١\٤\٢٠١٣
یاداشتێک لە گرووپی ٤٠٠ەوە:
درۆی
نیسان و نەخۆشخانە ٤٠٠ قەروێڵەییەکە.
جارێکی
تر حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی
تەندروستی سلێمانی لە بەڵێن و گفت و قەولەکانی خۆیان پاشگەزدەبنەوە و
شکستدەهێنن لە ڕێزگرتن لەو بەڵێنانە و دووبارە دەیسەڵمێنن کە ئەوان لە
ئاست پەیداویستی و چاوەڕوانییە تەندروستیەکانی هاوڵاتیان نین و
نەخۆشخانەیەکیان پێ تەواو ناکرێت. بەڵێن و گفتەکانی بەرپرسانی حکومی و
تەندروستی وەکو درۆی نیسانی لێ هاتووە، بەڵام تەنها جیاوازی ئەوەیە کە
درۆی نیسان ساڵی جارێکە بەڵام بەڵێنەکانی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی
بە تەواوکردنی ئەو نەخۆشخانەیە چەند مانگ جارێک دووبارە دەبێتەوە. ئێمە
لە گرووپی ٤٠٠ هیچ بیانوویەکی تر بۆ شکاندنی ئەو بەڵێنانە و نەگوتنی
ڕاستیەکان بۆ هاوڵاتیان نادۆزینەوە جگە لە تێوەگلانی خودی ئەو
بەرپرسانەی کە بەڵێنەکان دەشکێنن لە گەندەڵیەکانی پرۆژەی نەخۆشخانە ٤٠٠
قەڕوێڵەییەکی سلێمانی.
شکاندنی بەڵێنەکان سەبارەت بە نەخۆشخانە ٤٠٠ قەڕوێڵەییەکی سلێمانی لە
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکرد و تا دەگاتە
وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و
بەڕێوەبەری پرۆژەکە. جێگری سەرۆکی حکومەت لە مانگی ٥ی ٢٠١٢دا بەڵێنی دا
کە پێش کۆتایی ساڵ نەخۆشخانەکە تەواو دەکرێت. پێش کۆتای ساڵ، وەزیری
تەندروستی و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەکەی لە سلێمانی هاتنە سەر
میدیاکان و گوتیان جێگری سەرۆکی حکومەت زیادەڕۆیی کردبوو لە
پێشبینیەکانی و نەخۆشخانەکە بۆ مانگی ٣ی ٢٠١٣، تەواودەبێت. ئەوە ئێستا
مانگی ٣ی، ٢٠١٣ تەواو بوو و بەڕێوەبەری پرۆژەکە کە لە ١٣ ساڵە لە
پۆستەکەی خۆیەتی، دەرکەوتووەتەوە و دەڵێت هەموو ئەوانە درۆی نیسان بوون
و بۆ دوو مانگی تر دەیدینەوە حکومەت وەکو ئەوەی ئەوە بۆ ١٣ ساڵە
نەخۆشخانەکە و بودجەکەی و گەندەڵییەکانیان بە قۆنتەرات گرتووە و دوو
مانگی تر ماوە بۆ ئەوەی تێر لە گەندەڵییەکان بخۆن.
قسە و گفت و بەڵێنەکانی ئەو بەرپرسانە تەنها لە کات و وادەی تەواوکردنی
نەخۆشخانەکەدا بۆ درۆی نیسان ناشێن، بەڵکو قسەکانیان لە بارەی ئەو
پارەیەیەی کە تاکو ئیستا لە نەخۆشخانەکە خەرج کراوە و ئەو کارمەندانەی
کە بۆیان دامەزراندووە ناڕاست دەرچوون. جەنابی وەزیری تەندروستی و
بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی سلێمانی لە ١٥ تشرینی دووەمی ٢٠١٢، قەولیان
دا کە ١٠٧٥ کارمەند بۆ نەخۆشخانەکە دامەزرێنن. پێ دەچێت ئەوەشیان درۆی
نیسان بووبێت. هەروەها گوتیان تاوەکو ئەوکات ١٣٢ ملێون دۆلاریان بۆ
پرۆژەکە خەرجکردووە بەڵام ئەو خەرجییانەی کە لە بودجەی ساڵی ٢٠١٣ی
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ نەخۆشخانەکە دیسان تەرخانکراوە، پەردەپۆش
کراوە و باسی لێوە ناکرێت. ئەو بودجە تازەیە بە ناوەی کاری ڕاوێژکاری
بۆ نەخۆشخانەکە دانراوە خۆی لە چەندان ملێون دۆلاری تر دەبینێتەوە.
لە لایەکی ترەوە، شکاندنی بەڵێنەکان تەنها لە پەیوەست بە نەخۆشخانە ٤٠٠
قەڕوێڵەیەکی سلێمانیدا قەتیس نەبووە و تەواوی سیستمی تەندروستی و
خزمەتی تەندروستیی گرتووەتەوە. خودی جەنابی وەزیری تەندروستی چەندین
جار لە سەردانە مەیدانییەکانیدا بۆ ناوچەکانی تری کوردستان وەکو
گەرمیان و ناوچەی پشدەر بەڵێنی چاککردنی دۆخی نالەباری بواری تەندروستی
لەو ناوچانە داوە بەڵام لە ئەنجامی شکستهێنانی وەزارەتەکەی لە
جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە کارەساتی دڵتەزێن و ڕووداوی نەخوازراو
ڕوویانداوە وەکو هێرشکردنی سەر پزیشکان و مردنی منداڵە چاوگەشەکانی
هاوڵاتیان وەکو ئەوەی ئەم چەند رۆژەی داویی بە هۆی نەبوونی پزیشکی
پسپۆرەوە لە شاری قەڵادزێ ڕوویدا.
ئێمە لە گرووپی ٤٠٠ جارێکی تر هۆشداری دەدەینە لایەنە بەرپرسەکانی
حکومەت و وەزارەتی تەندروستی کە چیتر لە شکاندنی بەڵێنەکانیان بەردەوام
نەبن و ئاگاداربن کە بەم ڕەفتارانەیان جگە لە ناشرینکردنی مێژووی خۆیان،
کارەساتی دڵتەزێن بۆ میللەتەکەمان بەجێدەهێڵن. هەروەها ئاگاداری هەموو
لایەک دەکەینەوە کە گەندەڵیەکانی پرۆژەی نەخۆشخانە ٤٠٠ قەڕوێڵەییەکە
تەواوی جومگە سیاسی و حیزی و حکومیەکانی گرتووەتەوە و دەبێت لایەنە
پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان و داواکاری گشتی جیددیانەتر ئاوەڕ لەم
ئابڕۆچوونە گەورەیە بدەنەوە. هیوادارین دەستەی دەستپاکی لە پەرلەمانی
کوردستان بەدواداچوون بۆ تێوەگلانی بەرپرسان و دەزگاکانی حکومەت لە
گەندەڵییەکانی ئەو پرۆژەیە بکات بە یەکەمین کاری ئەجنداکەی. سەرکەوتنی
دەستەکە لە دەستنیشانکردنی تاوانباران و سزادانیان شایەتی دەدات لە سەر
جیددیبوونی و بەپێچەوانەوە ئەو دەستەیەش دەبێتە درۆیەکی تری نیسانەکانی
ئەم میللەتە.
گرووپی ٤٠٠
١\٤\٢٠١٣
-
سلێمانی
dana_jameel@yahoo.com
|