٢٧\٧\٢٠١٣
دیرۆکی گەڵا.

فەتاح حەسەن
کە، چرۆ دەبێت بە گەڵا
بیر لە خەزان دەکاتەوە؟
* * *
گوێم لە ورشە ورشی گەڵایە
بڵێی لە یەکتر تێبگەن؟
* * *
کێ دەزانێت
گەڵاکانی، دنیا چەندن؟
بڵێی، هێندەی ژمارەی مرۆڤ بێ؟
* * *
پێش کەوتنی هەر گەڵایەک
سەر بۆ زەوی، نەوی دەکا.
وەکو بڵێی، سوژدە دەبا!
* * *
ساتی کەوتنی، گەڵاکان
ئایا، هەست بە ئازار دەکەن؟
یا، وەکویەک سەما دەکەن؟
* * *
لە خەزان و لە رەشەبا
بێباکە، سنەوبەر
بڵێی، هەست بە خەمی
کەوتنە خوارەوەی گەڵا کا..؟
* * *
خشەی گەڵای دەم رەشەبا
ئاوازی ماتەمیینی پایزە
وەرزەکانی کە، نایزانن.
* * *
با، لوول دەخوات
گەڵا، بە دوای خۆیدا دەبات.
کە، دەبێتە گەردەلول و گێژەڵوکە
لە راستەوە
گەڵا، بەرەو چەقی دەبات.
_______________
دیرۆک: مێژوو.
دانیمارک/ ڤالبی
fhesen@yahoo.com
|