١٦\٨\٢٠١٠
دیپۆرتکردنەوە...
لە گۆڕنانى
خەونەکانى پەنابەرى کورد.

شاخەوان برایم عەبدوڵا
لەکاتێکدا مافى پەنابەرێتى لە وڵاتانى ئەوروپا بۆ پەنابەرانى عێراقى
لەسەختترین قۆناغدایەو کوردانى هەرێم بەبەراورد لەگەڵ عەرەبەکان کەمتر
چانسى وەرگرتنى مافى پەنابەرێتیان هەیە، ئەمەش بەهۆى ئەو بانگەشە
میدیاییەى لەکوردستاندا بۆ ئارامى و ئاسایشى هەرێم دەکرێت و بۆتە
فاکتەرێکى سەرەکى لەوەى وڵاتانى ئەوروپا بەهۆیەوە کوردانى هەرێم
دیپۆرتى کوردستان بکەنەوە، یان لەچاوەڕوانییەکى درێژخایەندا
بیانهێڵنەوەو دواتریش لە هەلومەرجێکى ئاڵۆزدا ژیان بەسەربەرن و چەندان
ئاریشەى دەروونى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و مرۆیی رووبەروویان دەبێتەوە،
جارى وایە حاڵەتى خۆکوژى لێدەکەوێتەوە. سەربارى ئەم ئاڵۆزیانەش دیاردەى
کۆچکردن لەکوردستانەوە بۆ ئەوروپا بەردەوامەو تا دێت ڕێژەکەى لە
زیادبووندایەو رێگەو هۆکارى تازەش لەلایەن کۆچبەرانەوە دەدۆزرێتەوە بۆ
گەیشتن بە ئەوروپا.
بەپێى راپۆرتە هەواڵێکى ڕێکخراوى پەنابەرانى کوردى عێراق لە نەرویژ،
چەند رۆژێک لەمەوبەر پشێووى و ئاڵۆزى کەوتۆتە نێو هەردوو کەمپى کاتى
لییەر و فاگەرلى کە ئەم کەمپانە لەلایەن حکومەتى نەرویژەوە بۆ ئەو
پەنابەرانە دروستکراوە کە مافى پەنابەرێتیان رەتکراوەتەوەو چاوەڕێ
دەکرێت لە نزیکترین دەرفەتدا ڕەوانەى وڵاتانى خۆیانیان بکەنەوە.
دواى پەرەسەندنى ئاڵۆزییەکان، دەرئەنجام پەنابەرانى کەمپى فاگەرلى کە
زۆربەیان کوردن ، هەڵدەستن بەشکاندنى پەنجەرەو ئاگربەردان لە کەمپەکەو
دواتریش پشێووى کەمپى لییەریش دەگرێتەوەو بەهەمان شێوەى کەمپى فاگەرلى
تەواوى دەرگەو پەنجەرەى کەمپەکە دەشکێنرێت و بەهۆى گوێنەگرتنى پۆلیس
لەداواى پەنابەران، دەرئەنجام پەنابەران کەمپەکە ئاگرتێبەردەدەن و 23
کەس بە تۆمەتى رووداوەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەردەکرێن کە تەواوى
دەستگیرکراوەکان خەڵکى کوردستانى عێراقن.
رووداوى لەم جۆرە بەبەردەوام و بەشێوەى ترسناکتریش لەوڵاتانى ئەوروپا
روودەدات، ئەمەش پێوەندى بەو هەلومەرجە ناخۆشەى پەنابەرانەوە هەیە لەم
وڵاتانەدا، چ لەرووى وەرگرتنى مافى پەنابەرێتى و سەختى ژیانى نێو
کەمپەکان و ڕێگەنەدان بۆ کارکردن و بژێوى ژیان و چاوەڕوانى درێژخایەنى
وەرگرتنى مافى پەنابەرى و ڕەتکردنەوەى داواکەیان کە ئەمەیان ناخۆشترین
هەلومەرج بۆ هەر پەنابەرێک دێنێتە پێشەوەو زۆر جاریش حاڵەتى خۆکوژى و
تێکچوونى بارودۆخى دەروونى لێدەکەوێتەوەو ئەمەش بەپێى مافى مرۆڤ،
پێشێلکردنى ئەو بنەمایانەن کە بۆ مافەکانى مرۆڤ دانراون و مافى
پەنابەریش یاخود هەڵبژاردنى شوێنى ژیان یەکێکە لەو بنەمایانەو پێویستە
لەسەر هەر وڵاتێکدا ڕێز لەم بنەمایانە بگرێت.
