په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١٠\٢٠٢٠

دین و هزری مرۆڤ.


سه‌‌لاح رێبوار      

ووشەیەک بۆ بەرچاوڕوونی.

بۆ لێکۆڵینەوە لە دین، و تێگەیشتنی لە ڕووی مێژوویی، و کۆمەڵایەتی و شێوەی بیرکردنەوەی مرۆڤ. بەبێ شارەزایی لە بیرە سەرەتاییەکان. و چۆنییەتی سەرهەلدان و دروستبوونی کەراکتەرە سەرەکییەکانی دین. و شێوەی بڵاوبوونەوەی, ئەستەمە بتوانێ ئەو دەرفەتە وەربگرێ، تا بە قووڵی سەبارەت بە سەرهەڵدان. و چەکەرەکردنی بیری پەرستن و پەرەسەندنی تێبگەی. بە پێچەوانەوەش، تێگەیشتن لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکانی دینیان لێ وەدی هاتووە، مەیدانێکی فراوانترمان دەخاتە بەردەم بۆ تێگەیشتن و ڕاڤەکردن لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤ و بیروباوەڕی. لە گۆشەنیگای جیا جیا. و دۆزینەوەی وەڵام بۆ پرسیارە شاراوەکان. بەوەش دەتوانن پەردە لەسەر ئەو هۆکار و بنەمایانە هەڵماڵن، کە لە بنەڕەتدا دەبنە سەرچاوە بۆ سەرهەڵدانی دین. هەروەها هەوێنن بۆ پەرەسندن و وەدیهاتنی شێوە و ئاکاری کەراکتەراکانی و پیرۆزکردنیان. ئەوەش بە مەرجێ بە چاوێلکەی مۆدێرن و هاوسەردەم تێی بڕاونین. و بەبێ خۆ گیرکردن لە قاوخی بیروباوەڕێکی جەقبەستوو.


لە زانستی مێژوودا، ناکرێ بۆ سەلماندنی باسێکی زانستی و قووڵی مێژوویی، بە تەنیا لە چوار چێوەی یەک ڕەهەند خۆت دووبارەکەیتەوە و لە دەرەوی ئەو چوارچێوەیە هیچ نەبینی و نەبیستی. جا بەهەر هۆیەکەوە بێ.


ئەو باسەی لەبەر دەستت دایە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دین و سەرهەڵدانییەوە هەیە. بۆیە بەر لەوەی بچینە ناو باسەکە، دەبێ باسێکی دین خۆی بکەین. چونکە ئەوە دینە کەراکتەراکانی دروست دەکا و بەپێی پەرەسندن ڕۆڵیان دەداتێ و پیرۆزیان دەکات.

١- دین بەرهەمی دوورەپەرێزی مرۆڤە.


لەوەتەی مرۆڤ چاوی هەڵێناوە و بیری کردۆتەوە. هەمیشە وێڵ بووە بە دوای خۆیدا. هەر لە سەردەمەکانی سەرەتایی وبیرکردنەوەی، بەدوای ناسنامەی خۆی دا گەڕاوە. ئەوەش هەنگاو بە هەنگاو بەپێی گەشەسەندنی مێشک و دۆزینەوەی ئاقارە شاراوەکانی ژینگەی نزیک و دوور، هەڵوێستەی تێدا کردووە. و فۆرمی بیرکردنەوە و ئەفرێنەرێکی بۆ خۆی دیاری کردووە و هەوڵیداوە خۆی لەگەڵ بگونجێنێ. هەر ئەو خۆ گونجاندنەش توانیویەتی لەلایەک تەکان بە شێوەی بیرکردنەوەی بدا و لەلایەکی تریش فۆرمێکی نوێ بۆ خەیاڵەکانی دروستبکا. ئەوەی جێگای سەرنجە، زۆربەی ئەو پەرەسەندنەش لە دوورەپەرێزی مرۆڤ و خەڵوەتی تاکە کەسی وەدیهاتووە. لەبەر ئەوەی خەڵوەتی تاکەکەسی باشترین و کاریگەرترین شێوەیە بۆ قووڵبوونەوە و خەمڵاندنی لۆژیکانەی ئەو ئەندیشانەی لە مێشکی دەسووڕێنەوە. هەر ئەو تەنیاییەشە بۆتە هۆی پڕبوونەوەی بیری مرۆڤ بە ئەفسانە و دروستکردن، و کاریگەرییان لەسەر مێشک و دەروونی مرۆڤ. هەروەها گیرکردنی لە شێوەیەک بیرکردنەوە و وەدیهێنانی پیرۆزییەک لە خۆشەویستی و ترس و ئیرەیی. شێوەی ڕووداوی میتافیزیکی، مرۆڤ دەخەنە ناو ئاقارێکی تەماوی بێ لەمپەر. هەر ئەوەش وایکردووە کە لە ناو بازنەی خۆ دووبارەبوونەوە بەردەوام بخولێتەوە. بۆیە دیاردەیەکی ئاساییە گەربڵێین، دین و دینداری، دیاردەیەکە مرۆڤ هەمیشە لە دوورە پەرێزی خۆی پێ فۆرمات دەکات. و وەک پەیامێکی نوێ دەیخاتە کار. ئەو پەیامەش بەپێی تێپەڕبوونی کات، چوارچێوەیەک بۆ بیرکردنەوە و پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەفرێنەرێک دروست دەکا. کە دەبێتە شێوەیەک لە ئاڵوودە بوون و خۆخواردنەوە و چەقبەستن لە گۆشەیەکی تەنگ دا.


وەک لێتۆژەرەوە، یەکەم هەنگاوی دەستکردنی بە لێتۆژینەوە، دەبێ هەوڵ بدا، دین و ڕەهەندەکانی لە پێناسەیەک دا داڕێژێ. ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانێ فۆرم و چوارچێوەیەک بۆ لێتۆژینەوەکەی دابنێ. تا بە ئاسانی نەکەوێتە ژێر کاریگەری بابەتی لاوەکی و دوور لە ئامانجی پرۆسەی لێتۆژینەوەکە. و دابرینی لە بابەتی سەرەکی. کە ئامانجی لێتۆژینەوەکەیە. بۆ ئەو مەبەستەش با سەرنجێ، پێناسەیەکی سادەی فەیەلسوف و دەروونناسی ئەمریکی ولیام جەیمس (١٨٤٢ -١٩١٠) دەربارەی دینین بدەین، کە دەڵێ:


”دین بریتییە لەو هەست و ئەزموونەی کە مرۆڤ لە دوورەپەرێزی تووشی دەبێ. و دەیگەیێنێتە هەندێک هەڵسوکەوت. ئەو هەست و ئەزموونەش شێوەیەک پەیوەندیە لە نێوان خۆی و ئەو شتەی بە خودای دادەنێ” (١).


دوورە پەرێزی و چوارچێوەی ئاستی بیرکردنەوەی کۆمەڵ، بنەمایە بۆ گەڕان بەدوای خۆ دۆزینەوە و ئەفراندنی ناسنامەیەک، کە وەڵامدەرەوەی ئەو هەست و تێگەیشتنە بن. کە لە چوارچێوەی ئاستی هزر و باوەڕی کۆمەڵ کە دەتوانین ناوی لێ بنێین (دین). بە هۆی نەبوونی پەیوەندی هزری بیرکردنەوەی مرۆڤ لە دوورەپەرێزی بە ڕیالیزم و ژیانی ڕۆژانە، دەبێتە هەوڵدان بۆ بیرکردنەوە لەو شتانەی کە ناتوانرێ بەشێوەیەکی لۆژیکانە بیری لێبکرێتەوە. هەر بۆیەش دەبێتە کۆتێکی بێ کۆتایی و چمکێکی ئەفسانەیی کە ناتوانرێ گوزارەی لێبکرێ (٢). مرۆڤ دەکەوێتە بازنەیەکی داخراو. ئەو شتانەی کە بەڕاستی بوونیان نییە. کەچی ئەو باسیان دەکات. وەک ئەوە وایە، کە لەگەڵیان بژیێ و باوەڕی بە بوونیان هەبێ. کەچی ئەوانە لە ڕاستیدا تەنیا خەیاڵی مرۆڤ خۆیەتی. خەیاڵ باسی ئەو جیهانە دەکات کە مرۆڤ ئازار و گرفتی لەو ژیانە بۆ دەچێژێ. هەموو هیوا و خۆزگەکانی خۆی پێ دەسپێرێ. ئامادەیە لە پێناوی، هەموو شتێک پشت گوێ بخا. و خۆی ئاودیوی بێ ئاگایی بکات. بەوەش بەرگری لە شتانێک دەکا، کە لە ڕاستیدا بوونیان نییە و ناکرێ بشبن. دەرئەنجامەکەی بە گشتی کۆمەڵگە بەرە و ڕووی ئازار و مەینەتی دەکاتەوە (٣).


بە لێکدانەوەیەکی وورد، تێدەگەین کە هەستی مرۆڤ بە شتە نامۆکان، بریتیە لە هەستی مرۆڤ بەخۆی. وفۆرمۆلەرکردنی شتانێک کە تەنیا لەخەیاڵ وێنایان دەکا. کەچی ئەو شتانە بریتین لە مرۆڤ خۆی و هەستی ئەون بەرامبەر ئەو شتانەی دروستی کردوون. و پەیوەندییەکی قووڵی دەروونی لەگەڵیان دروستکردووە. کە بۆتە باوەڕێکی ڕەها و بەتاکە باوەڕی ڕاستی دەزانێ. ناتوانێ لەدەرەوەی چوارچێوەی ئەو باوەڕە شتێکی ترببینێ و وەربگرێ.


خۆ ئاشناکردن یان بوون بە شتە نامۆکان، یەکەمین گوزارەکردنی بەکۆمەڵە لەسەر دینی تاک. کە لە هەڵچوونی سۆزەوە بەرەو هیوای خەیاڵەکانی گوزەردەکا. بۆیە پەیدابوون و چەکەرەکردنی باوەڕ پێویستییەکی سایکۆلۆژی قووڵە، تا بتوانێ فۆرمی ئەزموونی دینی لە جەستەدا وەبەربێنێ. ئەوەش دوای بەرەو ڕووبوونەوەی هەڵچوونی دەروون لەگەڵ پیرۆزی و دروستبوونی هەستێکی قووڵ. تا دەگاتە ئەو ئاستەی مێشکی مرۆڤ، کاردانەوەی لەپێناو داڕشتن و بەرجەستەکردنی هەژموونی ناوەوەی لەسەر جیهانی دەرەوە. و سەقامگیرکردنی پیرۆزی دین لێی. بەو شێوەیە باوەڕی دینی دەبێتە گرنگی کۆمەڵ . چونکە ژیری کۆمەڵ کار لەسەر داڕشتنی دەکات و دەبێتە چمکێکی وا، کە نەوە دوای نەوە هەم پارێزگاری لێدەکەن و هەم پەرەی پێدەدەن. بۆیە هاتنی دین لە ڕێی ئەفسانە و پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی، بەردەوامییەکی ئاساییە. چونکە کاری ئەفسانە ڕوونکردنەوە و پڕکردنەوەی کەلێنەکانی باوەڕە. کە یارمەتی دەدا لەسەر پەیرەوکردنی نەوە دوای نەوە. سەرەڕای ئەوە لایەنێکی خەیاڵی دەداتە باوەڕ کە کاریگەری لەسەر سۆز و هەڵچوونی دەروونی مرۆڤ هەبێ. ئەرکی سەرەکی ئەفسانە ئەوەیە کە بیری خودایی بە ڕەنگ و شێوەی زیندووبڕازێنێتەوە. و سیمای دین وەک کاریگەریی دەروونی نیشان بدا. بە تایبەتی لەو شوێنانەی کە دینی جیاجیای تێدایە، یان دینێک فرە خودای هەبێ (٤، ٥)


ئەگەر لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، بمانەوێ لە هەستی سەرەکی مرۆڤ، سەبارەت بە پەیوەندی مرۆڤ بە خوداوە تێبگەین. بە تایبەتی لە سێبەری سێ دینە ئیبراهیمییەکان. دەبینین تەنیا لە سەر بنەمای خۆشەویستی و ڕق و ترس دامەزراون. خۆشەویستی و ترس لە خودا بریتییە لەو دەستەڵاتە ئەفسوناویەی، کە ئەفسانە بە بەری دابڕیووە و ترسێکی بێ ئەندازەی لە دەروونی باوەڕدارانی دروستکردووە. مرۆڤ دەکاتە کۆیلەیەکی گوێڕایەڵ. لە نێوان پاداشت و سزا. پەیوەندی نێوان ترس و خۆشەویستی ڕێسایەکی زۆر ئاڵۆز دروست دەکا. مرۆڤ دەگەیێنێتە ئاستێکی دەروونی قووڵ. وێڵ بەدوای پرسیارێکی تەماوی. ئەنجامی گەڕانێکی بێهوودە، وەڵامەکەی دەبێتە ڕقێکی بێکۆتایی دژی دوژمنەکەی کە ئەهریمەنە (شەیتان) (٥). هەر ئەوەشە چەقی باوەڕی دین، لای هەر سێ دینە ئیبراهیمیەکان. بریتییە لە پێداگرتن لەسەر هەر شتێک پەیوەندی بە ژیانی مرۆڤ و گشت ئەو زانینە (معرفە) هەیە، کە پەیوەندیان بە چارەنووسی جیهان و ڕۆژی هەڵسانەوە (قیامە) هەیە. یەک جار و لە یەک خاڵی دیاریکراو. وبە شێوەیەکی لێبڕاو، ئەفرێندراوە و درکی پێکراوە. ئەو درک پێکردنەش لە مێژووی پەرتووکە پیرۆزەکانی ئەو سێ دینەوە دەست پێ دەکا. هەر بۆیەش دەبینین نیگای باوەڕداران بەردەوام کز و ڕەشبین و بەرەو دواوەیە. بۆ ئەو ماوەیەی کە باوەڕیان وایە ئەو ڕاستیانە بە شێوەیەکی ڕەها، لەلایەن خوداوە و لە ڕێگای فریشتە بۆ مرۆڤ دابەزیون (٦)


هەرچەندە هەندێک لەو کەسانەی بە ناوی مۆدێرن و نوێکردنەوە، بەرگری لە دین دەکەن. وا دەردەبڕن کە بیروباوەڕی دین بە پێی هەڵومەرجی هاوچەرخ. لەسەر بنەمای نوێ، سەبارەت بە پرۆسەی ژیان و پەرەسەندن، بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ تیوری زانستی بنیاتنراوە. بەڵام ئەو هەوڵانە چۆن لە ڕابردوو شکەستیان هێناوە. بە دڵنیاییەوە ئێستاش بە هەمان شێوە شکەست دێنن. هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی:


بیروباوەڕی دین تا ئاستێکی بەرز سیستەمێکی ئاڵۆز پێکدێنێ، کە گشت ڕەهەندەکانی پێکەوە بەستراونەتەوە، ئەگەر بە بەشێکی ڕازی بی، ئەوە ناچاری بەبەشەکەی تریش ڕازیبی. بەمەرجێ مرۆڤ لەگەڵ خۆی سەڕاستبێ. و لۆژیکانە لێکدانەوەی بۆ بکا. بۆ نموونە ئەگەر لە بەشێکی خورافات داببەزێ، و ئەوا بەپێی لۆژیک، بنەما پیرۆزەکانی دین لاسەنگ دەبن و ناتوانرێ ببێتە پێوەر بۆ بیروباوەڕ. با وای دابنێین لە پێناوی گونجان لەگەڵ زانست و ئەگەرەکانی لەوە داببەزین کە چیڕۆکی ئادەم و حەوا هەبووبێ و دروستکراوە. لە جیاتی ئەوە باوەڕ بو زانست بێنن کە مرۆڤ ئەنجامی پەرەسندن (ئێڤلوشن) دروستبووە. ئەی بۆچی لەوەش دانەبەزین کە بەهەشت و دۆزەخ بوونیان نییە!. ئەو ڕەهەندانەش تەواوکەری یەکترین. لە پەرتووکە پیرۆزەکانی دین دا چەقی بیرو باوەڕی ئیماندارانن. بۆیە ئەستەمە بتوانین دین و پاشخانی پەرەسندنی لەگەڵ سەردەم بگونجێنین (٧)

٢. سەرهەڵدانی دین.


ئەگەر لە پەیدابوونی دین واتە هاتنی سرووش (وحی) بۆ پەیامبەران وورد بینەوە. پەردە لەسەر شتێکی یەکلاکەرەوە هەڵدەدەینەوە. ئەویش پرسیارێکی بێ ئەندازە گرنگ دروست دەبێ: بۆ تا ئێستا نە بیستوومانە و نە بینیومانە پەیامبەرێک لە شوێنێکی شارستانی پەیامی خودایی بۆ هاتبێ؟ تەنیا لە جێگای چۆلەوانی و هەرە دواکەوتووی جیهان نەبێ. ئەگەر دین بەرهەمی پەرەسەندنی کۆمەڵگە و سروشت بێ، دەبوایە لەو شوێنانە دابەزێ، کە لە ڕووی شارستانییەوە پەرەسەندووبن و بەشێوەیەکی ڕیالیستی و بەرچاو ئەو سرووشە بۆ ئەو گەلانە هاتبایە.


خودا خۆی پیشانی ئیبراهیم نەدا تەنیا لە بیابانی حاران نەبێ (تەورات، ئەفراندن ١٢: ١-٢)
تەورات ئەفراندن ١٢: ١-٢
١- یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «خاک و کەسوکار و ماڵی باوکت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.
٢- جا دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن، بڕشت و بەرهەمت دەدەمێ، ناوت مەزن دەکەم، دەبیتە بەختەوەر.


سەرەڕای ئەوە، بە پێی دەقەکانی تەورات ئیبراهیم پێش کۆچی بۆ حاران خۆی و سەرجەم بنەماڵەکەی، لە شاری ئوری کلدانی بووین. کە لە سەردەمێکی شارستانی بەرز دابوو. کەچی دوای کۆچی بۆ حاران، ئەوسا ئیبراهیم بە دیداری خودا ئاشنابوو. ئێل فەرمانی پێدا بەرەو خاکی کەنعان کۆچ بکا….


خودا بۆ یەکەم جار لە کێوی هۆریب لە سینا، قسەی لەگەڵ موسا کرد (تەورات، دەرچوون ٣: ٤). کەچی موسا بەر لە کۆچی بۆ خاکی کەنعان هەر لە منداڵی و هەرزەکاری و لاوی لە میسر بووە. ئەوکاتە شارستانی میسر لە شارستانییە هەرە پێشکەوتووەکانی ئەو سەردەمەی جیهان بووە. سەرەڕای ئەوەش موسا خۆی زۆر لە فیرعەون نزیک بووە. کەواتە لە چەقی شارستانییەتی میسر هەم ژیاوە و هەمیش شارەزایی هەبووە.
تەورات دەرچوون ٣: ١-٦


(١) موسا بووە شواني مەڕەکانی یەترۆی خەزووری، کە کاهینی میدیان بوو. مەڕەکانی بردە ئەو پەڕی دەشتودەرەکە هەتا گەیشتە کێوی خودا (هۆریب).

(٢) لەوێ لەناو گڕی ئاگرێک لە دەوەنێک فریشتەی یەهوا بۆی دەرکەوت. کە موسا تەماشای کرد، بینی وا دەوەنەکە گڕی گرتووە، کەچی ناسووتێ.

(٣) موسا گوتی: لا دەدەم و سەیرێکی ئەو دیمەنە سەیرە دەکەم. بۆچی ئەو دەوەنە ناسووتێ؟
(٤) کاتێک پەروردگار بینی موسا لایدا، بۆ ئەوەی سەیر بکا. خودا لە دەوەنەکەوە بانگی کرد و فەرمووی: (موسا. موسا. ئەویش گوتی: ئەوەتام).
(٥) فەرمووی: (نزیکی ئێرە مەکەوە. پێڵاوەکانت لە پێت داکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە).

(٦) ئینجا فەرمووی: (من خودای باوکتم، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم). موسا ڕووی خۆی داپۆشی، چونکە دەترسا تەماشای خودا بکات.


شەیتان مەیدانی لە یەسو (عیسا) نەخواست تەنیا لە دەشتایی جەلیل نەبێ (ئینجیلی مەتی ٤: ١-١١، ئینجیلی مەرقەس ١: ١٢-١٣، ئینجیلی لۆقا ٤: ١-١٣). کەچی هەر لەسەردەمی گەنجی یەسو هەم لە ناسەرێت و هەم لە ئۆرشەلیم، شارستانی لە ئاستێکی بەرزدابوو. بەتایبەتی لە ژێر دەستەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆم.
مەتی ٤: ١-١١


(١) پاشان عیسا بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە بردرایە چۆڵەوانی، تاکو لەلایەن ئیبلیسەوە تاقی بکرێتەوە.

(٢) دوای چل شەو و چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوون، برسی بوو.

(٣) تاقیکەرەوە لێی هاتە پێش، پێی گوت: ئەگەر تۆ کوڕی خودایت، بەم بەردانە بڵێ با ببن بە نان.
(٤) بەڵام عیسا وەڵامی دایەوە: نووسراوە مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی خوداوە دێتە دەرەوە.
(٥) ئینجا ئیبلیس بردییە شاری پیرۆز و لەسەر گوێسەبانەی پەرستگا ڕایگرت.

