٢٧\١٢\٢٠٠٩
دڵشادی عومەر کاکی:
دنیا، چ بۆ نووسین و چ بۆ خوێندنەوە، خەراباتێکی
گەورەیە.

سازدانی:ڕابەر فاریق
دڵشادی
عومەر کاکی یەکێک لە شاعیر کەمنووسەکانە و ماوەی پتر لە 28
ساڵە، دەنووسێت و ماوەی چەند ساڵێکیش دەبێت چووەتە تاراوگە
و هەردەم بە بێدەنگی لە نێوەندی فەرهەنگیی کورددا
دەخوێنێتەوە و دەنووسێ، ئەمەش تا ئاستێک بووەتە بەربەست لە
بەردەم ناسرانیدا. لەم دیمانە کورتەدا، لە بارەی کۆمەڵێک
پرس، کە وەک پرسیار خراونەتە بەردەمیەوە و پێوەندییان بە
فەنتازیا و کۆمەڵێک ڕەهەندی تری دەقەوە هەیە، ڕوانینەکانی
خۆی خستوونەتە ڕوو:
پرسیار: ئەوە
بۆچی هەر ژانرێک بە شێوەیەکی ئەقڵانی تێکەڵ بە شیعر ببێت، سەرنجکێشتر
دەبێت؟ ئەو سیحرە لە کوێوە دێت، کە دەڕژێتە نێو شیعرەوە؟ شیعر بێجگە لە
جوانی و چێژ، گەرەکە چیی دیکەیش لە خۆیدا هەڵبگرێت، تا شوێنپێیەک لە
سەر خاکی زمان و هزر و خەیاڵمان بە جێ بهێڵێت؟
دڵشادی عومەر کاکی: شاعیر هەن، کە هەر
ژانرێک، هەر ڕەگەزێک دەڕژێننە نێو دەمارەکانی شیعرەوە، سەرنجی خوێنەران
بۆ لای دەقەکانیان ڕادەکێشن و زەینی فراوان دەکەن. سەرنجڕاکێشانەکە
لەوێدایە کە چۆن بە ڕەگەزی (بابەت) ئەفراندن دەکرێ لە جەستەی شیعردا،
دەنا بە تەنێ نووسینەوەی وشیاریی، ئەگەر ژیری و کامڵکردنەوە و
ماکـیاجکردنی دەقیک بێت، نەک هەر دەق سەرنجمان ڕاناکێشێت، بەڵکو خوێنەر
پەراوێز دەکات. شیعر ئەو بۆ شاییەیە، کە جێگەی هەموو شتێکی تێدا
دەبێتەوە و وەک تۆ دەڵێی جگە لە جوانی و چیژ، منیش دەڵێم: چونکە شیعر
هونەرە، هونەری قسەکردنە، هونەری زمانە، نووسینەوە و وێناکردنی زمانە؛
کام زمان؟ ئەو زمانەی دیـمەن دەخاتە نێو زیهن و دیدی (نابیناکان)ەوە،
زمانێکە کەوتووەتە پشت زمانمانەوە، قووڵتر، دوورتر لە جەستە، ئیدی ئەوە
سیحری شیعرە، وەک کچەماسی لە خەونەکانماندایە، ئەوە بۆنی عەتری شیعرە
لە هیچ عەترێکی دی ناچێ و شوێن خۆیمان دەخات و نایبینین، وەک کچۆڵەی
نێو کۆڵانان بەدوی خۆیمان دەخات و لە دووڕیانێکدا لێمان ون دەبێت.
ئەوەی ماوە سەبارەت بە شوێنپیکانی شیعر، مرۆڤ دەکارێ بینی پێوە بنێ وەک
ئاو و توینوێتیی خۆی پی بشکێنێ، دەتوانێ وەک شەراب خۆی پی کەیل و مەست
بکات، نەک لە پشت شیعرەوە، تۆش دەتوانی لە پشت ئەو پەیڤانەوە سیگار
بکێشی.
پرسیار: شیعر کە نامانگەیەنێ بە هیچ
یەقینێک، هۆکار چییە ئێمە ئەوەندە خۆمانی پێوە قاڵ دەکەین؟ هاوکاتیش
ئەو سەرچاوەیە لە کوێوەیە کە شیعر تێیدا هەڵدەقوڵێت؟
دڵشادی عومەر کاکی: ژیانیش نامانگەیەنێ
بە هیچ یەقینێک، کەچی نەک خۆمانی پێوە قاڵ دەکەین، بەڵکوو هەموو تەمەن
بەڕێکردنی ئێمە، بۆ خۆبەقوربانیکردنی ژیانە. بۆ نا، دەشێ گەمەکردنمان
لەگەڵ شیعر بێهوودەییی کەمتر بێ لە ژیان. شیعر درۆیەکە جوانتر لە ژیان،
سەرچاوە و زادگەی هەڵقوڵانی شیعر، سەرمایە سـادە و ساکار و بێ
تەکلیفەکەی مرۆڤـە. مرۆڤ بۆ هەموو هونەرێک پێویستی بە ئامراز و ئامێرێک
هەیە بۆ ژەنینی ئاوازێک پێویستی بە قامیشە، بۆ وێنەیەک بەرگ و ڕەنگی
دەوێ، بۆ نمایشێک دەبێ سەڕەڕای وتن، جەستەی بجوڵێنێ، کەچی شیعر پڕە لە
وێنە، بە بێ بەرگ و ڕەنگ، پڕە لە ئاواز، بە بێ تار و شمشاڵ لە ژوورەکەی
خۆتدا نمایشت پێدەکات و دەتخاتە سەما، ئەوە شیعرە تۆیت و ئەوە تۆیت
بوویتە سەرچاوەی شیعر.
پرسیار: بۆچی کاتێک شیعری کوردی کەمێک لە
سۆز دوور دەکەوێتەوە و پەنا بۆ هزر دەبا، یان لەوێدا نیشتەجێ دەبێت،
خوێنەری کەم دەبێت؟ چما ئەوە تەنها شیعرە جوانەکانن دەستەمۆ نابن؟
دڵشادی عومەر کاکی: من وتم هەرکەسە بە
قەد توینێتیی خۆی بین بە شیعرەوە دەنێ. کەس نییە سۆزی مردبێ، کەچی هەن
هەروەک ئەو باڵندانەوان ئەگەر سۆزیان لێ ببڕی، دەمرن. ژیان خۆی وەهایە،
دابەشبونی هەر هزر و بیر و ئەندێشەیەکیش وەهایە. ئەگەر هەموو باڵندەیەک
هەنجیرخۆر بوایە، هەنجیر بە دارەوە نەدەما. تۆ تەماشا، لە
سەردەمانێکدا (نالی) ئەوەندە عاشقانە شیعری وتووە، ئەگەرچی لەو سات و
سەردەمەدا دەشێ (ڕادیۆ)ش نەبووبێ، کەچی شاعیرێکی وەک (نالی)، یان وەک (مەحوی)،
یانیش وەک (قانع)، پاشانیش (گۆران)، بەو هەموو ناز و مەکری شیعرەوە،
بەو هەموو جوانی و هزرەوە، هەبوون و کەمیش دەخوێنرانەوە، ئەمێستاکەش
سەدان خوێندنکاری زانکۆکان، نە من و نە تۆ و نە قانع و نە گۆرانیش
ناناسن، کەچی لای من و تۆ و سەدانی دی هێشتا سەرسامی تاکە دێرێکی (گوران)ی
شاعیرین کە دەڵێ: (هەی گوێ زەلیلی چاوم و بەر تۆ پەنابەم، دەنگێ لە
یاری دوورەوە چی بکەم لە زیل و بەم).
پرسیار: بۆچی دەبێت شیعر هەڵگری هیچ
ڕەهەندێکی دیاریکراو نەبێت، تا لەو ڕێگەیەوە بەرەوڕووی بڕۆین و بە نێو
قووڵایی و شوێنە لاتەریکەکانی شۆڕ ببینەوە و پتر لە وەهمەکانی نزیک
بکەوینەوە؟
دڵشادی عومەر کاکی: شیعر ئەو هونەرە سرک
و لاسارەیە، کە وەک عەتر دوای دەکەوین و نایبینین، بۆنی باوەشمان
دەداتێ و هەموو دەرگەکان بە ڕووماندا دادەخات، سەرمەستی تەنانەت
نیگەرانیی و کۆست و دڵتەنگـی و غەمگینەیەکانیشمان دەکات، ئیدی ئەوە
شیعرە بە هەموو لاسارییەکی خۆیەوە، وەک سەراب ڕەدووی خۆیمان دەخات،
ئەگەر بە بەرائەتی منداڵێکیشەوە شوێنپێی هەڵگری، لە خەرەندێکەوە
هەڵتدەدا، ئاخر دەشێ هەر بۆ تامی فڕین بۆ خەرەندێکیش، خۆ بەردەیتەوە.
پرسیار: چی لەو واقیعە تاڵە بکەین کە
خەیاڵ و فەنتازیا ناتوانن بیگۆڕن؟
دڵشادی عومەر کاکی: (سوکرات) لە نیوان
ئەو واقیعە تاڵە و مردندا، مەرگی هەڵبژارد. مەینۆشێک دەتوانێ بە پێکێ
شەرابی ئاڵ، واقیع ژێرە و ژوور بکات. پاڵەوانەکەی (گابریل گارسیا
مارکیز) بە نوسینەوەی نامەی عاشــقانە بازی بەسەر (تاعون)دا دا و نەمرد،
بە خۆشەویستی لە سەردەمی کۆلێراوە پەڕییەوە. تۆ لە پشت پەیڤەکانەوە
سیگار دەکێشی و من بەم شەوە چرکەی پەنجەکانم نرکەی وەڵامەکانی تۆ
دەنووسێتەوە، ئەمانە هەموو فەنتازیان، فەنتازیاش بە پێچەوانەی تەوژمی
ئاوەوە سەوڵی خۆی لێ دەدا.
پرسیار: بۆچی شیعری زۆربەی شاعیرانی کورد
تەواو واقیعییە، کە لە واقیعیش دابڕا، کۆی پێکهاتەکەی دەبێتە فەنتازیی.
واتا: هۆکار چییە کە نووسەرانی کورد ناتوانن دەقێکی فەنتازیی قووڵ
بەرهەم بهێنن؟
دڵشادی عومەر کاکی: ئێمە بە قەد خۆمان،
بە قەد کولتوور و زمانی خۆمان، هێندەی ڕۆشنبیریی گەلەکەمان، لە نێو
واقیع و لە ڕەهەندەکانی فەنتازیاوە دوورونزیک بە قەد ئەو ڕووبارانە
مەلە دەکەین. بە قەد وەڵام پرسیار دەکەین، بیریشت نەچێ با جارێکی دی
نەکەوینەوە نێو واقیعـە تاڵەکە؛ کوا ئێمە پەردەکانی شەرم و شکۆمان
لاداوە؟ کوا و کەی دەتوانین لە جەستەی لە گەچگیراوی خۆمان دەرچین،
کچەکانمان نا، کوا کوڕەکانمان دەوێرن باسی (سیکس) بکەن؟ ئەدی هەر دەبێ
بە شەرمەوە وەک (وەلی دێوانە) شیعر بنووسین... ئەوەتا (قوبادی جەلیزادە)
دەیەوێ شیعرێ بنوسێ، کە هەم ڕەنگ و هەم تام و هەم بۆنی هەبێ، نەک
خواجەکانی تاریکی، بەڵکوو مرۆی نێو واقیعەکە سەرزەنشتی دەکەن، ئەوە
فەنتازیایە. من دەبینم گەلەکەمان کۆمەڵەخوێندەوار و تەنانەت (نوخبە)یش،
کەم و زۆر شەرم دەکەن، کەچی (نالی) بەر لە مێژوویەکی دێرین، بە دێرە
شیعرێک کەیل و سەرمەست و موچڕک، باس لە ماچ دەکات.
پرسیار: ئایا کورد شاعیر و ڕۆماننووس و
چیرۆکنووسی وەهای هەن، کە توانیبیان بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ
فەنتازیادا بکەن؟
دڵشادی عومەر کاکی: من نامەوێ ناوی شاعیر
و چیرۆکنووسی کورد ڕیزکەم، بەڵام جۆرێک لە بێ دادیی هەیە، بۆ باسکردن و
ناساندنی نوسەرانی کورد، بە گشتی ئەوانەی لە بەرهەمەکانیاندا
فەنتازیایان کردووە، هۆی یەکەمی ئەمە دەبەمەوە بۆ هەژاریی (ڕەخنە). هەر
رەخنە دەتوانێ بڕیار بدات، ئەی ئەوە نییە وتووێژی من و تۆ جۆرێکە لە
رەخنە.
