١٤\٨\٢٠١٢
درامای ریکڵام؟!

ستار محەمەد قادر
باش لە یادمە لە هەفتاکانی سەددەی رابردوو رادیۆیەکی کەرو جاشمان هەبوو،
هەموو شەوانێک لە دەنگی رادیۆی کرمانشای ئێرانەوە درامایەکی دۆبلاژکراو
پەخش دەکرا، ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم شەوان کاتژمێر هەشت ئیتر خۆمانمان
لە بیر دەکردوو بە شێوەیەک ئاوێتەی دراماکە دەبووین، ورتەمان لێوە
نەدەهات، بەشێوەیەک پێی سەرسام و بارگاوی بووین، راست و رەوان ئەو
درامایە لە دەنگەوە لە نێو زیهنماندا دەبوو بە رەنگ و دەتگووت بە
واقیعی لە گەڵیدا دەژیاین، هەر چەندە ناکرێت بەراورد لە نێوان ئێستاو
ئەوسادا بکەین، بەڵام بە تەکنیکێک دۆبلاژ کرابوو، لەو زەمەنەدا هەرگیز
هەسمان بەوە نەدەکرد دۆبلاژ کراو بێت!
بەم دواییە بۆ ماوەی چەند ساڵێک دەڕوات کەناڵە ئاسمانیە کوردیەکان
قۆڵیان لێ هەڵماڵیوەو بە دۆبلاژکردنی دراماوە سەرقاڵن، هەر چەندە ئێمەی
کورد ئەزموونێکی دەوڵەمەندمان نیە لە هونەری دۆبلاژ کردندا، بۆیە لە
رووی تەکنیکەوە هەست بەو کەلێنە دەکەین، چونکە ئیقاعی دەنگەکان لە گەڵ
کاراکتەرو رووداوەکاندا لە زۆر دیمەندا هاوتەریب نایەنەوە، ئەمەش بە
مانای ئەوە نایات ئەم دراما دۆبلاژ کراوانە نەبووبێتن بە شوێنی سەرنج و
تێڕامانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەڵکو خەڵکی زۆر بە تامەزرۆوە
موتابەعەی دەکەن و بە دیاریەوە دادەنیشن، لەراستیدا دۆبلاژ کردنی ئەو
درامایانە لە کات و ساتی خۆیدایەو وەکو سەرەتایەک کارێکی باشە بۆ
پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی وا ململانێ سیاسیەکان درووستیان کردووە، لە
بەر ئەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە تووشی
مەلەل بوونە و ماوەیەک بە شوێن بەدیلی کەناڵە کوردیەکاندا دەگەڕان،
چونکە سیاسەت سەرجەم کەناڵەکانی خستبووە ژێر رکێفی خۆیەوەو هیچ جۆرە
بوارێکی بۆ شتی دیکە نەهێشبووەوە، هەر وەکو بینیشمان ماوەیەک خەڵکی
کوردستان چۆن موتابەعەی ئەو دراما تورکیەیان دەکرد "دۆڵی گوورگان" کە
کۆی دراماکە کار بۆ ناشیرینکردن و لەکەدارکردنی دۆزی کوردو خەڵکە
نیشتیمان پەروەرەکەی دەکات؟!
ئەوەی لێرەدا بە پێویستی دەزانم قسەی لەسەر بکەین، تیشک خستنە سەر
درامای کۆریە بە شێوەیەکی زۆرچڕ، لە کاتێکدا ئێمەی کورد لە رووی شتی
نووسراو و دراماوە کۆڵەوراین و تا ئێستا نەمانتوانیوە شتێکی خۆمان
بخەینە بەر دیدی میللەتان بۆ ئەوەی لە واقیعی ئێمەیش تێ بگەن و لە
دەرەوەی بازنەی سیاسەت وێنەی ئەم میللەتە ستەمدیدەیان پێ بناسێنین،!