لەبەرانبەر ئەو سیاسەتەى کە وڵاتانى ئەوروپا گرتوویانەتەبەر بۆ
دیپۆرتکردنەوەى پەنابەران، ڕێکخراوى لێبووردنى نێودەوڵەتى، داوایەکى
ئاراستەى وڵاتانى ئەوروپا کردووەو تیایدا داوا دەکات بەزۆرى ناردنەوەى
پەنابەرانى عێراق ڕابگرن و لەلایەکى تریشەوە ڕێکخراوەکە، ئاماژەى بەوە
داوە دیپۆرتکردنەوەى پەنابەرانى عێراقى لەلایەن وڵاتانى ئەوروپاوەو
بەتایبەتى بەریتانیاو سوێدو هوڵەندا، پێشێلکارییەکى زۆر ئاشکرای ئەو
بنەمایانەیە کە لەلایەن کۆمسیۆنى باڵاى پەنابەرانى سەر بەنەتەوە
یەکگرتووەکانەوە دانراون.
هەر لەم بارەیەوە"حەسیبە حاج سەحراوى" جێگرى بەڕێوەبردنى پرۆگرامى
خۆرهەڵاتى ناوەراست و باکوورى ئەفریقا لە ڕێکخراوى لێبووردنى
نێودەوڵەتى، لە لێداونێکیدا بۆ دەزگاکانى ڕاگەیاندن گوتوویەتى: دواى
حەوت ساڵ لە رووخانى ڕژێمى"سەدام حوسێن" هێشتاکە عێراقییەکان
لەبارودۆخێکى زۆر مەترسیداردان و حکومەتى عێراق لەتوانایدا نییە ئاسایش
بۆ وڵات بەرقەرار بکات، هەر بۆیەش ناردنەوەى بەزۆرى پەنابەرانى عێراق،
لەلایەن وڵاتانى ئەوروپاوە بەپێشێلکارییەکى ئاشکراى پێوەرە
نێودەوڵەتییەکان و مافى مرۆڤ دەزانێت لەلایەن سەرجەم دەوڵەتە
ئەوروپییەکانەوە.
زۆر جار بەبیانووى ئەوەى پەنابەران کارى نەگونجاو ئەنجام دەدەن، وەکو
دەستدرێژى سێکسى و کارکردنى بێ مۆڵەت و لێخوڕینى ئۆتۆمبێل بێ مۆڵەت و
قەیرانى ئابوورى و ئاریشەى کۆمەڵایەتى و زۆر بیانووى دیکە وڵاتانى
ئەوروپا پەنابەران دیپۆرتى کوردستان دەکەنەوە، لەم بارەیەوە"دەشتى
جەمال" سکرتێرى فیدراسیۆنى سەراسەرى پەنابەرى عێراق لە دیمانەیەکیدا
لەگەڵ رۆژنامەى"رووداو"پێیوایە ئەم جۆرە قسانە پڕوپاگەندەى هەندێ
دەزگەى ڕاگەیاندن و لایەنى سیاسیین کە پەنابەران وەکو کەسانێکى یاسا
شکێن ناودەبەن و دەیانەوێت سیمایەکى ناشیرین لاى دەوڵەتانى ئەوروپا
بەتایبەتى بەریتانیا دروست بکەن تاوەکو لەم ڕێگەیەوە زەمینەى
کۆمەڵایەتى و سیاسى و یاسایی بەدەست بهێنن بۆ بەمەبەستى دیپۆرتکردنەوەى
پەنابەران.
لەدرێژەى قسەکانیشیدا"دەشتى جەمال" لەمەر ئەو هۆکارانەى بەهۆیەوە
پەنابەرى کورد لەبەریتانیادا تووشى کێشەى لەم جۆرە دەبنەوە، ئەو بەشێکى
هۆکارەکەى بۆ نەبوونى پارەیەکى دیاریکراو دەگەڕێنێتەوە، چونکە پەنابەر
لەم وڵاتەدا لەبڕى پارە بیتاقەیەکى پێدەدرێت و ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى
پەنابەرەکە نەتوانێت بەئازادانە سەرفى بکات، وەکو چووونە سینەماو
سەفەرو زۆر شتى دیکەى پەیوەست بەژیانى ئەو پەنابەرەو بوونى سیستەمى
ئیمزاى هەفتانەو مانگانەى پۆلیس کە ئەمانە تا ئاستێکى زۆر ئازادى
هاتووچۆو نیشتەجێبوون بەرتەسک دەکاتەوە، هەر لەدرێژەى قسەکانیدا
سکرتێرى فیدراسیۆنى سەراسەرى پەنابەرى عێراقى پێیوایە ئەمانە فاکتەرى
سەرەکین لەدروستکردنى بارودۆخێکى خراپ و بوونەتە هۆى ئەوەى پەنابەرى
کورد تەریک بێتەوەو لە کۆمەڵگەى ئەوروپى داببڕێت و کێشەى لەم جۆرەى
بەدوا دابێت.