پرسیار: خوێنەرێکی ئاسایی چۆن دەتوانێت
دەقی فەنتازی و دەقی واقیعیی ڕووت لە یەکتری جیا بکاتەوە؟ ئەی نووسەران؟
دڵشادی عومەر کاکی: هەموو خوێنەرێک بە
قەد خۆی، بە قەد هەستەکانی خۆی، دوور و نزیک دەکەوێتەوە لە تێگەیشتن.
نووسەری چاک و بەهرەمەند دەتوانێ شتێک بخاتە بەردەم خوێنەر، کە
سەراسیمای بکات، هەندێ لە نووسەرانیش بە قەد خوێنەرێکی ئاسایی ڕۆشنبیر
نین. شاعیرمان هەیە زۆر ناوی ڕۆشتووە، زۆر قەبارەی گەورە کراوە لە
بەردەم خوێنەراندا، کەچی بە قەد خوێنەرێکی سادە ڕۆشنبیر نییە و وەک
گۆزەگەرێک چۆن گۆزەیەکی جوان نەخش دەکات، وەها شیعر دەنوسێ، بە قەد
میرزایەک، یان تەنانەت موختارێکیش ڕۆشنبیر نییە.
پرسیار: فەنتازیا لە واقیعەوە سەرچاوە
دەگرێت، بەڵام کاتێک سەرنج لە نووسینە ئەدەبییە کوردییەکان دەدەین،
دەبینین تەنیا واقیع، یان خەیاڵ ئامادەییی هەیە. بۆچی نووسەرانی کورد
ناتوانن بە وردی مامەڵە لەگەڵ هەر ڕەهەندێکی دەقدا بکەن؟
دڵشادی عومەر کاکی: من تەنیا ئەوەندە
دەڵێم، دوور لە پیاهەڵدان و سازشکردن، کە من و تۆ تەنیا لە ڕێگای (ئەنتەرنێتەوە)
یەکدی دەناسین، پێشتریش بە بێ ناسینی تۆ بەندە سەرسامیی خۆی دەربڕیوە
بۆ کارە فەنتازیەکانت لە بەرهەمە شیعریەکانت و هیوادارم تۆ و چەندانی
تری وەک تۆ، بتوانن وەها مامەڵە بکەن. ئێمە نەوەیەک بووین کاتێ شیعرمان
دەنووسی، نەوەی بەر لە خۆمان هیچ نازێکیان نەدەکێشاین، من بۆ خۆم بێ
وەفا نیم، مامۆستای گەورەی چیرۆکنووس (حسەین عارف) لە نووسێنێکیدا نازی
شیعرێکی منی کێشاوە، ئەم قسانەم بۆیە کردن، تا بڵێم ئێوە دەتوانن
مامەڵە لەگەڵ ڕەهەندێکی دەقدا بکەن، کەسانی دیکەش بەڕێوەن.
پرسیار: بۆچی زۆربەی نووسەرانی کورد
پێیان وایە کاتێ کە تەنیا و گۆشەگیر دەبن، خەیاڵیان فراوانتر دەبێت،
تەنانەت زۆرێکیان ئەگەر لە نێو تەنیایی و بێدەنگییەکی گەورەدا نەبێت،
توانا و حەوسەڵەی خوێندنەوەشیان نییە؟
دڵشادی عومەر کاکی: تەنیا نوسەرانی کورد
نا، بەڵکوو ئەو خەڵوەتەی تۆ باسی دەکەی، غەمی هەموو نووسەرانی دنیایە.
دنیا، چ بۆ نووسین و چ بۆ خوێندنەوە، خەراباتێکی گەورەیە. مرۆ بێدەنگیی
دەوێ، تۆ دەڵێی گۆشەگیری، واتە گۆشەی بێدەنگی، کە ئیتر دیوارەکان
بەردەممان دەگرن، لەوێ دەنگ دروست دەبێ، لەوێ کە ئیدی لە گۆشەکاندا
ئەوق دەبین و دێینە دەنگ.
|