١١\٩\٢٠١٠
(دیموکراتهکانی
سوێد) لە هەڵپەی گەیشتنە کورسی پەرلەمانن!

سەرکەش
لە هەڵبژادنی ئەمساڵی سوید (دیمۆکراتەکانی سوید /
سڤارییە دیموکراتەنا) خۆ هەڵدەکووتن بگەنە پێگەی پەرلەمان، سڤارییە
دیموکراتەنا پارتێکی بچووکی سودییە، لە دژی سیاسەتی مرۆدۆستانەی
دەسەڵاتدارەتی سویدە بۆ داڵدەدانی بێگانە و پەنابەران. هەر لە
سەرەتاوەش ئەم پارتە لەسەر ئەم بنەما ڕەگەزپەرستی یە دەرکەوت و پەری
گرت، ئەم پارتە بەر لە چەند ساڵێک بە هۆی ڕوانگەی ڕاسیستی و بوونی
پەیوەندی و ڕایەڵە بە نازیزم وەک گروپێکی نامۆ و قەدەخە مامڵەی لەتەک
دەکرا، ئەندام و لایەنگرانی هەمیشە دەکەوتنە بەر هێرش و پەلاماری گەلە
کۆمەی ڕێکخراوە چەپە توندڕەوەکان، ڕێکخراوە دژە فاشیستیەکان،
ڕێکخراوەکانی بێگانە و پەنا بەران، بەڵام بە هۆی گۆڕانکاری لە پەیڕەو و
پرۆگرام و بانگەشەی قوتکردنی هەر چەشنە پەیوەندییەک بە نازیزم دانە
دواوەی هەر نوچە و هەواڵێکی لەم جۆرە، دەرگەیان بە ڕوودا کرایەوە و
توانیان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردی بگەنە کورسی کۆمونەکان، ئەم پارتە
بەرز بوونەوەی ئاستی بێکاری، باری نالەباری پیر و گەورە ساڵانی
خانەنشین، گرفت و چارەڕەشییەکانی تری کۆمەڵگای سویدی بە ڕێژەی زۆری
بێگانەوە گرێ دەدا، سەرنجەکانی خۆی لەسەر هەڵە و کەم و کوڕی و لایەنە
لاواز و نێگەتیڤەکانی خەڵکی بێگانە لە لایەک و هەڵە و کەم و کوڕی و
گەندەڵکاری بەشێک لە کاربەدەستانی حکومەتی سوید خەست دەکاتەوە، سەرنج
دەخاتە سەر پەرەگرتنی ئیسلامی سیاسی لە نێو ڕەوەندی بێگانە و
هەڕەشەکانی ئەم ڕەوتە، بۆ سەر کۆمەڵگای سویدی ئەمیش بە خستنە بەرچاوی
برە و دان بە داب و نەریت و ڕەفتاری توند ڕەوانەی ئەم ڕەهەندە بەرامبەر
بە ئازادی ژنان، داسەپاندنی سەر پۆش، پێچانی سەرتاپای لەش و لاری ژن،
دوور لە پێشاندانی ستاتیکا و ڕێژەیەکی زانستییانەی بێگانەی بە ڕچە
ئیسلام و بێگانەی بە ڕەگەز لە ئایین و ئاینزاکانی تر.
ئەم پارتە بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری، بەربڵاوی تاوان، دەستدرێژی سێکسی،
توندوو تیژی دژی مێینە، زۆری منداڵ و گەورەیی قەبارەی خێزانی بێگانە و
پەنابەر، دادۆشینی هەرچی زیاتری پارە و داهاتی کۆمۆنەکان، ژیان و
گوزەران کردن لە سەر سۆسیال کە بریتییە لە باجی زۆر و گران لە سەر
داهاتی تاکی سویدی بە گۆتەی ئەوان، کار نەکردن و تەوەزەلی، دەداتە پاڵ
خەڵکی پەنا بەر و بێگانە و بەم میتۆدە ڕەگەز پەرستانیە تاوانباریان
دەکا.
سڤارییە دیموکراتەنا زۆر پێگیری دەکا بۆ خستنە گەڕی سیاسەتی وەرنەگرتنی
پەنابەر و بێگانە، لە گەڵ فرە کلتوری و ڕەنگا و ڕەنگی کلتورەکان کە
کۆمەڵگا دەوڵەمەند دەکا ناتەبا و دڕدۆنگە، هەر لە بەرهەندێ دژایەتی
ڕاژەی فێربوونی زمانی دایک بۆ زارۆیان و مێرمنداڵان دەکا،هەروا دەخوازێ
هیچ بێگانە و پەنابەرێک لە زمانی دایک بەهرەمەند نەبێ، زمانی دایک لە
بیرکا، لە بری زمانی دایکی زمانی سویدی لە هەموو شوێن و بۆنەیەک بەکار
بەرێ، کە ئەمە لە ڕاستیدا دژایەتی کردنی ڕاستە و خۆی هەیە لەگەڵ بنەما
سەرەتاییەکانی مافی مرۆڤ و بڕیار و پرۆتۆکۆلەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە
یەکگرتووەکان.
ئەم پارتە لە هەمان کاتدا چاوپۆشی لە قەیرانی ئابووری جیهانی و گەندەڵی
دەسەڵاتدارانی بانک و بازاڕەکان و کۆنترۆڵی پۆلیسیانەی کۆمپانیا
زەبەلاحەکان دەکا، بە هەمان هەناسە خۆ لە هۆکاری بنەڕەتی ئاوارە بوون و
هەژاری و برسێتی و پەرەگرتنی نەخۆشی لەسەر ئاستی دونیا بە سویدیشەوە
دەبوێرێ. لە خستنەڕووی پرسەکان و لە گوتاری سیاسی ئەم پارتە بۆنی
شەرمئامێزی نازیزمی ئەڵمانی، فاشیزمی ئیتالی، ڕاسیزمی تورکی زۆر بە
سانایی دەکرێ.
١٠\٩\٢٠١٠
- ئوپسالای سوید
ماڵپهڕی کهریم سهرکهش
|