بەوپێیەى لەئێستاکەدا عێراق رووبەڕووى ئاڵۆزییەکى زۆر بۆتەوە لەرووى
ئەمنییەوە، بۆیە خەڵکێکى زۆر کۆچدەکەن و لەدەست کردەى تیرۆریستى و
بێکارى و نائارامییەکانى ئەم وڵاتە، ڕێگەى پەنابەرێتى هەڵدەبژێرن و
زۆرێک لەو پەنابەرانەش روو لەوڵاتانى ئەوروپا دەکەن و لەوێش رەچاوى
بارودۆخى شڵەژاوى عێراق ناکرێت و بەردەوام هەڕەشەى دیپۆرتکردنەوەیان لێ
دەکرێت بەتایبەتى لەلایەن بەریتانیاو سوێدو دانیمارک و دواتریش وڵاتانى
دیکەى ئەوروپا هەر یەکەیان لەلای خۆیانەوە هەڵمەتى دیپۆرتکردنەوەى
پەنابەریان هەیەو رەچاوى مافە ئینسانییەکانى پەنابەر ناکرێت و
بەتوندوتیژترین شێوەو بەزۆرەملێ پەنابەرانى عێراقى رەوانەى عێراقى
ناسەقامگیر دەکەنەوەو حکومەتى عێراقى و هەرێمیش وەریان دەگرنەوە،
هەرچەندە کاربەدەستانى هەرێم لەدەزگەکانى راگەیاندن بانگەشەى ئەوە
دەکەن بەهیچ جۆرێک پەنابەر وەرناگرنەوە، بەڵام لەراستیدا ئەمانە تەنیا
قسەى بەردەم شاشەو رووپەرى رۆژنامەکانن و کوردستان پڕێتى لەو
پەنابەرانەى دیپۆرتى کوردستان کراونەتەوەو بێ کار لە کۆڵانەکاندا
دەسووڕێنەوەو ئەم پرۆسەیەش بەردەوامى هەیەو حکومەت هەڵوێستى جیدى نییەو
نەیتوانیوە بەپێى شارەزایی و توانایی ئەوانەى دیپۆرتکراونەتەوە کاریان
بۆ دەستەبەر بکرێت، ئەمەش فاکتەرێکى بەهێزە بۆ خوڵقاندنى ئاریشەى
جۆراوجۆر لەنێو پەنابەران و کۆمەڵگەدا.
بەپێى هەواڵێک کە لەسایتى"سبەى"بڵاوکراوەتەوە، لەسەردانێکیدا بۆ
دیمەشقى پایتەختى سوریاو لەمیانەى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا"ئەنتۆنیۆ
گۆتێریس" کۆمسیارى کۆمسیۆنى باڵاى پەنابەرانى سەر بە نەتەوە
یەکگرتووەکان هۆشداریداوە بەوڵاتانى ئەوروپا لەبارەى بەزۆر ناردنەوەى
پەنابەرە عێراقییەکان بۆ عێراق، چونکە بارودۆخى ئەمنى عێراق سەقامگیر
نییە، هەر لەدرێژەى کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، ئەمەشى روونکردۆتەوە کە
گەڕانەوەى پەنابەرانى عێراقى پەیوەستە بەبارودۆخى ئەمنى ناوخۆى عێراق و
پرۆسەى ئاشتەواویی نێوان لایەن و پێکهاتە سیاسییەکانى عێراق و داواشى
کرد لەوەى هانى حکومەتى عێراق بدرێت بۆ دۆزینەوەى ڕێگە چارەیەکى
پۆزەتیڤ بۆ هێنانەکایەى پرۆسەى ئاشتەوایی نیشتمانى و بەزۆرناردنەوەى
پەنابەرانیشى بەکارێکى نامرۆڤانە وەسفکرد لەکاتێکدا کە ئەو پەنابەرانە
بەهۆى توندوتیژى و خراپى بارودۆخى ژیانیان وڵاتیان جێهێشتووە.
شایەنى باسە ئەو کەسانە بە پەنابەر دادەنرێن کە سنوورى وڵاتەکەى خۆیان
دەبڕن و لەوڵاتێکى دیکە دەگیرسێنەوە، ئەمەش بەهۆى گوشارە سیاسى و
کۆمەڵایەتى و ئابوورى و دەستدرێژى سێکسى و پێشێلکردنى مافەکانى و
توندوتیژى و مەترسی و کاریگەرییەکانى جەنگ و فشارە خێڵەکى و ئایینى و
خانەوادەیی و تەنانەت بێکارى و پەیداکردنى بژێوى ژیانێکى باشتر. لەسەر
وڵاتى دووەمیش پێویستە بەپێى بنەماکانى مافى پەنابەرى و مرۆڤ، ڕێزى هەر
پەنابەرێک بگرێت و شوێنى نیشتەجێبوون و بژێوى بۆ دابین بکات و کۆسپ
نەخرێتە بەردەم ئازادییەکانى پەنابەرو تا ئەو کاتەى مافى پەنابەرى بۆ
دەردەچێت وەکو هاوڵاتى وڵاتەکەى خۆى هەڵسوکەوتى لەگەڵدا بکرێت.
Shaxewan_braim@yahoo.com
|