کەناڵە ئاسمانیەکان دەبێت باش لەوە تێ بگەن، رەنگە ئەمڕۆ بەوە شا گەشگە
بن کە بەهۆی ئەم دراما دۆبلاژکراوانەوە توانیویانە بینەرێکی زۆر لە
دەوری شاشەکانیان کۆ بکەنەوەو بازاڕێکی ریکڵام بۆ خۆیان درووست بکەن،
بەڵام وەکو دەڵێن "ئەوەی شتێکی بوێت، دەبێت دەسبەردرای شتێک ببێت "
ئەوان بینەرو بازاڕیان دەوێت، ئەی کەواتە لە بەرانبەر ئەو ویستەی
ئەواندا ئەوە کێیە دەبێت دەسبەرداری شتێک بێت؟! ئەوەی لێرەدا دەمەوێت
تیشک بخەمە سەری و قسەی لەسەر بکەم، ئەویش ئەو پانتاییە زۆرەیە کە حاڵی
حازر دراوە بە درامای کۆری و خەریکە بە شێوەیەک تێکەڵ بە ژیانی رۆژانەی
ئەو خەڵکە دەبێت، رەنگە ئەگەر کاربەم شێوەیە بڕوات، رۆژێک دێت پەنجەی
پەشیمانی دەگەزین و دەبێت شۆڕشێک بەرپا بکەین بۆ ئەوەی لە داگیرکاری
کلتووری کۆری خۆمان رزگار بکەین؟!
خاڵێکی دیکە کەناڵە ئاسمانیەکان دەبێت رەچاوی بکەن، ئەویش واقیعی
کۆمەڵایەتی ئێمەیە، کە گەورەو بچووک پێکەوە دادەنیشین تەماشای ئەو
دراما دۆبڵاژکراوانە دەکەین، لە کاتێکدا درامایەک ئەگەر بەو شێوەیە
تووندوو تیژی تێدا بێت، ململانێکان لە ژێر رەحمەتی هێزی شمشێردا
یەکلایی بکرێنەوە، ناکرێت منداڵ بکەوێتە ژێر کاریگەری دیمەنە تووندوو
تیژیەکانەوەو لە ناخیاندا شتێکی نەخوازراو شین بکات، ئاخر من لەم
رۆژانەدا لە زۆرێک لە باوکانم بیستووە، منداڵە بچووکەکانیان کە
تەمەنیان دوو ساڵ یان سێ ساڵان دەبێت، بە رۆژی رووناک لاسایی
کاراکتەرەکانی نێو ئەو دراما دۆبلاژکراوانە دەکەنەوە، لە کاتێکدا ئێمە
دەمانەوێت نەوەیەک بەرهەم بهێنین، لە شوێن چەک، بە خامەو نووسین و
خوێندنەوە سەرسام بێت!
سەرباری کۆمەڵێک رەخنەو سەرنج، ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر بینەر قەڵس
دەکات، ئەو ریکلامە زۆرەیە کە لە کاتی پێشکەشکردنی دراماکەدا تیشک
دەخرێتە سەری، بەراستی ئەویش سنووری خۆی بەزاندووەو لە شوێن ئارامی
بینەر تووشی قەلەق و دڵە راوکێ دەکات، لە کاتێکدا دەتوانن لە سووچێکی
شاشەکەدا هەم دراماکە بە شێوەیەکی رێک و پێک پێشکەش بکەن و هەم
ریکلامیش بۆ ئەو سپۆنسەرانە بکەن وا پشکی شێریان بەردەکەوێت لە
دۆبلاژکردنی دراماکاندا، چونکە ئەوەی ئێستا دەیبینین، راستە بە ناو
موتابەعەی درامایەکی دۆبلاژکراو دەکەین، بەڵام لە حەقیقەتدا لە
بازاڕێکی ریکڵام دەنواڕین، جا مرۆڤ نازانێت بە دیار درامای
دۆبڵاژکراوەوە دانیشتووە، یان درامایەکی ریکڵامەوە بۆ ساغکردنەوەی
کاڵای کۆمپانیاو بازرگانەکان؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|