٢٠\٨\٢٠١٧
درۆ دەکەن درۆ،
ئێوە فرچکتان بە بەغدا گرتوە!!

شەماڵ عادل سەلیم
دوێنێش گووتم ، ئەمرۆش دەڵێم : درۆ دەکەن ، درۆ ، ئێوە فرچکتان بە
بەغدای کۆنە هەوارتان گرتووە ، دەنا کەستان بینیوە خاوەن هەق بێت و
بەفیکەیەک رێگای ماڵی ستەمکارەکەی ، نەیارەکەی ، شەریکە ناشەریکەکەی
بگرێت و بەمل شۆری لەدەرگای بدات و بڵێت : فەرموو شەریکە بەرێزەکەم ،
وا هاتووم دانوستان و دیالۆگ لەسەر مافە زەوتکراوەکانم بکەم؟!
ئاخر لە کوێی دونیا شتی وا بەرباد رووی داوە، هەتا لە عورف و عاداتی
کۆمەڵایەتی و سولحی عەشائیریشدا ، هەمیشە ناهەق دەرگای خاوەن هەق
لێدەدات و داوی سوڵح دەکا!!
ئێ دەبڵێن وانییە؟
ئاخر پێشتریش هەرواتان کرد، کاتی ڕازی بوون لەسەر ماڵی خۆتان ، لەسەر
خاکی دابرێندراو و تەعریب کراوی کوردستان راپرسی بکەن ، ئاخر هەی
نەزانینە ، کەس لەسەر ماڵی خۆی، ئەندامی خێزانی خۆی ، خاکی خۆی ،
شەهیدی خۆی ، نەوتی خۆی ، (دل و قودس)ی خۆی ، راپرسی دەکا؟
دوێنێش گووتم، ئەمرۆش دەڵێم : درۆ دەکەن درۆ، ئەوە ئێوەن فرچکتان
بەبەغدا گرتووە، دەنا دەبوایە لەبری ئێوە دەرگای بەغدا لێ بدەن و بەمل
کەچی لەسەر مێزی گفتووگۆ بەرامبەر (ئاغای مالکی) دانیشن و قاوەو خورمای
تاڵ سندان بکەن، دەبوایە (ئاغای مالکی) لەسەرچۆک و بەسکە خشکێ
لەبەردەمتان ئامادە بوایەو ئەمریکاو وڵاتانی ئیقلیمی و عەربیشتان وەک
شایەد و ناوبژیوان ئامادە بکردبایە ، چونکە ئێوە ، یان باشتر بڵێم ،
ئێمە خاوەن هەقین نەک ئەوان.
لەبری ئەوەی شاندێکی کەشخەو پۆشتەی پێلاوقەڵتاغی رەونەقداروگیرفان پر
دۆلاری دزراوتان بناردبایە بەغدا ، دەبوایە دایکێکی رەش پۆشی
خێرلەخۆنەدیوی جەرگ سوتاوی ئەنفالی نوگرەسەڵمان و تۆپزاوەو عەرەعەرو ،هاوسەری
پێشمەرگەیەکی شەهیدو ، خانەنشینێکی بێ پارەو داودەرمان و، پەککەوتەیەکی
هەژاری بێ ناز و ، مامۆستایەکی بێ دەرامەتتان بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا
ئامادەبکردبوایە ، چونکە ئەوان زەرەرمەندەکانن ، نەک ئێوە ؟ چونکە
ئەوانن هەق خوراوەکان ، نەک ئێوە ، چونکە ئەوان ،ماڵ وێرانەکانن نەک
ئێوە ، چونکە ئەوان بێ کارەباو بێ ئاو و بێ هیواو کۆست کەوتوون ، نەک
ئێوەی تێرو پۆشتە و کەشخە بەماڵی دزراوی میللەت.
دوێنێش گووتم ، ئەمرۆش دەڵێم : درۆ دەکەن ، درۆ ، لەخۆشیان کەناوی
بەغدا ، تاران ، ئەنکەرا دێت دەمتان ئاودەکات و خواخواتانە فیکەیەکتان
بۆ لێ بدرێت ،خۆشتان نازانن دەست لە سەر سنگ و زەلیل و مل کەچ چۆن
دەگەنە بەردەرگایان . دەک پیرۆزتان بێت ئەو زەلیلییە و، ئەو
ھاوپەیمانییە جوانەی نێوانتان.
دوێنێش گووتم، ئەمرۆش دەڵێم : درۆ دەکەن درۆ ، ئەگەر سەربەخۆی
کوردستانتان لا گرنگ بوایە ، ئەگەر راپرسییتان لا پیرۆز بوایە ، ئەگەر
خوێنی شەهیدەکانتان لا بەنرخ بوایە ، دەبوایە ئێستا شاندی بەغدا لە
هەولێر بوایە نەک بە پێچەوانە.
لەکۆتایدا دەلێم : هەر کەسێک ڕەخنەی لە شاندی باڵای ریفراندۆم لە بەغدا
لەسەر چاوپێکەوتنی لەگەڵ (نوري مالکی ) نەگرت ، هەرکەسێک سەرکۆنەی چونە
بەغدای شاندی باڵای هەرێمی بەتەمای خودای نەکرد ، کە دەبوایە پێچەوانە
بوایە ، ئەوا ئەو کەسە بێ سێ و دوو ، بەرژەوەندی حیزبی لەپێش بەرژەوەنی
گەل و نیشتیمانەکەی داناوە.
بەڵێ، ئەو کەسانە رێک مل کەچی حیزب و سەرۆکن، ئەو حیزب و سەرۆکەی
راپرسییشی حیزباند.
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم
|