١١\٥\٢٠١٧ درەختێک رەگەکانی لێشاردمەوە.
شوان حەسەن زەوی پیاسەی بەرەو ئاوابوون کرد و رۆناکییش دوای ئەو هەموو نازە جێیهێشتم و بە دوای ئەو کەوت لەگەڵ ئەو درەختە لێک ونبووین کە زۆری نەمابوو بەژن و باڵا و لق و پۆپی بخەمە نێو دەفتەرەکەم بە خەیاڵی پلانێک بزە هاودەمیی کردم تا ماڵ سەرم خستە سەر رانی بالیفەکەم و لە دڵی خۆمدا گوتم: لەوانەیە خەونم بۆ دەستەمۆکا و ئەو درەختەش بەرجەستەکەم کە تاریکیی ژێر پەچەی خست ئەدی نەتبیستوە سروشت و خەون کە ئاوێزان دەبن نهێنیی وێنەیان دەگرێ و بەسەر دڵۆپە شەونمەکانیان دابەش دەکا بە نیازی لەپڕ روودانێک بێدەنگیم بەخۆمدادا و ئەو شەوە لە باوەشی ئێشیگرییمەوە خەوتم خەون وریا بوو مێوانم نەبوو گینگڵم دا تا درەنگانێ ئەو پەردەیەی بە دیاریی بۆت هێنابووم لە درزی رۆناکییەک بانگی کردم و چارۆگێک گەڵای لە درەختەکەی خەیاڵم دزییبوو ببوورە خستمە نێو تابلۆکەم! * * * باران خۆی بەو درەختە تەڕدەکرد کە هێشتا خەونی نەگرتبوو! * * * چۆلەکەیەک لە بەرامبەر (ستاند)ی نیگارکێشییەکەم دەیچریکاند و بە دوای لقەکاندا دەگەڕا راستگۆیی ئەوم کردە وێنە و لەگەڵ (لایک)ی هاوڕێکانم لە (پرۆفایل)ی (فەیسبووک)ەکەم ناشتم!
|