په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١٠\٢٠١٧

    درۆمەکە.*

                                  

کامیل ئەلشناوی                          و: جەلال ده‌باغ

 

نا.. نا.. نا.. درۆمەکە..
هەردوکتانم پێکەوەدی
واز لە گریان بێنە... رقم لە فرمێسک دەبێتەوە
فرمێسکی ئازایی چەند ئاسانە ئەگەر رژا
لە چاوێکی درۆزن
کە نکولی کرد، لافی لێدا!!
   *   *   *
هەردوکتانم پێکەوە دی..
گوێم لێتانبوو
چاوەکانت لە چاویدا..
لە لێویدا..
لە هەردوو دەست و... قاچیدا
دەستەکانت دەپاڕانەوە..
لە خەفەتدا بۆی، دەلەرزین!!
بەماچەکان تاسەی خۆیان دەشکێنن
بە قامچیەک لە کڵپەی گڕ پێوەمدەدا!!
بە چرپە، بە ئاخ وئۆف، بە نیگاکان
بە تەماشا، بە بێدەنگییەکی ترسناک!!
دڵم ئاگر دەگرێت و
پێیەکانم رێ وندەکەن
لە سەرمەوە گۆمانەکان دێنەپێشێ
لۆمەمدەکەن، گوێیەکانم رادەکێشن!!
زۆرجار هەموو درۆکانتم پیرۆزدەکرد
نەفرەتم لەگومانمدەکرد..
نەفرەتم لەگومانمدەکرد..
   *   *   *
چی بڵێم بەو فرمێسکانەی تاسەکانم بۆی رشتویت؟
چی بڵێم بەو پەراسوانەی بۆ بەتەنگەوەهاتنت شکاندمن؟
بڵێم بێ وەفایکرد؟
بڵێم ناپاکی کرد؟
بیڵێم؟
ئەگەر بیڵێم تینویەتیم دەشکێنم!!
ئاخ..
.. نا، من نایڵێم، تۆخۆت بیڵێ..
   *   *   *
شەرم مەکە..
لێم مەتۆقێ..
تۆڵەسێن نیم!!
تۆ رزگارتکردم
لە خەوە ساختەکانم و لە ناپاکیی هەستەکانم!
   *   *   *
تەماشامکرد پێوەندێک بوویت
بەتەنگەوەبووم لە تەمەندا نەیشکێنم
خۆت شکاندت!
تەماشامکرد بۆمن بویتە گۆناهێک و
داواکاربووم لە خوا لەو گوناهە خۆشنەبێت
خۆت لێیخۆشبوویت!
   *   *   *
وا بە.. وەکو خۆت دەخوازیت
بەڵام دیارە وەهانابیت!!
من لە خوشەویستی خۆم و،
لە شەیداییم تۆم دروستکرد!!
وا ئیستاکە لە خۆشەویستی و شەیدابوون
پاکانەمکرد!!

__________________________
* شیعرە بەناوبانگەکەی (کامیل ئەلشناوی) کۆچکردووە کە لەلایەن هونەرمەندانی بەناوبانگ (نەجات سەغیرە و محەمەد عەبدولوەهاب و عەبدولحەلیم حافز)ەوە بەگۆرانی گوتراوە.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌لال ده‌باغ
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک