١٦\٨\٢٠١٠
دیپۆرتکردنەوەى
بەلێشاوى پەنابەران
بەرهەمى ڕێکەوتنى
نێوان دەوڵەتانى ئەوروپا و حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستانە!

دەشتی جەمال*
لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا هەڵمەتێکی دیکەی گرتن
و ڕاونان و زیندانکردنی پەنابەرانى کوردستان،
لەلایەن حکومەتەکانی ئەوروپاوە دەستیپێکردۆتەوە لە گرتووخانە
دەستبەسەرەکانی بەریتانیا و سوید. دوو
هەفتەی ڕابردوو بەدەیان پەنابەران بە شێواز
و مامەڵەیەکی ئەوپەری نامرۆڤانە خزینراونەتە گرتووخانە
دەستبەسەرەکانەوە و پێان ڕاگەیاندوون کە دیپۆرتی فرۆکەخانەی بەغدا
دەکرێنەوە و لە وێشەوە بۆ کوردستان.
ئەم پەلاماردانەى دەوڵەتانى ئەوروپا بەرهەمى ڕێکەتن و هاوکاری
هەردووحکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستانە، کە بۆ بەدەستهینانى
بەرژەوەندى زیاترى بازرگانى ودیبلۆماسى دەستیان بۆبردووە. چاوچنۆکی
وقازانجپەرستى دەسەڵاتدرانى عێراق و کوردستان ئەمرۆ بەڕادەیەک دەێتە
پێشەوە کەژیان وچارەنوسى پەنابەرانى خستۆتەبەردەم بەرداشتى
دیپۆرتکردنەوە و تێکدانى ژیانى پەنابەرانیکەوە کەبەهۆى بیکارى و
نەبوونى وبێدەرەتانى و کۆنەپەرستى لەلایەک و دواکەوتوویى یاساکان و
کلتورى دژە ئینسانى لەلایەکیترەوە، ناچارکراون کەڕێگاى پەنابەرى
بگرنەبەر. سیاسەت و هەڵوێستێکى ئاواش بێشک دەسەڵاتدارانى عێراق
وکوردستان دەخاتە خانەى دژایەتى کردنەوە لەگەڵ بەرژەوەندىیەکانى
هاوڵاتیان.
لەلایەکیتریشەوە فشارو زەبرى دەوڵەتانى ئەوروپا بۆسەر پەنابەرانى
کوردستان لە کاتێکدایە کەتا دێت توندو تیژیو تیرۆرو کوشتاری کۆیرانە
ژیانى هاولاتیانی عێراق دەهارى و هیچ ئاسۆیەکى بۆ ئەمنیەتى کۆمەڵایەتى
نەهیشتۆتەوە لە عێراقدا. حکومەتی قەیرانگرتووی عێراق و لایەنە
پیکهینەرەکانى کەبەدواى تیپەربوونى 5 مانگ بەسەر هەڵبژاردنى نیونەرانى
پەرلەماندا نەک هەرنەیان توانیوە لەسەر پێکهێنانى حکومەت
ودابەشکردنەوەى دەسەڵات وپۆستەکان ڕێک بکەون، بەڵکو کۆمەڵگایان داواتە
دەست تیرۆریستان و ئەوانیش تابۆیانکرا بێت ژیانى هاوڵاتیانیان
لەخوینهەڵکیشاوە. لەلایەکیتریشەوە هەڵوەشانەوەى خزمەتگوزاریە
کۆمەلایەتیەکان و دانەجیرەى دەسەڵاتداران لەبەرامبەر هەرناڕەزایەتیەکى
هەقخوازانەى جەماوەردا.. ئەمانە ئەوبەهەشتەیە کە دەوڵەتانى دیموکراسى و
مافى مرۆڤى ئەوروپایى پەنابەرى بۆ دەگێرنەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای زیاتر لە 4 ساڵ فشارو ناڕەزایەتی
جەماوەری و هەوڵەکانی فیدراسیۆن ڕێکخراوەئینسانیو پەنابەری وهەوڵەکانی
ئازادیخوازان لەسەراسەریی ئەوروپاو لە ناوەوەی کوردستان ناچار کران
ڕێگای ڕاستەخۆی دیپۆرتی پەنابەری کورد بۆ ماوەیەک ڕابگرن بەڵام
ئەمجارەیان بۆ تەواو کردنی ئەم سیاسەتە دژی ئینسانیەی حکومەتەکانی
ئەوروپا بە ناڕاستەوخۆ دوای دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی کورد بۆ
فرۆکەخانەی بەغدا پاشان لەوێشەوە بۆ فرۆکەخانەی نیو دەوڵەتی هەولێری
قبوڵکردوە، ئەگەر چی دەورەی ڕابردوو ناوەرۆکی ئەو ڕێکەتن نامانەی نێوان
حکومەتی عێراقی و حکومەتەکانی ئەوروپامان بۆ ڕای گشتی ئاشکراکرد دوای
ئەوەی وولاتانی ئەوروپا دەستیانکرد بە هێنانی وەفدی حکومەتی عیراقی لە
بەغدا لە پێناو شەرعیتدان بە رێکەتنانامەکانیانو وونکردنی لایەنی سێهەم
کە حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە بەرچاو ڕای گشتی ولابردنی ئەو فشارو
نارەزایەتیە جەماوەریانە لەسەر خۆیان.
ئێمە وەک فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی جارێکی دیکە حکومەتی
هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی بێ دەنگی و خۆدزینەوە و چاواشەکاریانەیان
ئاگاداردەکەینەوە کە ئەم سیاسەتە نەک هەر لە دژی بەرژەوەندیەکانی
هاوڵاتیانی کوردستان بەڵکو کارەساتو تاوان وخۆکوژی لێکەوتۆتەوە، لە
ماوەی رابردوودا چەندین پەنابەر بەهۆی زەختو زۆری ئەم سیاسەتە نا
ئینسانیەوە تووشی باری نالەباری دەروونی خۆکوژی بوون چ لەوولاتانی
ئەوروپا وەیان دوای دیپۆرتکردنەوەیان بۆ کوردستان،بەدەیان خێزان
ڕۆڵەکانی خۆیان لەپێناو ژیانێکی شایستە بە ئینسان لە ڕێگای هاتو نەهاتی
پەنابەریدا لەدەستداوە، چەندین خێزان بە ئاواتی شادبوون بەجگەر
گۆشەکانی خۆیانکراون منداڵەکانیان بێ سەروشۆین بوون، بەدەیان لاوی ئەم
کوردستان دوای بەسەربردنی تەمەنی لاویتی لە ژیانی پەنابەری ئەمرۆ
بەدەستی خاڵی بەزۆر گەڕێنراونەتەوە بوونەتە قوربانی ئەم هاوکاری و
ئاسانکاریانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خستویانەتە خزمەت وولاتانی
ئەوروپا بۆ بەرژوەندی بەرتەسکوچاوچنۆکی سەرمایەی زیاتر.
ئەگەر چی سەرباری دەربڕینی نارەزایەتی بە شێوازی مەدەنیانەوە
شارستانیانە، ،سەرباری دانیشتن ومزاکەرە لەگەڵ بەرپرسیارانی حکومەتی
هەرێم و پەرلەمانتارانی کوردستان، سەرباری ئەو دەیان نامانەی کە
پەنابەرانی کورد لەگرتووخانە دەستبەسەرەکانەوە ئاڕاستەی سەرۆک کۆمارو
سەرۆکی هەرێم وحکومەت و پەرلەمانکراوە بۆ ئاگادارکردنەوەیان لە پرسی
پەنابەران، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا یاداشتو داوکاریەکانی پەنابەران و
دیپۆرتکراوەکان لەسەر مێزی ئەم بەرپرسیارانە جێهاَراوەو بچوکترین
بەرپرسیارێتی لەخۆیان نیشان نادەن لەکاتێکدا ڕۆژ بەڕۆژ دیپۆرتو بەڵای
خۆکوژیو گرتنو ڕاونانو زیندانی کردنی هاوڵاتیانی کوردستان لە
بەردەوامیدایە.
ئێمە وەک فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
سەرباری ئیدانەوە سەکۆنەکردنی سیاسەتی دیپۆرت داواکارین بە
بەرپرسیاریتی باڵاوە حکومەتی هەرێم لەکێشەکە بڕاونن و، بە فەوری
لەپێناو جێبەجێکردنی ئەم داواکاریانە هەنگاوی بەکردەوە لەخۆیان نیشان
بدەن:
1. داوا لە حکومەتی عێراقی بکرێت کە
تەواوی ئەو ڕێکەتنە ئاشکراو نهێنیانەی لەسەر حسابی پەنابەران کراوە
هەڵبوەشێنەوە، هیچ پەنابەرێک لە فرۆکەخانەی بەغدا وەرنەگیرێتەوە.
2. ئەو پەنابەرە کوردانەی بەزۆرەملی
ڕەوانەی کوردستان دەکرێنەوە لەلایەن فرۆکەخانەکانەوە وەرنەگیرێنەوە.
3. ڕاگرتنی دەستبەجێ ئەو ڕێکەوتننامانەی
کەلەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ئەنجامدراوە لەگەڵ ووڵاتانی ئەوروپا دا
دەربارەی ناردنەوەی پەنابەران وە ئەمە بەڕەسمی ڕابگەیەنرێت.
4. ئەم ڕەوشەى پەنابەران لەوڵاتانى
ئەوروپا و بەتایبەتى سیاسەتى ناردنەوەى پەنابەران ئیدانەو سەرکۆنە بکەن
و بەڕەسمى بەحاڵەتی پێشێلکارىیەکانى مافى مرۆڤى لەقەڵەم بدەن وداوا
بکەن کە ڕێز لەمافی مرۆڤ بگرن.داوا لە یوئین بکەن کە فشار بخاتە سەر
ووڵاتانی ئەوروپی بۆ ڕێزگرتن لەمافی پەنابەرانی کوردو مامەڵە کردنیان
وەکو ئینسان.
5. ئەو پەنابەرانەی بەزۆرە ملی دیپۆرتی
کوردستان کروانەتەوە قەرەبوو بکرێنەوە، بیمە یان کاری گونجاویان بۆ
دابین بکرێت. وەڵام بە خواستەکانی پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان بدەنەوە کە
بەشێوەی یاداشت ئاڕاستەی پەرلەمان وسەرۆکی حکومەت کراوە.
6. داواکاری قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری
ئەو پەنابەرانەیین کە منداڵەکانیان خۆکوژیانکردوە وەیان لەڕیگای
پەنابەریدا تیاچوون .
__________________________________
*
سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی.
16\8\2010
فیدراسیۆنی سەراسەری
پەنابەرانی عێراقی
___________________________________________
IFIR:PO.BOX1575، ILFORD، IG1 3BZ، LONDON
ifir@hotmail.co.uk
،00447856032991
www.federationifir.com
ماڵپهڕی دهشتی جهمال
|