو دەکەنەوە و ھیچ
چاودێرێکیش ناتووانێت ڕەتی بکاتەوە! وەک نمونەیەکیتر کۆماری ئیسلامی لە
سەرەتای دەسبەکاربوونی لە ساڵی ١٩٨٠ی زاینی ڕاپرسییەکی شانۆیی سازکرد
بەناوی "کۆماری ئیسلامی، ئا یا نا؟" ئاکامەکەشی بڵاو کردەوە کە گووایە
زیاتر لە ٩٨٪ دەنگییان ئەرێنی بووە، ئەمە لە کاتێکدا کە ٩٠٪ی کوردەکان،
زۆر لە بەلووچەکان، ھەموو چەپەکان و ھەوادارانیان و پاشماوەی
شاپەرەستەکان، کەمایەتییە ئاینییەکانی وەکوو جوولەکەکان، بەھائییەکان و
سونییەکان و ھتاد. یان دەنگیان نەدابوو، یا دەنگیان نەرێنی ببوو! سەدام
حسەینیش ڕاپرسی دانا و گووایە نزیک ١٠٠٪ دەنگیان پێدابوو؟! کەواتە
گەندەڵی یەک لە زەرفییەتە لێجیانەبووەکانی دیموکراسی سێنترالیستی یا
سێنترالیزمی دیموکراتیکە، تەنانەت لە دیموکراسییە مۆدێڕنەکانیشدا کە
لەسەرەوە نمونەم ھێناوەتەوە بۆیان!
بەڵام بۆچی ڕوودەکەینە فەنسالاریی (Technocracy) و بلۆکچاین (Blockchain)؟
وەک دەزانین، ئەم سەدەی ھەموومان ئێستا تیایدا تێدەپەڕین، سەدەی
ئینتێڕنێت و سەردەمی دیجیتاڵە. ئینتڕنێت یەکێک لە گەورەترین شۆڕشە
کەرەستەیی یا سەنعەتییەکانی مرۆڤایەتییە کە جیھانی زۆر بچووکتر کردەوە
لەوەی کە پێش ئینتێڕنێت بوو. بەڵام ئەم شۆڕشە مەزنە ھێشتا تەواو و کامل
نەبوو، کەم و کووڕیی و جێگای خاڵیی زۆر بوو. ھێشتا وڵامی زۆر پێداویستی
مرۆڤی پێ نەبوو، پەیوەندییەکانی مرۆڤی ئەگەرچی ئاسانتر و خێراتر
کردبووە و کردۆتەوە، بەڵام ھیشتا ئاڵووگۆرێکی ئەوتۆی لە شێوەی
بەریوەبردن و بەڕێوەچوونی کۆمەڵگای سێنترالیستی و کلاسیکی پێشوو پێک
نەھێنابوو. ئەگەرچی تێکنۆلۆژیی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ باشتر و خێراتر دەبووەوە،
بەڵام ناوەندگەرایی و سێنترالیزم لەھەموو بووارەکاندا ھەر لەجێگای
خۆیدا مابووە، تا ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٠٨ قەیرانێک یا ڕێکوودێکی ئابووری
بەھێز باڵی بەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کاپیتالیستیدا کێشا
و سەرجەم ئابووری ئەو وڵاتە تووشی قەیران و داڕمانێکی گەورە ھات و
بەدووا ئەویشدا ئاوروپا و وڵاتانی دەسمایەداریی دیکەی جیھانیشی گرتەوە.
سیستمی کلاسیکی دەسمایەداریی بۆ چەندەمین جار لە دوو سەدەی ٢٠ و ٢١دا
سەلماندی کە بۆ کۆمەڵێکی ١٪ی ئیلیتی دەسمایەدار نەبێت، بۆ باقی خەڵکی
جیھان و کۆمەڵگاکان سیستمێکی گەندەڵ و ناتەواو و ناکارامەیە و نیزامی
دەسمایەداریی بەدبەختی و چارەڕەشی بۆ ٩٩٪ی خەڵکی جیھان، پڕۆلێتاریا،
وەیا چینی کەم داھات و مامناوەندیش ھێناوە و ئەھێنێت کە وەک کەرەستەی
داھات و قازانج چاو لەم کۆمەڵە عەزیمەی مرۆڤایەتی دەکەن. لەکاتی
تەنگانەدا دەوڵەتی دەسمایەداریی و دەوڵەتانی سێبەر، بە فریای
دەسمایەدارە گەورەکان و بانکەکان ئەکەون و پشتگیرییان دەکەن بۆ ئەوەی
نەکەون و بتووانن ھەستنەوە وەک ئەوەی لە ٢٠٠٨ بینیمان، بەڵام ئەو ٩٩٪
پڕۆلێتێرە، کە خاوەنان و خودایانی کەرەستەسازیین و بەرھەمھێنەرانی
قازانج بۆ ئەو ١٪ ئێلیتەن، ئەبێت خۆیان فریای خۆیان بکەون و لە
پاشەکەوتەکانی خۆیان بخۆن و ھەندێکیشیان تێدا دەچن بەتەواویی و کورد
وتەنی ئەکەونە سەر ساجی عەلی!
