په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

دین و دەوڵەت دژ بە یەکن پێویستە لێک جیاکرێنەوە.


ئارام یاسین   


باس کردن لە هۆکارەکانى سەرهەڵدان و پەیدابوونى ئاین، راو بۆچوونى جیا جیا هەیە. تەنانەت باس کردنى ئەم بابەتە هەستیارە لە نێو گەلانى دواکەوتووى جیهان بە تایبەتى گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەراست چەندین رووداوى مەترسیدارى لێدەکەوێتەوە. ئەگەر بێتوو سەیرى رووداوە مێژوویەکانى ئەو گەلانە بکەین، ئەوا چەندین نموونەى زیندوى لەم چەشنە دەبینین. چەندین نووسەر و زانیاى بلیمەت بوونەتە قوربانى باس کردنى ئەو پرسە.

من لێرە نامەوێت بیرو بۆچوونى خۆم دەربارەى هۆکارەکانى سەر هەڵدان و پەیدابوون و گەشەسەندنى ئاینەکان بخەمە روو، چونکە ئەمە بابەتى من نیە. ئەوەى من دەمەوێت تیشکى بخەمە سەر ئەوەیە، هۆکارەکانى لێکەوتنەوەى توندو تیژى و کوشتن و تۆقاندن لەکاتى باس کردنى ئەو پرسە، لەچیەوە سەر هەڵدەدا؟

بە راى من پەروەردە کردنى تاکەکانى کۆمەڵگا بە پرەنسیپ و بنەما نەگۆرەکانى ئاین، تاکێکى وا دەهێنێتە بەرهەم تەنها بیرو باوەرى خۆى پێ راست بێت و ئۆتۆماتیکى هەموو بیرورایەکانى تر بە دژ و نەیارى خۆى بزانێت. ئەو خۆپەرستیە لە ئایندا، تاکە هۆکارى سەرەکى ئەو هەموو توندو تیژیەیە کە ئەمرۆ بەرۆکى شارستانیەت و پێشکەوتنى ووڵاتانى دنیاى گرتووە، کە بە چەندەها ناوى وەک تیرۆر و تیرۆرست و توندرەو و شتى تر ناو دەبرێن.

کەواتە دەتوانین بڵین قبوڵ نەکردن و رێز نەگرتن لە بیروڕای جیاواز پرەنسیپى هەموو ئاینەکانە، هەر ئاینێک تەنیا خۆى پێ راستە و ئەوانى تر بە سەرلێ شێواو و گومراو نەزان و کافر ناودەبات و هیچ ئاینێکى پێشەخۆى و پاشەخۆى پێ قەبوڵ ناکرێت. هەندێک ئاینى تریش دان بە ئاینەکانى پێشەخۆیان دەنێن بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا تەنیا خۆیان بە سەیدى ئاینەکان دەزانین، وە هەر کەسێکش ئەوان بە حەق و خۆیان بە ناحەق نەزانن، ئەوا لە گۆشە نیگاى ئەوانەوە دۆزەخى سوورکراوە چاوەڕێیان دەکات، تەنانەت هەندێک چار هەر لە سەر رووى زەمین ئەو دۆزەخە نیشانى ئەو کەسانە دەدەن کە ئەوان بە سەیدى خۆیان نازانن. ئەو هەموو کوشتن و برین و تەقینەوە و خاپور کردن و کوشتنى بە کۆمەڵى خەڵکى سڤیل و بێ دەستەڵات، لە ووڵاتانى ئەو دەورووبەرەو و لە ووڵاتەکەى خۆشمان نموونەى زیندووى ئەو دیاردانەن.


کارەساتى گەورە و مەزن ئالێرە دەست پێ دەکات کاتێ لە ووڵاتێکدا دین لە دەولەت جیا نەکرێتەوە،چونکە مومکین نیە بە هیچ شێوەیەک بتوانرێت ئەو هەموو ئاینە جیایانە، ئەو هەموو بیرورا جیایانە و دژ بەیەکانە لە نێو سنوورى ووڵاتێک حوکم بگرنە دەست و یەکتریشیان پێ قەبووڵ بکرێت، مەگەر تەنیا لە ووڵاتێکى هەرە پێشکەوتووى دنیا وەک ئەفغانستان و پاکستان بتوانرێت سیستەمێکى لەم چەشنە پەیرەو بکرێت!!!!.
 


Aram_yaseen@yahoo.com