١٣\١١\٢٠١٥
دنیای تارمایی.
- لە بارەی (پێخەفێک
لە خوێن)ی (یوسف عیزەدین) -

هۆشەنگ محەمەد
(دنیای
تارمایی) ناونیشانی کۆچیرۆکێکی نووسەر (یوسف عیزەدین)ە. لەگەڵ
خوێندنەوەیەدا بێ پێشەکی دەمانخاتە نێو دنیای کارئەکتەرە بێ یادەوەری و
چاولەڕێ و بێ دەنگ و نزیک لە تەرم و تێکەڵ بە سێبەر و پەڵە خوێن و بێ
جوولە و پەیکەر ئاسا و مرۆڤی بێ سەر و سەری بێ جەستە و نامۆ و بکوژ و
کوژراو و پیرێژن و پیرەمێرد و کەسانی وەک حیکایەتخوان، باپیر و سەرکردە
و شوێنهاییەک کە هەمیشە پشت دەرگەیەک، کۆڵانێک، کۆشکێک، هۆڵێک، ژوورێک،
شارێک و مەیدانی شەڕ و تادوایی تێدا بەرهەڤە.
زۆربەی کۆچیرۆکەکان هەناسەی تایبەتیی (یوسف)یان پێوەیە، هەناسەیەک کە
خوێنەر دەباتە نێو مێشک و دەروونی کارئەکتەرەکان، کە زۆربەیان یادەوەری
و دەنگ و رەنگ و شێوە و شەمایلی خۆیان لەبیرچووە یان نایناسنەوە.
کارئەکتەرەکان لە دیوی ناوەوەدا نیشان دەداتەوە نەوەک لە رووخساردا،
رەنگە بۆ من ئەوچیرۆکانە نوختەی هاوبەشییان دیتنی نووسەر بێت بۆ ژیان و
کەسێیتی مرۆڤ و سستەم و کۆمەڵگە و جیهان و ژیان بە گشتی. تا بچێت و لە
پشتەوە چیرۆکی کەسەکانمان بۆ بگێڕێتەوە، ئەو کەسانەی بە هۆکارگەلێکەوە
تووشی کۆمەڵە رووداوێک دەبن بێ ئەوەی ویستیییان بێت و ئارەزووی بکەن،
کۆمەڵە رووداوێک کەسەکان زۆربەی جار لە رووی رەوانییەوە و هەندێجاریش
وەک جەستە لەناو دەبات.
کەشی
چیرۆکەکان تاریک و لێڵن، وەک لێڵایی ژیانی ناوەوەی کارئەکتەرەکان،
بکوژێک باسی کوشتنێک دەکات، وەک ئەوەی باسی کەسێکی دیکە دەکات، ئەگەر
پیرەژنێک نەیەت و بە هانای ئێمە و بکوژەکە نەیەت ئەوە قەت نازانین ئەوە
بکوژەکەیە.
ئەوانەی لەو چیرۆکانەدا کار دەکەن، تارمایی مرۆڤەکانن، کە ناتوانن ببنە
کارئەکتەرێکی روون و ئاشکرا، ئەوەش لەبەر ئەوەی خودی ئەو ژیانەی تێیدان
روون و ئاشکرا نییە. ئەوەی دەگوزەرێت ژیانێکە پەردەپۆش بە کۆمەڵێ وەهم
و درۆ و دروووشم و جەنگ و ململانێی هێزەکان. وەلێ رەنگدانەوەی ژیان لە
دەروونی کەسەکاندا بە مەرگ و بزربوون و شێوان و دۆڕان و بۆگەنی
بوونییان دەگەیەنێت.
ژیان دەڕزێت، جیهان دەڕزێت و مرۆڤیش خوێنێ دەبێتە مێشی سوور و تنێ ئەوە
دەمێنێتەوە کە خۆمان بۆ مردن شلشل بکەین. لەوە زیاتر هیچی دیکەمان نییە
دەستی پێوە بگرین.
تەکنیکی ئەو کۆچیرۆکانە، جوانییان بە کارئەکتەر و کەشی گشتی چیرۆکەکان
بەخشیووە، ئەوەی (یوسف) دەیڵێت زۆرانێک گووتوویانە. چ بە جوانی و چ
بەسەقەتی. گێڕانەوەی نەهامەتییەکانی مرۆڤی ئێستا و ئی کۆنیش شتێکی نوێ
نییە. وەلێ ئەوەی بابەتەکان بە زیندوویی دێڵێتەوە و وا دەکات
کاریگەرییەکی ئیجابی لەسەر خوێنەر درووست بکات - ئیجابی بەو مانایەی
هەناسەیەک وەربگریت و تێبگەیەت تۆ وەک کەس شایانی ئەوەیت کارئەکتەرێکی
لەوەی هەس باشترت هەبێت، یان هەر چ نەبێت خۆت بە رەوای ببینیت کە
ژیانێکی خاسترت پێویستە- ئەوەی واش دەکات ئەو هەستەت لە لا درووست ببێت
تەکنیکە، نەوەک شتێکی دیکە.
تەکنیکەکە، دوور نییە بڵێم تایبەتە بە یوسف و لەهەموو چیرۆکەکانیشدا
دووبارەدەبێتەوە. بە شێوەیەک کە کۆچیرۆکەکان لەسەر یەک دەخوێنیتەوە
هەست دەکەیت کۆمەڵێ کارئەکتەر لە زۆر شوێندا پەیدا دەبنەوە و کەمێک
گۆڕاون. هەتا شوێنەکان پاتە دەبنەوە. ئەمەش رەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەو
بارە گشتییەی زۆربەمان تێیدان و لەزۆر وەخت و شوێنیشدا نیگەرانی و ترس
و دڵەڕاوکێ و دۆڕان و بەدبەختیییەکان هەمان تشت بن. بۆیەشە
تەکنیکەکانیش لە چیرۆکێکەوە بۆ یەکێکی دی خۆیان نوێ دەکەنەوە.
شتەکان بە بارتەقای خۆیان کورت و درێژن، چەنەچەنی زیادەی تێدا نییە،
وەکچۆن کورتبڕین و بەجێهێشتنی خوێنەریشی تێدا نییە لە نوختەیەکی تاریک
یان رووندا.
کۆچیرۆکەکە شایانی خوێندنەوەیە و دەستخۆش بۆ (یوسف عیزەدین).
___________________________________
●
کۆچیرۆک. پێخەفێک لە خوێن.
یوسف عیزەدین. بڵاوکراوەی ئاراس - ژمارە: ٧٣٥ چاپی یەکەم هەولێر ٢٠٠٨.
٢٨\٣\٢٠١٣
ماڵپهڕی هۆشهنگ محهمهد
|