١٢\١\٢٠٢١
درۆ بۆ كێ دەكەن.

ئەرسەلان مەحمود
چاکسازی، کاری ئەوانە نییە خۆیان لەبارھێنانی خراپە کاریدا ڕۆڵی پێشەنگ
و پشکی لەپێشیان ھەبووبێ، ڕاستیتان دەوێ؟ ئەو كەس و گروپ یان ئەو حزب
و حزبیانەی بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ڕاستگۆن لەگەڵ ئەوەی سەبارەت بەچاكسازی
دەیڵێن، تەنھا یەک ڕێگە چارە لەبەردەمیاندا هەیە، ئەویش تەنھا
دورکەوتنەوەو دابڕانیانە لەپێگەو حوکمی دەسەڵاتە گەلی و حكومڕانێتییە
جیاوازەکاندا.
چاکسازی، لەجڤاك و ئیدارەیەکی بەنمونە وەك هەرێمی كوردستانی بەسەریەکدا
ڕماوو لەناوخۆدا ترشاودا، وەک ئەوەی زۆرینەی جار هەن ئیددیعا دەکەن،
لەڕاستیدا ھێندەش ئەستەم و قورس نییە، بەڵام ئەمە بەو مەرجە بنەڕەتی و
سەرەكییەی ئەوانەی تەبلیغاتی چاكسازی دەکەن، خۆیان بەبنەما لەڕابردودا
بەشێک نەبووبن لەبارھێنانە پێشینەییە خراپەکارییەكەدا.
ئاخر حكومەت و پاڕلمان و دەسەڵاتە جڤاكی و كارگێڕییەكەی هەرێمی
كوردستان، وەك كارەكتەرو دامەزراوەی هەرە لەپێش و سەرەكی بارھێنەری
خراپەکاری، ئەگەر ڕاستگۆیانەو نییەت خاوێنانە بیانەوێ چاكسازی بكەن،
بەنمونە: دەبێ چۆن و لەچی و كوێ و كەیەوە دەست پێبكەن؟!
مەسەلەن ھەر جارەو بەخاتری ئامانجی تایبەت لەکابینەیەکدا یان
لەعەقڵیەتی سیاسی و دبلۆماسی و ئابوری و كارگێڕییاندا؟ لەمووچەی ئەو
مووچە خۆرانەی لەپەنایدا بەسەدان هەزار لەپاسەوان و باخەوان و گەعدەوان
و كاوێژكارو بەربادو دەرباریان دامەزراند یان لەساغ کردنەوەو ئیعلان
کردنیاندا؟ لەهەڵوەشاندنەوەو دامەزراندن و بەهەرێمكردنی ناسنامەی ئەو
سەدان هەزار كوردە بەئامانج هاوردە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژ ئاوایی و
باكورییەوە یان لەلەوەڕاندنی ئەو مێگەلە لەشكرو لیواو فەوجە سەخیفەی
ڕۆژو شەوە تاریك و بندیوارەكانەوە؟ لەپاك كردنەوەی شەهادەت و
شوناسنامەی شەهیدە سەربڵندەكانی نیشتمانەوە یان لەقایمەی بەناو
فەقیرانەو تەقدیران و دیوەخان و داخورانی بەها جوانەكانی وجودەوە؟
لەلێشاوی سەرۆك وەزیرو پارلمانتارو وەزیرو خانەنشینە درۆزنەكانەوە یان
لەكۆمپانی و كەرتی بەناو تایبەتی گەڵتەجاری و هەڵخڕێنەرەوە؟ لەهزری
بونیادنانەوەی نیشتمان و گوتاری نیشتمانی لەهەولێرو بەغداو ئاستە
هەرێمایەتی و دەولییەكەوە یان وەك هەمیشە لەتێكدانی یەكەی قەومی و
تۆخكردنەوەی پێگەو عەقَڵییەتی خێڵگەراییەوە؟!
دەی دەبێ دەست لەچی هەڵبگرن؟ لەكوردایەتی موزەیەف و عەواملی هەواڵگری
هەرێمایەتی و دەولی یان گەمارۆدانی بزوتنەوەی نیشتمانی ڕۆژهەڵات و
ڕۆژئاواو باكورو باشوری كوردستانییەوە؟ لەقۆرغكاری بازاڕو هەڵبەزو
دابەزپێكردنی دینارو تمەن و دۆلارو دراوەكانەوە یان لەبەردەوامی پێدانی
بەتاڵانبردنی نەوت و غازو سامانی ژێر زەوییمانەوە؟... تاد!!
درۆ بۆ كێ دەكەن؟ ئێوە نوێژی مرۆ دۆستی بۆ كێ و لەبەردەم قاپی كێدا
دەكەن؟ ئێوە بەناوی كوردایەتییەوە خەریكی پەرتكردنی كوردن، ئێوە
لەپەنای نیشتمانەوە لەهەر كات زیاتر سەرگەرمی هەرزانفرۆش كردنی
نیشتمانن، ئێوە بەلێوی ماف و ئازادییە كۆو تاكییەكانەوە هیچ كاتێك
بەهێندەی ئێستا خەنكێنەر نەبوون، ئێوە وەك هەمیشە بەبیانوی برایەتییەوە
خەریكی سەپاندنی هزری تاك ڕەهەندو بەچاوی دیموكراسییەوە خەریك بەكوێر
كردنی دیموكراسی و نابوت كردنی مەدەنییەتن!!
ئەخلاقێكتان هەیە پەتی و پەرپووت بەمەسەلە ئەخلاقییە سەردەمییەكان،
عەقڵییەتێكتان هەیە كەڕو كوندو داخراو، دورەپەرێز، كوێرو بێهەست،
خوێنتاڵ، لەشادەمارە مرۆییەکانی ئەم ڕۆژگارە، دەسەڵاتێكتان هەیە ڕەق،
نا پابەند بەپایەو پێوەرە دەستورییەكان، ماشێنێك داژۆن بەرەو خۆتان
لەبەگ، حكومەتێكتان هەیە بێ حیكمەت تر لەحكومەتەكەی تەمرە كەچەڵ!
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|