١١\١٢\٢٠١٤
درۆ و دزیی جەستەی
کۆمەڵگەی هەنجن هەنجن کردیە؟!
هۆگر نامۆ
١- دز - درۆ.
٢- یاخی.
لەبڕی ئەوەی بڵێین ئەو کەسە گەندەڵە.. دەبێ ببێژین ئەو کەسە کەسێکی دزە
- ساختەکارە - درۆزنە.
• قسەیەک هەیە دەگۆترێ: ''لە ناو کورددا
نییە پەیمان شکاندن..'' گەر لەو چەند وشە ریزکراوە ورد بینەوە رامانێک
لە ئێستا و رابردودا بکەین.. ئەوا نەک هەر درۆیەکی قەبە و بێزەوەرە
بگرە بەرگریی لە دزو درۆزنەکانیش دەکا.. ئەو دز و درۆزنانەی هەنووکە و
ئەوان ڕۆژانی میرە کوردییەکان تا پاشاکانی ئەو سەردەمە کاری پەیمان
شکاندنیان وەک نەریتێک هەڵبژاردووە! هەرگیز بایەخیان بە پەیمانی
راستیینە نەداوە؟؟
• ''بەرخی نێر لۆ سەربڕیینە'': هەرچەندی
لەو پەندە بێ سەروبەرە کوردییە رادەمێنی سەر و قوونی ناگاتەوە یەک؟ لەو
هەرێمە کاول بووە لەبڕی (سەربڕینی بەرخی نێر) کە ئەوەش مشتومڕی لە
سەرە؟ کەچی بەرخی مێ وەک نەریتێکی قێزەوەنی دواکەوتوو سەردەبڕدرێ و
هەمیشە ئەتک دەکرێ و سەر و بناگێی شەپازللە و کوتەکی نێریینەی
بەردەکەوێ!؟
• دەگۆترێ: ''نیشتیمان دایکە'' یان
''دایک نیشتمانە'' ئەو چەمکە دووبارەبۆوە جگە لە قسەیەکی قۆڕ هیچی دیکە
نییە، کۆمەڵگەیەک دایک سەرببڕێ، بخنکیندرێ، لێی بدرێ، سووکایەتیی پێ
بکرێ و... هتد دەبێ ئەو دایکە چ نیشتیمانێک بێ؟ نیشتیمان دایکە، ئەوە
تەنێ کەسانی نەزان و بێ ئاگا ئەو قسەیان لە دەو دەردەچێ.. نیشتیمانێک
ئازادیی، سەربەستیی، ژیان، خۆشگوزەرانیی.. تێدا نەبێ دەبێ چ نیشتیمانێک
بێ؟ نیشتیمانێک لە سەر دوو قسەی راست ناو دەمت پر لە گوللە بکرێ، لێت
بدرێ، سووکایەتییت پێ بکرێ.. دەبێ چ نیشتیمانەکی عەنتیکە بێ! ئەمن و
هەزارانی وەکو من نیشتیمانی لەو جۆرەمان بە قوڕووشێک ناوێ.
بچینە سەر دوو خاڵی سەرەکی باسەکە.
١- دز - درۆ؛ ئاخافتن لە سەر ئەو دوو
چەمکە قێزەوەن و ناشرینە لەو هەرێمە کاول بووە کارێکی قورس و ئەستەم
نییە، نیشاندان و دیاریکردنی کەسەکان وەک رۆژی رۆناک دیارە.. لێرەدا
کەسەکان و پیشەکانیان دەخەینەڕوو.
• تێکڕای دەسەڵات؛ ئەوانە ئەو چینە خاوەن
شکۆیانەن بەشی هەرە زۆرییان دانیان بە گەندەڵیی (دز)ی ناوە.. لێ
ناتوانن هەر خۆشیان لە قەرەی بدەن؟ چونکێ چارەنووس و مانەوەی ئەو چینە
بەو دزیی و ساختەکارییە بەندە، گەر ئەو دزییە نەمێنێ ئەوا تەختی پاشایی
و بوونیان نەک هەر لە ناو دەچی بگرە دەبنە پەندی زەمانەش.
• میدیای بینراو و بیستراو؛ ئەمانە نەک
هەر دز و درۆزنن، بگرە ساختەچی و کۆیلەی حیزبەکانن.. ئەوانە تێکڕایان
ئەنجامدەری کرداری بڵاوبوونەوەی ژەهری کوشندەن.. هووردە هووردە هزر و
هۆش سەرقاڵ و لە کاردەخەن.. هەر لە سەر گیرفانی کۆمەڵگە تێکڕای کۆمەڵگە
دەکەن بە مەڕ و پەیتا پەیتا دەست دەکەن بە دۆشینی بیر و هۆشی تاکەکان.
