درۆکردن گەورەترین
پانتایی لە ژیانماندا داگیرکردووە .!
حەمەى ئەحمەد رەسوڵ*
درۆ ، دژ و پێچەوانەى راستییە ، دیوە ناشرین و قێزەوەن و نالەبارەکەى
دیکەى راستگۆییە .. درۆ ئەو وشەیەیە کە لە راستى و واقیعەوە دوورە ،
درۆ ئەو رستەیەیە کە لەبەر خاترى مەیسەرکردنى بەرژەوەندییەک بە
کاردەهێنرێت ! درۆ بۆیە دەکرێت تا بتوانێت راستى بشیۆێنى و تێکوپێکى
بدات و خۆى بچێتە شوێنى و بەزۆردارەکى بە رووداوەوە دەلکێنرێت و کەسى
بەرامبەرى پێ لەخشتە دەبرێت ..!
درۆ ئاسانە و وەکو دەڵێن بۆیە هەیە بۆ ئەوەى کە بکرێت .. رەنگە
هەموومان لە هەندێک کاتدا درۆ بکەین و بەگۆڕینى شێوە و شێوازى
راستییەکە هەوڵ دەدەین درۆکانمان ئاراستە بکەین و بیانووى زل زلیشى بۆ
دەهێنینەوە کەجێى گومان و دڕدونگى نەبێت ..!
بەشێوەیەکى گشتى ، درۆ خوویەکى زۆر خراپە و یەکەمین هەنگاوە بۆ لادان و
لاڕێى مرۆڤ بەرە و هەڵدێر و تێکچوونى ستراکتۆرى کەسێتى و ئەخلاقى مرۆڤ
.. درۆ دوچارى کەسانێک دەبێتەوە کە لاوازە و بێباوەڕە ، کەسێک کە
ترسنۆک و بودەڵ و بێئیرادە و بێمتمانەن بە خۆیان و بە خێزان و بە
کۆمەڵگەکەیان .. درۆزن کەسێکە ناتوانێت بە ئازایى و جەربەزەیى و
بوێرییەوە رووبەڕووى ئاکامەکانى راستگۆیى ببێتەوە ...!
لێرەدا ەکرێت بپرسین ، کە ئایا بۆچى جار نا جارێک ئێمەى مرۆڤ هانا بۆ
درۆکردن دەبەین .؟! لە مبارەیەوە زۆرێک لە زانایانى دەروونناسى و
کۆمەڵناسى کۆکن لەسەر ئەوەى کە درۆ وەکو چارەسەرێکى خێر و ئاسان و
گونجاو بە کاردێت کە رەنگە لە وتنى راستگۆییدا سەریەشەو کێشەى
کۆمەڵایەتى دروست بکات ..! یان پێدەچێت بۆ ئەوە بێت کەسێک بەدرۆکردن
خۆى لە مەترسییەک بپارێزێ ، یان بۆ ئەوە بێت پارێزگارى لە
بەرژەوەندییەکى گرنگى خۆى بکات .. یاخود زۆرکەس پێیان شەرمە لە زۆر کات
و زەماندا ، لە زۆر جێگە و شوێندا خۆیان تەریق بکەنەوە و خۆیان بشکێنن
، لە نوشوستى یان دۆڕان یان ئاشکرا بوونى نهێنییەک کە متمانە بە
دەرەنجام و ئاکامە خراپەکانى ناکرێت .!
دوو جۆرە درۆ لە نێو خەڵکیدا بڵاوو باوە ، یەکەمیان درۆیەکى سادە و بێ
زیانە کە پێى دەڵێن : درۆى سپى و دووەمیان درۆیەکى مەبەستدار و
زیانبەخش و وێرانکەرە کە پێى دەڵێن درۆى رەش .!
رێژەى درۆکردن و بەکارهێنانى جۆرەکانى درۆ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى یکە ،
یان لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکى دیکە گۆڕانکارى بەسەردا دێت و
جیاوازییان هەیە .. بەڵام گرنگترین فاکتەر و هۆکارى درۆکردن مرۆڤ لەگەڵ
خۆى و لەتەک ئەوانیدیکەدا ، دوو هۆکارى سەرەکین : یەکەمیان : ژینگە و
دەوروبەر ، کە وەکو هاوکێشەیەکى پێکەوەیى وایە و خێزان کە یەکەمین
خانەى کۆمەڵگایە و پەروەردەکردنى باوان بۆ منداڵەکانیان سەنگى محەکە لە
راستگوتن یان درۆکردنى تاکە کەساندا ، دیارە جیاوازى ستراکتۆرى خێزان
ئافەریدەکارى ئەم دیاردەیەیە بۆ وێنە ، ماڵى پڕ لە ئاژاوە و توندوتیژى
و لێدان و جنێو و بێسەروبەرەیى و بێبەرنامەیى لە پەروەردەى خێزانیدا ،
زەمینە خۆشکەرە بۆ دروست کردنى کەسێکى شێواو و لادەر و درۆزن ..!
بەڵام لەو خێزانەدا کە دینداریى و خودا پەرستى بۆتە میتۆد بۆ پەروەردەى
کۆمەڵایەتى کەسێکى راستگۆ و سەرکەوتووتر بەرهەم دێنێت لە خێزانێک کە
مەى خواردنەوە و قومارکردن خەسڵەتى زاڵ و رکێف بێت تیایدا ..!