لەناو خۆڵەمێشی ئەم قەیرانە ئابوورییەی ساڵی ٢٠٠٨دا، ژیلەمۆیەک
ئەپشکوێت و تا دێت تیشکی بەھەموولایەکی جیھاندا بڵاو دەبێتەوە. سەرەتا
ھیچکەس ھێشتا نەیدەزانی ئەم ژیلەمۆیە بڕیارە ڕۆژێک زوو یا درەنگ وەکوو
یەکێک لە گەورەترین شۆڕشەکانی مرۆڤایەتی بێتە ئەژمار! ئەوە بوو کە لە
١٨ی ئووتی ٢٠٠٨ سەرەتا ماڵپەڕێکی ئینتێڕنێتی بەناوی (bitcoin.org)
تۆمار دەکرێت و ئەوجار دوو مانگ و نیو دوواتر لە ٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠٠٨
نامیلکەیەک لە ئی مایڵێکی ڕەمزنیگاری کراو و داخراوەوە بڵاو دەکرێتەوە
بەناوی "سپینامەی بیتکۆین" بەسەرتایتلی "بیتکۆین، سیستمێکی خەرجکردنی
ھاوتابەھاوتای ئێلێکتڕۆنی" لە نووسینی کەسێک یاخود کەسانێکی
نەناسراوەوە بەناوی خووازراوی ساتۆشی ناکامۆتۆ. ناکامۆتۆ ئەوجار
سپینامەکە بە شێوەی سەرئاوەڵا بۆ بینین و خوێندنەوەی گشتیی بڵاو
دەکاتەوە و لەناو تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینتێڕنێتدا ئاپڵۆد دەکرێت و ئەخرێتە
بەر دیدی ھەمووان. (سپینامەی بیتکۆین بە کوردیی لێرە بخوێنەرەوە)
لەھەمان مانگدا لە ٣ی یەکی ٢٠٠٩ پڕۆگرام یا سۆفت وێڕی بیتکۆین، بە ناوی
زنجیرە بلۆک یا بلۆکچاینی بیتکۆین، کە پڕۆگرامێکی ئۆپن سۆڕس یاخود
سەرئاوەڵا بوو ئاپڵۆد کرا و خرایە کار و یەکەمین بلۆکی بەناوی بلۆکی
پەیدابوون (Genesis Block) ئیستیخڕاج کرا و بەم شێوە زنجیرە بلۆکی
بلۆکچاینیش بە کردەوە لەدایک بوو! زنجیرە بلۆکێک کە بەشێوەی سەلماندنی
کارکرد (Proof of Work) و ھاوتا بە ھاوتا (Peer to Peer) و لەسەر
ئالگۆریتمی (SHA-٢٥٦) ڕێکخرا. تەنیا کوورتەیەک پاش ئاپڵۆدی یەکەمین
بلۆک، ئیتر بلۆکچاینی بیتکۆین بوو بە ماڵی ھەمووان. ئەوجار تەنیا
ناکامۆتۆ مافی خاوەندارێتیی و بەرپرسیارەتی لە ئەستۆ نەبوو، بەڵکوو
ھەموو ئەوانەی کە ڕۆژانە بەرنامەی سەرئاوەڵای بلۆکچاینی بیتکۆینیان
داونڵۆد دەکردە سەر کۆمپیوترەکانیان، دەبوونە خاوەن و بەرپرسیار و
دەبوونە نۆدێک لە نۆدەکانی ئەو زنجیرە بلۆکانە. کەواتە بلۆکچاین، بەو
مەرجەی کە دێسێنتراڵ و سەرئاوەڵا یا ئۆپن سۆرسیش بێت، ئیتر ماڵی
ھەمووانە و کەس بەتەنیا خاوەنی نییە، بەڵکوو ھەمووان خاوەندارێتی دەکەن
بە پێی بەشدارییان تێیدا، وە ئەمە تەنیا یەکێکە لە دەیان تایبەتمەندیی
باشی بلۆکچاین.
سەرەتا لێدووانێک لەمەڕ بلۆکچاینە جۆربەجۆرەکان، پێش ئەوەی مەبەستی
نووسراوەکەم شیبکەمەوە!
بلۆکچاینی بیتکۆین یەکەمین تریشقەی لەدایکبوونی بلۆکچاین بوو و لەبەر
سەرەتایی بوونەکەی چەند گرفتێکی ھەبوو و ھەیە، بۆنمونە لەبەر ئەوەی
لەسەر ئالگۆریتمی "سەلماندنی کارکرد" یان پڕووف ئاف وۆڕک داندراوە و
بەردەوام ھەش ڕایتەکەی یاخود دژوواریی ئیستیخڕاجەکەی زیاتر دەکات،
مەسرەفی کارەبای زۆر زۆرە و بەھەموو کەس ھەڵناسووڕێت و لەو وڵاتانەش کە
بەرق گرانە، بەدەگمەن کاری ئیستیخڕاج و نۆد بەڕێوە دەچێت. یەکێکیتر لە
گرفتەکانی بلۆکچاینی بیتکۆین نەبوونی تایبەتمەندیی پەرەپێدران یاخۆد
(Scalability) یە، کە تا ئێستا ئەگەرچی چەند ڕێگایەکی بۆ دۆزراوەتەوە
وەکوو سیگویت (Segregated Witness)، بەڵام بەدەگمەن چارەسەری نیھایی بۆ
دۆزراوەتەوە. ھاوکات بلۆکچاینی بیتکۆین خێرا نییە و حەواڵەکان، لە
عەینی ھەرزان بوونیان، بەڵام کات بەرن، دیسانیش وەک دەکووترێت: مەسئەلە
یا پرسیار و مەتەڵ تەنیا تا ئەوکاتە دژووارە کە وڵامەکەی ئەدۆزرێتەوە،
پاشان ھەمووان حەلەکەی ئەزانن و ھەر بەم پێیەش بیتکۆین ڕچەشکێن و
ڕێگاخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی شارەزایانی کۆدنووسین لە توواناییەکانی ئەم
تێکنۆلۆژییە نوێیە بگەن و ئێستا بەخۆشییەوە سەدان بلۆکچاینی ئەلاحەدە
بۆ چارەسەری گرفتگەلی جۆربەجۆر پێکھێنراون کە ھەزاران قات لە بلۆکچاینی
بیتکۆین خێراتر و قابیلی پەرەپێدران ترن، کە دووایی دێمەوە سەر ئەم
باسە! کەواتە بلۆکچاین کۆمەڵێک ئیراداتی نەزۆر گرنگی ھەیە وەک ھەموو
شتێک لەم جیھانەدا، بەس ئەتوواندرێت لەداھاتوودا ڕێگاچارەەیان بۆ
ببیندرێتەوە، ھەر وەک چۆن بە بلۆکچاینی بیتکۆین ھەموو شتێک کۆتایی
نەھات، بەڵکوو بووە سەرەتایەک، ئەم گرفتانەش لەداھاتوودا چارەسەر
دەکرێن. گرنگ تەنیا یەک شتە کە بلۆکچاینەکە دێسێنتراڵ و سەرئاوەڵا بێت،
نەک بلۆکچاینی شیرکەتیی بێت! ئەوجار بلۆکچاینەکان، دیارە ھەموو
بلۆکچاینەکانم لێرە مەبەستە و تەنیا بلۆکچاینی بیتکۆین ناگرێتەوە،
ھەردەم مەترسی ھێرشی ٥١٪ییان لەسەرە، ئەمەش کاتێک ئەتووانێت ڕووبدات کە
تاقە نۆدێک یا تاقە ماینێڕێک، زیاتر لە ٥٠٪ی ھەشڕایت یا ھێزی
ئیستیخڕاجی بکەوێتە دەست، لەبەر ئەوەی خۆی بەتەنیا زۆرینەیە، ئەتووانێت
بەکەیفی خۆی بلۆکەکان بگۆڕیت و بلۆکچاینەکە بگرێتە دەست خۆی و ئەمەش
دیسان ئەمانگەڕێنێتەوە بۆ ھەر ھەمان سیستمی سێنتراڵ کە ھەمووان لێی
گوریزانین و ڕیسەکەمان لێ دەکاتەوە خووریی، کە دیارە ئەم ھێرشە لە
بلۆکچاینە گرینگە مەوجوودەکاندا تا ئێستا ڕوویان نەداوە...! وە چەند
گرفتێکی بچووکی دیکەش کە زۆر گرنگ نین و وەک وترا ڕۆژانە حەل و فەسڵ و
چارەسەر دەکرێن.
بەڵام لەپاڵ ئەم گرفتانەیا، بلۆکچاین دنیایەک شتی نوێی پێیە کە بڕیارە
ژیانی مرۆڤایەتی بەتەواوەتی بگۆڕێت، کە لەخووارەوە زیاتریان شی
دەکەمەوە، چاکە لێرەدا ئاماژە بە تەنیا دوو خاڵ بکەم و شیی
کردنەوەکەیان دادەنێم بۆ بەشی دووای ئەم بەشە.
یەکەمینیان نامەرکەزی کردنی پارەیە و بەمشێوە بلۆکچاین بەتەمایە پارە
لەدەست حکومەتەکان دەربێنێت و بیداتەوە دەست خەڵک و بەمەش دەڵێن
ڕێنێسانسی دووھەم کە بە بلۆکچاین وەدیی دێت. لە ڕێنێسانسی یەکەمدا ئێمە
بینیمان کە دین لە دەوڵەت جوودا کراوە و بە سیستمە سێکۆلارەکان گەیشتین
و ئەمەش زۆر شتی باشی بۆ مرۆڤایەتی بەدیاری ھێنا و لێرە ناچمە ناو
باسەکەی چوون کەم تا زۆر ھەموومان دەیانزانین، بەڵام لەم ڕێنێسانسی
دووھەمەشدا ئەمجارە پارە لە دەوڵەت جیا دەکرێتەوە و ئەمەش بڕیارە دیسان
زۆرترین نوێگەرایی و ئینسانییەت بۆ مرۆڤایەتی بگەڕێنێتەوە و خاڵی
دووھەم کە ویستم ئاماژەی پێبکەم، ئەمەیە کە ھەر ئێستا زیاتر لە ٢
میلیارد مرۆڤ لەجیھانی سێھەمدا دەستڕەسییان بە حیسابێکی بانکی یا
کۆنتۆیەکی بانکی نییە و قەتیش نەیانبووە، بەڵام بە بەرەکەتی ئینتێڕنێت
و ئێستاش بلۆکچاین، تەنیا بە بوونی گووشییەکی تەلەفوون و والیتێکی
ئێلێکتڕۆنی کە بەسانایی داونڵۆد دەکرێت، ئەتووانن ئەوانیش وەک باقی
خەڵکی جیھان پارە لەم سەری جیھانەوە بۆ ئەو سەری جیھان بنێرن یاخۆد
وەربگرن، ئەویش بە کەمترین ھەزینەی حەواڵە و تڕانس ئەکشنەکان یا لە
ھەندێک بلۆکچایندا وەک (EOS) بە خۆڕایی و ھاوکات لە چرکەیەکدا، ئەمانەش
ھەنگاوگەلێکی زۆر مەزنی دیکەن بۆ مرۆڤایەتیتر کردنی مرۆڤایەتیی! وەک
نمونە من ئەگەر ١٠٠٠ دۆلار لە وڵاتێکی ئوروپییەوە بۆ کوردستان یا بۆ
وڵاتێکی دیکەی ئوروپی یا ئەمریکا و ھتاد بنێرم لە رێگای بانکەوە یاخود
وێستێڕن یونیۆنەوە، ئەبێت دەور و پشتی ١٠٪ی خەرجی حەواڵەکەی بدەم و
ئەوجار ئەبێت مەدارکی پێناسی تەوامان ھەبێت، ھەم من و ھەم تەرەفەکەی تر،
ئەوجار کات بەریشە، بەڵام ئەمکارە لەرێگای بلۆکچاینەوە، من ئەتووانم
ئێستا بە کەمترین خەرج، لە دەور و پشتی چەند سێنتێکدا یا بە خۆڕایی بە
بێ پێویست بوون بە ناساندنی ھۆییەتی خۆم، ئەویش لە چەند چرکەیەکدا
بنێرم و لەولاش ھەر بەم شێوە وەری بگرن....! ئەمە یانی پێویست نەمان بە
بانک تا ئێستا و لە داھاتووی نە زۆر دووردا، دوواتر ئەتووانرێت چاوپۆشی
لە بوونی دەوڵەت و حکومەتیش بکرێت بە بۆنەی بلۆکچاین و سماڵ کۆنتڕاکت
یا قەراردادی ژیرەوە کە دوواتر لە درێژەدا دێمەوە سەر ئەمەش!
تایبەتمەندییە باشەکانی بلۆکچاین کە جیھان بە ئاقارێکی نوێتری
مرۆڤدۆستی بردووە و ئەبات!
بلۆکچاین وەک باسیکرا دەیان تایبەتمەندیی باشی ھەیە کە مرۆڤایەتی بۆ
مرۆڤ ئەگەڕێنێتەوە. بلۆکچاین بەو مەرجەی تەواو دێسێنتراڵ، خۆگەردان و
سەرئاوەڵا و شەفاف بێت، وەک وترا بە ڕێنێسانسی ژمارە دوو ناوزەد دەکرێت!
دیارە بلۆکچاینی دیکەش لە پاش بلۆکچانی بیتکۆین پێکھێنران کە سێنتراڵن
و لەلایەن ناوەندێکی ئابوورییەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن وەکوو بلۆکچاینی ڕیپل
کە واحدێکی ئەرزی دیجیتاڵیشی ھەیە بەناوی (XRP) یاخۆد تڕۆن (TRX) و
چەند دانەی دیکەش کە بەتەواویی یا نیو بە نیو سێنتراڵ و ناسەربەخۆن،
بەمانە دەکووترێت بلۆکچاینی شیرکەتیی و مەبەستە سەرەکییەکەی ئیدەی
پێکھێنرانی بلۆکچاین کە مەبەستی سەرەکی ناکامۆتۆ بوو و لەناو
سایفرپانکەکانیشدا ساڵھا باسی دەکرا، ناپێکن و منیش لێرە مەبەستم
ئەوانە نین.
بەڵام لەپاڵ ئەم چەند بلۆکچاینە ناسەربەخۆ یا نیوە سەربەخۆ
شیرکەتیانەدا، سەدان بلۆکچاینی ئەلاحەدەی تەواو دێسێنتراڵ و تەواو
سەربەخۆش لەم چەند ساڵانەی پێشوودا درووست کراون، کە بەھێزترین نانۆ
کۆمپیوترەکانیش بەدەست دەوڵەتە بەھێزەکانی جیھانەوە نەیانتوانیوە و
ناتووانن کۆنتڕۆڵیان بکەن و بیانگرنە دەست خۆیان. ئەم دەوڵەتانە ھەوڵی
کەمییان نەداوە بۆ کۆنتڕۆڵ وەیا لاواز کردنی بلۆکچاینی بیتکۆین و
ئێسریۆم و مۆنێڕۆ و داش و کاردانۆ و لایت کۆین و ستێلار لوومن و زێد
کەش و کوانتۆم و لیسک و ستییم و دەیانی دیکەش بەڵام ھەرگیز تا ئێستا
نەیانتووانیوە بەقەدەر سەرە دەرزییەک دەسکاریی ئەم بلۆکچاینە
دێسێنترالانە بکەن، چوونکە ئەمانە دێسێنتراڵن و جووڵە و حەواڵە و تڕانس
ئاکشنەکانییان لە دەفتەرێکی گشتیی سەرئاوەڵادا لەلایەن ھەزاران لە
ھەندێکیاندا وەک ئێتریۆم لە ملیۆنان ماینێڕ و نۆدەوە کۆنتڕۆڵ و ڕەت یا
تەئید دەکرێن و بەھیچ ھێزێک ھەک ناکرێن. تەنیا ڕێگای لەناو بردنی ئەم
بلۆکچاینانە، کووژاندنەوەی ئینتێڕنێتە لە ھەموو جیھان و ئەمەش ھیچک
ھێزێک دەنگی پێنادات، چوونکە سەدان قات زەرەر دەکەن...!
لە ساڵی ٢٠١٣ لاوێکی ١٩ ساڵەی ڕووسی/ کانەدایی بەناوی (Vitalik Buterin)
و دوو ھاوڕێی دیکەی بەناوەکانی (Gavin Wood) و (Jeffrey Wilcke) پاش
ماوەیەک کار بە بلۆکچاینی بیتکۆین و خوێندنەوەی کۆدە سەرئاوەڵاکانی،
ھاتن و بلۆکچاینێکی نوێیان بەناوی ئێسریۆم یا ئێتریۆم بە بلۆکچاینەکان
زیاد کرد و ئەمەش بلۆکچاینی بردە قۆناخێکی زۆر گرنگتر و پڕ بایەختر و
کاریگەرترەوە. ئێتریۆم لەسەر ئالگۆریتمی پڕووف ئاف ستەیک داندراوە و
ئەمەش خێرایی حەواڵەکانی ئەم بلۆکچاینەی زۆر زیاتر لە بلۆکچاینی
بیتکۆین بردۆتە سەرترەوە، چوونکە لەسەر ئالگۆریتم و میکانیزمی کۆمەڵ یا
ئیجماع (Consensus Mechanism) ئەڕواتە پێش، لێرە ھەموو نۆدەکان بڕیار
دەدەن کە کام نۆد بلۆکی دووایی ئیستیخڕاج بکاتن. ھاوکات لە بلۆکچاینی
ئێسریۆم کەڵک لە قەراردادی ژیر یا ھۆشمەند (Smart Contract) وەردەگیرێت
کە ئەمە ھەر ئێستا بۆتە ھۆی ڕەونەقێکی ئابووری گەورە لە دێ فییەکاندا (DeFi)
واتە (Desentralization of Financial Service). ئێستا ئیتر ھەموو
مرۆڤێک ئەتووانێت بە بێ پێویست بوون بە ناوەندێکی بانکی یاخود ئابووری،
بەتاقی تەنیا لە ماڵەکەی خۆیەوە تەنیا بە ھەندییەک یا لاپتۆپێک
مەعامەلاتی بچووک یا گەورە ھەر لە یەک دۆلارەوە تا سەدان میلیۆن دۆلار
لە بلۆکچاینە تەواو سەربەخۆ و دێسێنتراڵەکاندا، یا بە کەڵک وەرگرتن لە
داپەکان (DApp) واتە (Decentralized Applications ) وەکوو (Uniswap) و
(Aave) و (Sushiswap) و ھتاد یاخود سەڕافییە دێسێنتراڵەکان
(Decentralized Exchange) و وەکوو سەڕافی دێسێنتراڵی باینێنس یا
باینێنس چاین (Binance.org) و ھتاد بکات بە بێ ئەوەی ھیچ دەوڵەتێک و
بانکێک بزانن ئەو خەریکی چییە و قازانجەکانیشی وەربگرێت یا ھەر لەوێ
بیانخاتەوە گەڕ. نرخی گشتیی ئەم بازاڕە سەربەخۆ نوێیانی دێ فی (DeFi)
لە تەنیا ماوەیەکی دوو سێ مانگیدا گەیشتە زیاتر لە ١١ میلیارد دۆلار و
ھەر ئێستاش ڕۆژانە سەردەکەوێت. دیارە سەڕافی باینانس کە ناوەکەی لە دوو
وشەی بینار واتە دووانیی و فاینانس واتە دارایی وەرگیراوە و ھەر ئیستا
گەورەترین سەڕافی ئەرزە دیجیتاڵەکان و جیھانی دییفایە، سەڕافی
سێنتراڵیشی ھەیە (Binance.com) کە لێرە ئەکرێت پاش ناونووسیکردن وەک
ھەموو ناوەندێکی مەرکەزیی ئەوجار لە رێگای بانکەکانەوە یاخود کرێدیت
کارتەوە ئەرزیان لێ بکڕدرێت، بەڵام ئەوەش بابەتی ئەم باسەی من نییە،
ئیلا دێسێنتراڵەکان نەبێت!
تایبەتمەندییەکی ھەرەباشی دیکەی بلۆکچاین وەیا لێرە باشترە بڵێم ئەرزە
دیجیتاڵەکان، تایبەتمەندی دێفلاسیۆن بوونیانە، واتە تەوەڕووم زا نین،
بۆچی؟ لەبەر ئەوەی کە ڕێژەی درووست بوونی ھەر ئەرزێکی دیجیتاڵ لە پێشدا
و لە سپینامەکەیدا دیاری دەکرێت کە بڕیارە ماکزیمۆم چەند دانە لەم
تۆکنە یا لەم کۆینە درووست بکرێت و ئەمە ئیتر حەدیی نیھایی تەواوی ئەم
ئەرزەیە. لە پارەی سوونەتی یا کەغەزیدا پێشتر تا ساڵی ١٩٧١ی زاینیی زێر
(گلا) دەکرا بە پشتخووانی پارە، بەڵام لە ساڵی ١٩٧١ نیکسۆن سەرۆکی
ئەوکاتی ئەمریکا بە حوکمی خۆی، دۆلاری ئەلاحەدە کرد و لە زێڕی
جیاکردەوە و ئیتر لەوکاتەوە حکومەتی ئەمریکا و بانکی ناوەندیی ئەو
وڵاتە بەکەیفی خۆیان دۆلار چاپ دەکەن و ھەر ئێستا ھێندە دۆلار لەبازاڕە
جیھانییەکاندا زۆرە، کە نەک ھەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بەڵکو سێنتراڵ
ڕێزێرڤ و سندووقی نێونەتەوەیی پارەش ھێندەیان زێڕ نییە کە پشتیوانی لە
ئەوەندە دۆلاری ناوبازاڕە جیھانییەکان بکەن، وە ئەم چاپی لەخۆڕایی
پارەی کاغەزییە بۆ یۆڕۆ و یەن و پاوەند و یوانیش و پارەکانی دیکەش ھەر
سادقن. بۆیە دۆلاریش و ھەر ھەموو پارە سوونەتییەکانی دیکەش ڕۆژ لەگەڵ
ڕۆژ نرخیان لەدەست دەدەن و تووشی تەوەڕووم یا ئیفلاسیۆنێکی زۆر قووڵ و
لەڕادە بەدەرن، ئەمانە لە کاتێکدا کە تەنیا ٢١ میلیۆن بیتکۆین بڕیارە
درووست بکرێت و ناکامۆتۆ وەھای بەرنامەڕێژیی کردووە کە ئەخیر بیتکۆین،
یا ڕەنگەن ئەخیر ساتۆشییەکان (وردەی بیتکۆین) لە ساڵی ٢٠٤١دا درووست
بکرێت، چوونکە ھەشڕایت یاخود دژوواریی ئیستیخڕاجی بیتکۆین ھەتا دێت
لەگەڵ درووست بوونی ھەر بلۆکێکی نوێدا، واتە ھەر ١٠ خوولەک جارێک،
دژژوارتر ئەبێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا کە ھەر چووار ساڵ جارێکیش پاداشی
ئیستیخڕاجی بلۆکەکان نیوە دەبنەوە، کارکردێک کە بە ھاڵڤینگ دەناسرێت.
لە سەرەتاوە پاداشتی ئیستیخڕاجی ھەر بلۆکێک، کە لە ساڵی ٢٠٠٩ کارێکی
ھەرە ئاسانیش بوو و بە لاپتۆپێکیش دەکرا، ٥٠ بیتکۆین بوو، ٢٠١٣ پاش
یەکەمین نیوە بوونی پاداش واتە پاش یەکەمین ھاڵڤینگ بوو بە ٢٥ و ئێستا
١٢.٥ بیتکۆینە و سێ ساڵیتر ئەبێتە ٦.٢٥ بیتکۆین و ھەروەتر، ئەمانەش
لەکاتێکدا کە دژوواری ئیستیخڕاجیش ھەتا دێت گەورەتر و دژووارتر
ئەبێتەوە. کەواتە بیتکۆین و زۆربەی ئەرزە دیجیتاڵییەکان دێفلاسیۆنێڕن و
تەوەڕووم زا نین، بە پێچەوانە بە بەردەوامی نرخیان ئەچێتە سەر، ئێستا
لەسەر ئەساسی پێشکەش و پێداویستی، (عرچە و تقاچا) یا (supply and
demand) نرخیان دیاری دەکرێت و ئێستا ڕەنگە حدوودی کەمتر لە ١٠٠ ملیۆن
مرۆڤ لەم بازاڕەدا چالاک بن، ئەگەر ئەمە ببێتە یەک میلیارد مرۆڤ یا
نەخەیر ھەر ھەموو حەوت کۆما ھەشت میلیاردەکەی مرۆڤی جیھان کەڵک لەم
بازاڕە وەربگرن، ئیتر بزانن چی بە چییەوە دەبێت؟!
ئەمەش وایکردووە کە کارناسانێک بۆنمونە بەم ئاکامە بگەن کە نرخی
بیتکۆین تا یەک میلیۆن دۆلار ئەچێتە سەرەوە، چوونکە ئەمە زێڕ یا تەڵای
دیجیتاڵە و ھەر بیتکۆینێک بەسەر ١٠٠ میلیۆن ساتۆشیدا دابەش دەبێت واتە
ھەر بیتکۆینێت ١٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ساتۆشییە، کە ساتۆشی واحدی بچووکی بیتکۆینە
و ئەم ناوەی لە لایەن تەرەفدارانی بیتکۆینەوە پێ بەخشراوە و ھەمووانیش
قەبووڵیان کردووە. ئەگەر ڕۆژێک نرخی ساتۆشییەک ببێتە یەک سێنتی دۆلار،
کەواتە نرخی بیتکۆینێکی تەواو ئەکاتە یەک میلیۆن دۆلار. بەڵام دوورین
لەو ڕۆژە و با باسەکەی بمێنێت بۆ کاتی خۆی، تەنیا بۆ زانیاری ھێنامە
ناو باسەکە!