• دادگا و دادوەر؛ ئەوانە نەک هەر
دادپەروەر نین بەڵکە خاوەنی سەر و کەللەی خۆشیان نین؟ حیزب چۆنی بووێ
ئاوا هەڵیان دەسوڕێنێ و وەک رۆبۆتێک لەو شوێن لۆ ئەو شوێن جێگۆڕکێیان
پێ دەکا.. ئەوانە باشترین ملکەچی حیزبن درۆ و دزیی لە تێکڕای کۆمەڵگە
دەکەن، تەنانەت لە نێو ماڵەکەی خۆشیان ناتوانن دادوەر بن.
• پارێزەر؛ نازانم ئەوانە چ پارێزەرێکن؟
تۆ نەتوانی پارێزگاریی لە هزر و جەستە داگیرکراوی خۆت بکەی، چ
پارێزەرێکی؟ ئەوانە دز و درۆزنێکی لە ئەندازە بەدەرن.. پارەیان پێ
نیشان بدەی وەک بەردەستەکی ملکەچ گێت لۆ شۆڕدەکەن؟ بە تایبەت گەر هێز و
پارەت هەبێ.
• ناڕێکخراوەکانی ژنان؛ ئەوانە نەک هەر
کارێکی باشییان نەکردیە.. بگرە ئەو کەمە سەربەستییەی کە هەیانە و
خۆیانی پێ بادەدەن پێیان بەخشرایە نەک وە هۆی لێهاتوویی و هۆشیاریی
چنگیان خستبێ؟! ئەوانە سەرەڕای ئەوەی لەو رێکخراوە ناکارانە کار
دەکەن.. بەشێکی زۆریان تا هەنووکەش لە جارێک پتر کۆیلەن، کۆیلەی حیزب،
دین، نێرینە! ئەوانە نەک هەر ناتوانن کارێک لۆ ژنان بکەن بگرە بوونەتە
بەربەستێکی پۆڵایین لە بەردەم چارەسەر و چاککردنی بار و گوزەرانی ژنان.
• مەلا، شێخ و دەروێش و سەید؛ ئەوانە
پیسترین ڤایرۆسن؛ لە هەر جێیەک گەرا دابنێن لەو جێیە بیر و هۆش شوێن
پێیان لەق دەبن؟ ئەوانە هەر ئەوەندە دەزانن ببێژن: (دەفەرمووێ،
دەگێڕنەوە، گۆتیان... هتد) ئەوانە فێڵبازن، ساختەچین.. گەر رێگەیان پێ
بدرێ تێکڕای کۆمەڵگە لەخشتە دەبەن.
• نووسەری ئازاد؛ هەندێ لەوانە لە قەل
بوونە و لە کۆتریش!؟ دزیی و درۆکانییان لێزانانەیە، ئەوانە لە باربەری
بیری ئازاد و مرۆڤی سەربەستن، تەنێ لۆ ئەوەی زۆرترین کەس بەرهەمە
پیسەکانییان بخیننەوە پەنا لۆ میدیای سێبەر و ئاست نزم دەبەن، کاری
ئەوانە گەمژەکردنی تاکەکانە، هەموو کار و کۆشانییان گلدانەوەی خوێنەرە
لە دیوەخانی میدیای سێبەر، ئەوانە ئازاد و سەربەست نین بەڵکە درۆزن و
دزن، ساختەکار و دژە وە سەربەخۆیی مرۆیین.
• دکتۆر - پزیشک -؛ ئەوانە بەشی زۆریان
گۆشتفرۆش (قەساب)ن.. ساختەچیترین چینی کۆمەڵگەن، پیشەی ئەوانە تەنێ
دۆشینی تاکی کۆمەڵگەیە، لە هەر چەند قسەیەکیاندا بێ درۆ کە مەبەستیان
دزییە ناتوانن بئاخافتن؟ کاری ئەوانە تەنێ کۆکردنەوەی پارەیە و تاک
دووچاری سەدان نەخۆشیی دەکەن، گەر پارەشت نەبێ چارەیەکی سەرپێییت لۆ
دەکەن و پتر تووشی دەردانت دەکەن.. گەر دەردەکەت نەشتەرگەریی بخوازێ و
کەم دەرامەت بی ئەوا لە کاتی نەشتەرگەریی هەر لە قەیچیەوە تا دەگاتە
کەرەسەکانی تر لە نێو لاشەت گەمە دەکەن.