(٦) پێی گوت: ئەگەر تۆ کوڕی خودایت خۆت هەڵبدە خوارەوە. لەبەر ئەوەی نووسراوە: (سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات، لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن، تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت).
(٧) عیساش پێی فەرموو: هەروەها نووسراوە: یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.
(٨) دیسان ئیبلیس بۆ سەر شاخێکی زۆر بڵندی برد و هەموو شانشینەکانی جیهان و شکۆی ئەوانی پیشان دا.

(٩) پێی گوت: هەموو ئەمانەت دەدەمێ ئەگەر کڕنۆش ببەیت و بمپەرستی.
(١٠) ئینجا عیساش پێی فەرموو: شەیتان لێم دووربکەوە! چونکە نووسراوە: کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.
(١١) ئینجا ئیبلیس وازی لێ هێنا و فریشتەش هاتن و خزمەتیان کرد.


جوبرائیل قسەی لەگەڵ محەمەد نەکرد، تا نەچووە چۆلەوانیی بە دیارکراویش لە ئەشکەوتی حەڕا نەبێ (٩). کەچی محەمەد هەر لە مەککە لەدایک بووە و لەوێش تەمەنی هەرزەکاری و گەورەیی خۆی بەسەربردووە. هەر پەرتووکە دینییەکان خۆیان شارستانییەتی مەککە و بازرگانی محەمەد بۆ شاری بەسری لە شام و ووڵاتی بەنی ئیسرائیل باس دەکەن.


(اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ) بەناوی پەروەردگارت بخوێنە (ئەو وەرگێرانە بەپێی باوی ناو موسوڵمانانە).


ئەوە تەنیا دینەکانی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست ناگرێتەوە، بەڵکوو دیاردەیەکە لە زۆربەی دینەکان دەرکەوتووە. دەبینین براهما یەکەم جار لە کێوی هیمالایە خۆی دەرخست. زەردەشت لە کێوی ساپلان ڕۆشنایی ئاهورامەزدای پێگەیی. (١٠)


بەگشتی سروش (وحی) تەنیا لە شوێنە هەرە دواکەوتووەکانی جیهان بۆ پەیامبەران هاتووە، ئەو شوێنانەی کە نەزانی و دواکەوتوویی شارستانی لە هەرە قووڵی دابووە. لەهەمان کات، لە شوێنەکانی تری نزیک و دوور شارستانی پێشکەوتوو هەبووین. و بەتایبەتی لە دینەکانی یەهودی و کریستیان و ئیسلام مرۆڤایەتی لە نزیکەوە ئاشنایەتی لەگەڵ یەکتاپەرستی و خودادا هەبووە.

٣. دینە یەکتا پەرستەکان و سێ بنچینەکانیان.


دین بەرهەمی هزری مرۆڤە و رەنگدانەوەی ژینگەی کۆمەڵایەتی، دەروونیەتی، کە لە سنوورێکی جوگرافی دیارکراو گەشەدەستێنێ. بۆیە دین ناتوانێ لەدەرەوەی ئەو چوارچێوە جوگرافییەی کۆمەڵگە دەربچێ. هەر ئەوەشە وایکردووە کە دینەکان ئاکار و ڕەفتاری کۆمەڵگەیان بە ئاشکرا پێوەدیاربێ. تەنانەت هەمان دین، لە جێگای جیاجیا ڕەوتی جیاجیا و ئاکاری لەیەک جیا وەردەگرێ . هەرچەندە لەیەک دینیش بن بەڵام کولتووری پەرستن و بیرکردنەوەیان لەیەک دادەبڕێن. و دەبنە بەشێک لە کەلەپووری ناوچەکە بە ئاسانی لەیەکتری دەتوێنەوە. و هەر بەو کەلەپوورە جیاوازە کۆمەڵایەتی پاشخانی مێژوویی ناوچەکە لەیەکتری جیادەکرێنەوە. بەڵام ئەو خاڵانەی لە نێوان گشت دینەکان و ڕەوتە جیاوازەکانیشیان هاوبەشن. بەبێ ڕەچاوکردنی کۆمەڵگە و ئاستی پەرەسەندنیان، ئەوەیە باوەڕ بە بوونی ئەفرێنەرێکە، کە مرۆڤ خۆی لە هزری خۆیدا دروستی کردووە. هەر ئەو شێوە دروستبوونەشە کە بۆتە کۆت بۆ مرۆڤ. جا شکاندنی ئەو کۆتە ئەگەر ئەستەمیش نەبێ، ناتوانێ بە ئاسانی لێی دەرباز ببێ.


بە گشتی دین لە ڕوانگەی لێکۆڵەرەوان، لە چەند پێکهاتەیەک پێکدێ کە یەکتری تەواودەکەن. هەر ئەوپێکهاتانەش پەیکەری دین بەرجەستە دەکەن . زۆر لێتۆژەرەوە دینیان بە شێوەی جیاجیا شرۆڤەکردووە. بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان لە سەر سێ خاڵی گشتی کۆکن. کە وەک سێ بنچینەی سەرەکین بۆ دین . ئەوانەش: باوەڕ، ئەفسانە (میتۆلۆژی) و پەرستن. وەک سێ ستوون دین لەسەریان وەستاوە (١١)

١. باوەڕ (عقیدە):


باوەڕ چەقی بیری دیندارە. کە تێیدا ئەندیشە و بیری هاوبەشی دینی تێدا داڕشتراوە. و دەبێتە سەرچاوەی یەکەم بۆ گشت دیندارانی یەک ڕێباز. ئەوەش پێکهاتەکانی بنچیەیی و لاوەکی تر بۆ دیندار پێکدێنن. باوەڕ لای دیندار سەرچاوەی پیرۆزییە. لادان لێی، دەبێتە هۆی پەراوێزبوون و کەوتنە ژێر دڵەڕاوکێ. و هەستکردن بەتاوانێکی گەورە، بەرامبەر دین و کولتووری دینی. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، مرۆڤ بوونەوەرێکی بێ متمانەیە و ناتوانێ باوەڕی بە توانای خۆی هەبێ. بە شێوەیەکی ئازادانە لەگەڵ سرووشت شوێنی خۆی بدۆزێتەوە و سەربەخۆ بەدوای خۆی و هۆکارەکانی بوونی خۆیدا بگەڕێ. هەر بۆیەش لەوەتەی مێژوو هەیە هەمیشە وێڵبووە بەدوای گەران بۆ ناسنامەیەک، کە ببێتە بنەمایەک بۆ دروستکردنی باوەڕ، تا وەک کلیل بۆ بوون و ناسینی خۆی و گەردوون بەکاری بێنێ. (١٢ ) بە کورتی، بێ متمانەیی مرۆڤ دینی دروستکرد. و دینیش ئەو بێ متمانەییەی کردە ئامرازێکی هەتا هەتایی بۆ کۆیلەکردنی.

٢ ئەفسانە (میتۆلۆژی):


ئەفسانە یان چیرۆکی خودایی، بەرهەمی خەیاڵی مرۆڤن لە قۆناخە جیاجیاکانی سەرەتایی مێژووی مرۆڤایەتی. وبریتین لەو چیرۆکە خورافیانەی کە پڕن لە بەسەرهات. و بوونەتە کۆڵەگەی پیرۆزی لای مرۆڤ. ڕێکاری پەیوەندییەکانی بونەورە میتافیزیکییەکانن لەگەڵ خودا لە جیهانی پیرۆزدا. ئەو ئەفسانانە سرووشتێکی جادووییان ئەفراندووە، کە کاریگەرییەکی بەتینی لەسەر هەست و بیرکردنەوەی مرۆڤ هەبێ. ئەوەش لە گەیاندنی بیری ئەبستراکت و بەرجەستەکردنی دیمەنی کاریگەر کە دەتوانن بیروباوەڕ لە هزری مرۆڤدا، وا جێگیر بکەن کە نەتوانێ لێیان دەربچێ. یەکبوونێک لە نێوان باوەڕی ئەبستراکت و دیمەنە ئەفسانەییەکان بێنێتە دی. ئەو یەکبوونە چارەنووسسازەی نێوانی دین و ئەفسانەمان لە خۆیەوە دەبێتە ئەو زنجیرە، کە مرۆڤ شانازی بە کۆیلەیی و ملکەچی خۆی بکات.


بە لێکدانەوەیەکیتر بۆ ئەفسانە و ڕۆڵی لە کاریگەری دیندا. وەک پەیوەندی ساوا بە منداڵدانی دایکەوەیە. تا ئەفسانە بن بڕ و بەهێزبێ، کاریگەری دینیش قووڵتر و کاریگەرتر دەبێ. بەڵام ئەگەر ئەفسانە شکەست بێنێ ئەوا دینیش شکەست دێنێ. و پێگای دەستەڵاتی دەروونی لە کۆمەڵگە لەدەست دەدا. هیچ لە دینەکانی یەهودی، کریستیان و ئیسلام نەیاندەتوانی دەست بە بانگهێژی دینەکەیان بکەن. و لە ناو دەروونی پەیرەوکارانیان ڕەگ دابکوتن. ئەگەر دووبارەکردنەوە و پیرۆزی ئەفسانەکانی خودایی سۆمەر و بابلی نەبوان. هەر بۆیەش دەتوانین بە لێبڕاوی بڵێین ئەفسانە دینی سەرەتایی مرۆڤ بووە (١٣). جا ناوەرۆکی دین و قووڵی پەیوەندی بە گەردوونی ژیانی مرۆڤەوە هەیە. و لە ئەفسانەوە سەرچاوە دەگرن. یانیش هەر ئەفسانەکە خۆی دەبێتە دەقێک لە دین. جا ئەو ئەفسانانە پەڕجووک (معجزە)، داستانی بڵیمەتان بن، یان جادووی ڕووتبن. پڕن لە ئامۆژگاری، تۆقاندن و پەیمانی نێوان دیندار و خوداکەی. تا ئێستاش دیالۆگ لە نێوان لێکۆڵەرەوان هەیە سەبارەت بەوەی کە ئەفسانە و پیرۆزی. کامیان پێشتر لە سەرەتای دەرکەوتنی دین ڕۆڵی هەبووە. هەرچەندە دین بە پیرۆزی سادە دەستی پێکردووە. کەچی ئەفسانە پێکهاتەو ناوەرۆکی سەرەکی پیرۆزییەکانی دینە (١٤).


