په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٧\٢٠١٠

دێمۆکراسیی و دیکتاتۆریی.


دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز*


ئەزموونە گرنگەکانی سەردەم سەلماندوویانە، تەنیا شتێ بەرەو نەمان بڕوا، سیستەمی دیکتاتۆریییە. ئەوانەی تا ئێستەش لە جیهاندا، دەسبەرداری دیکتاتۆریی نەبوون، واتای وایە، کەڵکیان لە تاقیکردنەوەکانی مێژوو وەرنەگرتووە، گەر تا سەریش، هەر بە ئەو شێوەیە بمێننەوە، ئێدی ئەوانە تا ماون، کەڵک لە پەندەکانی مێژوو وەرناگرن و باوەڕیشیان، بە گۆڕانکاریی نییە!


ئەو سەرکردە و پارت و دەوڵەتانەی، وازیشیان لە ئەو بیر و بۆچوونانە هێناوە، ڕوویان لە پرشنگی خۆری سەربەستیی و دێمۆکراسیی کردووە، ئەوانە، جێی ڕەزامەندیی گەل و جیهانن و گەلەکانی خۆشیان، لە ئەو تاعونی دیکاتۆریییە ڕزگارکردووە، ڕاژەیەکی گەلێ گەورەشیان، پێشکەش بە خۆیان و سەرجەم کۆمەڵی مرۆ کردووە.


هەڵبەتە، چەن دیکتاتۆریی خراپە، هێندەش لیبڕاڵیی خراپە، بە تایبەتیی، بۆ ئێمە و بۆ ئەم بارودۆخە ناسکەی، نەتەوەکەمانی پێدا تێپەڕدەبێ. بۆیە دەبێ، لە نێوان دیکتاتۆریی و دێموکراسییدا، بەڵەنسێ هەبێ!


ئاخر دێمۆکراسیی لیبڕاڵیی نییە و بە تەواوییش، پێچەوانەی دیکتاتۆریییە. بیروباوەڕی دێمۆکراسیی، لە ئەنجامی خەباتێکی سەختی درێژخایەنی، سەرجەم کۆمەڵی مرۆوە هاتۆتەگۆڕێ. دێمۆکراسیی تێگەیشتن و پەروەردەکردنە، بە هەموو واتای ووشە شارستانییەتە.


گەلانی جیهان، بە دەیان قۆناغدا تێپەڕبوون، خوێنێکی زۆریان ڕشتووە، ڕەنجێکی زۆریان داوە، تا بە ئەم دێمۆکراسیییە گەیشتوون، خۆ دێمۆکراسیی لە {ئەمێریکا}، تەنیا بە دانانی دەستووری {فلادیلفیا}، یا بە هۆی ڕاگەیاندنی دەستووری {ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا}وە نەهاتۆتەکایەوە، بەڵکوو پێش ئەوە، بە چەن سەدەیەک، کاری بۆ کراوە. یا، بە شکاندنی دەرگەکانی گرتووخانەی {باستیل}، دێمۆکراسیی لە {فڕەنسە} سەری هەڵ نەداوە.


{یەکێتی سۆڤێت}ی هەڵوەشاوەش، لە نێوان دێمۆکراسیی سەر کاغەز و دیکتاتۆرییدا، باشترین نموونەیە. ئێستە، دوای ئەو هەموو خەبات و ڕەنجە زۆرە، دوای {70-80} ساڵ تێکۆشان، تازە لە نووکەوە دەسپێدەکەنەوە، تازە خۆیان و گەلەکانیان، فێری سەرەتاکانی بیروباوەڕی دێمۆکراسیی دەکەن.


پێم وایە، سیستَەمی دێمۆکراسیی بۆ نەتەوەی کورد، بە تایبەتیی، لە مامەڵەکردنی ڕامیاریی و لە نێوان پارتەکانی {کوردستان}دا، زیاد لە هەموو شتێ پێویستترە. بەڵام چۆن؟ لەگەڵ کێ و کەی؟! هەموو کوردێ پێویستە، لە جۆری بیرکردنەوە، هەڵسوکەوت، کار و بارەکانی ڕۆژانەی خۆیدا ئازادبێ، بە مەرجێ، زیان بە کۆمەڵ نەگەیەنێ. دیارە، لە ژێر چەتری دەوڵەتێکی یاسایی و دێمۆکراسییدا، هەموو کەسێ مافەکانی دەپارێزرێ. چونکە، هەست بە لێپرسینەوە دەکرێ، دەزگە یاسایییەکانی دەوڵەت، لە هەموو کایەکانی ژیاندا فەرمانڕەواییدەکا، مافی یەکسانیی و چوونیەکی و بەرابەریی، لەبەرچاودەگیرێ. لەشکر، پۆلیس، دادگە، زیندان، هەموو یەکن. یاسا و بەرنامە، بە سەر چەندین لق و پۆپدا دابەش ناکرێ. لەبەرئەوەی کۆمەڵی کوردەواریی، خاوەنی دەوڵەتێکی یاسایی تایبەتیی خۆی نییە، تا ئێستەش چەندین لەشکر، دادگە و گرتووخانەی جیاوازی هەیە و یەکگرتوو نین.


بۆ چەسپاندنی یاسا و بەدیهێنانی کۆمەڵێکی ئازاد و دێمۆکراسیی دەبێ، چی بکەین؟ چۆن دەتوانین، گەل لە سەر ژیانی نوێ ڕابێنین؟ چۆن ڕۆڵەکانی گەل، فێری ئەلفوبای دێمۆکراسیی بکەین؟ چونکە لە مێژە، کۆمەڵەکەمان تینوی بیروباوەڕی دێمۆکراسیییە، هەمیشە لە تاو چەوساندنەوە، لە ژێر باری داگیرکردن، تۆقاندن، زەبر و زۆری نێوخۆ و بیانییدا ناڵاندوویەتی، دەبێ، لە کوێوە دەسپێبکەین؟


بۆ ئەوەی ئەو ئامانجانە بەدیبێنین، پێویستە، لە پاڵ نووسین، کۆڕگرتن و ڕۆشنبیرکردنی جەماوەردا، ماوە بە بەرەڵایی و گێرەشێوێنیی نەدرێ. هێندێ جاریش دەبێ، گوشاری ڕامیاریی و ئابووریی، بۆ سەر ئەم ڕێکخراو و پارت، یا ئەو ڕێکخراو و پارت بەکاربێنرێ، لە کاتی زۆر پێویستیشدا، لە پێناوی بەرژەوەندیی باڵای کورددا، بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕش، بۆ تۆقاندنی دوژمنانی نێوخۆ و دەرەوە، بۆ هوشیارکردنەوە و بەخەبەرهێنانەوەی جەماوەر و نیشاندانی ڕێی ڕاست پێویستە، سزای توند بدرێن. چونکە هیچ یاسایەک، بیروباوەڕێ، هەر لە خۆیەوە و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نایەتەکایەوە، تا بۆ چەسپاندنی ئەو بیروباوەڕە نوێیە، بەرنامەی کار و شێوازێکی گونجاو و پێویست بەکارنەهێنرێ.
_________________________________

* دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز - نووسەر و مامۆستای زانکۆ.


azizhus@yahoo.se