• مامۆستا - فێرکار -؛ گەمژەترین چینی
کۆمەڵگەن.. ئەوانە جگە لە زانستێکی پەڕپووت و بێزارکەری درۆزنی بێ
پەروەردە هیچی تر نین، بەردەوام قەوانی کۆن لێدەدەن و رەفتاری توند
جێبەجی دەکەن.. ئەوانە دز و ساختەکاریکی پەروەردەیین، زاۆک لە ژێر
دەستی ئەوانە فێری درۆ - دزیی، بەد رەفتاریی.. دەبێ، ئەو توێژە هەرگیز
گفتار و رەفتارییان یەک ناگرێتەوە؟ ئەو توێژە نارۆشەنبیرە هەمیشە بە
فێرخوازەکان دەبێژن: ''درۆ - دزیی مەکەن، هاوکاری یەکتری بن، ئازاری
بەرامبەر مەدەن و،.. هتد'' کەچی جەنابی فێرکار خۆی بێ شەرمانە ئەو کارە
پیس و قێزەوەنانە ئەنجام دەدا.
• دکتۆر و فێرکاری زانکۆ؛ ئەوانە پتر لە
سێ بەشیان بە فلتەری حیزبدا رۆیشتوون و گەیشتوون بەو بروانامەیە؟!
فلتەری حیزبیش کۆیلەبوونی رەهایە، ئەوانە دز و درۆزێکی (موسەقەف)ن!
حیزب چۆنی بووێ ئاوا هەڵیاندەسوڕێنێ و بەشێکیان دەبن بە داکۆکیکاریکی
سەرسەختی حیزب لە پێناو داپۆشینی پیسیی و دزیی، دەسەڵات وەک ئەسپی
شەترەنج دەیانجووڵێنێ و گەمە بە جەستە و کەللەی سەرییان دەکا، هەموو
ئەو دزیی و سەختەچیاتییە تەنێ لە پێناو عانفەریمێک و پۆست و پارەیەکی
پیسە.
• چینی چەک بە دەست؛ جاران چەک لە شانان
لە پێناو ئازادیی و نیشتیمان تێدەکۆشان.. هەڵبەتە هەموو چەک لە شانێکیش
نا، چونکێ زۆرێک هەبوون دز بوون، بکوژ بوون، خاک فرۆش بوون، کۆیلە و
ملکەچی داگیرکەران بوون.. ئەوانەی ئێستا کە چەکیان بە شانەوەیە یان دز
بوونە یان درۆزنێکی دژە ئازادیی و خاک بوونە.. گەر نەشبووبن ئەوا دەبێ
سەر بە یەکێ لە دزەکانی نووکە بن؟ ئەوانە دوای چەک هەڵگرتنیان دەبنە
باشترین پارێزەری دز و بکوژەکان.. ئەوانە وا پەروەردە دەکرێن گەر کەسێ
ورتەی لە دەمی هات دژی حیزب، بەرپرسەکان.. هەڵدەستن بە لێدان، کوشتن،
راوەدونان و... هتد ئیدی پیشەیان تەنێ دەبێتە پارێزەریی لە دز و
جەردەکان.. ئەو چەک بە دەستانە دەبنە نەیارێکی سەرسەختی ئازادیی و
سەربەستیی ناوەستن تا نەیخنکێنن؟! گوێگر و خولامێکی نازدارن لە هەر
شوێنی دەنگێکی ناڕازیی، یاخی هەبوو، راستبێژیی هەبێ بە قێزەوەنترین
شێوە پەلاماری دەدەن و تا راوەدونان و لە سنوور ئاودیوکردن؟؟
• تاکی دەنگدەر؛ ئەو چینە مێگەلێکی
نازدارن لۆ دزەکان، شوانە درۆزنەکان کە سەرپەرشتییکەری ئەو مێگەلەن بە
ئارەزووی نەزۆکی خۆیان کوویان بوێ ئاوا دەیانبەن لۆ ناو پەرێزی
دەنگدان.. ئەوانە گژوگیا، جۆ، کاخۆرێکی بێ ئەندازەن چۆنیان بووێ ئەو
چینە دەلەوەڕێنن؟! ئەوانە بێ ئاگا و گەمژێنراون کەللەی سەری ئەوانە پڕ
کراوە لە ژنکوژیی، دزیی و درۆ، رەگەزپەرستیی، دژە ئازادیی.. ئەو میگەلە
نازدارە رۆژ دوای رۆژ زاوزێ دەکەن و لەسەر هەمان نەریت و بیرکۆرییانە
ژیان دەکەن.. هەر رەنگە و بە چەشنێ بەرگریی لە مێگەلەکەی دەکا، برسییان
تێر دەکەن تێران برسیی دەکەن، گەر یەکێ لەو مێگەلە هێڵی سۆری بڕی ئەوا
ریسوا دەکرێ، برسیی دەکرێ، شکۆی دەشکێندرێ؟ لۆیە بەشێکی کەمییان هەن
کۆششی رزگاربوون بکەن.. بەڵام دەستبەرداربوون لە چێژی گژوگیا و کا و جۆ
دەردێکی گەللەک گرانە.