ئەو هەشت خاڵەی خوارەوە دەبێ لە ئەفسانە دابن بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی پیرۆزی دین:


١. ئەفسانە لە ڕووی شێوەو ژانری ئەدەبی بەرزدایە. چیرۆکێکە پەیرەوی یاساکانی پیلانگێڕی و کەسایەتی و ئاڵۆزی کێشەکان دەکات. شێوەیەکی سادە و ڕیتمی شیعری هەیە کە یارمەتی گوتنەوەی دەدا. بە ئاسانی لە نێوان خەڵکی بڵاو دەبێتەوە. و پڕیەتی لە سۆز و دڵنەوایی.
٢. چیرۆکێکی نەرێتیە کە نەوە دوای نەوە پارێزگاری لە ناوەرۆکی خۆی بە هەمان دەق و ناوەرۆک دەکا.
٣. ئەفسانەی خودایی کاتێکی دیریکراوی نییە و لە یەک ڕووداویشدا ناگیرسێتەوە. بەڵکوو هەمیشە ئامادەیە و هەمان ناوەرۆک و سۆزی هەیە.
٤. بابەتەکانی گشتی و سەرڕاست وکاریگەرن. هەمیشە دەربارەی کێشە گەورەکانن، کە بیری مرۆڤ خەریک دەکەن.
٥. ڕۆڵی خودا و هاوشانەکانی سەرەکین. کاتی مرۆڤ لە شانۆی ڕووداوەکان دەردەکەوێ، ڕۆڵی تەواوکەری هەیە نەک سەرەکی.
٦. ئەفسانە نووسەرێکی دیاریکراوی نییە. بەرهەمی ئەندیشەی تاکە کەسێکیش نییە. بەڵکوو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و گوزارە لە هیوا و خۆزگەی بە کۆمەڵ دەکا. ئەوەش بەو مانایە نایە، کە ڕێگە لە تاک بگرێ دووبارە دایڕێژێتەوە.
٧. ئەفسانە پیرۆزی دەستەڵاتێکی بەرزی هەیە، لەسەر بیر و دەروونی خەڵکی.
٨. ئەفسانە بە سیستەمێکی دینی دیاریکراوەوە بەستراوەتەوە. ئەگەر لەگەڵ باوەڕی بنەڕەتی ئەو سیستەمە دینیە و پیرۆزیەکانی ناکۆک بێ. ئەوا دەبێتە چیرۆکێکی سادەی ژیانی ڕۆژانە و هیچی تر.


بەپێی ئەو لێکدانەوەیە دەتوانین بڵێین ئەفسانە دەستەڵاتی خۆی هەیە، لەژێرکاریگەری هیچ فاکتەرێکی دەرەکی نییە. بەڵام شێوەی داڕشتنی و دەربڕینی لەلایەن باوەڕدارە هەڵچووەکانی کاردانەوەیەکی دوور لە لۆژیکی دەبێ. ئەوەش تا ئەو ڕۆژگارەش هەر بەردەوامە.


هەرچەندە مرۆڤ خاوەنی دەستەلاتی ژیری بێ ئەندازەیە، کەچی هێشتا دەستەڵاتی ئەفسانە و کاریگەرییەکانی نقومی بیرکردنەوەمان دەکا و مرۆڤایەتی لەناو چەپۆکی گیربووە، بەبێ ئەوەی درکی پێ بکا.


لە کۆتایی دا ئەفسانە چمکی کاتی هەیە نەک شوێن. خودا لە دەروونی ئەفسانە هەمیشە، بە دوای سەردەمی هاوکاتەوەیە. و خودایەکی گریمانەییە. بەڵام ئەفسانە بە دیمەنی کاریگەر، سروشتی فەلسەفەی پێدەدا. هەرگیز بوونی ڕاستەوخۆ و ڕیالیستی نییە. پەیوەندیشی بە جیهان لە ڕێگای ئەو چاڵاکیانەوەیە کە ئەفسانە پێی دەبەخشێ و شتێکی پێ دەئەفرێنێ. ئەوەش لە سەردەمێکی دیاریکراو یان لەو کاتەی مرۆڤ بیری خودایی دەکاتە مێژووی بیر و کارەکانی خۆی. ( ١٥، ١٦)

٣- ڕیتوال ( پەرستن).


ڕیتوال بریتیە، لە بەرهەمی هەڵچوونی ڕاستەوخۆی مرۆڤ، بەرامبەر پیرۆزییەکانی. کاتی هەڵچوونی مرۆڤ پێویستی بە هەندێک ڕەفتار هەیە. ئەوەش وەک پێویستیەک بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی لە نێوان هەڵچوونی دەروون و جەستە. لەبەر ئەوەی هەڵچوونی توندی دەروون لە باری ئاساییەوە دەگۆڕێ بۆ بارێکی ناوێزە. گێڕانەوەشی بە ڕیتمی مۆسیقا و سەمای ئازاد هاوسەنگ دەبێ. سەمای ساکار و ڕیتم، شێوەی هەرە سەرەتایی ئەو هەڵچوونەبووین. دوایی هێدی هێدی بوونە ڕیتوالی هاوسەنگ و ڕێکخراو. کە لەگەڵ چوارچێوەیەکی سنوورداری جێگیر بۆ ڕیتوالی دینی. ئەوەش بەپێی ناوچەی جوگرافی و کولتووری دین ڕەکدەخرێ. بۆیە دتوانین بڵێین ڕیتوال لایەنی پراکتیکی دینە. لە ڕێگای ڕیتوال، دیندار ڕازە حەشاردراوەکانی ناوەوەی لە خەیاڵ، هۆش و دەروونی بەشێوەی کردەوە پیشاندەدا. (١٧)