هەروەها لەو خێزانانەدا کە رۆشنبیرن و ئاسوودەن ، متمانە و باوەڕ
بەخۆبوون بە منداڵەکانیان دەبەخشن و فەراهەم دەکەن .. ئەتمۆسفیر و کە
شوهەوایەک بەرکەماڵ دەبێت تیایدا کە سوز و میهرەبانى و پەیوەندى
کۆمەڵایەتى دروست و نەرمونیان پەخش دەکاتەوە بەسەر ئەندامەکانیدا ،
دواجار تاکەکانیش هان و پەنا بۆ درۆکردن نابەن و بەجەربەزەییەوە راستى
هەڵدەبژێرن ..! شایانى وتنە ، چەندە باوان گفت و پەیمانى درۆ بە
منداڵەکانیان بدەن ، دەئەوەندەش رۆڵەکانیان فێرى درۆکردن دەبن و
بەگووتنێکى ئاسایى دەزانن و لە راستگۆییەوە دوور دەبن ..!
دووەم هۆکار بۆ درۆکردنى مرۆڤ : بارى دەروونى -ژیریى- بایۆلۆژیى کەسێتى
مرۆڤە ، ئەو کەسەى کە درۆکردن وەکو چەکێک بە کاردێنێ دیارە کەسێکى
لاواز و ترسنۆک و نەخۆش و شکستە ، خۆپەرست و هەلپەرستە ، ناوێرێت
ئازایانە بە راستگۆیى هەڵوێست و پەیوەندى و بەرژەوەندى خۆیان
بەڕێوەبەرن .!
بەڵام ئایا چارەسەر چییە ؟ چۆن رێژەى درۆکردن لە مێشک و گووتە و گفت و
بیرکردنەوەى مرۆڤدا کەمتر دەکرێتەوە ؟ لە راستیدا چارەسەرکردنى
منداڵێکى درۆزن ئاسانترە وەک لە کەسێکى گەورە و تەواو ، هەروەها
چاککردن و باشکردنى فاکتەر و پاڵنەرەکانى دیاردەى درۆکردن لەخێزان و لە
کۆڵان و لەکۆمەڵگادا یەکەمین هەنگاوى سیستماتیکین بۆ پاککردنەوە و
کەمترکردنەوەى رێژەى درۆ لەنێوانمادا ، بەو واتایەى کە لەنێوان خێزاندا
هێمنى و نەرمونیانى لە پەروەردەکردندا بە کاربێت ، نەک توندوتیژى ، کە
ترس و دڵەڕاوکێ بەرهەمدێنێ و تاکەکان ترسنۆک دەبن لە گووتنى راستیدا
..! هەروەها سەقامگیریى ناو خێزان بە رێز و خۆشەویستى دابینبکرێت و
تاکەکان گوێ لە یەکتر بگرن و دیالۆک و گفتوگۆ لە نێوانیاندا هەبێت و
راستەوخۆ روبەڕوى یەکتر ، هەست و نەستەکان پێکەوە بە نەرمونیانى دوور
لە لێدان و توندوتیژى باس بکەن .. هەروەها گرنگە رێگە بە کەسى درۆزن
نەدرێت و بوارى نەدرێت بەردەوام بێت ، گوێى لێنەگیرێت و پێى بووترێت کە
خەیاڵ و درۆ لە راستى و لە حەقیقەت جیابکاتەوە .. پێویستە خێزان متمانە
و بڕوا بەخۆ بوون بە تاکەکانى خۆى ببەخشێ .. رێز و حورمەت
بەئەندامەکانى ببەخشێ و مافى بەمرۆڤبوونى پێببەخشێ ، نەک سووک و ریسو و
پەراوێزیان بکات .. پێویستە پەروەردەکردنى خێزانى میتۆدى زانستى و
مۆدێرن بەکاربێنێ بۆ ئەوەى منداڵ ئاز و بوێر پەروەردە بکات و پەنا بۆ
درۆکردن نەبات و لە یەکەم درکاندنى درۆدا سزاى بدات و نەیەڵێ دووبارى
بکاتەوە .. دایک و باوکان پێویست ناکات پەیمانى درۆ بەمنداڵەکانیان
بدەن .. درۆى سپى بەکار نەیەنن و بەئاسایى نەکەن ، چونکە منداڵیش بە
درۆى سپى دەست پێدەکات و فێردەبێت و ناتوانێت وازى لێ بێنێ زەمینە خۆش
بکات رۆڵەکانى متمانە بەخۆیان بکەن و ئاز و ئازادبن و روبەڕوى
ئاکامەکانى هەقبێژى و راستگۆیى بینەوە ، بەڵام گرفتى سەرەکى لە
کۆمەڵگاى کوردى هاوچەرخدا ، دەسەڵاتەکەیەتى دەسەڵاتى کوردى بەشێوەیەکى
ناراستەوخۆ تاوانبارە بەرامبەر دروست کردنى قەیران و گەندەڵى و پێشکەش
نەکردنى خزمەتگوزارى و پشتگوێ خستنى کۆمەڵگ و دیاردە کۆمەڵایەتییە
قێزەونەکان .. بەرامبەر بە دز و درۆزن و گەندەڵ و تاونبار زۆر خەمساردە
.. بە پێچەوانەوە خۆى رۆژانە پەیمان و گفتى درۆمان پێدەدات و
راستییەکانمان لێ دەشارێتەوە ..چى دەگوزەرێ و راستەقینەیە شاردراوەتەوە
و بەدرۆى سپى و رەش پینەى دەکەن و بە ئارایشتێکى زەقەوە ، ئەو خۆڵەمان
دەکەنە چاو کە گوایە راستیان گوتووە ، بۆیە ئێمەش لەوانەوە فێرى درۆى
زەق زەق بووین و بەخۆمان نەزانیووە ژیانمان بارگاوى کردووە بە درۆى سپى
و بە درۆى رەش .. ئەى ئەوە نییە ژیانمان ناوجەرگى رەش بۆتەوە ...!؟
*
توێژەرى کۆمەڵایەتى
|