* هونەری گۆرانی:
- رەگەزی مێینە؛ ئەو رەگەزەیان قل قلەیان لێ بترازێ، ئەگینا نە
هونەرەکەیان هونەرە نە خاوەنی دەنگ و هۆنراوەیکی پاکن.. بەڵکە تەنیا بە
هۆی نەرمونیانیی لەشولاریان کاری هونەرییان لۆ چێ دەکرێ؟ ئەوانە نەک
هەر خاوەنی ئاواز و کەسایەتیی خۆیان نین، بگرە جەستە و هزریشیان
داگیرکراوە.. ئەوانە جگە لە بازرگانییکردن بە جەستەیانەوە لە پێناو
پەیداکردنی ناوبانگ ئامادەن واژۆ لە سەر ریسوابوونی خۆشیان بکەن؟
ئەوانە نێچیرێکی هەمیشەیی بیری پیاوانن، پیاوان بە ئارەزووی خۆیان بەرگ
و پۆشاکی رووتیان پێ دەپۆشن و سەمایان پێ دەکەن، لۆ لەخشتەبردنی هونەر
و تاکی متوو و رووت؟! ئەوانە درۆزنێکی دزن، دزیی و درۆ لەگەڵ
هونەرەکەیان دەکەن، گەر واش نەکەن کەس گوو بە کراویان ناپیوی.
- رەگەزی نێرینە؛ ئەوانە نێچیری دەرهێنەری دز و راوکەری مێینەن، بەشێکی
زۆر لەوانە دز و درۆزبێکی هونەریین، هاوکات ساختەبازن.. کاری ئەوانە
تەنێ هەڕاجکردنی خۆیان و جەستەی مێینەیە، گەر ئەو کارەش نەکەن نە کەس
گوێیان دەداتێ نە کەس بە دیاریانەوە دادەنیشی، گەر سەیریشی بکەن تەنیا
لە بەر نەرمونیانیی جەستەی مێینەکەیە؟ نێرینە لە پێناو خۆدەرخستن و
مێینەش لۆ پەیداکردنی بژێو، خۆ دەرخستن! دەرهێنەر کووی بوێ ئاوا سەمای
پێ دەکا و بەرگی پێ دەپۆشێ، گەمە بە هۆشی دەکا.. ئازادیی و سەربەستییش
گەر بەو چەشنە بیر و جەستە ریسوا بکا، ئەو ئازادییە دەبێ چ نەگبەتییەک
بێ!
٢- یاخی؛ پەیدۆزکردنی کەسانێک کە هەڵگری
چەمکی (یاخی) بن تێڕامانی زۆری گەرەک نییە، کەسی یاخی لە نێو هەر چین و
توێژێک لەوانەی لە خاڵی یەکەم ئاماژەم پێدان هەر تەنیا تاک و تەرا و
لێرە و لەوێ بەدی دەکرێن.. ئەوانەش ناتوانن ببن بە هێزێکی کاریگەر،
جاری واش هەیە ئەو تاک و تەرایانە بەرگە ناگرن و دەکەونە بەر لێشاوی
زۆرینەی (دز و درۆزن)ان.
• ئازادییخواز و یەکسانییخوازی
راستەقینە؛ ئەوانە پۆلێکی سەرسەخت و داکۆکیکارن لە ئازادیی بیروڕا و
دەربڕین، یەکسانیی نێوان رەگەز، سەربەستیی و خۆشگوزەرانیی تاکەکان،
داننان بە مافی ژنان و تێکۆشان لە پێناوی، کاری سەرەکی ئەوانە
پووچکردنەوەی هەر بیر و نەریتێکی قێزەوەن و کۆنەپەرستییە.. ئەوانە
گەورەترین چەمکی یاخییان بە کۆڵ داداوە، سەرسەختانە دژی هەر درۆ و
دزێکی ئەو وڵاتە دەجەنگن، کاری ئەوانە تەنێ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە
لە پێناو ژیانێکی ئاسوودە و گەڕاندنەوەی شکۆی مرۆڤ.
• ماڵی یاخی سارد و سڕە.. هەرسکردنی ئەو
چەمکە ئاگایی و هۆشیاریی دەروونیی و ناخێکی تێکۆشەرانەی گەرەکە، دەشێ
هەر کەسێک خاوەنیان نەبێ، لێ لە کۆتاییدا هەر دەبێ ژێوان ببنەوە...
ماڵپەڕی هۆگر
|