تایبەتمەندیی ھەک نەکرانی بلۆکچاین.
وەک ئەزانین ئەو ناوەندانەی سێنتراڵن و فایل و داتاکانیان لە یەک یان
چەند سێڕڤێڕدا ھەڵدەگرن، ھەمووکاتێک مەترسی ھەککرانی سیڕڤێڕەکانیان
لەئارادایە و ئەوانیش بۆ پاریزگاریی لە ھەک کرانیان ھەردەم خەرج و
ھەزینەگەلی قوورس ئەبێت بکەن، بۆ ئەوەی فایلی مووشتەرییەکانیان یا
ئەندامان و کارمەندانیان یاخود نھێنییەکانیان بپاریزن. ئەم مەترسییە
بەلام لە بلۆکچایندا چارەسەر یا باشترە بڵێم ڕیشەکەن کراوە و ھەر
لەسەرەتاوە ناموومکینە، کەواتە بلۆکچاین ھەک ناشودەنییە! بلۆکچاین وەک
لە ناوەکەیڕا دیارە، زنجیرە بلۆکێکی ئێلێکتڕۆنین کە پاش حەلکردنی
ئالگۆریتمگەلێکی دژووار بەدووا یەکدا درووست دەبن، بە چەشنێک کە ھەر
بلۆکێک بە بلۆکی پێش خۆی و دووای خۆیەوە وەک زنجیر پێکەوە گرێ دەخۆن.
ھاوکات بلۆکچاین ئۆپن سۆڕسە واتە سەرئاوەڵایە و ھەر بلۆکچاینێکیش لە
لایەن ھەزاران وە یا ڕەنگە میلیۆنان نۆدەوە، یا گرێوە یاخود ماێنێڕەوە
نوێنەرایەتی و چاودێری دەکرێن، من و تۆش ئەتووانین یەک لەم نوێنەرانە
بین، ھەر ئیستا و بە دابەزاندنی پڕۆگرامی فۆل نۆدی ھەر بلۆکچاینێک کە
پێمان خۆشە ئەتووانین ببینە نۆدێک. ئەم تایبەتمەندییانە وادەکەن کە ھیچ
ھێزێک، ھەرچەندیش بەھیز و دەوڵەمەند بێت، نەتووانێت بلۆکچاین ھەک بکاتن،
چوونکە ئەبێت ھەر ئالووگۆڕێک کە لە بلۆکێکدا ڕوودەدات، لەناو ھەر ھەموو
میلۆنەھا نۆدەکانیتریشدا ئەو ئالووگۆڕە پێک بھێندرێت، ئەوەیە کە ھەک
کردنی ملیۆنەھا کۆمپیوتری دیکە، ھەم خەرجێکی دەیان میلیارد دۆلاری
دەداتە دەست ئەم ھێزە ھەککەرەیە و ھەمیش کاتبەرە و لەئەساسدا ھەر
موومکین نییە، چوونکە ھەر ماینێڕێک بزانێت بچووکترین ئاڵوگۆڕێکی تەئید
نەکراو لە زنجیرە بلۆکەکاندا پێکھێنراوە، ئەتووانێت بە کۆمەڵگای ئەو
بلۆکچاینە ڕابگەیەنێت و پاش دەنگدانێکی دێسێنتراڵی ئێلێکتڕۆنی یا ھەمان
میکانیزمی کۆمەل (consensus mechanism) ئەتووانرێت لەسەر تەوافوقی
ھەموو نۆدەکان فۆڕکێک یا ئینشیعابێک لەو زنجیرە بلۆکانەدا پێک بھێنرێت
و زنجیری ئەسڵی لە زنجیری دەسکاری کراو جیا بکرێتەوە، دیارە بە ڕەئیی
کۆمەڵی ئەو زنجیرە بلۆکە، دەنگدانێک کە ھیچ ناوەندێک بەتەنیا قازانجی
لێنابینێت، بەڵکوو بە قازانجی ھەر ھەموو نۆدەکانە! کەواتە ھەککردنی
بلۆکچاینە دێسێنتراڵەکان کارێکی سەھووە و کەس خۆی لینادات.
ھەرچەند ئێمە جار و بار دەبیستین کە لە فلان شوێن بۆ نمونە ھەزاران
بیتکۆین یا ھەر ئەرزێکیتر پاش ھەکێک دزراون، ئەمانە بەلام ھیچ
پەیوەندییان بە ھەکی بلۆکچاینەکانەوە نییە، بەڵکوو ئەوە سەڕافییە
سێنتراڵەکانن کە ھەک دەکرێن و ئەرزەکانیان لی ئەدزرێت، نەک
بلۆکچاینەکان و ئەمەش ئەگەرێتەوە بۆ خەسیسە و تایبەتمەندیی مرۆڤی
تەماحکار و نادرووست و ھاوکات تایبەتمەندیی نێوەندە مەرکەزییەکان وەک
سەرافییەکی سێنتراڵ، بەلام ئێمە ھاوکات سەرافی دێسێنتراڵیشمان ھەیە
بەناوی کورتکراوەی دێکس (DEX) واتە (Decentralized Exchange) کە ھەک
قەبووڵ ناکەن یاخود ھەک ناکرێن بە ھیچکەس، ئیلا مەگەر کاربەر، واتە من
یا تۆ و فڵانکەس کە دێکس بەکار دێنین، خۆمان سەھوو یا ھەڵە بکەین! بۆیە
دێسێنترالیزم بەرپرسیارەتی ئەخاتە ئەستۆی تاکەکان خۆیان، ئێمە خۆمان
بەرپرسیارین بە باشی و لەرووی زاناییەوە کەڵک لە بابەتە دێسێنتراڵەکان
وەربگرین، لەرووی خوێندنەوە و زانین و ناسینەوە دەنگ بەین، نەک چوونکە
خەلکی تر وا دەکەن یا ئەوان ئەمە ئەخووازن، بەلکوو تەنیا لەرووی ویست و
قازانجی خۆت و ئەوەی بروات پیی ھەیە و بە درووستی ئەزانیت!
لە تایبەتمەندییە باشە زۆر و بۆرەکانی دیکەی بلۆکچاین ئەمانەن کە تەنیا
ناویان دێنم و ئەوانەی حەزیان لێبێت ئەتووانن خۆیان وەدووای زانیاری
لەمبووارانەدا بگەڕێن: خێرایی، ھەرزانیی حەواڵەکان، بێسنووریی
حەواڵەکان، نەگۆڕیی و ھەک ناپەزیر بوون، متمانە یا سیقە بە کودە
نەگۆڕەکان، خۆگوونجاندن، شەفافییەت و دوور کردنەوە یا نەھێشتنی
گەندەڵیی، کراوەیی، ئەمنییەتی داتا و حەواڵەکان و مانەوە و
لەناونەچوونیان، پێویست نەبوون بە بانک و ناوبژیوان، کەڵکوەرگرتن لە
قەراردادە ژیر و ھۆشمەندەکان واتە سماڕت کۆنتڕاکت، کۆنتۆی حەواڵەکردنی
پارە یا وەرگرتنی پارە بۆ زیاتر لە ٢ میلیارد مرۆڤ لە مرۆڤە بێ
کۆنتۆکانی جیھانی سێھەم، ناشناس مانەوە، بەرپرسیارەتی لەئەستۆ گرتن،
سەربەخۆیی مادیی و مانەویی، نەدزرانی زانیارییەکانمان لەلایەن شیرکەتە
مەرکەزییەکان وەکوو گووگل و فەیسبووک و سکایپ و واتساپ و پاڵتاک و ھتاد،
کەڵکوەرگرتن لە ئینتێڕنێتی ئەشیا، پارێزرانی داتا و فایلە
تایبەتییەکانمان بۆ نەفەوتانیان، لەبوواری پزشکی و نەخۆشییەکاندا، بۆ
سەرشماریی، دەنگدان، سەنەدی مڵک و ماشین و زیواجات و ھتاد بە بێ
کەڵکوەرگرتن یا پێویست بوون بە ناوەندێکی حکومی و غیرە حکومی یا بانکیی،
بۆ تۆماری پاتێنت و مافی نووسین و مافی خووڵقاندن یا ئیختڕاع و ھتاد،
بۆ کەڵکوەرگرتن لە لۆتێریی و بەخت بە بێ ترس لە دەستێوەردانی ناوەند یا
خاوەنانی لۆتێرییەکان، لە کازینۆکان، بیمەکان، ستاڕت ئاپەکان، بڕیاراتی
نێودەوڵەتیی، دادگاکان، ئەشیا گران و کەموێنەکان، تۆکنیزە کردن، بورس و
ئەوراقی بەھادار، تۆمارکردنەکان، کۆپی ڕایت، لۆجستیک، سیحەت و سڵامەتی
کەرەستە خۆراکییەکان، وزە، خێر و خێرات، ماڵیات، دائۆکان، کەیفییەتی
خوواردنەمەنییەکان، نەھێشتنی ھەواڵی درۆ وە یا شایعات، خوێندنگاکان،
ژیاننامەکان، ھۆتێلەکان و...و....و!
کاکڵی مەبەستەکەم.
سێنترالیزم دەورەی بەسەر چووە، جا چ دیموکراتیکەکەی و چ
ندیموکراتیکەکەی، چ چاکەکەی و چ خراپەکەی. چوونکە مرۆڤ نەیتووانیوە و
ناتوانێت بەسەر گرفتی مرۆیی "متمانە"دا زاڵ بێت. ھەر ناوەندێک، جا
دەوڵەتی بێت یا حیزبی وەیا مەدەنیی، پاش گەورەتر و بەھێزتر بوونەوە، بۆ
ئەوەی ماھییەت و تایبەتمەندیی ناوەندگەراییە، بۆ پتەوترکردنی خۆی
گەندەڵ ئەبێت و دائەڕزێت، چوونکە مرۆڤ قابیلی متمانە نییە و ئەمە لە
زاتی ھەر مرۆڤێکدایە، تا ھێزی گرت و بەھیز بوو، ئەبێتە داشە ھارە،
کەواتە ئەمە لەم سەدەی دیجیتاڵەدا کارایی وردە وردە لەدەست داوە. ئەگەر
خۆشەویستترین حیزبیش بە شێوەی مەرکەزیی بەرێوە بچێت دیسان ھەر ھەمان
ئاش و ھەمان کاسەیە.
ئێستا بە بەرەکەتی تێکنۆلۆژیی بلۆکچاین و دێسێنترالیزم، بەرەو
ڕینێسانسی دوو ھەنگاو ھەڵدەگرین، کە دیارە ئەم رێنێسانسە ١٠ ساڵ و ٦
مانگە دەستی پێکردووە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ کەرامەتر و خەڵکیتر ئەبێتەوە.
ئیتر جیھان پیویستی بەمە نییە کۆمەڵێک خەڵکی موتەعەسب، ئەگەرچی خەڵکی
دلسۆز و چاکیش بن، بەڵام ئیتر ناتووانن خۆیان بکەنە قەیوومی بۆ نمونە
بڵەین چینی زەحمەتکێش و کرێکار، چوونکە بە بەرەکەتی سماڕت کۆنتڕاکت و
میکانیزمی کۆمەڵ، کە لە سەرەوە شیکاریم بۆ کردن، وە ھەرگیز تەزویر و
تەقەلووبیان تێدا ناکرێت و ھەکیش ناکرێن بە ھیچ ھیز و دەوڵەتێک، ئیتر
کۆمەڵانی خەڵکی جیھان، بە بی ئەوەی گرنگ بێت بڕوایان بە چییە، ڕەنگیان
چۆنە، جووانن یا دێزن، ھەژارن یا دەوڵەمەندن، دوکتۆرن یا خەیاتن، ژنن
یا پیاون یا منداڵن، نەخۆشن یا ساخن و ھتاد، ھەرکەس لە ماڵی خۆیەوە
ئەتووانێت دەنگ بدات بە باسە گرنگەکانی کۆمەڵەکەی خۆی یا باسە
گرنگەکانی جیھان، بۆ نەھێشتنی ھەژاریی بۆ نمونە، بۆ کۆنتڕۆڵی حەشیمەتی
جیھان، گەرمبوونی جەوی زەویی و ئاتمۆسفێڕ، نەمانی کارخانەکان، نەھێشتنی
شەڕ و بەرپاکردنی ئاشتیی، مەحکوومکردنی فڵان زێدەخووازی دیکتاتۆڕ بۆ
نەھیشتن و ولانانی و بەگشتیی بۆ ھەر ھەموو پێداویستییەکانی مرۆڤایەتی،
بۆ چوون بەرەو ھەرچی ئینسانیتر کردنی مرۆڤایەتیی و نەھیشتنی سووت و
قازانج بۆ کۆمەڵێکی بچووکی ئێلیتی جیھان، بۆ یەکسانیی مرۆڤەکان بەدوور
لە ھەر شتێک کەھەن، بۆ مافی مناڵان و ئاژەڵان و ھتاد....
یەکێک لە دەیان مودیرانی ئەڕشەدی گووگڵ، نازانم دەقیقەن کامیان، پارێکە
وتبووی ئێمە لەسەرەتای دەسبەکاربوونی گووگڵ و تا ئەم ئاخرانەشدا زۆر
گرنگیمان بە ناوەرۆک و جەوھەر و کاکڵی بابەت دەدا، بەتایبەت لە وێبلاگ
نووسیدا، بۆ نمونە ئەم وتە سەر وێردی قسەکانمان بوو کە دەمانگووت "ناوەرۆک
پادشایە" واتە ئەبێت گرنگیی بە موحتەوا بدرێت، بەڵام ئەمە سەردەمی
کلاسیک و مانەوە لە کلاسیکدا بوو، ئیستا گووگڵ زیاتر گرنگی بە شتی نوێ
و باس و بابەتی نوێ ئەدات، ئەمە بەم واتایە نییە کە ئیتر ناوەرۆکمان لا
گرنگ نییە، بەڵام ئەزانین کە جیھان بە خێرایی تێپەڕ دەبێت لەم سەردەمی
دیجیتاڵەدا، بۆیە نابێت لە باسێکدا بمێنینەوە و بچەقین، سەردەمی کلاسیک
بەسەرجووە، کەواتە نابێت دووابکەوین لەکەس!
ئەمانە لە کاتێکدایە، کە لەلای خۆمان، چ ئەحزاب و چ ئێلیتی کۆمەڵگا و
نووخبە و ھتاد، بە بەردەوامیی لەسەر ھەر ھەمان کای کۆن دەڕۆن و
بەدەگمەن ھەیە کەس یان کەسانێک کە ئاوڕێک لە داھاتوو و باس و بابەتی
نوێ بدەنەوە!
پێویستە ئەم قۆناخە تێپەرێنین. من بڕوام بە ھیچ سێنترالیزمێک نەماوە چ
دیموکراتیکەکەی و چ ندیموکراتیکەکەی و ئیتر پێویستیش ناکات بڕوام پێی
ھەبێت، چوونکە ئەزانم ئاقبەتی گەندەڵی و پڕووکاوییە و ئەوجار ئێستا
میکانیزمگەلی زۆرباش لەبەردەستدان بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکان لە
داھاتووی نزیک و دووردا، کە لەم نامیلکەدا باسمکردن. من وەک
بیتکۆنیستەکان دەڵێن، وەک خاوەنانی دۆلارسازیی بڕوام بە خودا نییە،
بڕوام بە کۆدە نەگۆڕەکانە، بلۆکچاینیستم و بڕوام بە فەنسالاریی یاخود
تێکنۆکڕاسی ھەیە ئەمڕۆ. پێویستە ئێلیت و نووخبەی کورد لەدەوری
تێکنۆکڕاسی کۆببنەوە و خۆیان لەمبووارانەدا تەسلیح و موجەھەز بکەن،
ئەویش تەنیا بە خوێندنەوە و فێربوون ئەکرێت، ھەر تەنیا کافییە لە
ئێنتێڕنێت ئەو چەمکانەی بۆ نمونە من لەم وتارەدا دەسنیشانم کردوون
بناسن و ئەوجار بە کردەوە واردی ئەم چۆمە خرۆساوە بن، با لە خەڵکانی
دیکەی جیھانیش وەدووا نەکەون.
پێشنیاز.
پێشنیازی من بۆ ئەو حیزب و گرووپە بەڕێزانەی بەردەوام تاریف و تەمجیدی
سێنترالیزمی دیموکراتیک وەیا دیموکراسی سێنترالیستی و فیدڕالیزم دەکەن،
وە بۆی تێدەکۆشن، ئەمەیە کە ئەندامانیان ھان بەن لە میکانیزمی ئیجماع و
قەراردای ژیر سەردەربێنن و بە کردەوە واردی حیزب و گرووپەکانیان بکەن و
وردە وردە بەرەو "دێسێنترالیزمی دیموکراتیک" ھەنگاو ھڵبگرن و نەخۆشیان
ھێندە بۆ مافی خەڵک و کەمە نەتەوەکان و ژنان و کرێکاران و ھتاد ھێلاک و
سوور بکەنەوە و نە خەڵکیش بخەنە عەزابی ویژدانەوە کە ئەم شوبھە درووست
ببێت کە خۆیان شۆڕشگێڕن و باقی خەڵک ناشۆڕشگێڕ! ئەمە سەردەمی خۆی باوی
بوو، ئیستا وردە وردە باوی نامێنێت ئیتر، چوونکە بە متمانە کردن بە
کۆدە نەگۆڕەکان ئەم چەمکانە چارەسەر دەکرێن لە ساڵانی داھاتوودا و ئەم
شۆڕش و ڕێنێسانسە نوێیە ھەر ئیستا دەستی پێکردووە . بۆیە دەڵێم تکایە
بەسییەتی ئیتر، لەگەڵ سپاسی بێ کۆتاییم بۆ دڵسۆزیی و ماندووبوونیان تا
ئێستا، بەڵام ئیتر کەس قەیوومی ناوێت و ئوسولەن پێویستیشی پێی نەماوە و
نامێنێت، دیسان ڕێز....!
ئەیلوولی
٢٠٢٠
ماڵپهڕی ئهیوب رهحمانی
|