لە لای دورکهێیم جادوو دیاردەیەکی ترە لە ڕیتوالەکانی دین. و دەڵێ پەیوەندی جادوو بە دینەوە شێوەی سەرەتایی ڕیتوالی دینە. بەوەش دەتوانین بڵێین دین لە سەرەتاوە بە جادوو و ڕیتوالی سادە دەستی پێکردووە. بۆیە لە نێوان جادوو و دین هاوکێشەیەکی ئاڵۆز هەیە. وهەمیشە دوو جبیهانی هاوتەری یەکترین. کە لە هەردووکیان ڕووناکی بە خودا یان هێزی چاکە و بڕشت دادەنرێ. بەرامبەر بەوەش تاریکی بە خودای خراپە و هێزی شۆم دادەنرێ. ئەوەی جێگای سەرنجە، تاریک و ڕووناکی لە هەردووک دین و جادوو هاوسێی یەکترن و هیچ ناوبڕێکیان لە نێوان دا نییە. ڕووناکی بێکۆتاییە و تاریکێیش هەروا . ئەوەش وادەکات کە هیچ شتێک هەتا هەتایی نییە. هەمان مرۆڤ چاکەو خراپە لە ڕێگای ڕیتوالی تایبەتی و بۆ ئامانجی تایبەتی ئەنجام دەدا. ڕەنگە زۆرجار هەردووکیان هاوکات و هاو ئامانج بن. (١٨)


بە کورتی ڕیتوال بریتییە لە پێکەوە بەستنەوەی باوەڕ و ئەفسانەخوداییەکانی دین، گشت ئاکارەکانی مرۆڤی دیندار لەڕێگای ڕیتوالەوە بەدی دەکەین. کە بریتیین لەو سرووتانەی، کە ڕۆژانە دیندار بۆ ڕازیکردنی خوداکەی پەیرەویان دەکات. شێوەیەکە دیندار تێیدا کۆیلایەتی و ملکەچی بۆ پەروەردیگاری، بە شێوەیەکی سیستەماتیک و یەک فۆرمی دووپاتە دەکاتەوە (١٩). ئەوەش بە هەزاران ساڵە هەر دووبارە دەبێتەوە. بەبێ بیرکردنەوە و گۆڕانکاری چ لە ڕوخسار یان ناوەرۆکی دین. دینداریش وەک پەیڕەوکارێک بێ بیرکردنەوە ئەرکەکانی پەرستن جێبەجێ دەکات. لە زۆربەی کاتدا تاکەکان پەیرەوکارێکی کوێرانەن. بەبێ تێگەیشتن و قووڵبوونەوە بەردەوامن لە ڕیتوالەکانیان.


هەر بۆیە شتێکی سەیر نییە کە لە مێژووی تیووری دین ، هەمیشە داهێنان و قووڵبوونەوە لەسەر ڕاڤە و ڕوونکردنەوەی دەقەکۆنەکان دەکرێ. واتە ڕوونکردنەوە بۆ ڕوونکردنەوەیەکی پێشتری خۆی ...... هتد. ئەوەش وادەکات کە نەتوانرێ بە گیانی زانستی و لۆژیک لێکدانەوەی بۆ بکرێ. تەنیا دەبێتە خولانەوە بەدەوری هەمان بازنەدا و خۆ دووبارەکردنەوەیەکی بێ کۆتایی. (٢٠)
__________________________________________________
سەرچاوەکان:
١- William, James ( ) The varieties of Religious Experience pp31- 32
٢- Max Müller (1882) Introduction to science of Religion pp.18
٣- القصیمی عبداللە (٢٠٠١) فیرعون یکتب سفر الخروج. الطبعە الثانیە. ص ١٥٧.
٤. فراس السواح (٢٠٠٢) دین الإنسان. بحث فی ماهیة الدین و منشأ الدافع الدینی. دار علاء الدین. ل ٥٨-٥٩.
Joseph Campbell(1968) The masks of God. London٥.
٦- العضم، دکتورسادق جلال (١٩٧٠) نقد الفکر الدینی ص ٨١.
٧- هەمان سەرچاوە ل ٢٢.
٨. هەمان سەرچاوە ل ٣٢.
٩- Stenger, Victor John ( ) God: The Failed Hypothesis. How Science Shows That God Does Not Exist. pp14
١٠- العجمی، دکتۆر فالح شبیب (٢٠٠٦) صحف إبراهیم. جذور البراهمیە من خلال نصوص الڤیدا و مقارنتها بالتطبیقات و الروایات التاریخیە ص ١٤.
١١. فم الذهب (٢٠١٧). تاريخ الخلق السومري و الخلق التوراتي.
١٢- هەمان سەرچاوە.
١٣- ضیف، الدکتور شوقی (١٩٦٠) تاریخ الادب العربی، جزء الاول العصر الجاهلی - دارالمعارف.
١٤- الماجدی، الدکتور خزعل ( ) علم الادیان.
١٥. فراس السواح (٢٠٠٢) دین الإنسان. بحث فی ماهیة الدین و منشأ الدافع الدینی. دار علاء الدین. ل ٥٨.
١٦. Cassierer, Ernst. The philosophy of symbolic forms vol 2.Yale, New Haven. Pp 104-105
١٧. فراس السواح (٢٠٠٢) دین الإنسان. بحث فی ماهیة الدین و منشأ الدافع الدینی. دار علاء الدین. ل ٥٣.
١٨. فراس السواح (٢٠٠٢) دین الإنسان. بحث فی ماهیة الدین و منشأ الدافع الدینی. دار علاء الدین. ل ٥٨.
١٩ الماجد، الدكتور خزعل ( ) علم الادیان.
٢٠. العضم، دکتۆر سادق جلال (١٩٧٠) نقد الفکر الدینی ص ٢٣.

 

ماڵپەڕی سەلاح رێبوار

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک